ئەو ئێوارەیە لە کۆشکی سپی، چی ڕوویدا؟

دەوروبەری سەعات یەکی بەیانی بە کاتی ئەمریکا، زانیاریی دڵنیاکەرەوە گەیشت: "کەس نەکوژراوە".
PM:06:24:09/01/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی
ئەگەر تاکە ئەمریکییەک بکوژرایە، سەرۆک ئامادەی لێدانی دامەزراوەکانی ئێران بوو

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

ساتەکانی پێش و پاش هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەردوو بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدو حەریر، لێپرسراوانی باڵای ئەمریکا، چییان کردو بەنیازی چی بوون؟

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی (CNN)ی ئەمریکی،  پێش ئەوەی لە ئێرانەوە موشەکەکان هەڵبدرێن، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەڕێی مانگە دەستکردەکانەوە هەستیان بە جوولەی نائاسایی ئێرانییەکان کردووە کە ئاماژە بوون بۆ هەڵدانی چەند مووشەکێکی بالیستیی کورت مەودا. 

ئەمریکا پێشتر دەیزانی کە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێک بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی لەئارادایە، حکومەتی عیراق ئەمەی بە ئەمریکییەکان ڕاگەیاندبوو. لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشت بە زانیارییەکانی کە لەڕێی مانگە دەستکردەکان و فڕۆکەکانیەوە لە ناوچەکەدا –کە توانیبوویان دزە بکەنە نێو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئێرانییەکانەوە- ئەمریکا هەرزوو درکی بەوە کرد کە ئامانجەکە هەردوو بنکەی عەین ئەسەدو حەریرە. 

لەماوەی چەند خولەکێکدا هێزە سەربازییەکانی نێو هەردوو بنکەکە ئاگاداردەکرێنەوە کە بکەونە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشی و خۆیان بگەیەننە حەشارگەو ژێرزەمینەکان. 

سەعات ٧:٣٠ی ئێوارە (بەکاتی واشنتۆن)، بەفەرمی بڵاوکرایەوە: ئێران زیاتر لە بیست مووشەکی بالیستیی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکاو هیزی هاوپەیمانان لە عیراق کردووە.

هەموو ئەوانە، بوونە مایەی وروژاندنی پرسیارگەلێک دەربارەی مامەڵەی ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە تازەیەدا، بۆیە زۆری پێنەچوو بڕیاربەدەستانی (ژووری بڕیار) کۆبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی گورزە ئاسمانییەکانی ئێران. هەر لە خولەکەکانی سەرەتاوە، پەیامەکانی ئێران پەیتا پەیتا دەگەیشتن، بارودۆخ گۆڕا، لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی دراماتیکییەوە بۆ دەرفەتێکی نوێی پاشەکشێ! ئێران بەچەند ڕێگایەک ئاماژەی بەوە کرد کە زیانەکان سنووردار دەبن.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: "پێدەچێت ئێران بووەستێت، ئەمە کارێکی باشە بۆ هەموو لایەکی پەیوەندیدار، شتێکی زۆر باشە بۆ هەموو جیهان".

تۆڕی (CNN) ئاماژەی بەوە کردووە کە تەواوی ئەو زانیارییانەی لە دەیان بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ و دیپلۆماتە بیانییەکان و کارمەندان و یاسادانەرانی ئەمریکاوە دەست کەوتووە. 

ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان
لە ماوەی یەک سەعات دوای هێرشەکە، هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئاگادارکرانەوە. نانسی بیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک لە دیموکراتەکاندا سەرقاڵی تاووتوێکردنی بارودۆخی ئێران بوو، لەو کاتەدا هەوالەکەی پێ درا کە هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە عیراق. دان کیلدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران –کە یەکێک بووە لە ئامادەبووانی ئەو دانیشتنە- دەڵێت: "دوای گەیشتنی هەواڵەکە، نانسی بیلۆسی گفتوگۆکانی ڕاگرت و هەواڵەکەی بە ئامادەبووان گەیاندو داوای لێکردن نزا بکەن".

کەمێک دواتر، بیلۆسی پەیوەندیی کرد بە مایک پینس جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە، ئەویش هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوەو پێی ڕاگەیاند کە سەرچاوەی هێرشەکە، ئێرانە. هەروەها چاک شومەر سەرۆکی کەمینە لە ئەنجومەنی پیران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە جێگری سەرۆکەوە پێگەیشت. هاوکات سەرکردە کۆمارییەکانیش زانیاریی ڕاستەوخۆیان لەلایەن سەرۆکەوە پێ دەگەیشت.

لە پنتاگۆن، مارک ئیسپەر وەزیری بەرگری لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەرکانی هاوبەش و گەورە لێپرسراوانی بەرگری کۆبووەوە. دوای کەمتر لە سەعاتێک، نوسینگەی ئیسپەر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق قسەیان کرد، کە چەند ڕۆژێک لەوەوبەر ڕەخنەی لە ئەمریکا گرتبوو بەهۆی بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبییەوەو وتبووی: "پێشێلکارییەکی ئاشکرای مەرجەکانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عیراق". 

ژووری بڕیار 
پێش سەعات ٧:٣٠، پەمپەیۆ یەکەم کەس بوو گەیشتە کۆشکی سپی. بەرلەوەی بگاتە کۆشک، لە ڕێگا گڵۆپی کورسیی دواوەی ئۆتۆمبیلەکەی (کادیلاک سیدان) هەڵکردو لە دوو مۆبایلەوە شتی دەخوێندەوە. لەگەڵ گەیشتنی دوو ئۆتۆمبێلی دیکەدا، پەمپەیۆو ئیسپەرو میلی پێکەوە خۆیان کرد بە بەشی لای خۆرئاوای کۆشکی سپیدا.

زۆری پێ نەچوو، کۆمەڵێک لە گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لە "ژووری بڕیار" کۆبوونەوە. جگە لە پەمپەیۆو ئیسپەرو میلی، ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە رۆبەرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و جۆزیف ماگوایەر هەڵسوڕێنەری کاروباری بەڕێوەبەری هەواڵگریی نەتەوەیی و میک مۆڵڤانی لەبری سەرۆک ئەرکان، هەروەها بات سۆلیبۆن ڕاوێژکاری کۆشکی سپی و ستیڤانی گریشام سکرتێری ڕۆژنامەوانی، لەڕێی تەلەفۆنیشەوە خاتوو جینا هاسپڵ بەڕیوەبەری هەواڵگریی ناوەندیی چووە ڕیزی گرووپەکەوە.   

ئامانجی یەکەم بریتی بوو لە دڵنیابوون لەوەی کە ئایا هیچ سەربازێکی ئەمریکی بەهۆی هێرشەکەوە کوژراوە یان نا؟ تۆڕی (CNN) لەزاری سیناتۆرێکەوە کە لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە، بڵاوی کردووەتەوە: ئەگەر تاکە ئەمریکییەک بکوژرایە، سەرۆک ئامادەی لێدانی دامەزراوەکانی ئێران بوو. 

هەرچەندە کاتێکی زۆری خایاند تا دڵنیابوونەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هیچ ئەمریکییەک نەکوژرابوو. ئەمە وایکرد هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن. بە وتەی لێپرسراوانی کۆشکی سپی، لەکاتێکدا پێداگریی هەبوو لەسەر وەڵامدانەوەی دەستبەجێی ئێران، بەڵام بڕیاردرا کە پەلە نەکریت تا ئەوکاتەی زانیاریی وردتریان پێدەگات دەربارەی نیازی ئێران و بارودۆخی ناوچەکە.  

سەرچاوەیەک بە تۆڕە ئەمریکییەکەی ڕاگەیاندووە: یەکێک لە کاردانەوە سەرەتاییەکانی ژووری بڕیار ئەوەبوو کە پێیان سەیربووە ئێران کەمترین مووشەکی هەڵداوە بەبەراورد لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی کە هەیەتی! جگە لەوەش پێشبینییان کردووە کە ئێران هێرشی دیکە ئەنجام بدات، بۆیە بە پیویستیان زانیوە بڕیاری بەپەلە نەدەن.

چەند سەعاتێک دوای هێرشەکە، سەرۆک ترەمپ ڕوونیکردەوە کە دەیەوێت وتاریکی گشتی پێشکەش بکات. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە کۆبوونەوەی ترەمپ و ڕاوێژکارەکانی لە هۆڵی بڕیار بەردەوام بوو. یاریدەدەرەکان دەستیان کرد بە دانانی پلانێکی خێرا بەمەبەستی پێشکەشکردنی وتارێک دەربارەی دۆخەکە.   

دەوروبەری سەعات ٩ی ئێوارە (بەکاتی واشنتۆن)، ترەمپ زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوکارە کۆمارییەکانیدا ئەنجامدا. سەعات ٩:٤٥ خولەک لە تویتێکدا ڕایگەیاند: "هەموو شتێک باشە! موشەکەکان لە ئێرانەوە ئاراستەی دوو بنکەی ئەمریکی لە عیراق کراون. تا ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ زەرەرو زیانەکان زۆر باشە! هێزو سوپایەکی ئامادەمان هەیە لە هەر شوێنێکی جیهاندا. سبەی بەیانێک پێشکەش دەکەم". 

کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ئێران
لە ئێوارەی سێشەممەوە تا بەیانیی چوارشەممە، ئێران لەڕێی سێ کەناڵی جیاجیاوە پەیوەندییەکانی دەستپێکرد، لەنێویاندا سویسراو چەند ولاتێکی دیکە. گەورە لێپرسراوێکی ئیدارەی ترەمپ وای وتووە. پەیامەکەی ئێران ڕوون بوو: ئەوە تاکە وەڵامیان بوو. ئێستاش چاوەڕوانن تا بزانن ئەمریکا چی دەکات. 

وەک بەشێک لە وەڵامدانەوە، پەیامی ئەمریکا ئەوەبوو کە باش دەزانن ئێران دەتوانێت کۆنترۆڵی بریکارەکانی بکات لە ناوچەکەدا، لەوانەش حیزبوڵڵا.  بە وتەی سەرچاوەکەی (CNN): ئێرانییەکان هەوڵییان داوە خۆیان لەو مەسەلەیە دووربگرن و وتوویانە ئێمە بەرپرس نین لەو بریکارانە، بەڵام ئەمریکییەکان وتوویانە باوەڕمان بەو پاساوە نیە. 

دەوروبەری سەعات یەکی بەیانی بە کاتی ئەمریکا، زانیاریی دڵنیاکەرەوە گەیشت: "کەس نەکوژراوە".

بەرەبەیانی چوارشەممە، جارێکی دیکە تیمەکە لەگەڵ سەرۆک کۆبووەوە، کە دواهەمین هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە کرا. بڕیاری کۆتایی ترەمپ ئەوەبوو کە وەڵامی ئەمریکا، سزادانی زیاترە.

پاشان ترەمپ دەستیکرد بە ڕێکخستنەوەی ڕەشنووسی وتارەکەی، لەکاتێکدا کارمەندانی کۆشکی سپی و ڕۆژنامەنووسان لە ڕاڕەوەکەی کۆشکی سپیدا –کە بە فەرشی سوور داپۆشرابوو- کۆببوونەوە، گەورە لێپرسراوانی ئاسایشی نەتەوەیی بە جلە سەربازییەکانیانەوە لە دەوری مینبەرەکە ڕیزیان بەستبوو، دەرگا دارینەکان لەپشتیانەوە کرانەوە، ترەمپ دەرکەوت و وتارەکەی پێشکەش کرد.

و/ سیڤەر
سەرچاوە/ CNN- Alhurra


ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر