قه‌زای‌ خه‌بات

PM:12:11:31/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

قه‌زای‌ خه‌بات یه‌كێكه‌ له‌ قه‌زاكانی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر، له‌ سێ‌ ناحیه‌ی‌ (داره‌شه‌كران، ڕزگاری‌، كه‌ورگۆسك)و 6464 گوند پێكدێت. ئه‌م قه‌زایه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕوَژئاوای‌ هه‌ولێر له‌ سه‌ر ڕێگای‌ هه‌ولێر-موصڵ به‌دووریی‌ (35)كم له‌ شاری‌ هه‌ولێره‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌روازه‌ی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنی‌ هه‌ردوو شاری‌ موصڵ و دهوَكه‌ به‌ هه‌ولێره‌وه‌.

قه‌زای‌ خه‌بات ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زێی‌ گه‌وره‌ و به‌ ناوچه‌یه‌كی‌ كشتوكاڵی‌ گرنگ و گه‌شتیاری‌ ناسراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ترین پڕوَژه‌ی‌ ئاودێریی‌ هه‌یه‌و ناوچه‌یه‌كی‌ دارستانی‌ به‌رفراوانی‌ لێیه‌و سوودی‌ گه‌شتیاریی‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها پاش به‌رفراوانكردنی‌ خه‌بات، داموده‌زگای‌ حكومی‌ لێ دانراوه‌و پێداویستی‌ سه‌ره‌كی‌ بوَ ئه‌و قه‌زایه‌ دابینكراوه‌و سیمای‌ شارستانی‌ به‌ ناوچه‌كه‌ به‌خشیووه‌.

قه‌زای‌ خه‌بات یه‌كێك بووه‌ له‌و ئوَردوگایانه‌ی‌ كه‌ له‌ 4ی‌ ئازاری‌1991 زه‌نگی‌ ڕاپه‌ڕینیان لێدا كه‌ جه‌ماوه‌ر له‌ ئوَردوگاكه‌ ڕاپه‌ڕین و په‌لاماری‌ دامووده‌زگا دزێوه‌كانی‌ ڕژێمی‌ به‌عسیان داوه‌، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ كپ كرایه‌وه‌، چونكه‌ نزیك بوو له‌ چه‌قی‌ قورسایی‌ و توانای‌ حكومه‌تی‌ عێڕاقی‌ داگیركه‌ر له‌ شاری‌ كه‌ركوك و موصڵ و هه‌ولێر. 

دوابه‌دوای‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ (11)ی‌ ئاداری‌ (1970) هه‌نجیروَك وه‌ك سه‌نته‌ری‌ ناحیه‌ ده‌ستنیشانكرا، ناحیه‌كه‌ ناوی‌ لێنرا (خه‌بات)، له‌ هه‌مان كاتدا كوَمه‌ڵگای‌ هه‌نجیروَك له‌ ته‌نیشت گوندی‌ هه‌نجیروَك دروستكراوه‌ كه‌ پێشتر ته‌نیا گوند بووه‌. له‌ ڕێكه‌وتی‌ 2004\10\11 به‌ فه‌رمانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ژماره‌ (2371) كرا به‌ قه‌زا.

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌:
قه‌زای‌ خه‌بات له‌ باكوور و ڕۆژئاوا هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ ئاكرێ و قه‌زای‌ به‌رده‌ڕه‌ش له‌ سنووری‌ دهۆك، له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ مه‌خموور و قه‌زای‌ ناوه‌ندی‌ هه‌ولێر، له‌ باكووری‌ ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ شه‌قڵاوا هاوسنوره‌.

كه‌ش و هه‌وا:
زستانی‌ سارد و باراناویه‌ و هاوینی‌ ماوینی‌ گه‌رمه‌.

ڕووبه‌ر:
ڕووبه‌ری‌ گشتی‌ قه‌زای‌ خه‌بات (275،137) دوَنمه‌ كه‌ ده‌كاته‌ (687)كم دووجا، به‌رزی‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریا 263 مه‌تره‌.

ژماره‌ی‌ دانیشتوان:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ قه‌زای‌ خه‌بات به‌پێی‌ نه‌خشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ پێشبینیكراوی‌ ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كودستان بۆ سالی‌ 2018 له‌ 116،712 كه‌س پێكدێت.

ئا/ سندوس محمد ابراهیم


ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر