ناحیه‌ی‌ داره‌توو

AM:11:48:29/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

ناحیه‌ی‌ داره‌توو یه‌كێكه‌ له‌ ناحیه‌كانی‌ قه‌زای‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر كه‌ له‌ 6 گه‌ڕه‌ك پێكدێت، 17 گوند ده‌كه‌ونه‌ سنوری ناحیه‌كه‌وه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ هه‌مووی‌ كوردن. داره‌توو پێشتر كۆمه‌ڵگه‌ بووه‌، دواتر له‌ ساڵی‌ 2002دا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاری‌ به‌ ناحیه‌بوونی‌ ده‌ركرد.

له‌ سالی‌ 1988دا له‌ سه‌رده‌می‌ ڕژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ داگیركه‌ر گونده‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تێكدران و گونده‌كانی‌ سنوری‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر زۆربه‌یان وێران و خاپوور كران و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكان ڕاگوێزران، حكومه‌تی‌ به‌عس كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ زۆره‌ ملێی‌ له‌ نزیك گوندی‌ دراره‌توو دروستكرد به‌ ناوی‌ (كۆمه‌ڵگه‌ی‌ داره‌توو). ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ كه‌ا له‌ گونده‌كان خانوویان تێكدرا به‌زۆره‌ ملێ‌ له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ نیشته‌جێكران، به‌شێكی‌ خه‌ڵكه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ تری‌ باشوری‌ كوردستان له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ نیشته‌جێ كران. دوای‌ ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی‌ گه‌لی‌ باشوری‌ كوردستان له‌ دژی‌ حكومه‌تی‌ به‌عسی عێراقی‌ داگیركه‌ر له‌ سالی‌ 1991 زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ له‌به‌ر هۆكاری‌ ئابووری‌ و نزیكی‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، پاشان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌چاو گه‌وره‌ و فراوان بوو، بۆیه‌ له‌ به‌رواری‌ 12-5-2002 حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاری‌ به‌ ناحیه‌بوونی‌ داره‌تووی‌ ده‌ركرد.

ناو:
ناوی‌ ناحیه‌ی‌ داره‌توو به‌ وته‌ی‌ خه‌ڵكانێك كه‌ دانیشتوی‌ ئه‌و ناحییه‌ بوون وایان شیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ گوندێكه‌وه‌ ناوه‌كه‌ی‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ بیرێكی‌ ئاوی‌ تێدابووه‌ و له‌ ته‌نشیت بیره‌كه‌ دوو داری‌ توو هه‌بووه‌، ئیدی‌ ئه‌مه‌ بوه‌ته‌ ناونیشان بۆ ناسینه‌وه‌ی‌ گونده‌كه‌. به‌ وته‌ی‌ كه‌سانێك كه‌ تا ئه‌م ماوانه‌ی‌ دوایی‌ مابوون داره‌توو له‌ سه‌رده‌می‌ عوسمانییه‌كان هه‌بووه‌و نزیكه‌ی‌ 50 ماڵی‌ تێدا بووه‌ و دانیشتوانه‌كه‌شی‌ خه‌ڵكێكی‌ كوردپه‌روه‌ر بوون.

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌:
ناحیه‌ی‌ داره‌توو ده‌كه‌وێته‌ باشوری‌ ڕۆژئاوای‌ بنه‌سڵاوه‌ (ناوه‌ندی‌ ناحیه‌ی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر)، كه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ته‌ختی‌ ده‌شتاییه‌ و به‌شی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناحیه‌كه‌ش گرداوییه‌، له‌ سنوری‌ باشوری‌ ناحیه‌ی‌ داره‌توو ناحیه‌ی‌ قوشته‌په‌، و له‌ باكوری‌ ڕۆژهه‌ڵاتیش ناحیه‌ی‌ كه‌سنه‌زان هه‌ڵكه‌وتووه‌، وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ كۆیه‌ . وه‌ له‌ ڕۆژئاوا له‌گه‌ل شاری‌ هه‌ولێر سنوره‌كه‌ی‌ پێك دێنن.

ئاو و هه‌وا:
زستانی‌ سارد و هاوینی‌ گه‌رمه‌.

ڕووبه‌ر:
ڕووبه‌ری‌ ناحیه‌ی‌ داره‌توو 203.6 كم چورگۆشه‌یه‌.

ژماره‌ی‌ دانیشتوان:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ ناحیه‌ی‌ داره‌توو نزیكه‌ی‌ 60,000 كه‌س ده‌بن و به‌رده‌وام له‌ زیادبوندایه‌.

گه‌ڕه‌كه‌كان:
گه‌ڕه‌كی‌ (داره‌تووی‌ نوێ، نیشتمان، كوردستان، ژین،هه‌رێم، برایه‌تی‌).

ناوی‌ گونده‌كان:
گوندی‌ (گرده‌ ڕه‌شه‌ی‌ گه‌وره‌، گرده‌ ڕه‌شه‌ی‌ بچوك، باغمره‌ی‌ شه‌هاب، هه‌ڵجه‌ی‌ گه‌وره‌، هه‌ڵجه‌ی‌ بچوك، مۆرتكه‌ی‌ گه‌وره‌، بێستانه‌ی‌ گه‌وره‌، بێستانه‌ی‌ بچوك، سه‌رمه‌زرا، ئۆمه‌ره‌ سۆر، بیره‌جنه‌، میرزاغا، سه‌رده‌شت، سابلخ، پاڵانی‌، لاجان، باغمره‌ی‌ ئه‌فندی‌).
ئه‌و گوندانه‌ی‌ كه‌وتونه‌ته‌ ناو ماسته‌ر پلانی‌ شاره‌وانی‌ هه‌ولێر:
گرده‌ ڕه‌شه‌ی‌ گه‌وره‌، گرده‌ ڕه‌شه‌ی‌ بچوك، باغمره‌ی‌ شه‌هاب، باغمره‌ی‌ ئه‌فندی‌

ئا/ ئەنەس محمد ابراهیم


ئه‌م بابه‌ته 175 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر