گریمانەی جەنگ و ڕێککەوتن

هۆزان قادر
نووسەر
گرژیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پێی ناوەتە دۆخێکی نوێوە، لەگەڵ خۆیدا ھاوکێشەی سیاسی ناوچەکەی بەتەواوی گۆڕیوە و ڕۆژھەڵاتی ناوینی خستۆتە قۆناغێکی ڕاگوزەرەوە.

توندکردنی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن کابینەکەی (ترامپ)ەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەمە دواین ئاگادارکردنەوە و دواین کاردانەوەی کۆشکی سپییە، سەبارەت بە پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمی و فراوانخوازیەکانی ئێران لە ناوچەکە.

ھێنانی ھێزێکی زۆر بۆ بەندەرە ئاوییەکانی کەنداو، ھاوڕێ لەگەڵ کەشتی (ئەبراھام لینکۆڵن)ی فڕۆکەھەڵگر و چەندین فڕۆکەی جەنگی لەناویاندا (بی ٥٢ )ی ھەڵگری چەکی ئەتۆمی، جدیەتی ستراتیجی ئەمریکا  دەردەخات لەبارەی ئێرانەوە. 

داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی جەنگی ئێرانەوە، تائێستا ھەڵوێستێکی گشتگیر و یەکگرتوویان نییە، کۆی دیموکراتەکانی ناو کۆنگرێس، ھەڵوێستی نەرێنیان ھەیە سەبارەت بە ھەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران، ئەوان پێیان وایە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، کە لەسەردەمی ئیدارەی (ئۆباما)دا واژۆی لەسەر کرا، باشترین بژاردەیە و ھاتنە دەرەوە لەو ڕێککەوتنە ھەڵەیەکی ستراتیجی بوو کە لەلایەن (ترامپ)ەوە کرا.

لەلایەکی ترەوە کۆمارییەکانی ناو کۆنگرێس و خودی کابینەکەی ترامپ پێیان وایە ئەم جەنگە درەنگ یان زوو ھەر دەبێت بکرێت، چونکە ئێران مەترسییەکی جددیە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی لە ڕۆژھەڵات ناوەڕاست.

بەڵام لە واقیعدا کۆماریەکانیش جەنگیان ناوێت، ئەوان داوایان لە ئێران کردووە کە ڕازیبێت بەو خاڵانەی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی و ھەڵوێستی لە ناوچەکەدا، کەپێیان وایە ئێران ھەناردەی تیرۆردەکات بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی سەقامگیری ناوچەکە دەبەستنەوە بە چلۆنایەتی ڕەفتارەکانی ئێران.

بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت بوترێت نوخبەی ئەمریکی لەم قۆناغەدا، جەنگ بە بژاردەیەکی باش نازانن و خودی کابینەکەی ترامپیش تەبەنی ئەو بۆچوونە دەکەن لە پراکتیکدا.  

ئەمریکا، نایەوێت عێراقێکی تر دروستببێت دوای لێدان لە ئێران، چونکە ئیدارەدانی کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوە و فرە مەزھەبی وەکو ئێران، زۆر ئەستەمە. ئەگەر لە عێراقدا ئۆپۆزسیۆنێکی تا ڕادەیەک یەکگرتوو ھەبوو بۆ جێگرتنەوەی ڕژێمی پێشوو، ئەوە لە ئێراندا ھیچ شتێکی لەو جۆرە بەدی ناکرێت، ئەوان دەزانن لەئەگەری دروستبوونی جەنگ دۆخێکی پاشاگەردانی باڵ بەسەر خودی ئێران و تەواوی ناوچەکەشدا دەکێشێت. 

ھەڵوێستی کابینەکەی (ترامپ) لەمەڕ ئێران ئەوەیە کە ئەمریکا لانیکەم لەم قۆناغەدا جەنگی ناوێت و، فشارەکانی زیاتر ڕووەو تەنگھەڵچنینە بە ئێران بۆ ھێنانە ژێرباری ڕێککەوتنێکی "کاتی". لە ئەگەری ڕازیبوونی ئێران بەم بابەتە واتە کۆی نیزامی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی ئەو ڕژێمە گۆڕانکاری بەسەردادێت، کە ئەمە ئەستەمە ئێران پێی ڕازیبێت. پێم وایە ئەمریکا دوای ئەم بابەتە، واتە پاش(نەچوونە ژێرباری ھیچ ڕێککەوتنێکەوە لەگەڵ ئەمریکا و، بەردەوامیدان بە دژایەتیکردن و دروستکردنی مەترسی بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە)، ستراتیجی شەڕ لەگەڵ ئێران تاوتوێ دەکات.

لەئەگەری ڕاکێشانی ھەر کارتێک لەلایەن ئێرانەوە، لەوانە داخستنی گەرووی ھورموز کە بەشێکی زۆری نەوتی جیھان لەو بەندەرەوە دەڕوات و، پێگەیەکی بەھێزی بەرژەوەندی ئەمریکایە و، لەداخستنیشی دەوڵەتانی کەنداو و عێراق تووشی قەیرنێکی ئابووری گەورە دەبن، ئەوکات ئەمریکا بێدەنگ نابێت و، جەنگ بەھێزترین بژاردە دەبێت، بەجۆرێک ئەمریکا ئێران لە جەنگێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی گەورەوە دەئاڵێنێت کە کۆێ نەخشەی جیۆپۆڵۆتیکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و جیھان بە گشتی و ڕۆژھەڵاتی ناوین بەتایبەت پێدەنێتە قۆناغی نوێوە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:06:38:31/05/2019



ئه‌م بابه‌ته 297 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر