مەهاتیر محەمەد، دیکتاتۆرە دادپەروەرەکە

PM:05:04:25/02/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

لەکوێوە بۆ کوێ؟
ساڵی ١٩٧٠، مەهاتیر محەمەد کتێبێکی نووسی بە ناونیشانی "گرێکوێرەی مالایۆ" کە تیایدا بەتوندی ڕەخنەی لە گەلی مالایۆ گرت و تۆمەتباری کردن بە تەمبەڵی و قایلبوون بە وڵاتێکی دواکەوتووی کشتوکاڵی و هەوڵنەدان بۆ پێشخستنی. ئەو کتێبە بەدڵی حزبی حوکمڕانی وڵات (ڕێکخراوی نەتەوەیی یەکگرتووی مالایۆ) نەبوو، بۆیە بە پاساوی ناوەڕۆکی توندوتیژەوە، کتێبەکەی قەدەغە کرا.  
هێندەی نەبرد مەهاتیر تواناکانی خۆی بۆ سەرانی ئەو حزبە سەلماند، ئەستێرەی ژیانی سیاسی بەخێرایی کەوتە درەوشانەوە، سەرەنجام بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ (١٩٨١-٢٠٠٣) پۆستی سەرۆک وەزیرانی گرتەدەست، دەرفەتی تەواوی بۆ ڕەخسا کە بیرۆکەکانی بکاتە واقیع، ئیدی لەسەر دەستی ئەو (مالیزیا) بوو بە یەکێک لە سەرکەوتووترین ئابوورییەکانی ئاسیاو جیهانی ئیسلامی.   

مالیزیای مەهاتیر محەمەد
لە دەورانی (مەهاتیر محەمەد)دا، مالیزیا لە وڵاتێکی کشتوکاڵییەوە –کە پشتی بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کەلوپەلی سەرەتایی دەبەست- گۆڕا بۆ وڵاتێکی پیشەسازیی پێشکەوتووی ئەوتۆ کە هەردوو کەرتی پیشەسازی و خزمەتگوزاری بەشداربوون لە نزیکەی ٩٠٪ی کۆی داهاتی ناوخۆ، بەوەش ڕێژەی داهاتی تاکەکەس بەرزبووەوە، لە بەرامبەردا هەژاری و بێکاری کەمیان کرد. 
سەرباری ئەو پێشکەوتنە ئابوورییەی دەورانی مەهاتیر، کەچی هەوڵێکی ئەوتۆ لەئارادا نەبوو بۆ پەرەپێدانی ئەزموونی دیموکراسی لە مالیزیا، هەروەک ڕێگە نەدرا هیچ سەرکردەیەکی بەهێز دەربکەوێت، تا ئەو ڕادەیەی کە وا دەهاتە پێشچاو (مەهاتیر) هەرگیز نیازی نیە خانەنشین بێت. 

یەک مەهاتیرو سێ جێگری ناکۆک
لەساڵی ١٩٨١ بەدواوە سێ کەس بەدوای یەکدا بوونە جێگری مەهاتیر لە سەرۆکایەتی وەزیران، یەکەمیان (موسا هیتلم)ی هاوڕێی بوو کە دوای پێنج ساڵ بەهۆی ناکۆکیی بەردەوامی نێوانیان، دەستی لە کار کێشایەوە. هیتلم لەو دەمەدا مەهاتیری بە "پیاوێکی ئێکجار کەلەڕەق" وەسف کرد.
ئەنوەر ئیبراهیم کە مەهاتیر دەستنیشانی کرد بۆ پڕکردنەوەی جێگاکەی هیتلم، ئەویش دوای پێنج ساڵ بە هەمان سیناریۆی پێش خۆی دەستی لە کار کێشایەوە، دوای ناکۆکییەکی توند لەگەڵ مەهاتیر، تۆمەتی گەندەلی و هاوڕەگەزخوازیی درایەپاڵ و دواجار خرایە کونجی زیندانەوە.

ئینجا عەلی عەبدوڵڵا بەدەوی جێگای ئەنوەر ئیبراهیمی گرتەوە. بەپێچەوانەی ئەوانی پێش خۆی، هیچ ناکۆکی و کێشەیەکی بەرچاو لەنێوان هەردووکیاندا هەستی پێ نەدەکرا، تا ئەو دەمەی کە لە سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠٠٣دا مەهاتیر محەمەد وازی لە ژیانی سیاسی هێناو بەدەوی بوو بە سەرۆک وەزیران.

گەڕانەوەی شۆک ئاسا
ساڵی ٢٠١٨، مەهاتیر محەمەد گەڕایەوە! خەڵکی مالیزیاو چاودێرانی شۆک کرد کاتێک لەگەڵ ئەنوەر ئیبراهیم –ڕکابەرەکەی جارانی- هاوپەیمانییەکی پێکهێنا کە چوار حزبی لەخۆدەگرت. ئەوەبوو کۆتایی بە هەژموونی نەجیب عەبدولرەزاق هێنا کە تۆمەتی سەرپێچی چەندان ملیار دۆلاری لەسەر بوو.

ساڵی ٢٠١٨، هاوپەیمانییە چوارقۆڵییەکەی مەهاتیر محەمەد توانیی بەسەر ئەو هاوپەیمانییەدا سەربکەوێت کە لەدوای سەربەخۆیی مالیزیا لە ساڵی ١٩٥٧ بەدواوە حوکمی وڵاتی دەکرد. مەهاتیرو ئەنوەر ئیبراهیم ئەو هەڵبژاردنەیان بردەوە. سەرەنجام مەهاتیر قایل بوو بەوەی کە دەسەڵات ڕادەستی ئەنوەر بکات، بەڵام ئامادە نەبوو وادەیەک دیاری بکات بۆ بەجێهێنانی ئەو بەڵێنەی، ئەوەش بووە مایەی سەرهەڵدانی بارگرژی لەنێو ڕیزەکانی هاوپەیمانییەکەیاندا.
 
وازهێنانێکی لەناکاو
لە گەرمەی ئەو بارگرژییانەدا، ڕۆژی ٢٤ی٢ی٢٠٢٠ مەهاتیر محەمەد سەرۆک وەزیرانی مالیزیا لە پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراودا دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران کێشایەوە.

وازهێنانی مەهاتیر لەکاتێکدایە کە دەنگۆی ئەوە لەئارادایە ئەمجارەیان بەبێ ئەنوەر ئیبراهیم، هاوپەیمانییەکی نوێ پێکبهێنێت. هەر بۆیە ئەنوەر ئیبراهیم (مەهاتیر)و حزبەکەی بە خیانەتکار وەسفکردو ڕایگەیاند: "بەنیازن بەبێ ئێمە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن".

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی مالیزیا بڵاوی کردەوە کە سەعات یەکی پاشنیوەڕۆ نامەی دەست لەکار کێشانەوەکە پێشکەش کراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی ئەوتۆی بڵاونەکردووەتەوە. 

ئەنجومەنی باڵای ئیئتیلافی حوکمڕانی مالیزیا "هاوپەیمانی ئەمەل" مافی ئەوەی بە مەهاتیر محەمەد دابوو کە خۆی کاتی بەجێهێشتنی پۆستەکەی دیاری بکات. مەهاتیر محەمەد لەبارەی بڕیارەکەیەوە ڕایگەیاند: "شانازی دەکەم کە هەموان سەرپشکیان کردم چ کاتێک دیاری دەکەم بۆ بەجێهێشتنی پۆستەکەم، ئەم بڕیارە بە کۆی دەنگ دراوە".

دەست لەکار کێشانەوەی مەهاتیر هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی حزبەکەی لە ئیئتیلافی حوکمڕان "هاوپەیمانی ئەمەل"، هەروەک ١١ ئەندامی حزبە هاوپەیمانەکەشی دەستیان لە کاری پەرلەمان کێشایەوە.

لەلایەکی دیکەوە محێدین یاسین وەزیری ناوخۆی مالیزیاو سەرۆکی حزبی دانیشتوانی ڕەسەنی مالیزیا ڕایگەیاند کە حزبەکە لە کۆبوونەوەی کتوپڕی خۆیدا بڕیاری داوە لە هاوپەیمانی چوارقۆڵی بکشێتەوە. بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک بدرکێنێت دەربارەی ناسنامەی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، یاخود ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وڵاتدا. 

ژێدەر/ ئاژانسەکان
ئا/ سیڤەر


ئه‌م بابه‌ته 314 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر