کومەڵەى خویندکارانى کورد لە ئەوروپا

PM:09:50:29/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - حیزب و رێکخراوەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

رێکخراوێکى کوردستانى خوێندکارانى کورد بووە، لە ئەوروپا دامەزراوەو لە زوربەى ڵاتان لقی هەبوو، لە رێگاى نواندنى چاڵاکی (سیاسی، رووناکبیرى و هونەری)و بەستنى پەیوەندیی دوستانە لەگەڵ ژمارەیەکى زورى رێکخراوە خوێندکارییەکانى وڵاتانەوە، لەپێناوى ناساندنى دوزى رەواى گەلەکەمان کاریگەرى بەرچاوى هەبوو لە سەرجەم وڵاتانى ئەوروپا، بەڵکو هەر لقێکى کومەڵە وەک بالَیوزخانەیەکى گەلەکەمان بوو.

کومەڵە سەرەراى ئەرکە پێشەییەکانى وەک رێکخراوێکى خویندکارى، رێکخراوێکى کوردستانى و کوردایەتى دەگمەن بوو، چوارچێوەو چەترى کوکەرەوەى خوێندکارانى کوردى هەر چوار پارچەى کوردستان بوو، ئەندامەکانى ئازایانە ڕووبەڕووى کردە هوڤەکییەکانى داگیرکەرانى کوردستان دەبونەوەو رەفتارەکانیان شەرمەزار دەکرد دژ بە گەلەکەمان لە رێگاى خوپێشاندان و بڵاو کردنەوەى چەندین گوڤارو روژنامەو بڵاوکراوە بە زمانى جیاواز جگە لەوانەى بە زمانى کوردى بڵاودەکرانەوە.

گوڤارى سەرەکى و زمانحالى کومەلە ( گوڤارى کوردستان) بوو. بەڵام بە داخەوە دواى نسکوى شورشی مەزنى ئەیلول و لەسەر بنەماى جیاوازى بیرکردنەوەو پەیوەندى ئەندامەکانى کومەڵە بە لایەنە سیاسییە ناکوکەکانى ئەو ساتە وەختەى کوردستانەوە، رێکخراوەکە ڕووبەڕووى دابەشبوون و لێکترازان بوو بەسەر (٣) رێکخراوى ناکوک و تا راددەیەک دژ بە یەک:


١- کؤمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەوروپا/ سەر بە (پارتى دیموکراتى کوردستان ) سەنتەرەکى لە (بەرلینى روژئاوا) ى ئەڵمانیا .
٢- کؤمەلەى خوێندکارنى کورد لە ئەوروپا/ سەر بە (پارتى کومونستى عیراق) .سەنتەرەکەى لە شارى (پراگى) ى چیکوسلوفاکیابوو .
٣- کؤمەلەى خوێندکارانى کورد لە دەرەوەى وڵات (ئەکسا) سەر بە (ی ن ک ) . سەنتەرەکەى لە بەرلینى روژهەڵاتى ئەڵمانیا بو .


کومەڵە لەو پەرتەوازەییەدا وەکو جاران تواناى ئەنجامدانى چاڵاکى بەرفراوان و کاریگەرى نەمابوو، بارودوخى لێکترازانى کومەلە دریژەى کێشا تا ئەو کاتەى بە بریارێکى بەرەى کوردستانى هەر سێ رێکخراوەکە یەکیان گرتەوە سالى ١٩٨٧- ١٩٨٨.


لە (١٩٥٦- ١٩٧٥)، کومەڵە سەرەراى کومەڵێک رێگرى و کەم توانایی دارایی، توانى بە رێکوپێکى (١٧) کونگرەى یەکگرتوو ببەستێت، زوربەى کونگرەکان لە وڵاتى ئەلمانیا بەستراون، چونکە لەو وڵاتەدا زورتر رێگەپێدان و ئاسانکارى هەبوون. کونگرەکان بەم شێوەیەى خوارەوە بەستراون :


١- کونگرەى یەکەم: لە شارى ڤیسبادنى ئەڵمانیا، لە بەروارى ١٠-١٦/ ٨/ ١٩٥٦. (١٧)خوێندکار بەشداربوون .
٢- کونگرەى دووەم: لە بەروارى ٢-٤/ ١ / ١٩٥٨، لە شارى (لەندەن)، (٢٢) خوێندکار ئەندام بوون .
٣- کونگرەى سێیەم : لە بەروارى ٤-٨/ ٨ / ١٩٥٨، لە شارى میونیخى ئەڵمانیا ، (١٧) خوێندکار بەشداربوون .
٤- کونگرەى چوارەم : لە بەروارى ١٩- ٢٣ / ٧ / ١٩٥٧، لە شارى ڤییەننا ، (٤٠) خوێندکار بەشداربوون .
٥- کونگرەى پێنجەم : لە بەروارى ٢٢-٢٦ / ٨ / ١٩٦٠، لە بەرلینى ڕوژئاوا ، (٧٣) خویندکار بەشداربوون .
٦- کونگرەى شەشەم : لە بەروارى ٢١- ٢٦ / ٨ / ١٩٦١، لە شارى مونیستەرى ئەڵمانیاى ڕوژئاوا ، (١٠٩) خوێندکار بەشداربوون .
٧- کونگرەى حەوتەم : لە بەروارى ٩- ١٥ /٨ / ١٩٦٢، لە شارى براونشڤایک ى ئەڵمانیاى ڕوژئاوا ، (١١٠) خویندکار بەشداربوون .
٨- کونگرەى هەشتەم : لە بەروارى ٩-١٥/ ٨/ ١٩٦٣، لە شارى میونیخى ئەڵمانیاى روژئاوا ، (١٥٦) خوێندکار بەشداربوون .
٩- کونگرەى نویەم : لە بەروارى ٣-٩/ ٨/ ١٩٦٤، لە شارى هانوڤەرى ئەلمانیاى ڕوژئاوا ، (١٨٣) خوێندکار بەشداربوون .
١٠- کونگرەى دەیەم : لە بەروارى ١٧- ٢٢ / ٨/ ١٩٦٥، لە بەرلینى ڕوژئاوا ، (١٢٥) خوێندکار بەشداربوون .
١١- کونگرەى یازدەهەم : لە بەروارى ٢٦-٣٠ / ٨/ ١٩٦٦، لە بەرلینى ڕوژئاوا ى ئەلمانیا ، (١١٧) خوێندکار بەشداربوون .
١٢- کونگرەى دوازدەهەم : لە بەروارى ٢٧-٣١/ ١٢/ ١٩٦٧، لە شارى بەلەگرادى یوغوسڵافیا ، (٢١٢) خوینکار بەشداربوون .
١٣- کونگرەى سێزدەهەم : لە بەروارى ١١-١٦ / ٨/ ١٩٦٨، لە بەرلینى ڕوژئاواى ئەلمانیا ، ( ١٤٥) خویندکار بەشداربوون .
١٤- کونگرەى چواردەهەم : لە بەروارى ١-٥/ ٨/ ١٩٧٠، لە ستوکهوڵم ى سوبد ، (١٣٥) خوێندکار بەشداربوون .
١٥- کونگرەى پانزەهەم : لە بەروارى ١٦-٢٠/ ٢/ ١٩٧٢، لە شارى بوخارستى رومانیا ، (٢٦٠) خوێندکار بەشداربوون .
١٦- کونگرەى شانزەهەم : لە بەروارى ١٦-١٩/ ٨/ ١٩٧٣، لە بەرلینى ڕوژئاواى ئەڵمانیا ، (٣٠٠) خوێندکار بەشداربوون .
١٧- کونگرەى حەڤدەهەم : لە بەروارى ٢٧-٣١/ ٨ / ١٩٧٥ ، لە بەرلینى ڕوژئاواى ئەڵمانیا، بەداخەوە دەرەنجامى ناکوکى و ناتەبایی، لەم کونگرەیەدا کومەڵە لە بەر یەک هەڵوەشایەوە.

ژێدەر/ ئەکاونتی  فەیسبووکی بەڕێز (عارف ڕوشدی)


ئه‌م بابه‌ته 158 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر