ئایا کۆرۆنا پێگەی چین لاوازدەکات؟

ئێستا چین ئابوورییەکی هێندە بەهێزی هەیە کە دەتوانێت بەرەنگاریی ئاڵنگارییەکان بێتەوە.
PM:02:54:15/02/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی
پێناچێت رۆڵی جیهانیی چین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەم بێتەوە

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و گوێزانەوەی بۆ هەندێک وڵاتی دیکەی جیهان، مشتومڕێکی گەورەی لێکەوتووەتەوە دەربارەی کاریگەریی ئەو قەیرانە بایۆلۆجییە لەسەر ڕۆڵی جیهانیی چین لە داهاتوودا. ئەمە لەکاتێکدایە کە چین لەوپەڕی هەوڵدایە بۆ پتەوکردنی پێگەی جیهانیی خۆی لەڕێی پرۆژەی "ڕێگار ئاوریشم"و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی پەیکەری سیستمی نێونەتەوەیی بەجۆرێک کە زامنی هەڵکشانی ڕۆڵی چین بێت. 
 
لە بەرامبەر دیدی خۆرئاوادا کە (کۆرۆنا) بە هۆکارێک دەزانن بەئاراستەی گلانی چین، بەڵام تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی چین بەو جۆرەیە کە (کۆرۆنا)ش دەچیتە خانەی کارەساتە سروشتییە ڕاگوزەرەکانی وەک (لافاو، زریان و ئاگرکەوتنەوە) کە نەتەوە بەهێزەکان بەرەنگاری دەبنەوەو بەسەریدا زاڵ دەبن، لەوەش زیاتر ئەو کارەساتانە دەکەنە دەرفەتی بنیاتنانەوەو یەکگرتنی ناوخۆیی.  

هاوپشتیی حکومی-میللی 
بە وتەی پسپۆران، ئێستا دۆخی چین لە باشیدایە، چونکە ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
 
سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکی گەورەترین جەژنی تەقلیدیی چینییەکان (ئاهەنگی جەژنی بەهار) کە بەهۆیەوە هاوڵاتیان لە سەرانسەری وڵاتدا دەگەڕێن. 

ساڵی ٢٠١٩ لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ئاهەنگی جەژنی بەهاردا ٢.٩٨ ملیار کەس لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا هاتوچۆی نێوان شارو ناوچەکانیان کردووە. بۆ ئەمساڵیش ڕێژەیەکی هاوشێوە بەشداریی ئاهەنگەکانیان کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.

٧٠٪ی توشبوانی کۆرۆنا کەوتوونەتە هەرێمی "هۆبی"، لە ٦ی٢ی٢٠٢٠ەوە ڕێژەی توشبووان دەستی بە کەمبوونەوە کردووە، لە بەرامبەردا رێژەی ئەو توشبووانەش کە چارەسەر کراون، زیادی کردووە. ئەم گۆڕانە بەرچاوەش دەگەڕێتەوە بۆ جووڵەی خێرای کاریگەریی حکومەتی ناوەندی و حکومەتە لۆکاڵییەکانی چین بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە.  

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی دارایی بڕی ٦٦.٧٤ ملیاری یوان-ی تەرخان کردووە بۆ قەڵاچۆکردنی ڤایرۆسەکە. کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تایبەت گیراونەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی باجەکان لەپێناو هاندانی کارەکانی وەک باجی بەهای زیادکراو.

هەروەک بڕیار دراوە بۆ لابردنی باج لەسەر داهاتی ئەو پزیشک و کارمەندانەی کە بەشدارن لە قەڵاچۆکردنی ڤایرۆسەکەدا. بانکی ناوەندی ڕێوشوێنی خێرای گرتووەتەبەر بۆ زامنکردنی سەقامگیریی بازاڕە داراییەکان. لەم مانگەدا بانکی ناوەندیی میللیی چین ڕایگەیاند کە ٢.١ ملیار یوان لە ئابووریدا دەخاتەگەڕ. لە هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەشدا ئاشکرایکرد کە نزیکەی ٣٠٠ ملیار یوان تەرخان دەکات وەکو قەرزی خێرا بۆ کۆمپانیاکانی دابینکردنی ماسک و چاویلکەو پاککەرەوەی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە. 

بە سەرکردایەتی حکومەتی ناوەندی و پشتیوانیی پزیشکانی سوپای ڕزگاریی میللیی چین، هێزێکی گەورەی پشتگیریی پێکهێنراوە بۆ قەڵاچۆکردنی پەتاکە. حکومەت هەزاران پزیشکی لە ١٦ هەرێمەوە ڕەوانەی (ووهان) کردووە. هاوڵاتیان چوونەتە پاڵ هەڵمەتەکەو سەرگەرمی بەخشین و کاری خۆبەخشین. هەزاران چینی لە تاراوگەوە پێداویستیی پزیشکییان کڕیوەو ڕەوانەی وڵاتی دایکیان کردووەتەوە. حکومەتیش بەپێی بڕیارێک ماوەی پشووی جەژنی بەهاری درێژکردووەتەوە، لەگەڵ دواخستنی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لەپێناو بەرگرتن لە تەشەنەی ڤایرۆسەکە.

جگە لەوانەش، هەموو دەروازەکانی شاری هوبی کۆنترۆڵ کراون. تیمە پزیشکییەکان ڕۆژانە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ پێوانەی پلەی گەرمیی لەشی هاوڵاتیان و دڵنایبوونەوە لە سەلامەتییان. هەروەها هەزاران ئەندامی حیزبی شیوعیی چینی سەرگەرمی هەڵمەتی هۆشیارین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە.   

کاردانەوەو لێکەوتە نێودەوڵەتییەکان
کۆرۆنا بۆ جیهانی سەلماند کە چین توانایەکی مەزنی هەیە لە خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی خێرای قەیرانەکاندا. حکومەتی چین توانیی سەرکردایەتی و هەماهەنگییەکی کارا بکات دژی ڤایرۆسەکە. خودی سەرۆک (شی جین پینگ) سەرکردایەتی چالاکییەکانی قەڵاچۆکردنی (کۆرۆنا) دەکات. لەگەڵ وڵاتاندا هەماهەنگیی کرد بۆ گواستنەوەی بەپەلەی هاوڵاتیانی بیانی لە هەرێمی (ووهان) بۆ وڵاتی خۆیان. حکومەت توانی لەماوەی ١٠ ڕۆژدا دوو نەخۆشخانەی گەورە دروست بکات، یەکێکیان ١٠٠٠ قەرەوێڵەیی و ئەویتریان ١٥٠٠ قەرەوێڵەیی.

لەو چوارچێوەیەدا دەکرێت ئاماژە بکەین بۆ دیارترین لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ڕۆڵی جیهانیی چین:   

١/ پاشەکشەیەکی کاتی و کەم:
دەکرێت بوترێت کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی چین، کاتییەو کۆنترۆڵ دەکرێت. پسپۆڕان پێیان وایە ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی چین و ڕێژەی گەشەی داهاتی ناوخۆیی بۆ کەمتر لە ٠٥٪ لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا، بەڵام لەدوای کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکەو لەناوبردنی، ئیدی لە هەردوو چارەکی سێیەم و چوارەمی ساڵ و لەگەڵ چەندان سیاسەتی دارایی و نەختینەیی و پیشەسازیی کارادا، ڕەوڕەوەی بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە جێگەی خۆی، چونکە بەشێک لەو پیشەسازییانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە زیانبار بوون، لە باجدان باخشراون و کارئاسانییان بۆ کراوە، بۆ نموونە: کەرتی گەشتوگوزارو گواستنەوەو هۆتێلەکان و گەیاندن و فڕۆکەوانیی مەدەنی، ئەوەش بەئامانجی هاوکاریکردنیان بەرەو تێپەڕاندنی سەختییەکانی ئەم قۆناغە.

لەلایەکی تریشەوە، ڤایرۆسەکە بووەتە هۆی بووژانەوەی چەندان سێکتەری دیکە، وەکو ئەو بەرهەمانەی کە لەڕێی ئینتەرنێتەوە دەفرۆشرێن، بەشێوەیەکی گشتییش زیادبوونی قەبارەی فرۆشتنی ئۆنلاین و ڕێگەدانی هەندێک لە کۆمپانیاکان بە کارکردنی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا، ئەوەش دەبێتە هۆی دۆزینەوەی شێوازی تازەی بەکاربردن و شێوازی نوێی کارلێککردن لەگەڵ ژینگەی کار لە نێو کۆمەڵگەی چینیدا. 

٢/ فۆبیای چینی:
لە زۆربەی وڵاتاندا –بە وڵاتانی خۆرئاواشەوە- ترسێکی بێ پاساو لە چینییەکان "فۆبیای چینی" زیادی کردووەو چەندین حاڵەتی پەلاماردانی چینییەکان لە سەر شەقامەکاندا تۆمار کراوە. لە بەرامبەردا چەندان وڵاتیش هاوپشتی چین بوون و یارمەتی هەمەجۆرو هاوکاریی پزیشکییان ڕەوانەی چین کردووە، وەکو: ئیمارات، جەزائیر، ئوسترالیا، نیوزلەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایلاند، مالیزیا، ئیندۆنیزیا، کازاخستان، پاکستان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فرەنسا، بیلاروسیاو چەندانی تر.

هەر لەم مانگەدا (هون سین) سەرۆک وەزیرانی کەمبۆدیا سەردانی چینی کرد بۆ دەربڕینی پشتیوانیی بۆ گەلی چین. لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی چین ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی کۆمبۆدیا لە چەندین بۆنەدا پشتیوانیی بەهێزی خۆی بۆ چین دەربڕیوە، لەم دۆخەشدا کە سەردانی چین دەکات، دەرخەری پەیوەندییەکی دۆستانەیە کە لە شکان نایات.   

هەروەها وەک پاداشت و پێزانینێک، هەزاران هاوڵاتی چینی بەنیازن سەردانی ئەو وڵاتانە بکەن کە لەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا یارمەتی چین و خەڵکەکەیان داوە.

٣/ متمانەی پتەوی وەبەرهێنەران:
پەیوەست بە متمانەی وەبەرهێنەران، ڕۆژی ٤ی٢ی٢٠٢٠، بانکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: "دەسەڵاتی چینی خاوەنی سیاسەتێکی گشتییە بۆ بەرەنگاربوونەوە، ئەوەتا بڕێکی زۆر پارەی خستووەتە گەڕ، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرە بۆ سووککردنی تێچووی ئەو زیانەی کە بەر گەشەی ئابووریی دەکەوێت". هەروەها خاتوو (کریستالینا جۆرجیڤا) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: "سندووقەکە پشتیوانیی کۆششەکانی چین دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ئێمە متمانەمان هەیە کە ئابووریی چین هێشتا بەگوڕەو توانای هەڵسانەوەی هەیە".   

باشبوونی باری ئابووری چین یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، باشتر لەوەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی (سارس) کردی. لەساڵی ٢٠٠٢دا کۆی بەرهەمی ناوخۆیی چین نزیکەی ١٢ تریلیۆن یەن بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر بوو لە ٩٩ تریلیۆن. ئێستا چین ئابوورییەکی هێندە بەهێزی هەیە کە دەتوانێت بەرەنگاریی ئاڵنگارییەکان بێتەوە.

لە کۆتاییدا 
پێناچێت رۆڵی جیهانیی چین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەم بێتەوە. لە چین وتەیەکی بەناوبانگ هەیە کە دەڵێت: "بە زیادبوونی نەهامەتییەکان، یەکێتی نەتەوە پتەوتر دەبێت. هەر سەختییەک، تاقیکردنەوەیەکە".

بۆیە دەکرێت بڵێین: چین توانیی ئەم تاقیکردنەوەیە تێپەڕێنێت. هوشیاریی هاوڵاتیانی چین بەرامبەر مەترسییە ناتەقلیدییەکان و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەو میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا، تادێت زیاتر دەبێت. ئیدی پەکین چاو دەخاتەوە سەر کێشەکان بۆ چڕکردنەوەی زیاتری بەرنامەی ریفۆرم و بەردەوامیی پەرەپێدان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە بایۆلۆجی و ئابوورییەکاندا. 

ژێدەر/ futureuae.com
و/ سیڤەر


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر