تاوانی جنێودان لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەكاندا

PM:02:44:16/02/2020
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا


د. کارزان محەمەد
رۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ

جنێودان لە ڕاگەیاندندا، بەتایبەت لە بەرنامە ڕاستەوخۆكانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە كوردییەكاندا، بۆتە دیاردەیەكی باو، ئەمەش وێڕای ئەوەی خراپ قۆزتنەوەی ئازادیی ڕادەربڕینە بۆ مەبەستی نەشیاو، لەڕووی یاسای ڕۆژنامەگەریشەوە سزای لەسەرە.

پێناسی جنێودان
د. مبدر لویس وەك پسپۆڕێكی یاسا پێی وایە (جنێودان –سب- قسەیەكە سیفاتێكی سادە و زووتێپەڕی هەیە)، بۆ شكاندنی شەرەف یان ڕووشاندنی ناوبانگ و برینداركردنی هەستی كەسێك، یاخود لایەنێك ئەنجام دەدرێت.

مەبەست لە "زووتێپەڕ"ی جنێو ئەوەیە، كە لە یادەوەری مرۆڤدا نامێنێتەوە، تەنها ڕووشاندنی هەستی جنێوپێدراوەكەیە و دەرەنجامی هەڵچوونی دەروونی جنێودەرە.

هەروەها یاسای سزادانی عیراقی (111)ی ساڵی (1969) و لە ماددەی (434)دا بەم چەشنە پێناسی جنێودانی كردووە: (هو رمي الغیر بما یخدش شرفە أو اعتبارە او بجرح شعورە وان لم یتظمن ذلك اسناد واقعة معینة). لەم پێناسەیەشدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە جنێو تەنها ڕووشاندنی شەرەف و ئیعتیبارە، بەڵام خستنەپاڵێكی دیاریكراوی تێدا نییە.

لە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی (2007)دا سەرلەنوێ‌ جەخت لەسەر سزادانی جنێو كراوەتەوە، لە بڕگەی (5)ی ماددەی نۆیەمدا هاتووە: "جنێودان و توانجی ناڕەوا و ناوزڕاندن قەدەغەیە".

ئەم بڕگەیە هێڵێكی جیاكەرەوەی لەنێوان "جنێودان" و "ناوزڕاندن" وەك دوو تاوانی ڕۆژنامەنگەری لە گوتاری ڕەخنەیی جیاكردۆتەوە.

جنێودان بۆچی هەمیشە تاوانە؟
بەهۆی چەند فاكتەرێكەوە، جنێودان دەچێتە خانەی تاوانەوە:
1-پاراستنی ڕێزی مرۆڤ: یاسا هەمیشە دوور دەڕوانێ و لەپێناو پاراستنی ڕێزی مرۆیی، هەر دیاردەیەكی دزێوی كۆمەڵگای قەدەغە كردووە، جنێودانیش یەكێكە لەو دیاردانەی زیان بە (شەرەف و ئیعتیبار)ی مرۆڤ دەگەیەنێت.

2-پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی: بەهۆی (جنێو)ەوە دەشێ شەڕ و ئاژاوەی كۆمەڵایەتی بێتەئاراوە و ئاسایشی كۆمەڵگاش بخاتە مەترسییەوە، بۆنموونە جنێودان بە حیزبێك یا سەركردەیەك، لایەنگرانی بەرەو كاری ئاژاوە و تێكدەرانەدەبزێوێ. لەم ڕوانگەیەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ڕێگەگرتن لە شەڕ و ئاژاوە، جنێودان لە دەزگا ڕاگەیاندنەكاندا بە پێشێلی یاسای ڕۆژنامەگەریی دادەنرێت.

3-نەبوونی سود و قازانج: هیچ جۆرە پاساوێك یاخود خێرێكی كۆمەڵایەتی لە دیاردەی جنێوداندا نییە.

4-شیاوی سەلماندن نییە: ناوەرۆكی تاوانی جنێودان ناتوانرێت بسەلمێنرێت تا ئەنجامدەرەكەی بە پاساوی ڕاستبێژی و هەقگوتن خۆی لە سزا هەڵبوێرێ.
لە یاسادا لەبەر ئەم فاكتەرانە و ڕەنگە هی دیكەش، جنێوی بە تاوان داناوە.

بۆچی سزای جنێو "كەم"ە؟
لەبەرئەم فاكتەرانەی سەرەوە، یاسا جنێودانی وەك تاوانێ قەدەغە كردووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ تاوانەكانی دیكەی ڕۆژنامەگەری كەمترین سزای هەیە، فاكتەرەكەشی بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە:

1-جنێودان دەرەنجامی هەڵچوونێكی كاتییە، پیلان و بەرنامەی لە پشتەوە نییە و هەڵچوونێكی سایكۆلۆژییە، بەپێچەوانەی تاوانی ناوزڕاندنەوە كە پیلان بۆ داڕێژراوە و وردەكاریی تێدایە.

2-جنێودان كاریگەرییەكی كورت مەودا و زووتێپەڕی هەیە، بەپێچەوانەی ناوزڕاندنەوە كە كاریگەرییەكی درێژمەودای هەیە و لە یادەوەری مرۆڤدا بۆ ماوەیەكی درێژخایەن دەمێنێتەوە.

3-جنێودان جێگەی متمانە نییە، بۆ نموونە كاتێ كەسێ جنێو بە كەسایەتییەك، یاخود پارتێك دەدات بڕوا بە كرۆكی جنێوەكە ناكرێت، بەپێچەوانەی تاوانی ناوزڕاندنەوە كە زۆرترین خەڵك بڕوای پێدەكەن بۆ نموونە لە ناوزڕاندندا كاتێ دەوترێت (فڵانە بەرپرس گەندەڵە، فڵان ژنە هونەرمەند بەدڕەوشتە...).

4-جنێو لە زەینی خەڵك، یاخود پەیاموەرگردا (بینەر و خوێنەر و گوێگر) نامێنێتەوە، بەپێچەوانەی تاوانی ناوزڕاندن كە بەدرێژایی تەمەن و تەنانەت دوای مردنیش لە ناوبانگ و كەسێتی مرۆڤ نابێتەوە.

كەواتە یاسا تەنها لەپێناو بنەبڕكردنی جنێو وەك (دیاردەیەكی ناشرینی كۆمەڵایەتی) و لەپێناو (ڕێگەگرتن لە هاتنەئارای نائارامی و شەڕ و ئاژاوە) و بە مەبەستی (ڕێگانەدان بە ڕووشاندنی شەرەفی خەڵك) و پاراستنی سنورەكانی (ئازادیی ڕادەربڕین)، سزای بۆ داناوە.

سزادانی ئەم تاوانە
بەپێی ماددەی (434)ی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە (111)ی ساڵی (1969ز)ی هەموواركراو، سزای جنێودان بریتییە لە بەندكردنێ كە لە (1) یەك ساڵ پتر نەبێت و لە غەرامەیەك لە (1.000.000) یەك ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یاخود بە یەكێكیان، ئەنجامدانیشی لەڕاگەیاندندا دۆخی سزادانی توند وەردەگرێت.

بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە (35)ی ساڵی (2007)، هەروەك لە خاڵی (1)ی ماددەی نۆیەمدا تایبەت بە سزادانی جنێوداندا هاتووە: "ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەر، بەبڕێك پارە غەرامە دەكرێن كە لە (1,000000) یەك ملیۆن دینار كەمتر و لە (5,000000) پێنج ملیۆن دینار پتر نەبێت".

سەبارەت بەو لایەنەی جنێوەكەش بڵاودەكاتەوە، لە خاڵی (2)ی هەمان ماددەدا هاتووە: "ڕۆژنامەی بڵاوكەرەوە بە بڕێك پارە غەرامە دەكرێت كە لە (5,000000) پێنج ملیۆن دینار كەمتر و لە (20,000000) بیست ملیۆن دینار پتر نەبێت".

لە خاڵی (3)دا هاتووە: "لەكاتی دووبارەكردنەوەدا، دادگا بۆی هەیە سزا داراییەكەی زیاد بكات، بە مەرجێك لە دوو هێندەی پارەی سزاكە كە لە بڕگەكانی (یەكەم)ی سەرەوەدا هاتوون، پتر نەبێت".

بە پشتبەستن بەم بڕگەیە، دووبارەبوونەوەی تاوانی جنێودان، دەبێتەمایەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر لە سزاداندا.

یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی ژمارە (6)ی ساڵی (2008)دا لە بڕگەی دووەمدا ئاماژەی بۆ تاوانی جنێودان لەڕێگەی (مۆبایل، ئامێری تەلدار و بێ تەل)ەوە كردووە، سزاكەی لە (6 مانگ بەندكردن بۆ 5 ساڵ) و بە غەرامەیەك سزا دەدرێت كە لە (1) ملیۆن كەمتر و لە (5) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یاخود بە هەردووكیان.

هەرچەندە لێرەدا جیاوازیی و تەنانەت كەموكوڕییەك لە بەراوردی نێوان ئەم دوو یاسایەدا دەبینرێت، جنێودان لەڕێگەی دەزگای ڕاگەیاندنەوە كە دۆخی (بڵاوكردنەوە)ی تێدایە، دەبوایە زیاتر بێ لە جنێودانێ لەڕێگەی مۆبایلەوە كە دۆخی (بڵاوكردنەوە)ی تێدا نییە، چونكە لە مۆبایلدا ئەگەر (جنێودەر)، یاخود (جنێوپێدراو) باسی نەكات، ئەوا كەس نایبیستێ!

لە بواری ڕاگەیاندندا، ڕۆژنامەنووسان پێویستە خۆ لە (جنێودان) وەك تاوانێكی ڕۆژنامەگەریی بپارێزن، چونكە لە یاسادا (ڕق لێبوونەوە) یاخود (نەزانین) و (كەمتەرخەمی) لە كاتی دەربڕینی بیروبۆچووندا، پاساو نییە بۆ ئەنجامدانی تاوان و لاچوونی سزا.

(كەس) و (لایەن)ی زیانلێكەوتوو دەتوانن سكاڵا لەسەر جنێودەر و دەزگا ڕاگەیاندنەكە تۆمار بكەن.

ئەگەر ئەو جنێوە بۆ سوكایەتی بە ئادابی گشتی و مەسەلە پیرۆزەكانی كۆمەڵگا بێت، ئەوا دەشێ داواكاری گشتی سكاڵا تۆمار بكات.

سەرنج: بەپێی بڕگەی (5)ی ماددەی هەشتەم، نابێت دوای تێپەڕبوونی (90) نەوەد ڕۆژ لە مێژووی بڵاوكردنەوە، هیچ جۆرە ڕێكارێكی یاسایی لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووس بگیرێتەبەر.

بۆ هەمیشە سزا لەسەر جنێودان هەیە؟
ئەم تاوانە هەمیشە (تەنها لەو دۆخانەدا نەبێت كە ئاماژەی بۆ دەكەین) دەچێتە خانەی تاوان، چونكە:
-خێر و بەرژەوەندی گشتی تێدا نییە.
- ناوەرۆكەكەی شیاوی سەلماندن نییە.
-دەشێ بەهۆی جنێوەوە، شەڕ و ئاژاوەی گەورەتری لێ بكەوێتەوە.
-سنوری ئازادی ڕادەربڕین دەشكێنێت و كەسێتی لایەنی بەرامبەر بریندار دەكات.
- قۆزتنەوەی ئازادیی ڕادەربڕینە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندندا بۆ كاری خراپ.

بۆچی لەڕاگەیاندندا سزادانی (جنێو) توندترە؟
ئەگەر (تاوانی جنێودان) لە ڕێگەی یەكێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە ئەنجام بدرێت، ئەوا دۆخی سزاكەی توندترە، ئەویش لەبەر چەند فاكتەرێك:

1-زۆرترین خەڵك دەیبیستن و دەیبینن و دەیخوێننەوە. ئەمەش جیاوازە لەوەی لەبەرچاوی كەسێك، یاخود چەند كەسێكی كەمدا بكرێت.

2-جنێودان لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە دەچێتە ئەرشیفەوە. بۆ نموونە دەشێ ئێمە سەیری ڕۆژنامەی پتر لە (100) ساڵ بەر لە ئێستا بكەین و جنێوی بەرامبەر كەسایەتییەك، یاخود لایەنێكی تیادا ببینن، ئەمەش جیاوازە لەوەی كە دوو كەس بەرامبەر یەكتر جنێو بدەن و زوو تێپەڕ دەبێت و لەیاد دەچێتەوە.

3-كاریگەری زیاترە. ئەو كەس و لایەنانەی جنێویان ئاراستە بكرێت ئەگەر لەڕێگەی دەزگایەكی ڕاگەیاندن بێت، ئەوا زیاتر شەرەف و ئیعتیباری بریندار دەبێت، تەنانەت دەشێ جنێودان بە سەركردەیەك، یان سیمبولێك ببێتە مایەی ورووژاندنی دۆست و لایەنگرەكانیشی و ئاژاوەی گەورەی لێ بكەوێتەوە.

4-دۆخی بڵاوبوونەوەی تێدایە: جنێودان لەڕێگەی دەزگای ڕاگەیاندنەوە دەبێتەمایەی پتر بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردە ناشرینە، هەربۆیەشە سزای زیاترە.
بۆ نموونە لە یەكێك لەو دادگاییانەی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، كەسێ لەڕێگەی (مۆبایل)ەوە جنێوی بە كەسێكی دیكە دابوو، لێرەدا كەمترین سزای بۆ دانرا بە بەراورد لەگەڵ سزادانی كەسێكدا كە لە دەزگایەكی ڕاگەیاندنەوە جنێوی دابوو، چونكە دۆخی یەكەم ئەگەر خودی جنێوپێدراو باسی نەكات، ئەوا كەس نازانێت، لەكاتێكدا لە دۆخی دووەمدا حاڵەتی بڵاوبوونەوە (Publishing)ی تێدایە. مەبەست لە دیاریكردنی سزاش بۆ ئەو تاوانە، ڕێگەگرتنە لە تەشەنەسەندنی.

نموونەیەكی ئەم شێوازی جنێودانە، بەرپرسێكە لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی لە ژمارە (4)ی گۆڤاری (گەڕان)دا، بە تەلەفۆن جنێو بە (كاوە گەرمیانی)ی سەرنووسەری گۆڤاری (گەڕان) دەدات، ئەگەر ڕۆژنامەنووسەكە خۆی دۆخی بڵاوكردنەوەی پێ نەبەخشیایە، ئەوا كەس نەیدەزانی، كەواتە لێرەدا سزاكە دۆخی توند وەرناگرێت.

لە چ كاتێكدا سزا لەسەر جنێو نییە؟
جنێو بەشێوەیەكی گشتی سزای لەسەرە، چونكە (شیاوی سەلماندن نییە) و (خێروبێری گشتی تێدا نییە)، لەهەمانكاتدا یاسا لە چەند دۆخێكی زۆر سنورداردا سزای لەسەر جنێودان لابردووە.

بڵاوكردنەوەی جنێو لە ڕۆژنامە و گۆڤاردا بە هەموو چەشنێ سزا لەسەر جنێودان هەیە و سزاكەش (نووسەر و سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیاز) بەشێوەیەكی یەكسان دەگرێتەوە. لەهەمانكاتدا تەنها لە كاتی بەرنامە ڕاستەوخۆكانی (رادیۆ و تەلەفزیۆن)دا سزا لەسەر جنێودان نییە، بەمەرجێك:

1-لەكاتی بەرنامەی ڕاستەوخۆی ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا، ئەگەر جنێو بەكەسی ئامادەبوو، یاخود كەس و لایەنێكی نائامادەبووی بەرنامەكە درا، دەستبەجێ پێشكەشكارەكە قسەكانی ببڕێ و پۆزشی ئەوە بهێنێتەوە كە نابێت ئازادی لە كەناڵی ڕاگەیاندندا، بۆ دیاردەی ناشرین و ناباوی كۆمەڵایەتی بقۆزرێتەوە.

كاتێك (بەرنامە ڕاستەوخۆ) بۆ جارێكی دیكە پەخش كرایەوە، ئەوا لەو ساتەدا مامەڵەی (بەرنامەی تۆماركراو)ی بۆ دەكرێت و سزا دەیگرێتەوە، دەبێت لەو ساتەدا جنێوەكە سانسۆر بكرێت و لاببرێت. واتا بەرنامەی تۆماركراو مامەڵەی ڕۆژنامەی چاپكراوی لەگەڵدا دەكرێت و سزای لەسەرە.

بۆنموونە لە ساتی گفتوگۆی دوو نووسەر لە بەرنامەی (تەبا و ناتەبا)ی كەناڵی (nrt.TV) لە شەوی چوارشەممە (9ی كانوونی دووەمی 20013) دەربارەی (سندووقی داهێنان) كە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە پەسەند كراوە تا هاریكاریی هەندێ پرۆژە بكرێت، بەشداربوویەك بە تەلەفۆن بە یەكێك لە گفتوگۆكارانی بەرنامەكەی وت: "خۆزگە باوكت وەجاغ كوێر بووایە". لێرەدا دەبوایە پێشكەشكاری بەرنامە دەستبەجێ پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە ببڕێت، ئەگەر لەكاتی دووبارەكردنەوەی بەرنامەكەشدا ئەو بڕگەیە لانەبرێت، ئەوادەچێتە خانەی تاوانی جنێودان و تیایدا ڕادیۆكە، یاخود كەناڵەكەش تۆمەتبار دەبێت.

2- ڕۆژنامەنووس لە ساتی دادگایی و بەرزكردنەوەی سكاڵا لە دژی و لەبەردەم دادوەردا، جنێو بە لایەنی بەرامبەر بدات، سزای لەسەر نییە.

هەندێكجار تاوانی جنێودان لە ڕۆژنامەگەریی كوردیدا بەرامبەر بە نەتەوەكانی تر ئەنجام دراوە، بۆ نموونە بە ئەحمەق ناوبردنی نەتەوەی تورك لە گۆڤارێكی ناسراوی كوردیدا دەچێتە خانەی تاوانی جنێودانەوە، چونكە وێڕای هەموو ئەو توندوتیژی و ڕەفتارە نامرۆڤانەیەی نەتەوەی تورك بەرامبەر بە كورد ئەنجامی دەدات، پاساو نییە بۆ ئەوەی كە نەتەوەیەك بە (ئەحمەق) ناوزەد بكرێت.

هەروەها نموونەیەكی دیكە، وتاری ڕۆژنامەنووسێكە كە باسی گەڕەكەكەی خۆیان دەكات و نووسیویەتی "پڕ بوو لە كۆترباز و چەقۆكێش و بۆكسوەشێن و منداڵباز و قوندەر...". لەكاتێكدا ئەم دەستەواژانە جۆرێكن لە جنێودان و تەنانەت سوكایەتی و ناوزڕاندنیش.

بەكورتی (جنێو) شیاوی سەلماندن نییە و خێر و بەرژەوەندی گشتی تێدا نییە، تەنانەت دەشێ بەوهۆیەوە شەڕی ڕاگەیاندن بێنێتەئارا، كەواتە دەچێتە خانەی پێشێلی یاساوە و سزای لەسەرە. هەروەك پێشتریش ئاماژەمان بۆ كرد، بەپێی بڕگەی (5)ی ماددەی هەشتەم، نابێت دوای تێپەڕبوونی (90) نەوەد ڕۆژ لە مێژووی بڵاوكردنەوە، هیچ جۆرە ڕێكارێكی یاسایی لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووس بگیرێتەبەر.

كێ سزا دەدرێت؟
بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت خەڵك دەبێت ئەو هەقیقەتە بزانن كە ناشێ ئازادیی دەزگاكانی ڕاگەیاندن بۆ دیاردەی ناشرینی وەك جنێو بقۆزرێتەوە، چونكە پرسیارێ، یاخود ڕەخنەیەكی تەندروست لە لایەنی بەرامبەر كاریگەریی زۆر زیاترە لە جنێودان، وێڕای ئەوەش سنورەكانی ئازادی پێویستی بە پارێزگارییە.

لە دەزگاكانی ڕاگەیاندندا هەریەك لە (جنێودەر –نووسەر یاخود هاوڵاتییەك بێ) و (سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیاز) بەرپرسیارێتی هاوبەشیان لە ئەستۆدایە، سەرنووسەر بەوپێیەی پێویستە ڕۆڵی (دەرگاوان، یاخود پاسەوان) ببینێت و هەموو بابەتێ بە فلتەری ئەودا تێپەڕ ببێت، بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی دەكەوێتە سەرشان.

خاوەن ئیمتیاز تەنها بەرپرسیارێتی دارایی (واتا غەرامە و پێبژاردن)ی لە ئەستۆدایە، بەمەرجێ بەشداری ڕاستەوخۆی لە تاوانەكەدا نەبووبێت.


ئه‌م بابه‌ته 405 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر