قه‌زای‌ ئاكرێ‌

PM:10:10:05/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

یه‌كێكه‌ له‌ قه‌زاكانی‌ پارێزگای‌ دهوَك له‌ باشووری‌ كوردستان، كه‌ له‌ ناحیه‌كانی‌ (دینارتێ، ئاكرێ‌، بجیل، گرده‌سێن) پێكدێت و ناوه‌ندی‌ قه‌زاكه‌ شاری‌ ئاكرێیه‌، 95كم دووره‌ له‌ شاری‌ موصله‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ 120كم باشوری‌ ڕوَژهه‌ڵاتی‌  پارێزگای‌ دهوَكه‌وه‌. له‌نێوان سێ‌ چیادایه‌، خانووه‌كانی‌ له‌سه‌ریه‌ك به‌ دامێنی‌ چیاكاندا هه‌ڵچوون و دیمه‌نێكی‌ جوان و سه‌رنجڕاكێشی‌ به‌ شاره‌كه‌ به‌خشیوه‌، ئه‌م شاره‌ له‌ ساڵی‌ (1877)ز بووه‌ به‌ قه‌زا.

ئاكرێ‌ شارێكی‌ كوۆن و مێژووییه‌و دروستكردنی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ ئیمپڕاتۆریەتی‌ ماده‌كان-میدیا. مه‌ڵبه‌ندی‌ كورده‌ حه‌میدییه‌كان بووه‌و ماوه‌یه‌كیش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ میرنشینی‌ بادینان و پاشان میرنشینی‌ سوۆراندا بووه‌.

ئاكرێ‌ پێكدێت له‌ چه‌ند عه‌شیره‌ت و هۆزێك: (گوَران، كاوانی‌، زێباری‌، سورچی‌، هه‌ركی‌، ئاكره‌یی‌، ڕێكانی‌، مزوری‌...هتد). هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ سێ‌ ناوچه‌ی‌ هه‌یه‌ (سورچی‌، عه‌شایه‌ری‌، ئه‌لسه‌بعه‌و بیره‌ن).

ناو:
ناوی‌ ئاكرێ‌ له‌ ئاگره‌وه‌ هاتووه‌, كه‌ له‌ پێش زاییندا موغێكی‌ زه‌رده‌شتی‌ له‌وێ‌ جێگیر بووه‌ و ئاگری‌ تێدا كردوَته‌وه‌.

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافیا:
له‌ باكوره‌وه‌ قه‌زای‌ ئامێدی و لای‌ خوَرهه‌ڵاتیه‌وه‌ قه‌زای‌ مێرگه‌سوره‌ له‌ به‌شی‌ باشووریه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ قه‌زای‌ شه‌قڵاوه‌ و خه‌بات و لای‌ خوَرئاواوه‌ به‌ هه‌ردوو قه‌زای‌ شێخان و به‌رده‌ڕه‌شه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌.

كه‌ش و هه‌وا: 
ئاكرێ‌ به‌ هوَی‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافیاكه‌یه‌وه‌ زستانی‌ ساردو به‌فراویه‌ و هاوینی‌ فێنك و مامناوه‌نده‌.

ڕووبه‌ر: 
ڕووبه‌ری‌ ئاكرێ‌ (1936)كم چوارگۆشه‌یه‌، و به‌رزی‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریا (270) مه‌تره‌.

دانیشتوان:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ قه‌زای‌ ئاكرێ‌ به‌ پێی‌ نه‌خشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ پێشبینیكراوی‌ ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كودستان بۆ سالی‌ 2018 له‌ 197,434 كه‌س پێك دێت.

ئا/ سندنس محەمەد ئیبراهیم


ئه‌م بابه‌ته 45 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر