قه‌زای‌ سێمێل

PM:12:30:31/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

قه‌زای‌ سێمێل یه‌كێكه‌ له‌ قه‌زاكانی‌ پارێزگای‌ دهۆك، له‌ سێ ناحیه‌ی‌ (سێمێل، فایده‌، باتێل) پێكدێت كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی‌ شاری‌ سێمێله‌. 
سێمێل شارۆچكه‌یه‌كی‌ دێرینه‌و چه‌ندین شوێنه‌واری‌ دێرینی‌ تێدایه‌، به‌هۆی‌ به‌رفراوانی‌ ناوچه‌كه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ له‌ڕووی‌ ئابورییه‌وه‌ كه‌ڵكی‌ لێوه‌رده‌گرن و به‌روبومه‌ زستانه‌و هاوینه‌كانی تێدا ده‌چێندرێت، هاوكات له‌گه‌ڵ ڕاگرتن و به‌خێوكردنی‌ چه‌ندین ئاژه‌ڵی‌ به‌رهه‌مدار.
سێمێل وه‌ك ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ ده‌ستی‌ ڕژێمی‌ به‌عسی‌ پێگه‌یشتووه‌و ته‌واوی‌ گونده‌كانی‌ كاول كردووه‌، له‌جێی‌ ئه‌وانه‌ چه‌ندین كۆمه‌ڵگه‌ی‌ بچوكی‌ دروستكردووه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ تێدا نیشته‌جێكردوون، به‌ڵام دوای‌ راپه‌ڕینه‌ مه‌زكه‌ی‌ ساڵی‌ 1991و دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌هاوكاری‌ چه‌ندین ڕێكخراوی‌ خێرخوازی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ گونده‌كان ئاوه‌دان كراونه‌ته‌وه‌.

ناو:
ده‌گوترێت ناوی‌ سێمێل له‌ دوو وشه‌ی‌ (سێ‌)+(مل) سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، یاخود له‌ (سێ‌ گرد) یانیش له‌ (سێ‌ ماڵ)ه‌وه‌ هاتووه‌. به‌ تێپه‌ڕبوونی‌ زه‌مه‌ن بووه‌ به‌ سێمێل.

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌:
سێمێل به‌دووریی‌ 16كم ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژئاوای‌ سه‌نته‌ری‌ شاری‌ دهۆك، ده‌كه‌وێته‌ ناو ده‌شتێكی‌ به‌رین له‌سه‌ر ڕێگای‌ زاخۆ.
له‌ باكوور له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ زاخۆ، له‌ ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی‌ شه‌نگال هاوسنووره‌.

ئاو و هه‌وا:
به‌هۆی‌ هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافییه‌كه‌یه‌وه‌ زستانی‌ ساردو هاوینی‌ مام ناوه‌ندو گه‌رمه‌.

ڕووبه‌ر:
ڕووبه‌ری‌ قه‌زای‌ سێمێل 306كم چوارگۆشه‌یه‌، به‌رزی‌ له‌ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریا له‌نێوان 218 بۆ 418 مه‌تره‌.

ژماره‌ی‌ دانیشتوان:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ قه‌زای‌ سێمێل به‌پێی‌ نه‌خشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ پێشبینیكراوی‌ ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌ سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كودستان بۆ ساڵی‌ 2018 له‌ 204,706 كه‌س پێكدێت.

ئا/ ئه‌نه‌س محمد ابراهیم


ئه‌م بابه‌ته 589 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر