ئەردۆغان-پوتن: کۆتایی هاوسەرگیرییەکی ناچاری

AM:11:27:29/02/2020
دۆسیە: شیکار


داهۆ سالم
نوسەر

دوای ئەوەی ڕژێمی سوریا بە پاڵپشتی ڕووسیا بڕیاریدا، دواین پێگەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لە پارێزگای ئیدلیب و ڕۆژئاوای حەلەب کۆنترۆڵ بکاتەوە، تورکیا کە بەپێی ڕێکەوتنی "سوچی" دووانزە خاڵی چاودێری لەو ناوچانە بونیادناوە، هەوڵی ئەوەیدا پێش بە سوپای سوریا بگرێت، بەڵام ڕووسیا و سوریا بێ گوێدانە هەڵوێستی تورکیا بەردەوام بوون لە پێشڕەوی و چەندین ناوچەیان لەو گروپە چەکدارانەی سوریا پاککردەوە کە تورکیا پاڵپشتی لێدەکردن.

 گرنگی شارۆچکەی"سەراقیب"
دوای ئەوەی ڕژێمی سوریا چەند ناوچەیەکی لە پارێزگای حەلەب و پارێزگای ئیدلیب لە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان پاککردەوە، لەوانە شارۆچکەی مەعەڕڕەت نەعمان و کەفەرنەبل و نەیرەب، توانی بگاتە شارۆچکەی سەراقیب لە باشوری خۆرهەڵاتی ئیدلیب و بەمەش توانی هەردوو ڕێگەی سیتراتیژی M5 و M4 کۆنترۆڵ بکاتەوە کە یەکەمیان حەلەب بە دیمەشقی پایتەخت دەبەستێتەوە و دووهەمیان حەلەب بە پاریزگای لازقییە و دەریای ناوەڕاست.

دوو ڕۆژ گۆمەکەی شڵەقاند
دووای ئەوەی هێزەکانی دیمەشق گەیشتنە سەراقیب لە نێوان حەلەب و ئیدلیب، تەرازووی هێز بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرژەوندی ئەسەد گۆڕا و تەواوی ڕێگا نێودەوڵەتییەکان کەوتنەوە دەست دیمەشق.

ئەم پێشهاتە بوو بەهۆی گۆشەگیرکردنی گروپە ئۆپۆزیسیونەکانی سەربە تورکیا. بۆیە لە هەفتەی ڕابووردووە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بە پاڵپشتی تورکیا جارێکی تر لە دژە هێرشێکدا دەستیان بەسەر شارەدێی "نەیرەب"دا گرتەوە و پاشان لە دوو ڕۆژی ڕابووردوودا نزیک بوونەوە لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی سیتراتیژی سەراقب، ئەمەش بەلای ڕووسەکان و سوریاوە دەسکەوتێک بوو نەدەبوو لێگەڕێن جارێکی تر لەدەست بچێت لەبەر ئەو گرنگیەی لەسەرەوە باسمان کرد.

هەر بۆیە شەوی ڕابووردوو ڕەوشی سەربازی پەرەسەندنێکی مەترسیداری بەخۆوە بینی و لە هێرشێکی ئاسمانی "کە دەوترێت لەلایەن حکومەتی سوریاوە ئەنجام دراوە" بەڵام ئەوە نهێنییەکی ئاشکرایە کەوا هێزی ئاسمانی سوریا ئەو توانایەی نیە و ئەو پەلامارە لەلایەن ڕووسیاوە ئەنجام دراوە" و ژمارەی کوژراوانی سوپای تورکیا بەشێوەیەکی بێ پێشینە بەرزبووە.

"چیای زاوییە"
ئەوەی جێی ڕامانە هێرشەکەی شەوی ڕابووردووی ڕووسیا و سوریا بۆ سەر هێزەکانی تورکیا لە قۆڵێکەوە ئەنجامدراوە کە لە ڕوداوەکانی ئەم دوواییەی ئیدلیب دا تا ئەندازەیەک ئارام بووە ئەویش ناوچەی چیای زاویە یە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئاوای ئیدلیب لەکاتێکدا پەلامارەکانی ئەسەد لەم دوواییانە و پێشڕەووییەکانی لە بەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیدلیبەوە بوو، بەڵام دووای هەڕەشەکانی ئەردۆگان لەدژی ئەسەد و دانانی وادەیەک بۆ کشانەوە لەو ناوچانەی بەم دوواییانە لەلایەن دیمەشقەوە دەستیبەسەرداگیرابوو. وادەکەش کۆتای مانگی شوبات/فێبرایەر بوو کە تەنها 48 کاتژمێری مابوو. جموجوڵ و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە سنوری ناوچەی زاویە چڕبوو بووەوە کە بەپێی لێکدانەوەی سەربازی ئەوەی لێدەخوێنرایەوە کەوا سوپای تورکیا لەپشتەوە و لەو میحوەرەوە ڕێگاکانی پارێزگای حەما و لازقییە و دەریای ناوەڕاست کۆنترۆڵ بکات و بەو جۆرە جڵەوی دۆخەکە لەڕووی سەربازییەوە وەربگرێتەوە، بەڵام دیارە ڕووسەکان بە تێگەیشتن لەمەرامەکانی سوپای تورکیا و پێش کۆتایهاتنی وادە دیاریکراوەکەی ئەردۆگان لە ڕێگەی هێرشەکەی شەوی ڕابووردووە دەستپێشخەرییان کردووە و پلانی تورکیایان پوچەڵکردۆتەوە.

ژمارەی کوژراوەکان
هەرچەندە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە لەمەڕ کوژراوانی سوپای تورکیا لە هێرشەکەی شەوی 27 لەسەر 28 ی 2 دا، ئامارەکان باس لە کوژرانی 30 تا 35 سەربازدەکەن، ئەمەش ئاماری ئەو ئاژانسانەیەی نزیک لە ئەنکەرەن، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی پێگە ئەلیکترۆنییەکانی News week و ڕووانگەی سوری، ژمارەی کوژراوانی سوپای تورکیا 100 سەربازی تێپەڕاندووە و بریندارانیش بە جۆرێک بووە، لە نەخۆشخانەکانی پاریزگای هاتای کە هاوسنوری پارێزگای ئیدلیبی سوریایە بانگەوازی خوێن بەخشین کراوە. بۆیە کەمکردنەوەی ئاماری قوربانییەکان لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا و ئاژانسەکانی نزیک لەوان بەمەبەستی زیاتر شەرمەزارنەبوونی ئەردۆگانە.

هەلومەرجی سیاسی پەرەسەندنەکان
هەر لەسەرەتای ئەوەی بە "بەهاری عەرەبی" ناسرا لە ساڵی 2011 دا، یەکێک لەو ووڵاتانەی زۆر بەزەقی و بەئاشکرا پاڵپشتی ئۆپۆزیسیۆنی سوریایان کرد و هەوڵی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدیان دا، تورکیا و حکومەتی ئاکپارتی بوو. بەڵام دەورانی شەڕی ناوخۆی سوریا هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆوە بینی. قۆناغی جیاجیا لە بارودۆخی سەربازی نێوان ئەسەد و ئۆپۆزیسیۆن ڕویاندا. تاکو دوواجار لەساڵی 2015 دا ڕووسەکان بە کرداری لە بەرژەوەندی دیمەشق دەستیان وەردایە ڕەوشەکە و لەوە بەدووا خەونی ڕووخانی ئەسەد لەباربرا و بەشێوەیەکی دراماتیکی هاوکێشەی هێز گۆڕانی بەسەردا هات لەبەرژەوندی دیمەشق.

تورکیا.. لە گوتاری ڕووخانی ئەسەدەوە بۆ دژایەتی کورد
دووای هاتنەناوەوەی مۆسکۆ بۆ سەر شانۆی ڕووداوەکانی سوریا و ڕزگارکردنی ڕژێمی ئەسەد، ڕۆژ لەدووای ڕۆژ ئۆپۆزیسیۆنی سوریا و گروپەکانی سەربە تورکیا لە پاشەکشێدا بوون هەر لە شکستەکانیان لەسەر دەستی ئێران و حیزبوڵا لە پارێزگای حیمس و دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت و پاشان ڕۆژهەڵاتی حەلەب و تا دەگاتە باشووری ووڵات لە پارێزگای دەرعا هەرەسیان هێنا.

دوای بێهیوابوونی تورکیا لە گۆڕینی ڕژێم لە دیمەشق، کەوتە دژایەتی کردنی ئەو قەوارە کوردییەی لە باکوری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کە وەک دیفاکتۆ هاتبوونە ئاراوە. بۆیە ئا لێرەوە جۆرێک لە پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لەنێوان ڕووسیا و تورکیا چێبوون. ئەو لێکتێگەیشتنانەش لەسەر حیسابی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی بندەستی گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبە سوریا بوو. لەم چوارچێوەیەدا چەندین ڕێکەوتنی گۆڕینەوەی خاک لەنێوان مۆسکۆ و ئەنکەرەدا ئەنجامدار، کە ڕووسەکان گڵۆپی سەوزییان بۆ سوپای تورکیا هەڵدەکرد کە دەستبەسەر ناوچەیەکی خاکی سوریا بگرن و لەبەرامبەردا تورکیا لەناوچەیەکی دی پاشەکشەی بە ئۆپۆزیسیۆن دەکرد.

گرنگترین قۆناغەکانی ئەو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی خاکە سێ کۆنتراکت بوون ئەوانیش" ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات" لە ناوچەکانی جەرابلس و عزاز" بۆ ئەوەی کوردەکان نەتوانن کانتۆنی کۆبانێ و ئەفرین بەیەکەوە ببەستنەوە، ئۆپراسیۆنی "چڵە زەیتوون" بۆ داگیرکردنی ئەفرین و دوواینیان ئۆپراسیۆنی "کانی ئاشتی" بوو بۆ کە تورکیا دەستی بەسەر هەردوو شارۆچکەی "گرێ سپی و سەرێکانی"دا گرت. هەموو ئەو دەسوەردان و ئۆپراسیۆنانەی تورکیا پێشتر ڕەزامەندی ڕووسیای لەسەر بووە ئەوەش بەر ئەنجامی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوانیان.

کۆتای هاوسەر گیری ناچاری
هەرچەندە لەدووای ساڵی 2016 وە تورکیا لە دۆستەکانی ناتۆ و ئەمەریکا دوورتر دەکەوتەوە و لەبەرامبەردا لەگەڵ ڕوسیا و ئێران کۆک و تەبا دەبوو، بەڵام ئەوەی ئاشکرا بوو کەوا ئەم پەیوەندییەی نێوانیان کاتی و قۆناغبەندییە و دوواجار ئەوان هەرەکە و پاڵپشتی لەبەرەیەکی دژبەیەک دەکەن کە ڕژێمی سوریا و ئۆپۆزیسیۆنی دژبە و ڕژێمەیە. ئەوەشی وای لە ئەنکەرە دەکرد لەگەڵ ئەو دوو نەیارە میژووییەی خۆیدا ڕێکەوتن بکات فۆبیای کورد بوو. 

بۆیە کۆتای ئەو هاوسەرگیریە ڕوون بوو، کە دواجار و دووای سوتانی کارتەکانی دەستی ئەنکەرە و لە دووا قۆناغدا هەڵدەوەشێتەوە. ئەوجا یان دەبێت بەتەواوی دەستبەرداری پاشماوەکانی ئۆپۆزیسیۆن بێت یان دەبێت ڕووبەڕووی ڕوسیا ببێتەوە.

هەرچەندە بۆ سڕینی عارەقەی شەرمەزاری و شاردنەوەی دووا قۆناغی شکستەکەی ئەردۆگان بە هەڕەشە و فشارەکانی دەیویست ڕووسەکان قایل بە چارەسەر ئاشتیانە و گفتوگۆبکات بەڵام نە ئەسەد و نە پوتین ئەو عارەقەی شەرمەزارییەی ئەردۆگانیان نەسڕی و تا ئێستاش سوورن لەسەر چارەسەری سەربازی لەدوواین پێگەی ئۆپۆزیسیۆن لە ئیدلیب.


ئه‌م بابه‌ته 655 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر