ناسیۆنالیزمی کورد و ئابووریی کوردستان

یەک لە کەموکۆڕییەکانی کورد و بزووتنەوەی کوردی ئەوەیە کە هەتا ئێستە نەیتوانیوە دڵنیاییەک بداتە کۆمپانیا ئابوورییە ڕۆژئاوایییەکان کە بوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکە سوود و قازانجی بۆ ئەوان زیاترە هەتا نەبوونی
PM:03:29:01/01/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
"دەوڵەتەکان نەتەوە دروست دەکەن و ناسیۆنالیزم، وشیاربوونەوەی نەتەوەکان لەسەر خۆیان نییە بەڵکوو ناسیۆنالیزم پێیان دەڵێت کە لە کوێیەوە هاتوون"

جەمال فەتحی (کۆچەر)
نووسەر

ناسیۆنالیزم کە بە ڕەوتێکی شوناسخوازی و نەتەوەخوازی پێناسە دەکرێت، زۆرێک لە زانایان و بیرمەندانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە یەکێک لە دەسکەوت و بەرهەمەکانی کاپیتالیزمی دەزانن، بەڵام پێش ئەوەی دنیا بەرەو قۆناغی سەرمایەداری هەنگاو هەڵ بگرێت و شۆڕشێکی مەزن وەکوو شۆڕشی پیشەیی فەڕانسە سەر هەڵ بدات و دواتریش پەل بۆ وڵاتانی دیکە بهاوێت، ئایا ناسیۆنالیزم بوونی نەبووە؟ یان بە شێوەیەکی جیاوازتر هەبووە؟ ئەگەر لە دەلاقەی شۆناسخوازییەوە سەیری ناسیۆنالیزم بکرێت، هەروەک "یۆزێف شۆمپیتێر"، ئابووریزانی خەڵکی نەمسا، لە سەدەی بیستەمدا دەڵێت: ناسیۆنالیزم پێش سەرمایەداریش هەر هەبووە جگە لەو باردۆخەی کە هەناردەکردنی شمەکەکان پاوان کرابوون، بۆیە ئەگەر ئەو ڕاپەڕینانەی کە نەتەوە بندەستەکان پێش سەرمایەداری لە هەمبەر نەتەوە داگیرکارەکاندا کردوویانە لە چوارچێوە و فۆرمی ناسیۆنالیزمدا نەگونجێن، دەبێت چ ناو و نازناوێکیان بۆ دابنرێت؟ 

لە پێوەندی لەگەڵ دوو چەمکی نەتەوە و ناسیۆنالیزم دوو جۆرە بۆچوون هەیە، کە بە سەر دوو ڕێبازی هزریی "پریمۆردیالیست" و "کانسترکشن" دابەش کراون، ڕێبازی پریمۆردیالیستەکان یان بناژۆخوازەکان لەسەر ئەو باوەڕن کە نەتەوە و ناسیۆنالیزم ڕیشەی کەونارییان هەیە و بۆ مێژوویەکی دوور دەگەڕێننەوە و نەتەوە و نەتەوەخوازی لە ڕێگای سێمبۆل، پێوەندی و کۆنەستەکانەوە سەریان هەڵداوە، بۆیە دەکرێت بڵێن ناسیۆنالیزم کۆن و کەونارییە. کە "ئانتۆنی د ئێسمیت" یەکێک لەو بیرمەندانەیە کە لەگەڵ پریمۆردیالیستەکان هاوڕایە و دەڵێت: نەتەوە ڕیشەی لە مێژوودایە و ئەفسانەی باو و باپیران، مێژوو و فەرهەنگێکی هاوبەش و هەروەها سنوور و یەکڕیزییەکی تایبەت دەخولقێنێت. لە بەرانبەر ئەم بۆچوونە "کانسترکشنەکان" لەسەر ئەو باوەڕەن: کە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی نوێیە و لە کردەوەدا نەتەوە دەخولقێنێت. کە ئێرنێست گیلنێر و بیندێکت ئاندرێرسۆن دەڵێن: دەوڵەتەکان نەتەوە دروست دەکەن و ناسیۆنالیزم، وشیاربوونەوەی نەتەوەکان لەسەر خۆیان نییە بەڵکوو ناسیۆنالیزم پێیان دەڵێت کە لە کوێیەوە هاتوون.

بەپێی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشیوی کورد، ناسیۆنالیزمی کوردی لە چوارچێوەی ڕێبازی فیکریی پریمۆردیالیستدا خۆی دەگونجێنێت، چونکە ئێستەشی لەگەڵ بێت بەشی هەرە زۆری کوردەکان وەکوو مێژوو خۆیان بە دەسەڵاتی مادەکانەوە گرێ دەدەن، کە لە ساڵی ٦١٢ی پێش زاییندا دەسەڵات و تاج و تەختی ئاشوورییەکانیان ڕووخاند و بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥٠ ساڵ حوکمڕانییان کرد، هەرچەندە شەرەفخانی بەدلیسی لە "شەرەفنامە"دا ئاماژە بە چەندین میرنشینی نیمچە سەربەخۆ دەکات کە هێندێکیان هەتا سەدەی ١٩هەمدا خاوەن دەسەڵات و پادشایی هەبوون، کە مەروانییەکان جزیرە و دیاربەکر، حەسەنوەحیدییەکان لە دینەوەر و شارەزوور، فەزلەوییەکانی لوڕی گەورە، پادشایەتیی لوڕی بچووک و ئەیووبییەکان کە لە لایەن سەڵاحەدین ئەیووبییەوە دامەزراو پاش دەسەڵاتی مادەکان وەکوو بەشێک لە دەسەڵاتە کوردییەکانی لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام هیچ کام لەم دەسەڵاتانە و هەروەها شۆڕشەکانی دیکەش کە لە سەد ساڵی ڕابردووەوە سەریان هەڵداوە بە هۆکارگەلێکی جۆراوجۆر نەیتوانیوە نەتەوەی کورد لە قەوارەیەکی مێژوویی بەرەو قەوارەیەکی سیاسیی یاسامەند و ڕەوا ببەن و بەو پێناسەیەی کە لە دنیای ئەمڕۆدا لەسەر نەتەوە دەکرێت کورد هەتا نەبێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان حەسێبی نەتەوەیەکی یاسایی لەسەر ناکرێت و تەنیا وەکوو نەتەوەیەکی مێژوویی چاوی لێ دەکەن. 

کورد بۆچی نابێتە خاوەن دەوڵەت و کیانی خۆی؟

ئەم پرسیارە کە خاڵی جەوهەریی هەموو کێشەکانی پرسی کورد لە خۆ دەگرێت، وڵامەکەی دەیان و ئەگەر و بۆچوون لە خۆ دەگرێت کە ڕەنگە بەشێکیان وڵامی دروستی پرسیارەکە بن، لەوانە یەکنەگرتن و تەبایی نێو ڕیزەکانی کورد یان ئەو هێزە سیاسییانەیە کە لە پێناو مافەکانی کورد خەباتییان کردووە یەک لە وڵام و ئەگەرەکان بێت، بەڵام خاڵی سەرەکیی ئەم پرسە ئەوەیە کە بەشێکی ئەم کێشەیە پێوەندیی بە خودی کوردەوە نییە و بۆ حەز و بڕیاری زلهێزەکان دەگەڕێتەوە کە خودی کوردیش زۆربەی جاران بە نەسازی و ڕێک نەکەوتن لەگەڵ یەکدا بیانوویان داوەتە دەستیان، یان ڕێگاکەیان بۆ سەرکەوتنی پیلانەکانیان خۆش کردووە، بەڵام بۆچی زلهێزەکان پێیان خۆش نییە کە کورد ببێتە خاوەن دەوڵەت و کیانی خۆی؟ وڵامی ئەم پرسیارە پێوەندیی بە ڕۆح و تایبەتمەندیی نەتەوەییی کورد و بارودۆخی سروشتی و جوغرافیاییی کوردستانەوە هەیە، واتە دنیای ڕۆژئاوا و بەگشتی دەوڵەتە زلهێزەکان یان بەگشتی ڕوانگەی دنیای پاش مودێڕنبوون ڕوانگەیەکی ئەوڕۆییان لەسەر کورد نییە و کورد بە نەتەوەیەک دەزانن کە دەستەمۆ نابێت و هاوکاتیش لە باری سروشت و جوغرافیایەوە لە شوێنێک دەژین کە هەم لە باری سامانە سروشتییەکانەوە دەوڵەمەندە و هەمیش لە باری جوغرافیایییەوە هەڵکەوتەیەکی ژئۆپۆلتیکیی هەیە و ئەگەر ببێت بە وڵاتێک یان تەنانەت چەندین وڵاتی کە کوردی دەستەمۆنەکراو بەسەریدا حکوومەت بکات، بەرنامە و پلانەکانی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەباشی ناچنە پێشەوە. ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد خۆی کێشەی نێوخۆیی نییە، بەڵام لانیکەم هەنووکە بەشی سەرەکیی کێشەی کورد پێوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بە بڕیار و هیمەتی زلهێزەکانەوە هەیە و ناکۆکی و ناتەبایی کورد یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کوردە کە لە پرۆسەی کۆلۆنیالیزمی کوردستاندا ڕێگا خۆشکەرە و هەموو خەونەکانی دوژمن بەدی دێنێت. 

باری ئابووریی باشی کوردستان، کە دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان ڕاستەوخۆ و وڵاتە زلهێزەکانی دنیا ناڕاستەوخۆ لێی بەهرەمەند دەبن، خاڵێکە کە پرۆسەی بەدەوڵەتبوونی کوردستانی وەدوا خستووە و بەپێچەوانەی ئەوەی کە دەکرا ببێتە هەوێنی پێشکەوتن و سەرکەوتنی کورد بووەتە هەوێنی کوشتن و نەهامەتیی کورد، چونکە بە هۆی ڕۆحی دەستەمۆنەکراویی کورد، داگیرکەرانی کوردستان تەنیا بە داگیرکردن و تاڵانکردنی کوردستان ڕازی نابن و تاڵانکردنی کوردستان کە ئامانجی سەرەکیی کۆلۆنیاکردنیەتی، ئەو وێستگەیە نییە کە تێیدا کورد وەکوو کۆیلەیەک  گیانی پارێزراو بێت و بە ئاسایش بژیت و بحەسێتەوە، چون ئەو کۆلۆنیالیزمەی کە بەسەر کوردستاندا زاڵە لە ڕۆحیی نەتەوەییی کورد بەباشی تێگەیشتووە و دەزانێت کورد وەکوو هێندێ لە نەتەوە داگیرکراوەکانی دیکە نییە  کە بۆ پاراستنی گیانی خۆی ببێتە کرێکار و بەشێک لە کاربەڕێکەرەکانی پرۆسەی تاڵانکردنی کوردستان، بۆیە لە کۆلۆنیالیزمی زاڵ بەسەر کوردستاندا تاکی کورد تاکێکی یاخی و لاسارە و وەکوو لەمپەرێک لە هەمبەری پیلانەکانیدا سەیر دەکرێت، هەر بەم بۆنەوە گیانی کورد لەم پرۆسەیەدا وەکوو جوغرافیا و سامانەکەی لە مەترسیدایە و هاوکات لەگەڵ تاڵانکردنی سەرمایە و سامانی کوردستان گیانی کوردیش ئەستێندرێت، بۆیە دەبێت بارودۆخی کوردستان لەم ڕستەیەی "میشێل دوومۆنتی، بیرمەندی سەدەی ١٦هەمدا، زیاتر هەست پێ بکەین  کە دەڵێت: "هیچ کەس قازانج ناکات هەتا کەسێکی دیکە زەرەر نەکات". ئەگەرچی بەگراوەندی ئەم ڕستەیە نیزامی "مرکانتیلیستییە" کە لە سەدەی ١٨هەمدا کۆتایی پێ هات، بەڵام لە کوردستان ئێستەش بەردەوامە و کورد هەمیشە زەرەری کردووە، هەتا داگیرکەران سوودمەند ببن و وزەی و هێزی خۆیان لە کوردستان وەر بگرن.  

یەک لە کەموکۆڕییەکانی کورد و بزووتنەوەی کوردی ئەوەیە کە هەتا ئێستە نەیتوانیوە ئەم بۆشایییە پڕ بکاتەوە و دڵنیاییەک بداتە کۆمپانیا ئابوورییە ڕۆژئاوایییەکان کە بوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکە سوود و قازانجی بۆ ئەوان زیاترە هەتا نەبوونی، هاوشێوەی ئەوەی کە هەتا ئێستە دەوڵەتەکانی ئێران لە ناوچەکە سەرەڕای دواکەوتوویی و نەگونجانیان لەگەڵ قەوارە و پێناسەی دەسەڵاتێکی یاسامەند و سەردەمیانە لە باری سیاسییە توانیویانە خۆیان بسەلمێنن و بپارێزن، کوردیش خۆی بسەلمێنێت. ئەوەی مکانیزمانەی کە دەسەڵاتە جۆراجۆرەکانی ئێرانیان لە ناوچەکە پاراستووە و ڕەواییان لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێ بەخشیون، نە هێزی سیاسی و سەربازییە، نە ڕێککەوتن لەگەڵ نەزمی جیهانییە، بەڵکوو سوودێکە کە ئەم دەسەڵاتانە بۆ زلهێزەکانی دنیا هەیانە و گارانتییەکە کە بە مانەوەی خۆیان بە دنیای دەرەوەی خۆیان دەدەن. ئەم بابەتە تەنیا لە بارەی دەسەڵاتەکانی ئێران واقعییەتی نییە، هەموو داگیرکەرانی کوردستان توانیویانە ئەم دڵنیایی و گارانتییە بە دنیای دەرەوە بدەن، بەڵام کورد سەرەڕای ئەوەی کە بەشی هەرەزۆری سەرچاوەی ئەم گارانتی و سوودەی داگیرکەران بە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کوردستاندایە، نەیتوانیوە سەرنجی دنیای دەرەوە بۆ لای ئەم بەشە ڕابکێشێت، ئەم سەرنجڕاکێشانەش وەک ئاماژەی پێ کرا تەنیا لە ڕێگای هێزی سیاسی و سەربازییەوە جێبەجێ ناکرێت، هەروەک نەتەوەی یەهوود لە سەرەتاوە ئەو دوو هێزەی لە بەردەستدا نەبوو و سەرەڕای ئەو هەموو کێشەیەی کە پاش سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی توانیان ببنە خاوەن دەسەڵاتی خۆیان، کوردیش کە لە ڕابردوودا نەیتوانیوە لەم خاڵە بە قازانجی خۆی کەڵک وەر بگرێت، لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە بە سەردەمی تێکنۆلۆژی و گواستنەوەی زانیارییە خێراکان ناودێر کراوە و پێوەندییەکان زۆر سانا و خێران، دەتوانێت تێچووکانی خەبات و بەرگری بگەینێتە نزمترین ئاستی خۆی و سەرنجی دنیای دەرەوە بۆ لای سوود و قازانجەکانی دەوڵەتی کوردی و زیانەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان ڕابکێشێت.    


ئه‌م بابه‌ته 175 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر