کوردێک لە سعودیەوە بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین

AM:11:14:19/02/2020
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

له‌دوای‌ راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیل له‌ ساڵی‌ (1948) تائێستا، چه‌ند جارێك ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان هاوشانی‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان به‌ره‌نگاری‌ سوپای‌ ئیسرائیل بوونه‌ته‌وه‌. سعودییه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ هاوكاری‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كانی‌ كردووه‌. كوردێكیش سه‌ركردایه‌تی‌ سوپای‌ سعودییه‌ی‌ كردوه‌.

به‌گوێره‌ی‌ تۆمارێكی‌ سه‌نته‌ری‌ زانیاری‌ نیشتیمانی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ (155) سه‌ربازی‌ سعودییه‌ له‌ فه‌ڵه‌ستین كوژراون‌و هه‌ر له‌وێ‌ ئه‌سپه‌رده‌ی‌ خاك كراون. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ توێژه‌ر محه‌مه‌د بن ناسر ئه‌سمه‌ری‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا (سوپای‌ سعودییه‌ له‌ شه‌ڕی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ 1948)، دیمه‌ن‌و گه‌واهینامه‌و بیره‌وه‌ری‌ فه‌رمی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ تۆماركردووه‌.

ئه‌سمه‌ری‌ رونیكردۆته‌وه‌ هێزه‌كانی‌ سعودییه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا هاوشانی‌ هێزه‌كانی‌ میسر جه‌نگاون. بۆ به‌ڵگاندنی‌ وته‌كانیشی‌ پشتی‌ به‌ راپۆرتێكی‌ شه‌كیب ئه‌مه‌وی‌ به‌ستووه‌ كه‌ په‌یامنێری‌ جه‌نگیی‌ رۆژنامه‌ی‌ (ئومولقورا: أم القری‌) بووه‌. شه‌كیب یاوه‌ری‌ سوپای‌ سعودییه‌ بووه‌و راپۆرته‌كه‌ی‌ له‌ (25/حوزه‌یران/1948)دا بڵاوكردۆته‌وه‌و تیایدا هاتووه‌: "پێكدادانی‌ یه‌كه‌می‌ سوپای‌ سعودییه‌ له‌ (به‌یت حانون) بوو كه‌ نۆ كیلۆمه‌تر له‌ باكوری‌ غه‌ززه‌وه‌ دووره‌. هه‌روه‌ها سه‌ربازانی‌ سعودییه‌ له‌ داگیرگه‌ی‌ (بیرۆن ئیسحاق) رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، كه‌ ئاوی‌ بۆ سێ‌ گوندی‌ دیكه‌ دابین ده‌كرد. ده‌مه‌قاڵی‌ له‌نێوان هێزه‌كانی‌ میسرو جوله‌كه‌كانی‌ ئه‌وێ له‌م پێگه‌یه‌دا روویدا، بڕیاریاندا جوله‌كه‌كان له‌م شوێنه‌ ده‌ربكه‌ون‌و هێزه‌كانی‌ میسرو سعودییه‌ پێكه‌وه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی‌ خاوه‌ن پایه‌ سه‌عید كوردی‌ پێشكه‌وتن".

توێژه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێت: "گرنگترین ئه‌و پێگه‌و شه‌ڕانه‌ی‌ كه‌ سوپای‌ سعودییه‌ لێی‌ بوون‌و شه‌ڕیان تێدا كرد له‌ فه‌ڵه‌ستین بریتی‌ بوون له‌: دێر سنێد، ئسدود، نه‌جبا، مه‌جده‌ل، عراق سوه‌یدان، حوله‌یقات، بیرۆن ئیسحاق، كه‌راتیا، بێت ته‌یما، بێـ حانون، بێت لاهیا، غه‌ززه‌، ره‌فه‌ح، عه‌سلوج، توبه‌لخه‌یش، عه‌لی‌ مه‌نتارو شێخ نوران".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌كانی‌ میسر له‌ فه‌ڵه‌ستین لیوا ئه‌حمه‌د عه‌لی‌ مه‌واوی‌، له‌ یاداشتێكی‌ نوسراودا كه‌ لە (خانه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ میسر) پارێزراوه‌، ستایشی‌ ئازایه‌تی‌‌و خۆڕاگری‌ سوپای‌ سعودییه‌ ده‌كات‌و داواده‌كات رێزیان لێی‌ بنرێت. مه‌واوی‌ نوسیویه‌تی‌: "ته‌نها ده‌وڵه‌ت كه‌ به‌ سوپاكه‌ی‌ به‌شدارییه‌كی‌ راسته‌قینه‌ی‌ له‌گه‌ڵماندا هه‌بوو، پێویسته‌ پیاوه‌كانی‌ پاداشت بكرێن كه‌ به‌شداربوون له‌گه‌ڵمانداو هاوشێوه‌ی‌ پیاوه‌كانی‌ ئێمه‌ له‌ مه‌یداندا لێهاتوو بوون. حكومه‌تی‌ سعودییه‌ به‌م دواییه‌ شه‌ش سریه‌ی‌ نوێی‌ به‌ چه‌كه‌كانییه‌وه‌ ناردووه‌".

پاشان ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرۆتۆكۆل پێشێل نه‌كه‌م، داوا له‌ فه‌رمانده‌ی‌ سعودی‌ (سه‌عید كوردی‌) ده‌كه‌م مۆڵه‌ت وه‌ربگرێ‌ بۆ رێزلێنان له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌ییدا بوون، وه‌ڵامه‌كه‌ش هات كه‌ بروسكه‌یه‌ك بوو له‌ شا عه‌بدولعه‌زیزه‌وه‌ بۆ كوردی‌ به‌ په‌سه‌ندكردنی‌ هه‌موو پاداشتێك جگه‌ له‌ پله‌به‌رزكرنه‌وه‌و پاره‌".

ئه‌سمه‌ری‌ ده‌ڵێت: "بۆ تۆماركردنی‌ ئه‌و قۆناغه‌ گرنگه‌، هه‌وڵم داوه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ گه‌ڕان به‌ ئه‌رشیفی‌ رۆژنامه‌ی‌ (ئه‌هرام)ی‌ میسریدا، گه‌واهینامه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ ئه‌فسه‌رانی‌ سعودییه‌ی‌ به‌شداربوو له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا ده‌ستبخه‌م".

له‌ كتێبه‌كه‌دا ناوه‌ڕۆكی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌ركانی‌ میسری‌ له‌ڕێگه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ سعودییه‌وه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌و تیایدا هاتووه‌: "هێزه‌كانی‌ سعودییه‌ رۆژی‌ (25/ئایار/1948) گه‌یشتنه‌ شاری‌ غه‌ززه‌، واته‌ دوای‌ ده‌ رۆژ له‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕه‌كه‌.. وره‌یه‌كی‌ به‌رز له‌ناو ئه‌م هێزه‌دا هه‌بوو، هه‌موویان به‌په‌رۆش بوون بۆ شه‌ڕكردن‌و بڕوایان به‌ دۆزی‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌بوو، له‌مه‌شدا هه‌ستێكی‌ ئاینی‌ هانده‌ریان بوو".

نوسه‌ر به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كان، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات (3200) سه‌ربازو ئه‌فسه‌ری‌ نیزامی‌ سعودییه‌ به‌شداربوون له‌ به‌رگریكردن له‌ فه‌ڵه‌ستین به‌ فه‌رمانده‌یی‌ عه‌قید سه‌عید كوردی‌. ئەوسا شازاده‌ مه‌نسور عه‌بدولعه‌زیز وه‌زیری‌ به‌رگری‌ بوو، شازاده‌ مه‌شعه‌ل عه‌بدولعه‌زیزیش بریكاری‌ بوو.

له‌ چوارچێوه‌ی‌ گه‌واهینامه‌كانی‌ دیكه‌دا له‌باره‌ی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌، لیوای‌ خانه‌شین حسێن عه‌ساف باس له‌وه‌ده‌كات له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ (1948)، دوای‌ بانگه‌وازێكی‌ كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌، له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ ناونرابوو "سوپای‌ رزگاری‌"، خۆی‌ فیداكردوه‌ بۆ جیهادكردن له‌ فه‌ڵه‌ستین. به‌وته‌ی‌ عه‌ساف ژماره‌ی‌ خۆبه‌خشانی‌ سعودییه‌ زیاتر له‌ (500) كه‌س بووه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ هۆزو ناوچه‌ جیاواوزه‌كان بوون.

عه‌ساف رونیده‌كاته‌وه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌ "سوپای‌ رزگاری‌" هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، فه‌وجه‌كه‌ی‌ سعودییه‌ چوونه‌ته‌ پاڵ سوپای‌ سوریا، هه‌تاوه‌كو فه‌رمانی‌ كشانه‌وه‌یان به‌ره‌و سعودییه‌ هاتوه‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كانی‌ سوریا بوو. پاشان ئه‌ندامانی‌ ئه‌و فه‌وجه‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كاندا دابه‌شكراون، سه‌رده‌سته‌كانیان نێردراون بۆ نێرده‌ سه‌ربازییه‌كان‌و هه‌ندێكیان له‌ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا گه‌یشتونه‌ته‌ پله‌ی‌ باڵا.

ئا/ بارام سوبحی
ژێده‌ر/ Alarabiya.net


ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر