قه‌زای‌ چۆمان

AM:12:34:09/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

قه‌زای‌ چۆمان یه‌كێكه‌ له‌ قه‌زاكانی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕێگای‌ هامڵتون. له‌ ناحیه‌كانی‌ (حاجی‌ ئۆمه‌ران، سمیلان، چۆمان، گه‌ڵاڵه‌، قه‌سرێ) 116 گوند پێكدێت. ئه‌م قه‌زایه‌ 180 كیلۆمه‌تر له‌ باكووری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر و 25 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری‌ ئێران دووره‌. ئه‌م قه‌زایه‌ له‌ ساڵی‌ 1961 ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه‌و له‌ ساڵی‌ 1970 بڕیاری‌ به‌ قه‌زابونی‌ ده‌رچووه‌، ماوه‌ی‌ چوار ساڵ ئیداره‌ی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول له‌ ناوچه‌یه‌ پشتگیری‌ له‌ مافه‌ ڕه‌واكانی‌ گه‌لی‌ كورد كردووه‌، ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ قه‌زای‌ چۆمان وه‌ك پایته‌ختی‌ شوَڕشی‌ ئه‌یلول ده‌ركه‌وێت، تا وای‌ لێهات ڕژێمی‌ به‌عسی‌ دیكتاتۆر چه‌ندین پلانی‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ ناوچه‌كه‌ داڕشت. هه‌روه‌ها له‌ ساڵی‌ 1983 به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ چه‌ند ساڵه‌ی‌ هه‌ردوو وڵاتی‌ عێراق و ئێران بۆ ماوه‌ی‌ هه‌شت ساڵ به‌ ته‌واوی‌ سنوره‌كه‌ چۆڵ كرا، به‌ڵام له‌ 1993\3\10جارێكیتر ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌:
سنوری‌ ئه‌م قه‌زایه‌ پێكدێت له‌ سنوورێكی‌ به‌رفراوانی‌ جوگرافی‌، كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌وه‌  شاری‌ پیرانشار كه‌ ده‌كه‌وێته‌ وڵاتی‌ ئێران و درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ سنووری‌ ناحیه‌ی‌ سه‌نگه‌سه‌ری‌ پشده‌رایه‌تی‌ سه‌ربه‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری‌ قه‌زای‌ چۆمان كه‌ سنووری‌ ڕۆژئاوای‌ به‌ قه‌زای‌ سۆران ده‌به‌ستێته‌وه‌، باشووری‌ قه‌زای‌ چۆمان به‌ سنووری‌ ناحیه‌ی‌ سیده‌كانی‌ سه‌ر به‌ قه‌زای‌ سۆران کۆتایی‌ دێت.

كه‌ش و هه‌وا: 
ئاو و هه‌وای‌ قه‌زای‌ چۆمان له‌ هاویندا فێنكه‌ و پله‌ی‌ گه‌رمیه‌كه‌ی‌ له‌ 32 پله‌ تێناپه‌ڕێت، زستانی‌ سارد و به‌فراوییه‌.

ڕووبه‌ر:
ڕووبه‌ری‌ گشتی‌ قه‌زای‌ چۆمان 892كم چوارگۆشه‌یه‌، كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی‌ له‌ سه‌دا 5.7. به‌رزی‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریا نزیكه‌ی‌ 1000 مه‌تره‌.

ژماره‌ی‌ دانیشتوان:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ قه‌زای‌ چۆمان به‌پێی‌ نه‌خشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ پێشبینیكراوی‌ ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كودستان بۆ سالی‌ 2018 له‌ 330،87 كه‌س پێكدێت.


ئه‌م بابه‌ته 7 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر