شەقامی عێراقی و چارەسەری کێشەکان

دەرو دراوسێ و ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەکان هەرچییەک بن، هیچ لەو ڕەوایەتییە کەم ناکاتەوە کەوا گەل بێزارو توڕەیە لە دەسەڵات
PM:12:04:28/12/2019
دۆسیە: عیراقناسی
دوورنیە دواجار شەقام دەرفەتی خۆپیشاندان و دەنگی ئازادیش بدۆڕێنێت

داهۆ سالم
نوسەر

هەر لەوەی لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی  ٢٠١٩و خۆپیشاندانی جەماوەریی، بەغدای پایتەخت و گەلێک شاری تری عێراقی گرتەوەو هەنوکەش بەردەوامی هەیە، هەموو گەلانی عێراق و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیش چاوەڕوانی کاریگەری و دەرئەنجامەکانی ئەو ڕابوونە میللییەن.

یەکێک لە نیشانە بەهێزەکانی ئەم بزاڤە جەماوەرییە لەوەدایە کەوا بەچڕی کەوتۆتە بەغدای پایتەختەوە، ئەوەی ڕێبەرایەتی دەکات ئەو پێکهاتەیەی کۆمەڵگای عێراقییە کە شیعەکانن و لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە جڵەوی حوکمڕانی عێراقییان بەدەستەوەیە و ئەزموونی فەرمانڕەوایی دووای ڕوخانی بەعس لە ئەستۆی ئەواندایە. بۆیە ئەشێ دامرکاندنەوەو فەرامۆشکردنی داواکارییەکان کارێکی سانا نەبێت. بەڵام ئەو ئامانجەی گەل لەپێناویدا ڕاپەڕیوە بەدیهێنانی ئەگەر ئەستەم نەبێت ئاسانیش نیە، بەجۆرێک کە شەقامی عێراقی توشی شێواوی و بێهیواییەک کردووە کە ناتوانرێت پشت بەهیچ میکانیزمێک ببەسترێت بۆ دەستکردن بە ڕیفۆرم و کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕەخساندنی شەفافییەت لە کاروباری حوکمڕانیدا، چونکە گەندەڵی و دزی و بەرتیل و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا ڕیشەیەکی قوڵ و دێرینی هەیەو بەجۆرێک بوە بە کەلتوورو نازانرێت چۆن و بەچی و بەکێ بسپێردرێت بە ئەندازەیەک کە بێهیوای گوتاری شەقامی توشی سەرگەردانییەک کردووە کە نازانن داوای چی بکەن.

وڵاتانی هەرێمایەتی و کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکان
هەرچەندە شەقامی عێراقی توڕەو بێهیوان لە کۆی سیستمی سیاسی وڵاتەکەیان، بەڵام ئەزموونی وڵاتانی دەورووبەر و ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی ئەوەمان پێ دەڵێن کەوا چینی فەرمانڕەوا و گەلی عێراقی بەتەنها خاوەن بڕیارنین لە یەکلاییکردنەوەی ململانێکەدا و ئەبێ ڕۆڵی وڵاتانی هەرێمایەتی و کاراکتەرە نێودەوڵەتییکان لەبەرچاوبگیرێت، چونکە یەکێک لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی کایەی سیاسی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بوونی دەستوەردانی دەرەکییە لە کێشەی ناوخۆی وڵاتاندا، بەڕادەیەگ کە هیچ تەڤگەرێکی جەماوەری لە هیچ وڵاتێکی دونیادا ناتوانێت بەدووربێت لە جێ پەنجەی بەرژەوەندی دەرەکی و بە سروشتی بە ڕێچکەی خۆیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووبەڕووی دەستوەردان و بەلاڕێدابردن دەبێتەوەو دەتوانرێت سەرکوت بکرێت، یان ئاراستەکەی بگۆڕێت. جا ئەم دیدە بۆ هەر وڵاتێک ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەی دروستبێت، ئەوا بۆ عێراق بەپێی پێگە جیۆسیاسی و چنراوە ئیتنیکی و ئایینیەکەی ڕاستییەکی فرە ڕوونە.

دۆخەکە هەرچۆنێک بێت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کەوا توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە دەسەڵات بێ غەل وغەشە و ڕاستییەکە کە جگە لە دەسەڵاتدارانی عێراقی کەس لێی بەرپرس نیە. بە واتایەکی تر، دەرو دراوسێ و ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەکان هەرچییەک بن، هیچ لەو ڕەوایەتییە کەم ناکاتەوە کەوا گەل بێزارو توڕەیە لە دەسەڵات و بۆیە هەرکات بۆی بڕەخسێت ئەو ڕقە پەنگخواردووەی هەناوی کۆمەڵگە پاڵنەری تەقینەوەی ڕەوشەکە دەبێت.

ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئەوەیە ئەوانەی کە بەرپرسن لە گەیشتنی ڕەوشەکە بەم ئاستەی ئێستا، هەر ئەوانە بوون بە دەمڕاست و خاوەن پرۆژە و پاکێج و لەبری هەڵهاتن و پاکانەکردن، لە پێشبڕکێدان بۆ سەپاندن و جێکردنەوەی خواست و ئەجێنداکانیان. ئەوانیش دەنگ هەڵدەبڕن و داوای چاکسازی و پێشنیاری چارەسەکردنی دۆخەکە دەکەن.

لە ئێستادا فیگەرەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن و فراکسیۆنەکانیان کە بەرپرسن لەو باردۆخە سیاسییەی هاتووتەئاراوە، زۆر بیشەرمانە دەستوەردان دەکەن و هێشتا هێندە بێباکن لەوەی کردوویانە، لە هەڵپەی ئەوەدان سود لەم دۆخە نوێیە وەربگرن بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانیان لەگەڵ ڕکابەرە نێوخۆییەکانیاندا، لەکاتێکدا دەبوو ئەوانە لەبیری دۆزینەوەی پەناگەیەکدا بووایەن لە دەرەوی وڵات.

چاکسازی و حوکمی ستالینی
لە ڕاستیدا زۆرێک لەو پێشنیار و ڕێکارانەی وەک بەدەمەوەچوونی خۆپیشاندان تا ئێستا ئەنجامدراون، هیچکام لەوانە هۆکاری ڕاستەقینەی خراپی سیستمی حوکمڕانی وڵات نین و بگرە هەندێک لەو هەنگاوانە لەوانەیە دەرفەتی گەندەڵی و نەبوونی چاودێری زیاتر بکات، دەشێ مەترسی گەورەتریش بەدوای خۆیدا بهێنێت و کە جارێکی تر سیستمی فەرمانڕەوای بەرەو ناوەندگەرایی  ببات و ببێتە هۆی حوکمێکی ستالینی مەترسیدارتر، کە دوورنیە دواجار شەقام دەرفەتی خۆپیشاندان و دەنگی ئازادیش بدۆڕێنێت، چونکە هەموارکردنەوەی سیستەمی وڵات بەجۆرێک کە زەمینە بۆ هەڵکەوتنی تاکەکەس بڕەخسێنێت پیشهاتێکی مەترسیدارەو خودی ئەم دەوڵەتە هەمیشە دەرفەتی ئەفراندنی دیکتاتۆری هەبووەو لەو ڕووەوە ئەزمونێکی تاڵ و شومی هەیە. بۆیە هەریەکە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان و گوڕینی دەستوورو هەڵبژاردنی پێشوەختە کە وەک نوقڵانەی هەرە گەندەڵکانە، پێناچێت چارەسەری دۆخەکە بکات.

بە کلتووربونی گەندەڵی و فەرمانڕەوایی بەعس
گەورەترین کێشە لە عێراقدا ئەوەیە گەندەڵی بووە بە کەلتوور و بە ناو ڕەگوڕیشەی تاک و کۆمەڵگەی عێراقیدا ڕۆچووەتە خوارێ.

ئەم وڵاتە جگە لەوەی بەشێکە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بۆخۆی ناوچەیەکە بەگشتی شێوەکانی فەرمانڕەوایی لە ئاستێکی سەرەتاییدایەو هێشتا چەمکە نوێیەکانی وەک دێمۆکراسی و ئازادی تاک بەپێی پێویست وەرنەگێڕدراوە بۆ کردار، بەڵام لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە، شەڕو توندوتیژی فاکتەری هەرە گرنگی قوڵبوونەوەی گەندەڵیە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەموو نەتەوەیەکدا. بۆیە یەکێک لە قۆناغە هەرە گرنگەکانی تەشەنەسەندن و بە کەلتووربوونی گەندەڵی، وێستگەی فەرمانڕەوایی بەعس و ڕژێمەکەی سەدام حوسێنە.

جەنگە یەک لەدوای یەکەکان و ترس و تۆقاندن و گەمارۆی سەختی ئابووری، کاریگەری بەرچاویان هەبوو لە داماڵینی بەهاو ئابڕوو لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا. بۆیە بە دانان و زیادکردنی داودەزگای چاودێری و دادوەری ناتوانرێت چارەسەری دۆخەکە بکریت.

گۆڕەپانی عێراق گەرمترین ئامێزە 
ئێستا بەجۆرێکە زۆرترین تۆمەتەکان و فشارەکان ڕووبەڕووی ئەو دامەزراوانە دەکرێنەوە کە لە بنەڕەتدا کاریان نەهێشتن و بنبڕکردنی نایەکسانی و نادادی و ڕەخساندنی دادپەروەرییە لە وڵاتدا، لەوانە لێژنەی دەستپاکی، پەرلەمان، ئەنجومەنە خۆجێییەکان و دادگاکان. لەکاتێکدا هەموو ئەو دامەزراوانە بەپێی سیستم و لە ڕوواڵەتدا بە پشتبەستن بە ستانداردە جیهانیە پێشکەوتووەکان دامەزراون و پەیڕەو و یاسای کارکردنیان هەمان ئەو میکانێزمانەیە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن ئەزموونی سەرکەوتووی حوکمڕانین، بەڵام لە عێراقدا گرفتی سەر کاغەز نیە، بەڵکو کە کاردەگاتە سەر جێبەجێکردن ئا لێرەوە قەیرانی عەقڵیەت لەنێو کۆمەڵگا دەستپێدەکات. پلانەکان لە پراکتیکدا توشی گرفت دەبن و رووبەڕوی ئاستەنگ دەبنەوە، کەشی گشتی کێشەی تێدایە و توانای ڕاییکردنی کاروباری دەوڵەت و سیستم و یاسای نیە، خودی کۆمەڵگا یارمەتیدەر نیە بۆ هێنانە ئارای شەفافیەت و چەسپاندنی یاسا.

کۆمەڵگای عێراقی لەڕاستیدا بەجۆرێکە کە لێی وورد دەبیتەوە ڕەنگی کۆمەڵگەی مرۆڤی سەرەتایی دەدات، هێشتا گۆڕەپانی عێراق گەرمترین ئامێزە بۆ نەشونماکردنی هەرچی بیری نەگریس و نامۆو ناچیزە لە جیهاندا، هێشتا ئەپدەیتکردنەوەی کێشە خێزانی و بنەماڵەییەکانی دوورگەی عەرەبی و خەلافەتی ئیسلامی لە بەرگی مەزهەبدا بە ئەندازەیەکە کە ناوی تاکەکەسی مرۆڤ، هۆکارە بۆ حوکمی سەربڕین و پاکتاوکردن. بۆیە ئەم کێشانە ڕیشەی قوڵتریان هەیە دەوڵەت تێدەپه‌ڕێنێت و لە هەناوی کۆمەڵگادا خۆی مەڵاس داوە.

ئەوەی دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە لە ڕەوشی عێراق ڕادەمێنیت و تا مەودای بینینی عەقڵی مرۆڤ بڕدەکات دۆش دادەمێنیت و دەستەوەستان دەبیت و هیچ هیوایەیەک بۆ باشکردن بەدی ناکرێت. لە عێراقدا زیاتر لەهەر وڵاتێک دامەزراوەی چاودێری و دادگەری هەیە، بەڵام نازانرێت چی بکرێت، نازانرێت بەکێ بسپێردرێت، شێواوییەکە بە جۆرێکە تەنانەت هەرە گەندەڵکارەکان و ئەوانەی زۆرترین بەرپرسیارێتی گەیشتنی دۆخەکەیان بەم ڕۆژگارە لە ئەستۆدایە لە هەڵپەی ئەوەدان ناڕەزایەتییەکانی شەقام بقۆزنەوە بۆ ئەوەی جارێکیتر بگەڕێنەوە بۆ ترۆپکی دەسەڵات. ئەوەتا لەبری شەقام و بژاردەی سیاسی، پرۆژە و پاکێجەکانی چاکسازی لەلایەن کۆنە گەندەڵ و تاڵانچییەکانەوە پێشکەش دەکرێت. ئەم بێهیواییە بە خودی گوتاری شەقامیشەوە دیارە.

نەبوونی چوارچێوەیەکی دیاریکراو و ناڕوونی و پچڕپچڕی لە داواکاری خۆپیشاندەران ئاماژەیەکی دیاری سەرگەردانی و لێڵی دیدگای شەقامە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سیاسی. خەڵک ڕاشکاوانە دەزانن چییان ناوێت و کامەیە چەوتی و نەنگیەکان، بەڵام شەفاف نین لەوەی چیان دەوێت ئەمەش مانای سەختی چارەسەرەکانە نەک بێ پلانی خۆپیشاندەران، چونکە ئاریشەکە دەوڵەتی تێپەڕاندووە و لە قوڵایی نەریتی کۆمەڵگادایە.


ئه‌م بابه‌ته 229 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر