تەکنەلۆجیاى ناسینەوەى ڕووخسار و مافەکانى مرۆڤ

هۆزان قادر
نووسەر
لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو بۆ ناسینەوەی کەسانی تاوانبار "سیستمی ناسینەوەی ڕووخسار" بەشێوەیەکی سنوردار سودی لێبینراوە. لەسەرەتادا تەنھا لەناوەندە ئەمنیەکاندا بەکاردەھێنرا، کاتێک تاوانبارێک تاوانێکی ئەنجام دەدا چەند وێنەیەکی دەگیرا بۆئەوەی لەئەگەری دووبارە ئەنجامدانەوەی تاواندا وەک بەڵگەیەک سودی لێببینرێت.

ئەم سیستمە ڕۆژ دوای ڕۆژ پەرەی سەندو بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕی، لەوانە پەنجەمۆری سەر کاغەز و شوشە و پاشان سیستمی بایۆمەتری چاو و ئێستاش ناسینەوەی ڕووخساری مرۆڤ بەشێوازێکی تەواو پێشکەوتوو، بەڕای ھەوادارانی ئەم پڕۆژەیە سیستەمەکە پشتبەستە بەکۆمەڵێک داتا کەھیچ دەرفەتێکی بۆ بوونی ھەڵە نەھێشتۆتەوە. سیستەمە نوێیەکە بریتییە لە چەند ھێڵکاری و ئاماژەیەک لەسەر ڕووخساری مرۆڤ کە ھیچکامیان لەیەک ناچن و ھەرکەسەو ھێڵکارییەک و داتای تایبەت بەخۆیی ھەیە و لەویدی ناچێت. سیستەمی "ناسینەوەی ڕووخسار" لەسەرەتادا لە چین دەستی پێکرد و لەچەندین جێگەدا تاقیکرایەوە و سەرکەوتنی بەدەست ھێنا، پاشان ڕەزامەندی حکومەتی چینی وەرگرت و لە زۆربەی شوێنە گشتییەکاندا بەھەمان شێوەی کامێرای چاودێری جێگیرکرا. بەھەمان شێوەی چین ئەم سیستەمە لە ئەمریکا و بەریتانیاش بەشێوەیەکی خێرا پەرەی سەندو لەلایەن دەوڵەتەوە بودجەیەکی تایبەتی بۆتەرخانکرا و سیستەمەکە تا ڕادەیەک جێگیربوو، بەجۆرێک بڕیارە لەساڵی ۲۰۲۰ لە لەندەن شەش ملیۆن کامێرای چاودێری وەستاو و جوڵاو تایبەت بە "ناسینەوەی ڕووخسار" دابنرێت.

سیستەمەکە پشتی بەستوە بە کۆمەڵێک داتای کەسی کە تیایدا تەواوی ڕابردوو و کەیسی ھاوڵاتی لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵدایە و، ھیچ دەرفەتێکی نەھێشتۆتەوە بۆ خۆحەشاردان، واتە ھەڵسوکەوت و ئیشوکاری ڕۆژانەی ھاوڵاتی بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵێکی تونددایە. سەرەڕای کامێرای چاودێری شوێنە گشتییەکان ئێستا لەچەندین ئەپڵیکەیشنی ناو مۆبایل سود لەم بابەتە وەرگیراوە و باس لەوە دەکرێت لەئێستادا بەھۆی مۆبایلە زیرەکەکانەوە ھەموو جوڵەیەکی مرۆڤ لەژێر چاودێریدایە و، سیستەمی "ناسینەوەی ڕووخسار" لەکامێرای مۆبایلەکاندا جێگیرکراوە.

پشتیوانانی ئەم پڕۆژەیە پێیانوایە سیستەمەکە سودێکی گەورەی ھەیە لەبواری ئەمنیدا و ئەگەری تاوان بەشێوەیەکی باش کەمدەکاتەوە، ھەروەھا بۆ ناسینەوەی ئەو تاوانبارانەی کە تاوانی سنوربڕ ئەنجامدەدەن (تیرۆریست و بازرگانانی مادەی ھۆشبەر) سودێکی زۆری دەبێت بەمەرجێک ھەموو وڵاتان پشتگیری لە پڕۆژەکە بکەن و، بەسیستمێکی جیھانی یەکگرتوو بەکاریبێنن.

بەڵام چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لەسەرەتای ئاشکرابوونی چۆنیەتی کارکردنی ئەم پڕۆژەیەوە ڕەخنەی توندیان کرد و، بەدەستدرێژی بۆسەر ئازادییەکان ناویان برد. لەسەرەتادا خۆپیشاندانەکان لە وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیاوە دژی ئەم سیستەمە دەستیپێکرد و دواتر گەشتە چین، دژبەرانی ئەم سیستەمە لە وڵاتە جیاجیاکان چەندین دروشمیان ھەڵگرتبوو کە ئاماژەبوون بۆ پارێزگاری لە ژیانی کەسی خۆیان. بەو پێیەی سیستەمەکە تەواو چڕوپڕە و تەواوی ژیانی کەسی ھاوڵاتی دەکاتە ئامانج، چالاکوانان پێیان وایە ئەمە دەبێت بوەستێنرێت. چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ بەناوی (مات کەیگڵ) دەڵێت "سیستەمەکە مەترسیەکانی لەداھاتوودا بەتەواوی دەردەکەون و دەوڵەتێکی پۆلیسی بەرھەمەکەیەتی" بەوپێیەی کاتێک ھاوڵاتی لەماڵەوە دەردەچێت ھەموو جووڵە و ئاماژەکانی کۆنترۆڵ دەکرێت و دەزانرێت کە کێیت، لەکوێیت و مامەڵەو ھەڵسوکەوتت لەگەڵ کێدایە، کە ئەمە ئەوپەڕی دەستدرێژیە بۆسەر مافەکانی مرۆڤ و لەبەھاکانی دیموکراسی کەم دەکاتەوە. (لیلی ھای نیومان) یەکێکیترە لەو چالاکوانانەی مەترسییەکانی ئەم سیستەمە دەخاتە ڕوو و پێی وایە کە "ناسینەوەی ڕووخسار سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە و دەکرێت لەھەرکاتێکدا ھەڵە بکات ئەمەش مەترسییەکی جددیە بۆسەر ئازادیەکانی تاک". ھەروەھا درووستکردنی داتابەیسێکی لەو شێوەیە و کۆکردنەوەی ھەموو زانیارییە کەسییەکان تێیدا، ھەڵەیەکی گەورەیە و پاراستنی ئاسان نییە.

"ناسینەوەی ڕووخساری کەسی" بەبەردەوامی لەگەشەکردندایە و خواست ھەیە بۆ گشتگیرکردنی لەتەواوی جیھان و بەنێتۆرککردنی سیستەمەکە. ئێستا لە چین لەتەواوی بوارەکانی تایبەت بە ژیانی کەسی مرۆڤ لە بازاڕکردنەوە تا ڕووداوە تاوانکاریەکان و تەنانەت لە شوێنە گشتییەکانی کارکردن و توالێتیشدا سوود لەم سیستەمە وەرگیراوە. پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ پێیان وایە لەئەگەری جێگیربوون و بەنێتۆرککردنی سیستەمەکە لەجیھاندا ھیچ دەرەچەیەک نامێنێت بۆ مرۆڤ کە سوودمەندبێت لەبەھاکانی دیموکراسی و پیادەکردنی مافە کەسییەکانی. ئەوان پێیان وایە ئەم سیستەمە جیھانێکی پۆلیسی و دوور لە مافەکانی مرۆڤ بەرھەمدێنێت کە ھەموو چالاکییەکانی ڕۆژانەی مرۆڤ لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێری پۆلیسدا دەبێت.


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نووسەر و چاوی کورد لێی بەرپرسیار نییە.


PM:04:27:08/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر