قه‌زای‌ مێرگه‌سوور

PM:01:53:25/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

قه‌زای‌ مێرگه‌سوور یه‌كێكه‌ له‌ قه‌زاكانی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر، كه‌ له‌ پێنج ناحیه‌ی‌ (بلێ‌ و بارزان، گۆره‌توو، مه‌زنێ‌، پیران، شێروان مه‌زان)و 67 گوند پێكدێت، كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی‌ ناحیه‌ی‌ مێرگه‌سووره‌. قه‌زاكه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ شاخاوی‌ سه‌خته‌و ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ شاخاوی‌، له‌ چیا به‌ناوبانگه‌كانی‌ وه‌ك (شێوان، پیران، قه‌له‌نده‌ر، برادۆست). هه‌روه‌ها له‌و قه‌زایه‌دا سێ ڕووباری‌ گرنگ هه‌ن، (زێی‌ سه‌روو، چامه‌، باڵنده‌).

قائیمقامیه‌تی‌ قه‌زای‌ مێرگه‌سوور له‌ ساڵی‌ 1956 دامه‌زراوه‌، له‌ ئه‌نجامی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ زێبار به‌هۆی‌ نه‌گونجانی‌ قائیمقامیه‌تی‌ قه‌زا له‌و ناوچه‌یه‌ و گرنگی‌ مێرگه‌سوور و گه‌لێك هۆكاری‌ دیكه‌. یه‌كه‌م قائیمقامی‌ قه‌زاكه‌ ناوی‌ (كانه‌بی‌) بوو كه‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر بوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ سه‌ركه‌وتوو بێت. ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ڕژێمه‌كان هه‌میشه‌ كێشه‌یان له‌گه‌ڵ بزاڤی‌ شۆڕش له‌ ناوچه‌ی‌ بارزان هه‌بووه‌، ویستراوه‌ كه‌سانێك كاره‌كان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن كه‌ خزمه‌تی‌ خه‌ڵكه‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڵام هه‌میشه‌ كێشه‌ دروست بووه‌ به‌هۆی‌ پابه‌ند نه‌بوونیان به‌ داواكارییه‌ هه‌ڵه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عێڕاقی‌ داگیركه‌ر. یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌ گواستنه‌ی‌ یه‌كه‌ ئیدراییه‌كانی‌ قه‌زای‌ زێبار بۆ مێرگه‌سوور دوای‌ كوژرانی‌ كه‌سێك به‌نای‌ ( ولۆ ) له‌لایه‌ن جه‌یشی‌ عێراقی‌ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئالۆزی‌ دروست نه‌بێت و هیزی‌ پۆلیسیش دامه‌زرا.  دواتر به‌ هۆكاری‌ په‌یماننامه‌ی‌ جه‌زائیر و بزاڤی‌ شۆڕش له‌و ناوچه‌یه‌، ڕژێم هه‌ستا به‌ ڕاگواستنی‌ خه‌ڵكی‌ سنوری‌ مێرگه‌سوور له‌ ده‌ڤه‌ری‌ (درێ‌ و ستوون) بۆ ناوه‌ندی‌ قه‌زای‌ مێرگه‌سوور بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاڵپشتی‌ شۆڕش نه‌كه‌ن.

مێرگه‌سوور به‌ درێژایی‌ مێژوو پێگه‌ی‌ شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی‌ گه‌لی‌ كوردستان بووه‌. بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی‌ عێراقی‌ داگیركه‌ره‌وه‌ چه‌ندین جار دوچاری‌ ڕاگواستن و چۆڵكردنی‌ شاره‌دێكانیان و جینۆساید بونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیان له‌ هێزی‌ شۆڕگێڕان بده‌ن.

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌:
قه‌زای‌ مێرگه‌سوور ده‌كه‌وێته‌ سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر له‌ به‌شی‌ باكور. له‌ باشور له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ ئاكرێ له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆك، له‌ باكور له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ شه‌مزینان له‌ سنوری‌ باكوری‌ كوردستان، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ سۆران، له‌ ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ ئامێدی‌ له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆك هاوسنوره‌.
 
ئاو و هه‌وا:
كه‌ش و هه‌وای‌ ناوچه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ مامناوه‌ندییه‌. هاوینی‌ گه‌رم و وه‌رزی‌ زستانی‌ زۆر سارده‌ و هه‌ندێك جار پله‌ی‌ گه‌رمی‌ ده‌گاته‌ خوار 15 پله‌. له‌ وه‌رزی‌ زستاندا به‌فر و بارانێكی‌ زۆر ده‌بارێت، كه‌ ڕێژه‌ی‌ بارانبارینی‌ ده‌گاته‌ 1100 ملم، ڕێژه‌ی‌ به‌فربارینی‌ ده‌گاته‌ 150 سم. 

ڕووبه‌ر:
ڕووبه‌ری‌ قه‌زای‌ مێرگه‌سوور 1100 كم چوارگۆشه‌یه‌، 1180 مه‌تر له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌.

ژماره‌ی‌ دانیشتوان:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ قه‌زای‌ مێرگه‌سوور به‌پێی‌ نه‌خشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ پێشبینیكراوی‌ ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كودستان بۆ سالی‌ 2018 له‌ 56,147 كه‌س پێكدێت.

ئا/ ئەنەس محمد ابراهیم


ئه‌م بابه‌ته 114 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر