كێ حوكمی‌ عێراق ده‌كات؟

له‌ سه‌د ساڵدا 27 سوننه‌و 11 شیعه‌ حوكمی‌ عێراقیان كردووه‌
PM:03:36:11/01/2020
دۆسیە: عیراقناسی


بارام سوبحی
رۆژنامەنووس و وەرگێڕ

له‌دروستبوونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵی‌ (1920) تاوه‌كو ساڵی‌ (2018)، ته‌نها یازده‌ كه‌سایه‌تی‌ شیعه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ عێراقیان كردوه‌، له‌به‌رانبه‌ردا بیست‌و حه‌وت كه‌سی‌ سوننه‌ سه‌رۆك وه‌زیران بوون. له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌، به‌رزترین رێژه‌ی‌ به‌شداری‌ كورد له‌حكومه‌تی‌ عێراقدا (30%)‌و كه‌مترین (11%) بووه‌.

ده‌وڵه‌تی‌ عێراق له‌ دروستبوونییه‌وه‌ تائێستا به‌چه‌ند قۆناغێكی‌ جیاوازدا گوزره‌ی‌ كردوه‌، به‌جۆرێك له‌ سه‌ره‌تادا سیستمی‌ حكومراِنی‌ پاشایه‌تی‌ بووه‌و عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ به‌سه‌ر حكومڕانیدا باڵاده‌ست بوون، له‌دوای‌ روخانی‌ سیستمی‌ پاشایه‌تی‌‌و راگه‌یاندنی‌ سیستمی‌ كۆماری‌ تاوه‌كو روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس، به‌هه‌مانشێوه‌ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ باڵاده‌ست بوون. له‌و مێژوه‌ش به‌دواوه‌ عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ یه‌كه‌می‌ وڵات بوون. به‌جۆرێك له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ (1920 - 2003)، سی‌‌و چوار كه‌س بوونه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، بیست‌و حه‌وت كه‌سیان سوننه‌ مه‌زه‌ب بوون، واته‌ رێژه‌ی‌ (80%)، هه‌روه‌ها حه‌وت كه‌سیان شیعه‌ بوون واته‌ به‌ڕێژه‌ی‌ (20%).

سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تی‌
قۆناغی‌ سیستمی‌ پاشایه‌تی‌ له‌ (1920 – 14/ته‌مموز/1958) ده‌خایه‌نێت كه‌ ده‌كاته‌ (453) مانگ، له‌و ماوه‌یه‌دا (23) كه‌س بوونه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، نۆزده‌ كه‌سیان سوننی‌ بوون‌و چواریان شیعه‌ بوون. واتا له‌كۆی‌ (453) مانگ تێكڕا (431) مانگ سوننه‌ سه‌رۆك وه‌زیران بوون واته‌ به‌ڕێژه‌ی‌ (95%). ته‌نها (22) مانگ كه‌سانی‌ شیعه‌ سه‌رۆك وه‌زیر بوون‌و ده‌كاته‌ (5%)‌و ئه‌م كه‌سانه‌ بوون: ساڵح جه‌بر هه‌شت مانگ، محه‌مه‌د سه‌در پێنج مانگ، فازڵ جه‌مالیی‌ حه‌وت مانگ، عه‌بدولوه‌هاب مه‌رجان نزیكه‌ی‌ سێ‌ مانگ. 

قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ كۆماریی‌
له‌ به‌ره‌به‌یانی‌ چوارده‌ی‌ ته‌مموز له‌ڕێگه‌ی‌ كوده‌تایه‌كی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ كه‌ به‌ شۆڕشی‌ چوارده‌ی‌ ته‌مموز ناسراوه‌ كۆتایی‌ به‌ سیستمی‌ پاشایه‌تی‌ له‌ عێراقدا ده‌هێنرێت‌و سیستمی‌ كۆماری‌ راده‌گه‌یه‌نرێت. له‌ ساڵانی‌ (1963)‌و (1968) به‌عسییه‌كان كوده‌تا ده‌كه‌ن‌و ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست.

له‌ماوه‌ی‌ (14/ته‌مموز/1958) هه‌تا (17/ته‌مموز/1979) كه‌ ده‌كاته‌ (190) مانگ حه‌وت كه‌سی‌ سووننه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ته‌نها ناجی‌ تاڵیب نه‌بێت كه‌ شیعه‌ بووه‌و كابینه‌كه‌ی‌ نۆ مانگی‌ خایاندووه‌.

قۆناغی‌ سه‌دام حسێن
رۆژی‌ (17/ ته‌مموز/1979) سه‌دام حسێن ده‌بێته‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و هه‌تا (9/4/2003) له‌و پۆسته‌دا ده‌مێنێته‌وه‌. سه‌دام له‌ یه‌ك كاتدا سه‌رۆكی‌ كۆمارو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانیش بووه‌. له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و بیست‌و چوار ساڵه‌دا كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ (279) مانگ سه‌دام حسێن فه‌رمانڕه‌وای‌ ره‌ها بووه‌، سه‌رۆكی‌ كۆمارو حكومه‌ت‌و ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش بووه‌، ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كورت نه‌بێ‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ شكڵی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌: د.سه‌عدون حه‌مادی‌، محه‌مه‌د زوبه‌یدی‌، ئه‌حمه‌د حسێن سامه‌ڕایی‌ بوونه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران.

پوخته‌و ئه‌نجامگیری‌
له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ عێراقه‌وه‌ تا روخانی‌ سه‌دام كه‌ ده‌كاته‌ (922) مانگ، تێكڕا له‌و ماوه‌یه‌دا (22) مانگی‌ سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تی‌‌و نۆ مانگی‌ سه‌رده‌می‌ كۆماری‌ نه‌بێت كه‌ ناجی‌ تاڵیب سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌، هه‌موو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كان سووننه‌ مه‌زه‌ب بوون. واته‌ تێكڕا سی‌‌و یه‌ك مانگ سه‌رۆك وه‌زیران شیعه‌ بووه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ی‌ (3.1%).

سه‌ركردایه‌تی‌ به‌عس
كاتێك به‌عسییه‌كان ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات دوو ئه‌نجومه‌نی‌ حیزبی‌ دروست ده‌كه‌ن، ئه‌ندامانی‌ ئه‌و دوو ئه‌نجومه‌نه‌ش خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ زۆرو زه‌وه‌ند بوون‌و زۆرجار له‌سه‌روی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان‌و دادوه‌ریشه‌وه‌ بوون. ئه‌نجومه‌نی‌ یه‌كه‌م به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌رێمیی‌ حیزبی‌ به‌عس (قیاده‌ی‌ قوتری‌) بووه‌. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ (1953) هه‌تا روخانی‌ به‌عس له‌ (2003) به‌رده‌وام بووه‌.

له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كه‌م‌و دوه‌م‌و سێیه‌مدا (63%) ئه‌ندامان سووننه‌و (37%) شیعه‌ بوون. سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌رێمیی‌ پاش شۆڕشی‌ چوارده‌ی‌ ته‌مموز (44%) ئه‌ندامه‌كانی‌ سوننه‌و (56%) شیعه‌ بوون. له‌ (8/شوبات/1963) كاتێك حیزبی‌ به‌عس گه‌یشته‌ ده‌سه‌ڵات (55%) ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌رێمیی‌ سوننه‌و (45%) شیعه‌ بوون. له‌ (17/ته‌مموز/1968) بۆ جاری دووه‌م به‌عس گه‌یشته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات‌و (100%) ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ سونیی‌ بوون. له‌ ئایاری‌ (1971) سه‌ركردایه‌تی‌ پێكهێنرایه‌وه‌و له‌سه‌ر پێداگری‌ میشێل عه‌فله‌ق، ئه‌ندامێكی‌ شیعه‌یه‌كی‌ بۆ زیادكرا‌و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ بووه‌ (13) ئه‌ندام‌و ته‌نها نه‌عیم حه‌داد شیعه‌ بوو.

دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ كۆنگره‌ی‌ هه‌شته‌می‌ هه‌رێمیی‌ حیزبی‌ به‌عس له‌ (8/شوبات/1974)، سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ له‌ سیانزه‌ ئه‌ندام پێكهات، نۆ سوننه‌و چوار شیعه‌، واته‌ (69%) سوننه‌و (30%) شیعه‌. له‌ (1977) سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌رێمیی‌ فراوانكراو كرا به‌ (21) ئه‌ندام، پانزه‌ سوننه‌و پێنج شیعه‌و ته‌نها ئه‌ندامێكی‌ مه‌سیحی‌ كه‌ تارق عه‌زیز بوو. سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ تا روخانی‌ به‌عس له‌ (9/4/2003) هه‌ر به‌ (21) ئه‌ندام مایه‌وه‌، شانزه‌ ئه‌ندامی‌ سوننه‌و چوار شیعه‌و مه‌سیحییه‌ك.

ئه‌نجومه‌نی‌ بەناو نیشتیمانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش
له‌ (8/شوبات/1963) حیزبی‌ به‌عس له‌ڕێگه‌ی‌ كوده‌تایه‌كی‌ خوێناوییه‌وه‌ گه‌یشته‌ ده‌سه‌ڵات. كوده‌تاچییه‌كان له‌ یه‌كه‌م به‌یاننامه‌دا ئه‌نجومه‌نێكیان پێكهێناو ناویان لێنا (ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش) له‌ هه‌ژده‌ ئه‌ندام پێكهاتبوو، پێنج كه‌سی‌ مه‌ده‌نی‌ شیعه‌، سیانزه‌ كه‌سی‌ سوننه‌ كه‌ زۆرینه‌یان كه‌سانی‌ سه‌ربازی‌ بوون.

له‌ ئایاری‌ (1971) ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش پێكهێنرایه‌وه‌ له‌ (11) ئه‌ندامی‌ سوننه‌ پێنج كه‌سی‌ سه‌ربازی‌‌و شه‌شی‌ مه‌ده‌نیی. ته‌نها رۆژێك به‌ر له‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ حه‌وت كه‌س پێكهاتبوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ سه‌دام، پێنج كه‌سی‌ سوننه‌و تاریق عه‌زیز له‌ مه‌سیحی‌‌و ته‌ها محیه‌دین مه‌عروف له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد.

له‌ ئێواره‌ی‌ (14/ئایار/1972) كابینه‌یه‌كی‌ نوێی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران راگه‌یه‌نرا‌و به‌حكومه‌تی‌ به‌ره‌ی‌ نیشتیمانی‌ ناوبرا، چونكه‌ حیزبی‌ شیوعی‌‌و كوردو نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌خۆگرتبوو. ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر سه‌رۆك بوو. به‌ به‌كره‌وه‌ كابینه‌كه‌ (28) ئه‌ندامی‌ هه‌بوو. له‌ (82%) سوننه‌ بوو به‌ (عه‌ره‌ب‌و كورده‌وه‌)‌و ته‌نها (18%) شیعه‌ بوو.

قۆناغی‌ دوای‌ به‌عس
له‌ (9/4/20003) كۆتایی‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عس هێنرا، له‌وكاته‌وه‌ تائێستا هه‌موو سه‌رۆكه‌كانی‌ حكومه‌ت شیعه‌ بوون. به‌جۆرێك له‌ (31/8/2003) ئه‌نجومه‌نی‌ حوكم یه‌كه‌م كابینه‌ی‌ پاش روخاندنی‌ به‌عسی‌ راگه‌یاند كه‌ له‌ (25) ئه‌ندام پێكهاتبوو، به‌جۆرێك عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ (48%)‌و عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ (32%)‌و كورد (16%)‌و مه‌سیحی‌ (4%) به‌ركه‌وت.

له‌ حوزه‌یرانی‌ (2004) كابینه‌یه‌كی‌ نوێ‌ راگه‌یه‌نرا كه‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كردو له‌ (33) ئه‌ندام پێكهاتبوو. عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ (48%)‌و عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ (30%)‌و كورد (18%) مه‌سیحی‌ (3%) به‌ركه‌وت. له‌ ئایاری‌ (2005) كابینه‌یه‌كی‌ نوێ‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ راگه‌یه‌نرا كه‌ له‌ (36) ئه‌ندام پێكهاتبوو، عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ (47%)، سوننه‌ (19%)، كورد (30%)، مه‌سیحی‌ (2%) به‌ركه‌وت.

له‌ (2006) كابینه‌یه‌كی‌ دیكه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌ راگه‌یه‌نرا كه‌ له‌ چل ئه‌ندام پێكهاتبوو، له‌دوای‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ له‌ڕوی‌ ژماره‌وه‌ عێراقه‌وه‌ گه‌وره‌ترین كابینه‌ بوو، له‌م كابینه‌یه‌دا عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ (48%)، عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ (30%)، كورد (17%)، مه‌سیحی‌ (2%) به‌ركه‌وت.

له‌ (22/12/2010) بۆ جاری‌ دووه‌م نوری‌ مالیكی‌ كرایه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران‌و كابینه‌كه‌ی‌ تاوه‌كو (18/9/2014) به‌رده‌وام بوو. ئه‌م كابینه‌یه‌ دوای‌ چه‌ندین مانگ له‌ گفتوگۆو دانوستانی‌ نهێنی‌‌و ئاشكرا ئینجا پێكهێنرا، ژماره‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ (46) كه‌س بوو ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی‌ پێوانه‌یی‌ بوو، به‌جۆرێك (15) كه‌سیان وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌ت بوون واته‌ وه‌زیری‌ بێ‌ وه‌زاره‌ت بوون. به‌شداری‌ پێكهاته‌كان به‌م جۆره‌ بوو: عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ (53%)، عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ (32%)، كورد (11%)، مه‌سیحی‌ (2%).

له‌ ئه‌یلولی‌ (2014) كابینه‌یه‌كی‌ نوێی‌ حكومه‌ت له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ راگه‌یه‌نرا كه‌ له‌ (34) ئه‌ندام پێكهاتبوو، به‌شداری‌ پێكهاته‌كان به‌م جۆره‌ بوو: عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ (50%)، عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ (32%)، كورد (15%)، مه‌سیحی‌ (3%).

سه‌رچاوه‌: كتێبی‌ (مذكرات وزیر عراقي)، نوسینی‌ جه‌واد هاشم، له‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ ده‌زگای‌ مه‌دا. چاپی‌ دووه‌م. (2017).


ئه‌م بابه‌ته 198 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر