قه‌زای‌ زاخۆ

PM:11:24:22/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

قه‌زای‌ زاخۆ یه‌كێكه‌ له‌ قه‌زاكانی‌ پارێزگای‌ دهۆك له‌ باشوری‌ كوردستان، كه‌ له‌ چوار ناحییه‌ی‌ (ڕزگاری‌، زاخۆ، ده‌ركار، باتیفا)و 190 گوند پێكدێت، ناحیه‌ی‌ زاخۆ ناوه‌ندی‌ قه‌زاكه‌یه‌. شاری‌ زاخۆ ده‌كه‌وێته‌ خوار ڕۆژئاوای‌ ده‌ستی‌ (سندی‌) كه‌ ده‌شتێكی‌ گرنگ و به‌ناوبانگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بۆ چاندنی‌ گشتوكاڵ، خاوه‌نی‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی‌ دڵڕفێنه‌و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕووباری‌ (خابور)، كه‌ به‌ نێو شاره‌كه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ده‌یكات به‌ دوو به‌شه‌وه‌ و پردی‌ ده‌لالی‌ به‌ناوبانگی‌ زاخۆی‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، كه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ بۆ سه‌رده‌می‌ میرنشینی‌ بادینان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

مێژووی‌ دروستكردنی‌ شاری‌ زاخۆ به‌ته‌واوی‌ نازانرێت، به‌ڵام میر (جه‌لاده‌ت به‌درخان) ئاشكرای‌ كردووه‌ كه‌ مێژووی‌ شاری‌ زاخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ (گۆتییه‌كان)، له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌شكری‌ یۆنانی‌ (زه‌نه‌فۆن) بۆ وڵاتی‌ خۆی‌ له‌ 401 پ.ز، به‌و ناوچه‌یه‌دا تێه‌ڕبووه‌ و گوتراوه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ كوردن. پێده‌چێت سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ شاری‌ زاخۆ له‌ گه‌ڕه‌كی‌ (حوسه‌ینی‌)ه‌وه‌ بوبێت و فراوان بووبێت، كه‌ له‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ هاتووه‌ به‌ روباری‌ خابور وتراوه‌ (خابوری‌ حوسیه‌نی‌)، مێژوونوسی‌ كورد شه‌ره‌ف خانی‌ به‌دلیسی له‌ (1005 ) كوچی‌، ده‌ڵێت زاخۆ له‌ سه‌رده‌می‌ میرنشینی‌ بادیناندا دروست بووه‌.

بژێوی‌ خه‌ڵكی‌ زاخۆ وه‌كو زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئاژه‌ڵداری‌ و چاندنی‌ كشتوكاڵ بووه‌و به‌روبومه‌ زستانه‌و هاوینه‌ و به‌هارییه‌كانیان چاندووه‌، به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی‌ زه‌مه‌ن و پێشكه‌وتنی‌ ناوچه‌كه‌و ده‌وبه‌ر، هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافییه‌كه‌ی‌ وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ره‌و باكوری‌ كوردستان (توركیا) خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ڕوویان له‌ كاری‌ بازرگانی‌ كردووه‌ و چه‌ندین كۆمپانیای‌ جۆراوجۆر بوونی‌ هه‌یه‌. یه‌كێكه‌ له‌ ده‌روازه‌ گرنگه‌كانی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ باشوری‌ كوردستان له‌ ڕووی‌ ئابوری‌ داراییه‌وه‌.

زاخۆ خاوه‌نی‌ چه‌ندان شوێنه‌واری‌ مێژووی‌ گرنگه‌ كه‌ فه‌رمانگه‌ی‌ شوێنه‌واری‌ مێژوویی‌ دهۆك نزیكه‌ی‌ (159) شوێنه‌واری‌ مێژووی‌ ده‌شتنیشانكردووه‌، له‌ گرنگترینیان ( پردی‌ ده‌لال، كه‌للی‌ زاخۆ، كه‌للی‌ قوباد پاشا، شوێنه‌واری‌ كێسته‌).

ناو:
مێژوو نوسه‌كان چه‌ندین ڕاو بۆچونی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ناوی‌ زاخۆ، هه‌ندێك ده‌ڵێن، زاخۆ له‌ ئارامیه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، كه‌ له‌ وشه‌ی‌ ( زاخوتا )ه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی‌ سه‌ركه‌وتنه‌، كاتێك ڕۆمانییه‌كان به‌سه‌ر له‌شكری‌ فاسه‌كاندا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا له‌ نزیك زاخۆ. وه‌ هه‌روه‌ها ڕایه‌كی‌ دیكه‌ش هه‌یه‌ ده‌ڵێت، زاخۆ له‌ وشه‌ی‌ ( زێ‌ خوێن)ه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، مه‌به‌ست لێی‌ ڕووباری‌ خوێنه‌ له‌ كاتی‌ ڕداوێكی‌ گرنگ و خوێناوی‌ له‌و ناوچه‌یه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ست لێی‌ شه‌ڕی‌ نێوان ڕۆمه‌كان و فارسه‌كان بوبێت كه‌ بوه‌ته‌ هۆی‌ ڕشتنی‌ خوێنێكی‌ زۆر. ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ڕاستییه‌وه‌ نزیكه‌. 

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌:
قه‌زای‌ زاخۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ ئامیدی‌، و ناوه‌ندی‌ دهۆك و قه‌زای‌ سێمێل له‌ باشور و باشوری‌ ڕۆژئاوا، سنوری‌ باكوردی‌ كوردستان له‌ باكوری‌ قه‌زاكه‌ هه‌ڵكه‌وتوون. واته‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ پارێزگای‌ دهۆك له‌ باشوری‌ كوردستان.

ئاو و هه‌وا:
به‌هۆی‌ هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافیه‌كه‌وه‌ی‌ زستانی‌ ساردو هاوینی‌ فێنك و مامناوه‌ندی‌.

ڕووبه‌ر:
به‌گشتی‌ ڕووبه‌ری‌ قه‌زای‌ زاخۆ زیاتر له‌ 1035 كم چوارگۆشه‌یه‌، به‌رزی‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ 444 مه‌تره‌.

ژماره‌ی‌ دانیشتوان:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ قه‌زای‌  زاخۆ به‌پێی‌ نه‌خشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ پێشبینیكراوی‌ ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كودستان بۆ سالی‌ 2018 له‌ 301634 كه‌س پێكدێت.

ئا/ ئەنەس محمد ابراهیم


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر