قه‌زای‌ سۆران

PM:08:15:19/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

قه‌زای‌ سۆران یه‌كێكه‌ له‌ قه‌زاكانی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر، كه‌ له‌ ناحیه‌كانی‌ ( سۆران، دیانا، خه‌لیفان، سیده‌كان) پێكدێت، ناحیه‌ی‌ سۆران ناوه‌ندی‌ قه‌زاكه‌یه‌و 346 گوند ده‌كه‌وێته‌ سنوریه‌وه‌. 

ده‌ڤه‌ری‌ سۆران گرنگی‌ و بایه‌خی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ له‌ڕووی‌ گه‌شتیاری‌ و كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری‌. به‌تایبه‌ت له‌ڕووی‌ گه‌شتیارییه‌وه‌ خاوه‌نی‌ هه‌رسێ ڕووباری‌ (باڵه‌ك، باڵه‌كیان، بێخاڵ)و خاوه‌نی‌ دیارترین سێ‌ ناوچه‌ی‌ گه‌شتیارییه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، ئه‌وانیش (جوندیان، بێخاڵ، گه‌لی‌ عه‌لی‌ به‌گ)ن.

شارۆچكه‌ی‌ سۆران سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ سیاسه‌ته‌ شۆڤێنییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ به‌عس، به‌هۆی‌ ڕاگواستنی‌ گوندنشینانی‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ له‌ كامپێكی‌ گه‌مارۆدراودا. سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ قه‌زای‌ سۆران وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی‌ ئیداری‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سالی‌ 1980.

ناو:
سه‌رچاوه‌ی‌ ناوی‌ سۆران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاشای‌ گه‌وره‌، یاخود پاشا كوێره‌ی‌ میرنشینی‌ سۆران به‌ناوی‌ میر محمد كه‌ حوكمڕانی‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی‌ كردووه‌و ناوه‌ندی‌ ڕه‌واندز پایته‌ختی‌ بوه‌. 

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌:
شارۆچكه‌ی‌ سۆران ده‌كه‌وێته‌ نێوان كێوه‌ به‌رزه‌كانی‌ كۆڕه‌ك له‌ ڕۆژهه‌ڵات، گوزه‌ر و حه‌سه‌ن به‌گ له‌ باكور، برادۆست له‌ ڕۆژئاوا، له‌ باشوریشه‌وه‌ كێوی‌ هه‌ندرێن. هه‌روه‌ها ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕێگای‌ هامڵتۆن له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ حاجی‌ ئۆمه‌ران. قه‌زای‌ ڕه‌واندز له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باكوریه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا هاوسنوره‌، له‌ ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ مێرگه‌سور، له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ چۆمان و ڕه‌واندز، له‌ باشوریش له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ شه‌قڵاوه‌ هاوسنوره‌. واته‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌شی‌ باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر له‌ باشوری‌ كوردستان.
 
ئاو و هه‌وا:
قه‌زای‌ سۆران كه‌ش و هه‌وایه‌كی‌ شێداری‌ هه‌یه‌، زستانی‌ سارد و هاوینی‌ مامناوه‌ند و مه‌یله‌ و گه‌رمه‌.
 
ڕووبه‌ر:
ڕووبه‌ری‌ قه‌زای‌ سۆران 809,616 كم چوارگۆشه‌یه‌، به‌رزی‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریاوه‌ 911 مه‌تره‌.

ژماره‌ی‌ دانیشتوان:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ قه‌زای‌ سۆران به‌پێی‌ نه‌خشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ پێشبینیكراوی‌ ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كودستان بۆ سالی‌ 2018 له‌ 196,895 كه‌س پێك دێت.

ئا/ سندوس محمد ابراهیم


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر