ناوهێنانی گۆران/ هەورامیەکان لە مێژوودا

بە گشتی "گۆران" ناوی گروپێکی گەورەی کوردە کە بە زمانی گۆران قسە دەکەن. لە ڕاستیدا گۆران و هەورامی لە ڕووی زمانەوە جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە. سەبارەت بە کوردبوونی ئەوان بابزانین چۆن ئەم گومانە و لەلایەن کێوە دروست کراوە ؟
PM:09:25:08/01/2020
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
میدەکان تەنها حوکمڕانی کورد بوون و نەتەوە نەبوون و ئەمڕۆ بە هەڵە لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکاندا بە نەتەوە ئاماژەیان پێدەکرێت

سۆران حەمە ڕەش
نووسەر

زۆر جار ئەوەم دووبارە کردۆتەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ بە مێژووی کورد لە قەڵەم دەدرێت جگە لە گاڵتەجاڕی هیچ شتێکی تر نیە. جا هەرچەندە پێشتر لەسەر ئەم بابەتەم نووسیوە بەڵام گرنگیی و دۆزینەوەی هەندێک بەڵگەی دێرین وای لێکردم کە جارێکی تر ئاوڕی لێ بدەمەوە.

ئەم بابەتە لێکۆڵەرانی فارس و تورک عەرەب و هەندێک ئەرمەنیش زۆر کەیفیان پێدێت و بۆ مەبەستی سیاسی زۆر زیاتر لە کورد قسەی لەسەر دەکەن و لە ڕێگەی ئەم بابەتەوە دەیانەوێت هەورامی/گۆران/زازا بخەنە دەرەوەی نەتەوەی کوردەوە. جگە لەوەش هەندێک تاکی کورد لەسەر ئەو بابەتەیان نووسیوە کە پێناچێت نە لە زمان و نە لە مێژوو بگەن و ئەوانیش بێ زانینێکی ئەوتۆ هاتوون ملیان بۆ بۆچوونی ئەوروپی و فارس و تورک داوە. هەندێک جار بۆچوونی سەیریشیان لەسەر زمانەکەیان دراوە.

سەرەتا دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە زمانی هەورامی و گۆران و زازا سەرەڕای هەندێک جیاوازیان هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ یەک بەشی زمانی کوردی. بۆیە لێرەدا هەندێک جار کە ئاماژە بە گۆران دەکرێت مەبەست لێی ناوێکی گشتیە کە هەورامی و زازاکیش دەگرێتەوە. جا بنەچەی ناوی گۆران بۆچوونی جیاوازی لەسەرە. ئەوانەی هەوڵی لێکدانەوەی ناوی گۆرانیان داوە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری خەیاڵات و فەنتازیای بەزەردەشتیکردنی کورد، بۆیە بێ بوونی سەرچاوە زۆربەیان بنەچەی ناوی (گۆران)یان گەڕاندۆتەوە بۆ (گابران) کە ئەوانە ئەو کەسانە بوون لەسەر ئاینی زەردەشتی مابوونەوە لە سەردەمی ئیسلامدا و بە (گابران) ناوهێنراون و گوایە دواتر ناوەکە گۆڕاوە بۆ (گۆران). ئەم بۆچوونە زیاتر متمانەی کردۆتە سەر خەیاڵات و ئایدۆلۆجیای شەخسی وەک لە سەرچاوەی مێژوویی لەبەر ئەوەی کە گۆران ناوەکەی زۆر لە ئاینی ئیسلام و زەردەشتیش دێرینترە و وشەی (گابران) ئەمرۆش لە کوردیدا بە نزیکی هەمان مانای سەردەمی ئیسلام بەکاردێت و بووە بە (گاوران) و بۆ ئاماژە بەوانەی لەسەر ئاینی ئیسلام نین بەکار دێت. بۆ نموونە بە هەموو ئاین و پەیکەرێکی دێرین دەوترێت گاور. دەبینرێت (دەربەند گاورە) لە ناوچەی قەرەداخ بۆ ئاماژە بە دەربەندێکە کە پەیکەرێکی تەمەن چوار هەزار ساڵەی تێدایە و لەبەر نەزانی ئاینی وێنەی ناو پەیکەرەکە پێی دەگووترێت دەربەند گاورە. لە شارەکانی کوردستادا زۆر جار گەڕەکی کریستیانەکان پێیان گوتراوە (گەڕەکی گاوران). وشەی (گاوران) لە وشەی (گابران)ەوە هاتووە و پەیوەندیەکە ڕوونە بەڵام ئەو وشەیە لەگەڵ وشەی (گۆران) جیاوازن و یەک ناو نین. ئەگەر بەپێی ئەو بۆچوونە بوایە ئەوا ناوی گۆران پێش ئیسلام بوونی نەدەبوو لەبەر ئەوەی نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر لە سەرچاوەی یۆنانیدا ئاماژە بە (مید و گۆران و سەرەپەڕەیی)ەکان کراوە. لای یۆنانیەکان بە (گوران) باسکراون و ئەوەی کە دەیسەلمێنێت ئەوانە هەر گۆرانن ئەوەیە (سەرەپەڕەیی) ئەو کاتە لەلایەن یۆنانیەکانەوە ناوەکەیان تەرجومە کراوە بە مانای (مل پەڕێن). پێشتریش لە بابەتی ترمدا ئاماژەم بەوە کردووە کە میدەکان تەنها حوکمڕانی کورد بوون و نەتەوە نەبوون و ئەمڕۆ بە هەڵە لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکاندا بە نەتەوە ئاماژەیان پێدەکرێت. بۆیە لەو تێکستەدا مید و گۆران و سەرەپەڕەیی بەیەکەوە وەک گروپ باسکراون تا نەتەوە. جگە لەوەش پێشتر نزیکی دوو هەزار و حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر چەندین جار لە تێکستی ئاشوریدا ناوی گۆرانەکان لە کوردستاندا هێنراوە. لای ئاشوریەکان بە خەڵکە (کور/گور)ەکان و بە هەردوو شێوەکەی باسکراون. ئاشوری و ئارامیەکان لەگەڵ زۆربەی ناوە کوردیەکاندا پاشگره کوردیەکان لادەبەن دەنا بە دڵنیایی کوردەکان پاشگی کۆی (ان) لەگەڵ ناوەکە بەکارهێناوە و بە (گۆران) ناسیونی. جگە لە ناوەکەیان یەکێکی تر لە تایبەتمەندیەکانی گۆرانەکان لەو سەردەمەدا بوونی ئەو کڵاوە بووە کە تایبەتمەند بووە بەوان. ئەو جۆرە کڵاوە لە هەڵکەندراوەکاندا سەرنجی لێکۆڵەرانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و دواتریش زیاتر لە دوو سەد ساڵ لەمەوبەر کە میستەر ڕیچ دەچێتە ناوچەی سنە/ئەردەڵان و دوو سەربازی هەورامی دەبینێت، کڵاوەکانیان سەرنجی میستەر ڕیچ ڕادەکێشێت و وێنەیەکیان دەکێشێت. بەو جۆرە دوای زیاتر لە دوو هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر هەمان جۆرە کڵاوی تایبەت لای گۆرانەکان بەکارهاتووە.

تا ئێستا بۆچوونێکی یەکلاکەرەوەم لەسەر لێکدانەوەی مانای ناوی گۆران لەلا گەڵاڵە نەبووە بەڵام زۆر لەگەڵ ئەوەدام کە ناوەکە پەیوەندی بە وشەی (کور) بە مانای "کێو" وە هەبێت لەبەر ئەوەی کە ناوی "گۆران" له‌ زمانە سلافیەکاندا بە مانای "چیانشین" دێت. لە هەندێک ناوچەی کوردستانیش پیتی (ک) دەکرێتە (گ). ئەمە یەکەم جاریش نیە شتی لەو جۆرە لە زمانی کوردیدا ڕوو بدات. زۆر وشەی کوردی بە بەڵگەوە لە کوردستاندا لە سەردەمی دێریندا بەکارهاتووە و مانایان هەبووە و ئەمڕۆ چیتر مانایان نەماوە و لە زمانە خزمەکاندا ماناکانیان ماون. بۆ نموونە وشەی (بەگ)ی مید/کوردی کە لە کوردی نوێدا تەنها مانای نازناوی دەسەلاتدار دەدات، لە سەردەمی میدەکاندا جگە لەو مانایە مانای (خوا) شی هەبووە، کەچی لە هەموو زمانە سلاڤیەکاندا مانای خوای ماوە و لە کوردیدا نەیماوە. لە زمانی بولگاری، ڕوسی، سربی و پۆڵەندی وشەی (بۆگ) و لە زمانی سلافی و چیکی (بۆ‌ه‌)... مانای خودا دەدات.

جگە لەوە ناوی گۆڕان مانای بەکارهێنانی لە کات و شوێنی جیاوازدا دەگۆڕێت. هەندێک کەسانی ئەکادیمی هەموو ئەوانەی کە زازا و هەورامی قسە دەکەن لە ژێر گۆراندا ناویان دەبەن. هەروەها لەبەر هەورامی/گۆرانی بوونی زۆرینەی دەقە یارسانیەکان، هەندێک جار ئەوانەی کە یارسانن خۆیان بە گۆران لە قەڵەم داوە. لە هەندێک حاڵەتدا هەندێک لە تورکی ئازەری یارسانی بۆ ئەوەی کە بڵێت یارسانیم، گوتوویەتی "من گۆرانم". بەڵام بە گشتی گۆران ناوی گروپێکی گەورەی کوردە کە بە زمانی گۆران قسە دەکەن. لە ڕاستیدا گۆران و هەورامی لە ڕووی زمانەوە جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە. سەبارەت بە کوردبوونی ئەوان بابزانین چۆن ئەم گومانە و لەلایەن کێوە دروست کراوە ؟

یەکێک لەو کەسانەی کە سەرەتا بۆچوونی سەبارەت بە گۆرانەکان داوە، گەڕۆکێکی ئینگلیزە بە ناوی (کلۆد جەیمس ڕیچ) کە لە کوردستان بە میستەر ڕیچ ناسراوە. ڕیچ لە نزیکی ساڵی ١٨٢٠ هاتۆتە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێشتا ئەلف و بێی سەبارەت کورد نەزانیوە و هاتووە سەبارەتیان بزانێت، کەچی سەرەڕای ئەو زانیاریە کەمەی کە سەبارەت کورد هەی بووە، هاتووە لە چەند شوێنێکدا زۆر سەرپێییانە گۆرانەکانی بە کورد و لە شوێنی تردا بە نەتەوەیەکی جودا ناوی هێناون بێ هیچ لێکۆڵینەوە یان متمانە کردنە سەر بەڵگەنامەیەکی مێژوویی؛ ئەوە تەنها بۆچوونی خۆی بووە. دوای ڕیچ، مەیجەر سۆن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هاتۆتە کوردستان و ئەو کاتە هەر زمانی فارسی زانیوە و کوردی نەزانیوە، کەچی ئەویش بێ شارەزابوونی لەو بابەتەدا و وەک پابەندبوونێک بە بۆچوونەکانی ڕیچ، دیسان هەورامیەکان بە کورد دانانێت. ئەم بۆچوونە لای دوو لێکۆڵەری زمانەوانیی وەک مەکەنزی ئینگلیز و گارنیک ئاساتریانی ئەرمەنی کە کوردی و فارسی زانێکی بەتوانا بوون و کارەکانیان زیاتر شێوەی لێکۆڵینەوەی وەرگرتووە، بە تەواوی ئەو تیۆریەیان جێگیر کردووە کە گۆران و هەورامیەکان کورد نین. ئاساتریان کە پرۆفیسۆرێکی ئەرمەنیە، هەر ئەو بۆچوونەی نیە، بەڵکو کورد بە نەتەوە دانانێت و پێی ڕانابینێت کە هیچ ڕابردوویەکی دێرینی هەبێت. هەر ئەوەی نەکردووە بەڵکو بە ئەجێندایەکی سیاسی ئەرمەنی، هاتووە ئێزدیەکانی بە نەتەوەیەکی تر لەقەڵەم داوە بۆ ئەوەی نەوەک ڕۆژێک هەستی نەتەوایەتی ئێزدیەکانی ئەرمینیا ببێتە کێشە بۆ وڵاتی ئەرمینیا.

ماریا ئۆشیا کە دکتۆرای لەسەر کورد وەرگرتووە، سەبارەت هەورامیەکان دەڵێت "نیشتەجێکانی هەورامان کە بە گۆرانی قسە دەکەن، لە ڕابردووەوە خۆیان بە جیا داناوە لە خەڵکی کورد" هەروەها بەردەوام دەبێت و دەڵێت "لە دوای ئەم پەنجا ساڵەوە بەهۆی تێکەڵاوبوونی زیاترەوە بە کورد دانراون". ئۆشیا ئەم بۆچوونەی لە مارتن ڤان برۆنسنی لێکۆڵەری هۆڵەندیەوە وەرگرتووە کە سەرەڕای شارەزایی و هەندیك کاری زۆر چاکی سەبارەت بە کورد، بەڵام ئەویش لەگەڵ ئەو بۆچوونەیە. لە ئەنجامی ئەم شێوە لێکۆڵینەوە بێ بەڵگانەدا کە بە ڕوونی هەندێکیان بە ئەجێندای سیاسی کراون، ئەو بۆچوونە بێ بنەمایەیان لە ناوەندە ئەکادیمیەکاندا سەپاندووە و تەنانەت دەستەواژەی (کورد پرۆپە) "کوردی تەواو" یان داهێناوە و ئەوان تەنها کرمانج و سۆرانەکان بە کوردی تەواو دادەنێن.

یەکەم ئەوروپی کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕاستی بنەچەی ئەم بۆچوونەی خستۆتە ئەدمۆنس (١٨٨٩-١٩٧٩) بووە کە لە نزیکی ساڵی ١٩٢٠ وە چەند بابەتێکی لەسەر کورد نووسیوە. ئەو سەبارەت ئەوان دەڵێت:

"کە بەم ناوچە جوگرافیەدا تێپەڕ دەبیت گروپێکی تری زمانەوانی هەیە کە لە تورکیا بە زازا و لە عێراق و ئێران بە گۆران (یان لەلایەن کورد خۆیانەوە ماچۆ- ماچۆ) ناسراون. زازا لەوپەڕی باکوری ڕۆژئاوا قسەی پێدەکرێت، لە نێوان دیاربەکر و ئەرزنجاندا. گۆران لە عێراق لەلایەن کاکەییەکانەوە لە نزیک تاوق، هەندێک لە زەنگەنەکان لە نزیک کفری و باجەلان نزیک خانەقین. لە ئێران هۆزە هەورامیەکان لە هەردوو دیوی سەختایی چیاکانی زاگرۆس لە ڕۆژئاوای سنە لەگەڵ هەندێک لە دراوسێکانیاندا لە باشور هەتاوەکو ڕێگای سەرەکی خانەقین- کرماشان لە ناوچەی قسەکردنی گۆڕاندا لە نێوان سلێمانی و ئەردەڵاندا دەبینرێن. ئەکادیمیە ئەوروپیەکان بە گشتی سورن لەسەر ئەوەی کە زمانی گۆرانی کوردی نیە و ئەو خەڵکانە کە قسەی پێدەکەن کورد نین؛بەڵام خەڵکەکە بە هەموو شێوەیەک خۆیان بە کورد دادەنێن."

وەک ڕوون بووەوە، ئەدمۆنس دەڵێت کە ئەمە بۆچوونی ئەوروپیەکانە دەنا گۆرانەکان بە هەموو شێوەیەک خۆیان بە کورد دادەنێن. جا ئەم بۆچوونە لە وڵاتی ئێران و تورکیادا زۆر پشتگیری لێ دەکرێت و زۆر هان دەدرێت بە مەبەستی جیاکردنەوەی زازا و گۆران و هەورامیەکان و دانانیان لە دەرەوەی نەتەوەی کورد. دیارە وەک لێکۆڵەرە ئەوروپیەکان دەستەواژەی "کوردی تەواو" یان داهێناوە، دەبوو پێناسەیەکیان بۆ کورد هەبوایە پێش ئەوەی کە ئەو بڕیارە بدەن و "کوردی تەواو" و "کوردی ناتەواو" یان بڕیار لێ بدایە. بەڵام نە پێناسەیان هەبووە و نە سوودیان لە سەرچاوەیەکی مێژوویی بینیوە.

من نامەوێت خۆم بڕیار بدەم ئەوان کوردن یان کورد نین و بە پەلە بە کوردیان دابنێم، بەڵکو بێلایەنانە پەنا بۆ سەرچاوە مێژوییەکان و بۆچوونی کورد خۆی دەبەم لە ڕابردوودا کە لە ڕێگای سەرچاوە مێژووییەکان و شیعرە کوردیە دێرینەکانەوە دەردەکەوێت کە چۆن پێناسەی کوردبوون کراوە.

ئێمە هەرچەندە بۆچوونێکی نەرێنی سەبارەت مەسعودی مێژوونوسی عەرەب لەلامان دروست بووە، بەڵام بە بۆچوونی من کتێبەکەی باشترین سەرچاوەیە لەسەر کورد لە سەردەمی ئیسلامدا و ئەو مێژوونوسە لە دێڕێکی بچووکدا مانای کورد بوونی زۆر جوان ڕوونکردۆتەوە. ئەو پیاوە لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا، واتە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، دەڵێت "هەر کام لە جۆری کوردەکان زمانێکی کوردی خۆیان هەیە". مەسعودی بە دەستەواژە زمانەوانیەکانی ئەو سەردەمە دەیەوێت بڵیت کوردەکان بە زاراوەی جیاواز قسە دەکەن بەڵام هەموو ئەو زاراوانە کوردین. ئەو بۆچوونە بەشێوەیەکی تر لە سەدەی چواردەیەمی زاینیدا لای ئەلعومەری دووبارە بووەتەوە و ئەلعومەری دەڵێت "کوردەکان هەرچەندە زۆر جۆریان هەیە کە لە بەشەکانی ئەم کتێبەدا باسکراون، بەڵام ئەو بەشانە پێکهاتەی جۆرێکی گشتین". ئەلعومەری بە دەستەواژە زمانەوانیە سادەکانی ئەو سەردەمە دەیەوێت بڵێت سەرەڕای بوونی گروپی جیاواز لە ناو کورد دا، بەڵام هەموویان کوردن و بەشێکن لە نەتەوەیەک. عومەری باسی کوردەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دەکات و دێتە سەر باسی گۆرانەکان، ئەو بە (کوران) ناویان دەبات، لەبەر ئەوەی نه‌ پیتی (گ) و نه‌ پیتی (ۆ) لە عەرەبیدا نین و دەڵێت "تایفەیەکیان هەیە لە شاخەکانی هەمەدان و شارەزوور پێیان دەگووترێت کوران (گۆران)، ئەمانە هەموویان لە ناوچەیەکدا نیشتەجێن کە پێی دەگووترێت ڕیاوه‌ست (ریاوست) ی ئەمیر محەمەد، وە شوێنی دووهەمیان پێی دەگووترێت دەرتەنگ و ئەمیرەکەیان ئەمیر محەمەدە".

ئەم بۆچوونە لای ئەلقلقەشەندی لە سەدەی چواردەیەمی زاینی و دوایی لای شەرەفخانی بەتڵیسیش دووبارە بووەتەوە و دیسان نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر لای ئەولیا چەلەبی بە ڕەگەز تورکیش دووبارە بووەتەوە کاتێک کە سەبارەت بە زمانی کوردی دەڵێت:
"ئەم خەڵکە لە خۆیانەوە زمانێکیان داهێنا کە نە عەرەبی و نە فارسی و نەعیبری و نە دەریە، ئەمڕۆ بەو زمانە دەڵێن کوردی و لە کوردستاندا بەکار دەهێنرێ. بەڵام زمانی کوردیش دوازدە شێوەیە کە وشەکانیان لە یەکتر ناچێ و بۆ لەیەکتر گەیشتنی تەرجومانیان پێویستە".

کەواتە مێژوونوسان کورد بووبێتن یان بێگانە بە بەڵگەوە لە سەدەی نۆیەمی زاینیەوە، واتە بۆ نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵە، هەموو بەشە جیاوازەکانیان بە کورد داناوە و لای ئەوان کورد بوون پەیوەست نەبووە بە زاراوەیەکی تایبەتەوە و وەک فەرهەنگ و نەتەوەیەک سەیری کوردیان کردووە کە زاراوەی جیاوازی تێدا بووە.

ئەمجا بابزانین هەورامی و گۆرانەکان بە درێژایی مێژوو چۆن سەیری خۆیان کردووە؟ کۆنترین تێکست بە زمانی کوردی گۆرانی کە هەستی کوردایەتی تێدا دەربڕابێت و مابێت، نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بابە سەرهەنگی دەودانی یارسانیەوە دانراوە. بابە سەرهەنگ دەڵێت:
سەرهەنگ دەودان سەرهەنگ دەودان ئەز کە ناممەن سەرهەنگ دەودان چەنی ئێرمانان مەگێڵم هەردان مەکۆشم بەرێ ئایین کوردان
ماناکەی دەبێتە "من کە سەرهەنگی دەودان- م و ناوم سەرهەنگی دەودان-ە، لەگەڵ مریدەکان و هاوەڵانی خۆما بە هەموو شوێن و هەردێکدا ئەسوڕێمەوە، کۆشینەکەشم بۆ ئاینی کوردانە".

شاوەیس قولی کە لە نزیکی ساڵی ١٤٠٧ز لەدایکبووە، دەبینرێت هەستی کورد بوون لای ئەو بە شێوەکی زۆر سەرنج ڕاکێش دەردەکەوێت کاتێک کە ئەویش بە هەورامی دەڵێت:
ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد
واتە "من بنەچەم کوردە و باوباپیرانم کوردە و لە ڕەگەزی کوردم، من ئەو شێرەم کە لەگەڵ کۆمەڵێکدا سوپای زوحاکمان وورد کرد". کە ئەوە ئەوپەڕی دەربڕینی هەستی نەتەوەیی و شانازیە بە کورد بوونەوە.

لای خانای قوبادیش کە لە نێوان (١٦٧٢ز- ١٧٣٥ز) دا ژیاوە، دیسان بە ڕوونی هەستی کوردبوون و ڕێزگرتنی زمانی کوردی دەردەکەوێت کاتێک کە دەڵێت: ڕاستەن مەواچان فارسی شەکرەن کوردی جە فارسی بەل شیرین ترەن
پەی چێش نە دەوران ئی دنیای بەدکێش مەعلومەن هەر کەس بە زمان وێش

حاچی نیعمەتوڵا (١٨٧١- ١٩٢٠ ز)، کە یەکێک لە زانا و سەرکردەکانی یارسان بووە دەبێژێت کە ئەو کتێبی (ڕیسالەی تەحقیق) ی بە زمانی کوردی نووسیوە، کە لە ڕاستیدا بە گۆرانی نووسیویەتی. جگە لەوە دەڵێت زمانی سان سەهاک کوردی بووە کە دیسان مەبەستی لە گۆرانە. تەنانەت شەبەکەکانیش پێش بە سیاسی بوونی لێکۆڵینەوەی کوردی، خۆیان بە کورد داناوە و زمانەکەیان کە گۆرانە بە کوردی لە قەڵەمیان داوە. پیرمەندی شەبەک کە لە ساڵی ١٩٠٣ دا لەدایکبووە و بۆچوونی لەسەر ئاینی ئێزدی و شەبەک داوە، ناوی خۆی لە کتێبەکانیدا بە (ملا خلیل سلیمان الخابوری الکردی الشیهانی) نووسیوە . هەروەها فەرهەنگێکی زمانەوانی بۆ زمانی شەبەک داناوە کە گۆرانە و ئەو بە (قاموس کردی و عربی) ناونیشانی بۆ داناوە. کە بە ڕوونی ئەویش خۆشی بە کورد داناوە زمانەکەشی کە گۆرانە هەر بە کوردی دایناوە. واتە پێش ئەوەی کە ڕەشەبای دەوڵەتسازی سەرەتای سەدەی بیستەم دەستپێبکات، شەبەکەکان ئاسایی خۆیان بە کورد داناوە و زمانەکەیان کە گۆرانە، بە کوردی دایانناوە.

مانای کورد بوون لە ناوی زانا کوردە گۆرانەکانی تریشدا دەردەکەوێت. پیرمەند و سۆفیگەری جیهانی گەورەی کورد کە لە سەدەی حەڤدەی زاینیدا ژیاوە و ئەمڕۆ چەندین لێکۆڵینەوە لە جیهاندا لەسەر کارەکانی بە زمانی ئینگلیزی کراوە و خاوەنی پەنجا و حەوت کتێبە لەسەر سۆفیگەری، دەبینرێت ناوەکەی بریتیە لە "براهیم کوردی گۆرانی شارەزووری".

هەروەها سۆفی ناسراو (یوسف کوڕی عەبدوڵا کوڕی عەمر کوڕی عەلی کوردی گۆرانی) کە لە ساڵی ١٣٦٧ ز دا کۆچی دوایی کردووە، پیرمەندێکی تر بووە کە لە میسر و چەندین وڵاتی تردا حوجرەی تایبەت بە خۆی هەبووە و چەندین هەواداری لەو وڵاتانەدا هەبووە و چەندین بەرهەمی لێ بەجێماوە، ئەویش نازناوی گۆران و کوردی بە ناوی خۆیەوە کردووە.

یوسف ئەلیاسی گۆرانی کوردی کە بەداخەوە ساڵی لە دایکبوون و کۆچی دوایی نازانرێت بەڵام کتێبی لە زانکۆی ئەمریکی پارێزراوە. ئەویش هەر بە هەمان شێوە ناوی خۆی داناوە. لە ڕاستیدا ئەوەی کە ئەم پیرمەندە کوردانە کردوویانە ئەوەیە کە ئەوان وەک گروپ خۆیان بە گۆران داناوە و وەک نەتەوە خۆیان بە کورد و هەندێک جاریش ناوچەکەیان ناو هێناوە کە بۆ نموونە شارەزوور بووە، واتە ناسنامەی گروپ و نەتەوە و هەندێک جار ناوچەییشیان بۆ خۆیان داناوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە تۆ بڵێی ئەم پیرمەندە مەزنە کوردانە هێندەی فارسێک یان تورکێک کە دوێنێ شتێک سەبارەت کورد فێربووە یان ئەوروپیەک لە ژوورێکی زانکۆیەکی ئەوروپادا خەریکە، ئاشنای ناسنامەی خۆیان نەبووبن و ئەمان بتوانن ئەو پیرمەندە کوردانە ئاشنای ناسنامەی خۆیان بکەن؟

لە ڕاستیدا دەستنیشانکردنی ناسنامەی خەڵکێک لەلایەن کەسانێک لە دەرەوەی ناو کۆمەڵگەکەوە و بێ وەرگرتنی بۆچوونی ئەو خەڵکە خۆی و بێ پشت بەستن بە بەڵگەنامەی مێژوویی، بنەما سەرەتاییەکانی کاری لێکۆڵینەوەی زانستی تێدا نیە. ئەو پۆلێنکردنەی کە بەرامبەر بە کورد کراوە، هەر هەمان شێوەی ئەو پۆلێنکردنەیە کە بۆ باڵندە و ئاژەڵ کراوە کە تێیدا بۆچوونی گیانلەبەرەکە بە هیچ شێوەیەک بە هەند وەرنەگیراوە و هەوڵی تێگەیشتنی نەدراوە. بەو جۆرە ناسنامەیەک لە دەرەوەی کۆمەڵگەی کوردیدا لەلایەن خەڵکی بێگانەوە بەسەریدا سەپێنراوە. ئەم ئاڕاستەی کارە من زیاتر وەک تەعەدای دەبینم وەک لە کاری زانستی. کەچی سەرەڕای ئەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کورد بە ڕەوا دانراوە و لە ناوەندە ئەکادیمیەکانیشدا قبوڵ کراوە. هەمیشە دەیڵێمەوە "کە داگیراو بوویت داگیرکراوانە مامەڵەت لەگەڵ دەکرێت و وەک کۆیلە دەبینرێیت."

هەر وەک دەرکەوت سەرچاوە مێژوویە دێرنەکان دوو هەزار و حەوت سەد ساڵە باسی گۆرانەکانیان کردووە و لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا زیاتر لە هەزار و سەد ساڵە هەموو زاراوە کوردیەکان بە کوردی دانراوە و لای ئەوان گۆرانەکانیش لە کورد بووندا هیچ جیاواز نەبوون. لە هەمان کاتدا وەک لە شیعرە کوردیە دێرینەکاندا دەردەکەوێت، گۆران و هەورامیەکان شانازیان بە کوردبوونی خۆیانەوە کردووە و دێرینترین بەڵگەی دەربڕینی کوردبوون کە ئەمڕۆ لەبەردەستدایە، لای ئەوان بووە نەک سۆران و کرمانجەکان و ئەو دەربڕینە لای ئەوان زۆر ڕوون و دێرینترە. ئەوانیش وەک زۆربەی بەشەکانی کورد شانازیان بە ناسنامەی ناوچەیی (گۆران) و کوردبوونی خۆیان کردووە. وەک لە سەرەوە بە ڕوونی خرایە ڕوو، ئەو گومانەی کە دروست بووە بەهۆی نەشارەزایی و نائاشنایی لێکۆڵەران بە سەرچاوە مێژوویەکان و هەڵەی هەندێک لە لێکۆڵەرە ئەوروپیەکانەوە هاتۆتە کایەوە. بەڵام دواتر دابەشکردنی کوردستان وای کردووە لە وڵاتەکانی بەناو تورکیا و ئێراندا بە تایبەتی پشتگیری لەو بۆچوونە هەڵەیە بکرێت و بۆ مەبەستی سیاسی جوداکردنەوەی ئەو بەشە گرنگە لە نەتەوە و فەرهەنگی کوردی بەکاریان هێناوە.

لە ڕاستیدا ئەمڕۆ دەوڵەمەندترین بەشی ئەدەبی دێرینی کوردی بە هەورامیە و بە هەزاران شیعری دێرین بە هەورامی و گۆران هەن کە بەشێکی زۆریان ئاینین و بۆ ئاینی پیرۆزی یارسان (کاکەیی) گووتراون و هەندێکیان لە سەدەی هەشتەمی زاینیدا نووسراون. هەروەها بەشێکی گرنگ و ڕەسەنی مۆسیقای کوردی مۆسیقای هەورامیە. بێ ئەوان کورد لاشەیەکی بێ ڕۆحە و وەک ڕوونکرایەوە بە درێژایی مێژوو ئەوان بە کورد دانراون و خەڵکیش بە کورد دایناون و هەورامی و گۆرانەکان لە مێژ تر و ڕوونتر کوردبوونیان خستۆتە ڕوو وەک لە کرمانج و سۆرانەکان. ئەوەی کە ڕوویداوە هەوڵێکی سیاسی بووە و تا ڕادەیەکی باشیش لە ناوەندە ئەکادیمیەکاندا ئەو بۆچوونە بێ بنەما و نازانستیە جێی خۆی گرتووە. بەڵام هەموو بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئەوان بەشێکی گرنگی نەتەوەی کوردن. جێی داخە کە دەزگا ئەکادیمیە کوردیەکان بە تەواوی بێ ئاگان لەم بابەتە و هەتاوەکو ئەمڕۆ لای ئەوان شتێکی ئەوتۆ لەسەر ئەو بابەتە نە نووسراوە کە شایانی باسکردن بێت.


تێبنی:
حەزم کرد کە زیاتر لەسەر بابەتەکە بنووسم بەڵام نەمویست لەوە زیاتر درێژەی پێبدەم، دەنا ئەم بابەتە لایەنی زمان و زاراوە لەگەڵ خۆی دەهێنێتە ئاراوە و شایانی ئەوەیە کە زیاتری لەسەر بنووسرێت.


ئه‌م بابه‌ته 159 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر