هێرشەکانی سەر دیپلۆماسیەتی ئەمریکا

PM:05:39:03/01/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌ڕووی‌ سه‌ربازی‌و ئابوورییه‌وه‌ به‌هێزترین ده‌وڵه‌ته‌‌و باڵیۆزخانه‌كانی‌ باشترین كه‌ره‌سته‌‌و شێوازی‌ ئه‌منییان هه‌یه‌، به‌ڵام باڵیۆزخانه‌و كونسوڵخانه‌كانی‌ له‌ سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا پارێزراو نین.  

دواهه‌مین په‌لامار، هه‌وڵی‌ گه‌مارۆدانی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا بوو له‌ به‌غداد له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ له‌ 31ی‌12ی‌2019دا، هه‌رچه‌نده‌ به‌ گه‌وره‌ترین‌و تۆكمه‌ترین باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت له‌ جیهاندا.

هه‌وڵی‌ گه‌مارۆدانی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، ئه‌و هێرش‌و په‌لامارانه‌ی‌ ڕابردووی‌ وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چل ساڵی‌ ڕابردوودا كراونه‌ته‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌و كونسوڵخانه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا، له‌ چاوی‌ كورده‌وه‌ خوێنه‌ری‌ پانۆرامای‌ دیارترینی‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ بن: 

تاران 1979
سه‌عات 4ی‌ به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ 4ی‌11ی‌1979 ژماره‌یه‌ك خوێندكاری‌ لایه‌نگری‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌، هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ تاران، له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ سه‌عاتدا ده‌رگاكانی‌ باڵیۆزخانه‌كه‌یان شكاندو چوونه‌ ژووره‌وه‌. 
خوێندكاره‌كان 500 كه‌سیان له‌نێو باڵپۆزخانه‌كه‌دا به‌ بارمته‌ گرت كه‌ 52یان ئه‌مریكی‌ بوون، پاشان ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر سه‌دان به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ نێو باڵیۆزخانه‌كه‌دا. سه‌ره‌نجام ته‌نگژه‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌. 
هه‌موو هه‌وڵه‌كانی‌ واشنتۆن بۆ ئازادكردنی‌ بارمته‌كان شكستی‌ هێنا، ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ش شكستی‌ هێنا كه‌ له‌ 4ی‌4ی‌198دا ویستی‌ به‌ دوو هێلیكۆپته‌ر ئازادیان بكات، به‌ڵام هێلیكۆپته‌ره‌كان تێكشكێنران‌و سه‌رجه‌م سه‌ربازه‌كانی‌ ناوی‌ كوژران. دواتر به‌ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ شوومی‌ جه‌زائیر كۆتایی به‌ ته‌نگژه‌كه‌ هات‌و بارمته‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌ڕه‌سمی‌ ئازادكران. 

به‌یروت 1984
رۆژی‌ 18ی‌4ی‌1983 له‌ سه‌روبه‌ندی‌ جه‌نگی‌ ناوخۆیی لوبناندا، به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ خۆكوژییه‌وه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌یروت 63 كه‌س كوژران: 32 كارمه‌ندی‌ لوبنانی‌‌و 17ی‌ ئه‌مریكی‌‌و 14 سه‌ردانكه‌ر، جگه‌ له‌ خۆكوژه‌كه‌. 
حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا ده‌ستبه‌جێ‌ میلیشیاكانی‌ حیزبوڵلاَی‌ لوبنانی‌ تۆمه‌تباركرد به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌كه‌و كوشتنی‌ ئه‌مریكییه‌كان.
 
دار السلام‌و نایرۆبی‌ 1998
رۆژی‌ 7ی‌8ی‌1998 دوو بارهه‌ڵگری‌ پڕ له‌ ته‌قه‌مه‌نی‌ له‌به‌رده‌م هه‌ردوو باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ نایرۆبی‌ (پایته‌ختی‌ كینیا)و دار السلام (پایته‌ختی‌ تانزانیا) ته‌قێنرانه‌وه‌. ماوه‌ی‌ نێوان هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ ته‌نها ده‌ خوله‌ك بوو. 
به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ نایرۆبی‌ 213 كه‌س كوژران، له‌ دار السلام-یش 11 كه‌س كوژران، ژماره‌ی‌ پێكراوه‌كان گه‌یشته‌ 400 كه‌س، 12 ئه‌مریكیش كوژران.  
رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ قاعیده‌ به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ له‌ هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ ڕاگه‌یاند، جگه‌ له‌ (ئوسامه‌ بن لادن) سه‌رۆكی‌ رێكخراوه‌كه‌، 12 كه‌سی‌ تریش هه‌بوون كه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌ژیان، تۆمه‌تباركران به‌ پلاندانان بۆ هه‌ردوو هێرشه‌كه‌.
وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌لامارانه‌، ئیداره‌ی‌ بیل كلینتۆن چه‌ند ئامانجێكی‌ له‌ سودان‌و ئه‌فغانستان به‌ مووشه‌كی‌ كروز بۆردومان كرد. به‌هۆی‌ ئه‌و بۆردومانانه‌وه‌ كارخانه‌یه‌كی‌ ده‌رمانسازی‌ له‌ سودان وێران بوو، كه‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا دواتر ڕایگه‌یاند ئه‌و شوێنه‌ كارخانه‌ی‌ دروستكردنی‌ چه‌كی‌ كیمیایی بووه‌.

كه‌راچی‌ 2006
ئازاری‌ 2006 له‌كاتێكدا بڕیاربوو جۆرج بوش سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا سه‌ردانی‌ پاكستان بكات، ئۆتۆمبیلێكی‌ بۆمبڕێژكراو له‌به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ شاری‌ كه‌راچی‌ ته‌قییه‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ دیپلۆماتێكی‌ ئه‌مریكی‌‌و چوار پاكستانی‌ كوژران.
  
دیمه‌شق 2006
مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 2006 باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ دیمه‌شق به‌ ڕۆژی‌ نیوه‌ڕۆ كه‌وته‌به‌ر هێرشێك له‌لایه‌ن چوار چه‌كداره‌وه‌ كه‌ هه‌ولێاندا ئۆتۆمبیلێك له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌كه‌دا بته‌قێننه‌وه‌، دوای‌ هه‌ڵدانی‌ چه‌ند بۆمبێكی‌ ده‌ستی‌، شكستیان خوارد له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌. پاسه‌وانانی‌ باڵیۆزخانه‌كه‌ سێ‌ كه‌س له‌ چه‌كداره‌كانیان كوشت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ دیپلۆماتێك زیانی‌ لێبكه‌وێت.
 
ئه‌سینا 2007
رۆژی‌ 12ی‌1ی‌2007 له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی‌ خه‌باتی‌ شۆڕشگێرانی‌ یۆنانییه‌وه‌ هێرشی‌ مووشه‌كی‌ كرایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌سینا. 
هێرشه‌كه‌ هیچ زیانێكی‌ گیانیی لێ‌ نه‌كه‌وته‌وه‌، جگه‌ له‌ شكاندنی‌ هه‌ندێك شووشه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌كانی‌ ده‌روازه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌كه‌‌و كه‌وتنه‌وه‌ی‌ ئاگر له‌ به‌شێكی‌ ده‌روازه‌كه‌دا. موشه‌كه‌كان له‌نێو باڵه‌خانه‌یه‌كی‌ داڕوخاوی‌ به‌رامبه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌وه‌ ئاراسته‌ كرابوون.
كۆمه‌ڵه‌ی‌ خه‌باتی‌ شۆڕشگێڕانی‌ یۆنانی‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، ژماره‌یه‌ك هێرشی‌ له‌ ناو یۆنان ئه‌نجامداوه‌و به‌ پاشماوه‌ی‌ چه‌په‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ وڵات داده‌نرێت.

ئه‌سته‌نبول 2008
ئایاری‌ 2008 له‌لایه‌ن گرووپێكی‌ چه‌كداره‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌سته‌نبوڵ‌و به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ش كه‌س كوژران: سێ‌ پۆلیس‌و سێ‌ چه‌كدار، په‌لاماره‌كه‌ به‌ كارێكی‌ تیرۆریستی‌ له‌قه‌ڵه‌م درا، به‌ڵام هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ ڕانه‌گه‌یاند. 

سه‌نعا 2008
ئه‌یلوولی‌ 2008، ئۆتۆمبیلێكی‌ بۆمبڕێژكراو له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ سه‌نعای‌ پایته‌ختی‌ یه‌مه‌ن ته‌قییه‌وه‌‌و بووه‌ هۆی‌ كوژرانی‌ 18 كه‌س.
بزوتنه‌وه‌ی‌ جیهادی ئیسلامیی یه‌مه‌نی‌ سه‌ربه‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ له‌ هێرشه‌كه‌ ڕاگه‌یاند. ئه‌وه‌ دووه‌م هێرشی‌ له‌و جۆره‌ بوو دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ مانگی‌ ئازاری‌ هه‌مان ساڵدا به‌ هاوه‌ن هێرش كرایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌، به‌ڵام هاوه‌نه‌كان به‌سه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی‌ كچاندا كه‌وتنه‌وه‌.

پیشاوه‌ر 2010
نیسانی‌ 2010 له‌ڕێی‌ پێنج ته‌قینه‌وه‌ی‌ له‌دوای‌ یه‌ك و ته‌قه‌كردنه‌وه‌ كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ پیشاوه‌ر گه‌وره‌ترین شاری‌ باكووری‌ خۆرئاوای‌ پاكستان كرایه‌ ئامانج‌و به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ش كه‌س كوژران.  
هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن 15 چه‌كداری‌ تالیبانه‌وه‌ ئه‌نجام درا وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر بۆردومانكردنی‌ پێگه‌كانی‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌. 

به‌نغازی‌‌و قاهیره‌و سه‌نعا 2012
له‌ ساڵیادی‌ هێرشه‌كانی‌ 11ی‌ سێپته‌مبه‌ردا، له‌ شاری‌ به‌نغازی‌ لیبیا‌و قاهیره‌ی‌ پایته‌ختی‌ میسر هێرش كرایه‌ سه‌ر دیپلۆماتكارانی‌ ئه‌مریكا، دوای‌ ئه‌وانیش له‌ یه‌مه‌ن هێرش كرایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا. 
ئه‌و په‌لامارانه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ هاتن كه‌ فیلمێك بڵاوكرابوه‌وه‌و تیایدا سوكایه‌تی‌ به‌ پێغه‌مبه‌ری‌ موسڵمانان (محمد- د.خ) كردبوو. 
هێرشه‌كه‌ی‌ قاهیره‌ ته‌نها بریتی‌ بوو له‌ داگرتنی‌ ئاڵای‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌و شاره‌. به‌ڵام هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌نغازی‌، توندو كاریگه‌ر بوو، كه‌ چه‌كی‌ قورسی‌ تێدا به‌كارهێنراو كونسوڵخانه‌كه‌ بۆردومان كرا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ باڵه‌خانه‌كه‌ گڕی‌ گرت‌و باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌ لیبیا‌و دوو سه‌ربازی‌ مارێنز‌و كارمه‌ندێكی‌ ئه‌مریكی‌ گیانیان له‌ده‌ستدا. 
ئه‌مریكا، رێكخراوی‌ ئه‌نسار شه‌ریعه‌ی‌ لیبیایی سه‌ربه‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ی‌ تۆمه‌تباركرد به‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ به‌نغازی‌. 
دوو ڕۆژ دوای‌ ئه‌وه‌ش، خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ سه‌نعاو پێنج ئۆتۆمبیلیان سووتاند. به‌هۆی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ پێنج كه‌س كوژران.

ئه‌نقه‌ره‌ 2013
مانگی‌ نۆڤه‌مبه‌ری‌ 2013، دوو خۆكوژ هێرشیان كرده‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌نقه‌ره‌و به‌و هۆیه‌وه‌ پاسه‌وانێك كوژراو سێ‌ كه‌س برینداربوون. 
رۆژی‌ دواتر "به‌ره‌ی‌ ڕزگاریی میللیی شۆڕشگێڕ" به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ له‌ هێرشه‌كه‌ ڕاگه‌یاند، كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی‌ ماركسی لینینیه‌و له‌ كۆتایی حه‌فتاكانه‌وه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ چالاكی چه‌كداری‌. 

هیرات 2013
13ی‌9ی‌2013، گرووپێكی‌ حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ تالیبان به‌ ئۆتۆمبیلی‌ بۆمبڕێژكراوو چه‌كی‌ سووكه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ شاری‌ هیرات-ی‌ ئه‌فغانستان.

جه‌دده‌ 2016
4ی‌7ی‌2016 كه‌سێك كه‌ گومان ده‌كرا په‌یوه‌ندیی به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ پشتێنێكی‌ بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ هه‌وڵیدا دزه‌بكاته‌ نێو كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ شاری‌ جه‌دده‌ی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگریی لێكراو سه‌ره‌نجام خۆی‌ ته‌قانده‌وه‌. 
هه‌مان رۆژ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ سعودیه‌ شه‌ش بۆمبی‌ چێنراویان له‌و شوێنه‌دا پووچه‌ڵ كرده‌وه‌. 

به‌غداد 2019
له‌ دواهه‌مین رۆژی‌ ساڵی‌ 2019دا هه‌زاران خۆپیشانده‌ر له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غداد گردبوونه‌وه‌. ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین ڕووداوی‌ له‌وجۆره‌ بوو له‌دوای‌ داگیركردنی‌ عیراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌. 
ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران بۆ ئیدانه‌كردنی‌ گورزه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ ئه‌مریكا بوو بۆ سه‌ر باره‌گاكانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ ڕۆژی‌ 29ی‌12ی‌2019دا.
ده‌یان كه‌س به‌ جلوبه‌گی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ به‌ره‌و باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا رۆیشتن، به‌ربه‌سته‌ ئه‌منییه‌كانیان بڕی‌‌و گه‌یشتنه‌ لای‌ باڵیۆزخانه‌كه‌، ته‌واوی‌ كامێراكانی‌ چاودێرییان شكاندو تاوه‌ره‌كانی‌ پاسه‌وانییان به‌ردباران كردو گڕیان تێبه‌ردان. 
خۆپیشانده‌ران له‌ ده‌رگای‌ سه‌ره‌كییه‌وه‌ چوونه‌ نێو باڵیۆزخانه‌كه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ پاسه‌وانانی‌ باڵیۆزخانه‌ به‌ فیشه‌ك ‌و گازی‌ فرمێسكڕێژ وه‌ڵامی‌ خۆپیشانده‌رانیان دایه‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا كه‌وتووه‌ته‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزی‌ به‌غداد كه‌ به‌ پارێزراوترین ناوچه‌ی‌ پایته‌خت داده‌نرێت له‌ڕووی‌ ئه‌منییه‌وه‌و باڵیۆزخانه‌ی‌ وڵاتان‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ ده‌زگا حكومییه‌كانی‌ عیراقی تێدایه‌، به‌ڵام پۆلیسی عیراقی نه‌یتوانی‌ به‌ر به‌ خۆپیشانده‌ران بگرێت، هه‌ربۆیه‌ واشنتۆن بڕیاریدا 750 سه‌ربازی‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ خۆی‌ ڕه‌وانه‌ی‌ عیراق بكات بۆ پاراستنی‌ باڵیۆزخانه‌كه‌ی‌.
یه‌كێك له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌ گه‌وره‌كانی‌ دوای‌ ڕووداوی‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ 2ی‌1ی‌2020 ئه‌مریكا له‌ڕێی‌ هێرشی‌ ئاسمانییه‌وه‌ قاسم سلێمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودس‌و ئه‌بو مه‌هدی‌ مهندس كه‌سی‌ دووه‌می‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و چه‌ند كه‌سێكی‌ دیكه‌ی‌ كوشت.  

و/ سیڤه‌ر
سه‌رچاوه‌/ ئاژانسه‌كان


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر