شۆڕشی ماگوشە میدییەکان لە گێڕانەوەکانی هێرۆدۆتسدا

تا هاتنی ئیسلام، ماگوشەکان بە هۆزێکی گرنگی میدیا دادەنرێن
PM:02:02:27/12/2019
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا
زەردەشتی مەزن ماگوشی بووەو سەربەم هۆزەیەو لە ورمێ لەدایک بووە

فاتیح عەبدوڵڵا شوانی
مامــۆستای مێژوو لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانکۆی سلێمانی

ماگوشەکان کێین؟
ماگوشەکان (مەگوش، ماگی، موگ، موغ، مەجوس) یەکێک بوون لە شەش هۆزە بەناوبانگ و دیارەکانی میدیا لە سەرەتای دروستبوونی یەکێتی خێڵە میدیەکاندا لەسەردەستی دیاکۆ.

لە سەرچاوە ئایینەکان و بەتایبەتی لە قورئاندا ناویان وەکو (مەجوس) هاتووە کە هەر (مەگوشی) زمانی ئاڤێستای دێرینی کوردە، بەڵام لای عەرەب بووە بە (مەجوس)و زۆربەی سەرچاوە عەرەبیەکانی دواتر هەر بە مەجوس ناویان بردوەو بەهەڵە بە (ئاگرپەرست) دادەنرێن. لەڕاستیدا ئەوان ئاگرپەرست نەبوون، بەڵکو روناکی و ئاگر پایەیەکی گرنگی ئاینەکەیان بوو، دەبوو لە ئاتەشگەدە ئاگری بەردەوام هەبێت و هەرگیز نەکوژێتەوە. هەروەها زەردەشتی مەزنیش سەربەم هۆزەیەو لە ورمێ لەدایک بووە، دوای ئەوەی ئاینی زەردەشت بلاوبۆیەوە، بووە ئاینی رەسمی دەوڵەتی میدیاو ئەخمینی و ساسانی.

ئەم موگانە بوون بە میراتگرو خاوەنی راستەقینەی ئاین و بەریوەبەرو هەڵسوڕاندنی کاروباری ئاینی زەردەشتی لە وڵاتدا، بوون بە بەرپرسی یەکەمی ئاتەشگاو شوێنە ئایینیەکان.

بوونی ئاتەشگەو ئاگردانی زەردەشتی لە هەموو شوێنەوارەکانی کوردستاندا وەک باشوری کوردستان: شوێنەواری (قزقەپان) و شوێنەوارەکانی (نەوێ)و قەڵای (دەربەند بازیان)و دەربەندیخان، ئەوانەی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتیش دەیسەلمێنن خەڵکی کوردستان زەردەشتی بوون و بە هاتنی ئیسلام و کاریگەری ئەو ئاینە، زەردەشتیەت کاڵ بووەتەوە. دواتر وشەی مەجوسی وەک سوکایەتی بەو ئایینە لەلایەن عەرەبەوە بۆ کوردو فارس بەکارهات تا بە ئاگرپەرست و مەجوسی ناویان ببەن و ئایینە نوێیەکەیان بەسەردا بسەپێنن.

هەرچەندە لە سەردەمی ساسانیدا ئاین لە رەوتی خۆی لایداوەو دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری هێناوەو پیاوانی ئاینی زەردەشتی -واتە موگەکان- توشی گەندەڵی و لادانی ئاینی بوون و دورکەوتنەوە لە بەها پیرۆزەکانی زەردەشتی و ناوبانگی خراپیان پەیداکرد. لەگەڵ ئەوەشدا تا هاتنی ئیسلام، ماگوشەکان بە هۆزێکی گرنگی میدیا دادەنرێن. لە سەردەمی دیاکۆی پاشای میدیاو پایەیەکی گرنگی دروستکردنی دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتی میدیا بوون، هەر لە سەرەتاوە رۆڵی گەورەی رامیاری دەبینن و لە پلەو پایەکانی دەوڵەتدا ناوو جێگایان دیارە، لە سەردەمی ئیمپراتۆری میدیاو ئەخمینی و ساسانیدا کاریگەرن و لە زۆربەی روداوەکاندا بەشدارن، چی وەک هێزێکی رامیاری، چی وەک لایەنێکی ئایینی و خۆ بەخاوەنزانینی ئاینی زەردەشتی. 

دوای روخاندنی ئیمپراتۆری میدیاش لەسەردەستی کۆرشی ئەخمینی فارسی، ماگوشەکان ئەو شکستەیان زۆر بەلاوە مەترسی بووە. بۆیە هەر زوو کەوتنە شۆڕش و راپەڕین و بەگژداچوونەوەی کۆرش و قەمیزو داراو...هتد. چونکە ماگوشیەکان خۆیان بە میراتگری میدیاو زەردەشت و دەوڵەتداری دەزانی، نەک فارسی ئەخمینی. هەرچەندە دوای شکستی شۆڕشەکەیان، میدییەکان و موگەکانیش لە ڕیزی سوپای داراو خێرخیسی کوڕیدا دژی لیدیاو یۆنان لەشەڕدا بوون، بەڵام بەشیک لە میدیەکان بەردەوام دژی دەسەڵاتی فارس وئەخمینی بوون.

لەم باسەداو لە ڕوانگەی گێڕانەوەکانی (هێرۆدۆتس)دا ئەو بابەتە روون دەبێتەوە کە چۆن ماگوشەکان هەوڵی گرنگی خۆیان داوە بۆ گەڕانەوەی شکۆی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری میدیاو دەسەڵاتی (ئەستیاگ)ی پاشای گەورەی میدیا. هەورەوها رۆڵ و کاریگەری مەگوشەکان لە روداوو لەشکرکێشیەکانی ئەو سەردەمەدا چۆن باس دەکات. هێرۆدۆتس باس لەوەش ئەکات دوای شکستی ماگوشەکان لەسەر دەستی دارا چۆن ماگوشەکان هاوکاری سوپای فارس بوون لە داگیرکردنی دورگەکانی یۆنان و زۆربەی شەڕەکانی داراو خێرخیسی کوڕیدا دژی گەلانی رۆژئاوا. 

ئەمە کورتەیەک بوو لەسەر ماگوشەکان وەک پێشەکییەک بۆ بابەتەکە.

لیرەوە گێڕانەوەکەی هێرۆدۆتس دەست پیدەکات:

کاتێ قەمبیز لە میسر لە شەڕدا بوو، تەواو سەرقاڵی ئەو ناوچانە بوو، لە شەڕێکدا چاوەکانی لەدەست دەدات. لە هەمان کاتدا لە وڵاتی (ماد- میدیا)  دوو مەگوشی -کە برابوون- شۆڕشیان دژی قەمبیز کرد، یەکێکیان لە وڵاتی فارس دەژیاو دەیویست دەست بگرێت بەسەر کۆشکی دەسەڵاتی قەمبیزو لەوێشەوە دەستی کرد بە شۆڕشەکەی. ئەوەی تریان کە ناوی (سیمیردیس-Smerdis) بوو، گوایە بە لێدانێک مردووە لەلایەن فارسەکانەوە، بەڵام زۆرێک پێیان وابوو ئەو کەسە نەمردووەو لە ژیاندا ماوە، ئەوە درۆی خۆی بووەو بەشێک بووە لە پلانەکەی بۆ ئەوەی بگات بە تاجی پاشایەتی، ئەم کەسە برایەکی لە دایکی خۆی هەبوو، قسەی لەگەڵ کردووە پێش ئەوەی شۆڕش هەڵگیرسێنێت، ئەم پلانەی داناوە.

لێرەدا ناوی کەسێکی تری موگی هاتووە کە هاوکار و پشتیوانی سیمیردیس بووە لە کارەکانیدا بۆ شۆڕش بەناوی (پاتیسیزیس-Patiseithes)(١)، ئەم کەسە مەگوشیە وەکو کەسێکی شۆڕشگێڕو هەڵگەڕاوە دانراوە لەلایەن قەمبیزەوە کە پێدەچێت هەر سیمیردیس بێت، چونکە هەواڵگرەکان ئەم دەنگوباسەیان گەیاندە قەمبیز لە میسرو زۆر شتێان لەسەر ئەم دووبرا مەگووشیە بۆ باسکرد، وەکو ئەوەی وتیان ئەوانە دژی تۆ شۆڕشیان کردوەو ئەیانەوێت دەسەڵاتی ئەستیاگ زیندوو بکەنەوەو دژی تۆ کاردەکەن و سیمیردیس دەیەوێت ببێ بە پاشاو جێی تۆ بگرنەوە.  

ئەو کەسەی وەک نوێنەروهەواڵگری قەمبیز بوو، هەواڵەکەی بۆ قەمیز باسکرد ناوی (پرێکساسپێس-Prexaspes) بوو، هەر لەوێدا گفتوگۆیەکی زۆر دەکات لەگەڵ قەمبیزدا، پاشان قەمبیز لێی دەپرسێت: ئێستا پێـم بڵێ کێی ترلەگەڵ سیمیردیس بووە لە دژی من؟ 
ئەویش وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت:: دوو ماگوشین کە یەکێکیان دەیویست ماڵ و مناڵەکەت و کۆشکەکەت داگیر بکات، ئەوی ترییش سیمیردیسە. لەم کاتەدا قەمبیز خۆی کۆدەکاتەوەو دەیەوێت سوپایەک بنێرێتە سەر ماگوشەکان لە ناوچەی سوسە.
هەروەها قەمبیز زۆرشتی هێناوەتەوە بیری خۆی، وەکو دەسەڵاتی میدیەکان لە هەمەدان و هەمەدانی پایتەخت کە پڕی بوو لە زێڕو بابەتی رازاندنەوەو جوانکاری، وەک بڵێی ئەم شۆڕشگێڕانە سەربە میدیەکانن و دەیانەوێت میدیا دروست بکەنەوە لە هەمەدان، بەڵام خۆی دەپرسێت هەمەدان؟ 

هەموو ئەمانە مانای وابوو ماگوشەکان لە میدیاوە لە هەمەدانەوە شۆڕشیان دژی ئەو ئەنجامداوە(٢).  (هێرۆدۆتس لەپەرتوکی سێیەمدا شتێکی ناوازە باس ئەکات لەسەر شۆڕشی مووگەکان وهەڵگەڕانەوەکەیان دژی قەمبیز)(٣).،لەهەمان کاتدا دوای ٢٢ رۆژ سوپاکەی قەمبیز گەیشتنە سوسە کە خودی نوێنەرەکەی قەمبیز (پرێکساسپێس-Prexaspes)ی تێدابوو، تا ئەم کاتەش باوەڕی وابوو کە ئەو کەسەی شۆڕشی کردووە، براکەی خۆی نییە، بەڵکو ئەو سیمیردیسە (ماگوشییە)و براکەی کاری وا ناکات بۆ تاجی پاشایەتی. لەم کاتەدا کە پرێکساسپێس وەک خانەدانێکی گەورە گەیشتۆتە سوسە، ئەوەیان راگەیاندو هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە پاشاکەیان (قەمبیز) هەرگیز رێگا نادات بەم ماگوشانە دەسەڵاتی ئەخمینی بڕۆخێنن و دەسەڵاتی میدیا دروست بکەنەوە، بەڵام لەم کاتانەدا بوو قەمبیز مرد.

رۆژ لەداوی رۆژ ماگوشەکان دەسەڵاتیان زیاتر دەبوو، فراوانتر دەبوو بەرەو دەسەڵاتی پاشایەتی دەچوون(٤). ئیتر لێرەوە بە ماوەی دەسەڵاتی  ماگوشەکان دادەنرێت. لە هەشتەمین ساڵی دەسەڵاتی قەمبیزدا کە زۆربەی نەتەوەکان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ماگوشەکانەوە، تەنها ناوچەی فارس نەبێت، بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ئازادی ژیان و باج وسەرانەیان بە کەس نەدا(٥).

لەو سەردەمەدا لەناکاو کەسێک پەیدابوو بەناوی (ئوتانیس-Otanes) کوڕی (فارانسپێس-Pharanspes) ( کەباس لە (گوماتا) سیمیریس دەکات و بەدرۆی دەخاتەوە) لە ناوچەی فارس وەک خانەدانێکی فارس یەکەم کاری دژی ماگوشیەکان بەتایبەت سیمیریس دەستپێکردو لای خەڵک وتی ئەم پیاوە کوڕی کۆرش نیە، هەرگیز لەوەپێش لە خانەوادەو بنەماڵەی فارس و پاشایەتیدا کەسێک بەم ناوەوە نیەو ئەم کەسە راست نیە. ئەوەش گومانی لای زۆربەی شوێنکەوتوانی دروستکرد، لەپێش هەموو کەسێکەوە کچەکەی خۆی کە شووی بە قەمبیز کردبوو بەناوی (فادیما-Phaedima)، هەر بۆیە ئەم کچە خۆی و باوکی کەوتنە دژایەتی ماگوشەکان.

ئوتانیس و فادیما وەکو کچ وباوکێك کەوتنە نامەناردن و بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە(٦). هەروەها نامەیان نارد بۆکچی قەمبیز بەناوی (ئاتوسا-Atossa) -ئەم ژنە کچی کۆرش بوو، ژنی قەمبیزو داراش بووە- پێی دەلێن تۆ ئەم کەسە دەناسی یان نا؟ لەگەڵ روونکردنەوەکەی خۆیدا بۆ ئاتوسا، ئەوەی پێ دەڵێن تۆ لە خوێنی پاشایەتیت، نابێت رێگە بدەی بەو کارەی ماگوشەکان، چونکە تۆ دڵنیایت لەوەی ئەم کەسە کوڕی کۆرش نیەو ئەوە دەزانی لە ماگوشەکانە. هەروەها جارێکی تر فادیما لە وەڵامدا پێی ئەڵێ ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە.

لەسەر ئەم کارانە فادیما لەلایەن سیمیریسەوە سزای بۆ دەرچوو، پاشان گیراو ماگوشەکان لەگەڵیدا خەوتن وەک تۆڵەیەک. دواتر ئەم هەواڵە گەیشتەوە باوکی فادیماو کێشەکە گەورەتر بوو، چونکە ئۆتیانس پەنای بردەبەر دوو سەرکردەی تری بەهێزی فارس بەناوەکانی (ئاسپاسینیس-Aspathins)و (گوبریاس-Gobryas) کە جێی باوەڕی بوون و ئەویش هەموو شتێکی پێوتن دەربارەی کێشەکەیان، پاشان هەوڵیدا پەیوەندی بە سەرکردەی تری فارسەوە بکات و لایانگریان زۆرتر بوو ژمارەیان گەیشتە شەش کەس بە داراوە، وەک ئەمانەی تر: (ئینتافێرنیس-Intaphernes)و (ئاسپاسینس-Aspathines)و (میگابیزوس-Megabyzus)و (هیدران-Hydran)، پاشان (دارای کوڕی هیستاسپێس-Darius-Hystaspes) کە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوون. پاشان بە ئۆتانسەوە بوون بە حەوت پیاو، ئەم حەوت پیاوە  پێکەوە بیریان لە کارێکی گرنگ کردەوە لەژێر سەرکردایەتی دارادا و یەکەم کاریان دژی سیمیریس ئەنجامدا، ئەویش ئەوە بوو ئەوەیان بۆ خەڵک سەلماند کە ئەو کەسەی ئەیەوێت ببێتە پاشا کوڕی کۆرش نیەو نەمردووەو لە ژیاندا ماوەو ئەو کەسە ماگوشیەو دەیەوێت لەو رێگایەوە دەسەڵات بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، هەر بۆیە دارا دەڵێت: "لێرەدا من دێم و ماگوشەکان دەوەستێنم و دەیانکوژم"(٧). بەم شێوەیە کەوتنە گفتوگۆو پلاندانان بۆ لەناوبردنی ماگوشەکان. 

ئیتر لێرەوە وردە وردە رۆڵ وکاریگەری دارا دەرکەوت، ئوتیانس کە زانی دارا زۆر گەرموگوڕە، بایەخیان پێداو بە پیرۆزو گەورەیان داناو لە دەوری کۆبوونەوە، هێزیان بۆ دروستکردو بەڕێزەوە هێنایان بۆ کۆشک و وتاریان بۆ خەڵک دا. گوبریاس وەک وتەبێژی دارا، یەکەم وتاری داو تێیدا دەڵێت: "هاوڕێ بەرێزەکان باشترین دەرفەت بۆ ئێمە گەڕانەوەی شاهەنشایەکەمانە، ئەگەر ئێوە بەهێز نین باشە لێیگەڕێن، با بمرین گەلی فارس و وڵاتی فارس لەلایەن ماگوشەکانەوە فەرمانڕەوایەتی بکرێت، وەکو چۆن بینیتان و زانیتان قەمبیز بەشێوەیەکی خراپ مرد، ئەگەر ئێمەش هەوڵ نەدەینەوە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتەکەمان ئاوها ئەمرین، ئێمە کە ئێستا لیرەدا بیردەکەینەوە قسە دەکەین بۆ ئەوەیە دژی دوو براکە کاربکەین، سەرەتا دەنگی من ئەوەیە دارا هەڵبژێرین وەک راوێژکار و سەرپەرشتیاری کۆشک لە شوێنی ماگوشیەکان". لەم کاتەدا کە ئەم قسەی دەکرد زۆرینەی خەڵک پاڵپشتیان لێکرد. ئەمەش هەوڵێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی ئەو حەوت پیاوە پێکەوە کاریان کردو وەک راوێژکاری فارس دەرکەوتن.

دواتر ماگوشەکان کەوتنە خۆئامادەکردن بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم کارو پلانانەی حەوت کەسەکە، بەڵام تادەهات فارسەکان بەهێزتر دەبوون و سەرکردە سەربازیەکانیان دەرکەوتنەوەو پەیوەندییان بە فارسەوە کرد، وەک (پرێکساپێس-Prexapes) کە رۆڵی گرنگی گێڕا لە سەرکەونتی فارسەکان بەسەر ماگوشەکاندا، ئەویش سوربوو لەسەر گەڕانەوەی دەسەڵاتی فارس(٨).

دوای ئەوەی کارەکانیان رێکخست، حەوت پیاوەکە پەلامارو هێڕشەکانیان بۆ سەر موگەکان دەستپێکرد بەبێ ئەوەی زیاتر دوای بخەن.

بۆ سەرکەوتنی ئەم کارەیان نوێژیان بۆ خواوەند کرد، پاش رۆژێک لە کۆشک کۆبوونەوەو دانیشتن، ئەم کارەشیان بەسەرپەرشتی پرێکساپێس بوو، بۆیە لێرەدا بڕیاردەدەن بچنە سەر دوو برا مەگوشیەکان و بیانکوژن، لەم کاتەدا دارا دەرکەوت کە خەریکی کارێکی تری دژی موگەکان بوو بەرەو کۆشک هات و پێشوازییەکی گەرمی لێکراو پاشان سوپاسی خوایان کردو تاوتوێی ئەوەیان کرد چی بکەن و چۆن کارەکان ئەنجام بدەن، هەر ئەوکات پیاوەکان دارایان وەک سەرکردەی خۆیان هەڵبژاردو دەنگیان پێدا، لێرەوە بوون بە هێزێکی گەورە بەرامبەر بە موگەکان(٩).

بەو شێوەیە وەکو هێزێکی ترسێنەر هاتنە مەیدان و هەردوولا دەستیان بۆ چەک بردو کەوتنە شەڕەوە، سەرەتای شەڕەکە بە تیربارانکردنی یەکتری دەستی پێکرد، پاشان سەرکردەکان لە یەکتری نزیک بوونەوەو دوو هێزی دووژمنی یەک پێکدا هەڵپژان، هەریەک لەلایەکەوە کەوتنە شەڕو بەرگری لەگەڵ هێزو کەسانی بەرامبەر بەخۆیان، لەم کاتەدا دوان لە حەوت پیاوەکەی فارس برینداربوون: (ئینتافێرنیس-Intaphernes) چاوەکانی لەدەست داو (ئاسپاسینس-Aspathines) قاچەکانی، بەڵام ئەمانە نەبوونە هۆی مردنیان، تەنیا لە شەڕکردن کەوتن، ماگوشەکان هاتن بۆ کوشتنیان، ئەوانیش یەکسەر خۆیان کوتایە ژورێکی تاریک و دەرگاکەیان لەسەر خۆیان داخست، لەم کاتەدا دارا و (گوبریاس-Gobryas) لەو ژورەدا بوون و ماگوشەکان هاتنە ژوورەوەو کەوتنە شەڕ لەگەڵیان، بەڵام زۆر تاریک بوو، کەس کەسی بەباشی نەدەبینی، زۆری نەبرد گوبریاسیش بەسەختی برینداربوو، دارا پێی وت: ئەوە لە ئازارەکەت دەترسی؟ وتی نا. وتی بێدەنگ بە با نەمان بینن. یەکسەر دارا، گوبریاسی کوشت بە خەنجەرەکەی بۆ ئەوەی دەنگی لێوە نەیەت و بتوانێ بە ئاسانی ماگوشەکان بکوژێ، بەو هەنگاوەشی توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و لەناکاودا توانی پیاوە ماگوشیەکان بکوژێت. 

بەم شێوەیە داراو هاورێکانی لەو شەرەدا سەرکەوتن بەسەر ماگوشەکاندا، توانییان سەری سەرکردەکانی ماگوشەکان لە لاشە بکەنەوەو بیانبەنە دەرەوە تا خەڵک باوەڕیان پێبکات و بیبینن. پاشان لە دەروازەی کۆشک هەڵواسران. ئیتر لێرەوە کەوتنە پەلامارو کوشتنی ماگوشەکانی تر، بەوەش زۆربەی جەنگاوەری ماگوشەکان کوژران. هەر ئەو شەوە، یان ئەورۆژە، کەوتنە ئاهەنگ گێڕان وناویان نا (سەربڕینی ماگوشەکان)، فارسەکان کەوتنە خۆشی وماگوشەکان شکستیان هێناو بەدرێژای ئەورۆژە لە ماڵەکانیان خۆیان دەشاردەوە(١٠).

پێنج رۆژ لەدوای ئەم سەرکەوتنەیانەوە فارسەکان کۆبوونەوەیەکیان رێکخست، تێیدا ئۆتیانیس ئامۆژگاری کردن بۆ رێکخستن و کاروباری دەوڵەت، بەبەشداری گشت نەتەوەکان، هەر بۆیە ئەلێت: "من وای بەباش دەزانم، یان باشترە یەک پیاو رۆڵی سەرەکی نەگێڕێت لە بەڕێوەبردن و کاروبارەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر، بینیتان قەمبیز چۆن خۆی بە گەورە زانی و ماگوشەکان سەرکەوتن بەسەریا، من داوای پاشایەتیەکی بەهێزو خاوەن یاسا دەکەم، کە تێیدا خەلک خاوەن هێز بێ و بۆ هەموو خەڵک بێت..."، پاشان ئۆتینایس (میگابیزوس-Megabyzus) وتاری دا، داوای دەسەڵاتی ئۆلگاریشی کرد، دوای ئەمیش یەکسەر دارا هات و قسەی کردو وتی: "هەموو ئەو قسانەی میگابیزوس کردی دژی دیموکراتیە، بەبڕوای من بۆدانانی هەرسێ جۆرەکانی حکومەت لە پاشایەتی و کەمینەو دیموکراتی، دەبێت بزانین کامیان باشترە لە کامیان، من مونارچی بە باشتر دەزانم لەوانی تر بۆ دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز کەسێک بیبات بەڕێوە لەگەڵ راوێژکارو خەڵک".

 بەم شێوەیە سەرکەوتن وشانشینەکەیان دامەزراند بە ئامۆژگاری ئۆتیانیس و هەوڵەکانی ئەو کەسە. دواتر ساڵ لەدوای ساڵ بەهێز بوون توانیان بەتەواوەتی سەربکەون بەسەر میدییە شۆڕشگێڕەکانداو جاریکی تر فارسیان دروست کردەوە. دوای ئەم هەنگاوو سەرکەوتنانە هەریەک لە داراو  ئۆتیانیس کەوتنە کێبڕکی بۆ ئەوی ببن بە پاشای وڵاتی فارس (١١).

دوای پێشبڕکێیەکی ئەسپسواری، دارا لە ئۆتیانیسی بردەوەو بوو بە پاشای وڵاتی فارس و عەرەب و بەشێکی زۆری ئاسیا. بەو کارانەش دارای کوڕی هیسیتاپیس بوو بە جێگری قەمبیزی کوڕی کۆرش  چووە سەر کورسیی پاشایەتی. دارا یەکەم جار هەستا بە مارەکردنی هەندێک ژنی فارس لە خۆی، کە دوانیان کچی کۆرش بوون، وەک (ئاتوسا-Atossa)و (ئارتیستۆنە-Artystone) ئەمەش لەکاتێکدا بوو ئاتوسا دوو شووی تری کردبوو، پێشتر بە قەمبیزی براکەی خۆی و ئەویتری بە ماگوشیەک، ئەوەی تریان ئارتیستۆنە کچ بوو، کچی سمیردیسی کوڕی کۆڕش بوو، دوای ئەمە حەزی لە کچی ئۆتیانیسیش کرد، ئەوی ماگوشەکانی بۆ ئاشکرا کردبوو، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دارا ببێت بە پاشای وڵات. پاشان یەکەم کاری تری دروستکردن و هەڵکۆڵینی نوسینێک بوو لەسەر بەردێک کە پێکهاتبوو لە پیاوێک و ئەسپێک لەگەڵ کۆمەڵێ نووسین کە تێیدا دەڵێت: "من دارای کوڕی هیسیتاپیس بەئامانجی خواوەند، بووم بە جێگری قەمبیزی کوڕی کۆرش  چوومە سەر کورسی پاشایەتی". پاشان دەوڵەتەکەی کرد بە ٢٢ ساتراپەوە، زۆربەی خێڵ و نەتەوەکانیشی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوەو وەکو حکومەتی بچوک بچوک لەژێر دەسەڵات و چاودێری خۆیدا بێت. توانی دەسەڵاتی سەردەمی کۆرش بەدەست بهێنێتەوە، هەر بۆیە فارسەکان دەڵێن کۆرش باوک بوو، قەمبیز بەڕێزو گەورەو سەرۆک بوو، داراش بریکاری وەرگرتنی دەستاودەستی دەسەڵات بوو(١٢).

بەو شێوەیە دارا توانی سەربکەوێت بەسەر شۆڕشگێڕانداو باجی سەپاند بەسەر گەلانی ناوچەکەدا(١٣).

سەرچاوەو پەراوێزەکان:

(١)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p241.
 (٢) پێدەچێت ئەم  دوو برایە کە هێرۆدۆتس باسیان دەکات (گوماتا) یان (چیتران توخمە) بێت.
(٣) هێرۆدۆتس لە پەرتوکی سێیەمدا شتێکی ناوازە باس دەکات لەسەر شۆڕشی مووگەکان و هەڵگەڕانەوەکەیان دژی قەمبیز، باس لەوە دەکات لە ئەگبەتانەی سوریا شۆڕش هەڵگیرساوەو گڵپەی کردووەو لە برەودا بووە بە سەرکردایەتی (پاتیسیزیس-Patiseithes) وەک ماگوشێکی بەناوبانگ و زۆر بەهێز. لەم کاتەدا قەمبیز ویستوێتی لە هەمەدانی سوریا بیبینێت. هەروەها دواتر لە لاپەڕەکانی (٢٤٣) دا جارێکی تر دێتەوە سەر باسی ئەو شۆڕشەو دەڵێت: "قەمبیز دەیەوێت چاوی بە نوێنەری ئەو ماگوشانە بکەوێت کە سەرکردایەتی شۆڕشەکە ئەکەن لە هەمەدانی سوریا". لێکدانەوەی ئەم قسانەی ئەوە ئەگەیەنێت شۆڕشی مەگوشە میدیەکان بەتەواوەتی سەرکەوتنی بەدەست هێناوەو شۆڕشەکە زۆربەی وڵاتی میدیای گرتۆتەوە تا رۆژئاوای کوردستانیش، بۆیە قەمبیز ناچار بووە لەگەڵیان رێکەوێت و بکەوێتە گفتوگۆو دانوساندن یان ئەوەتا میدیەکان لە ناوچانەدا زیاتر خاوەن هێزو پێگەی خۆیان بوون و رۆڵی سەرەکی سەربازی و رامیاری ئەو ناوچانە  لەژێر دەسەڵاتی میدیەکاندا بووە".
.( ٤)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p241.
 (٥) کەواتە مەگوشە میدیەکان تەواوەتی دەوڵەتی ئەخمینیان خستۆتە ژێردەستی خۆیان و میدیان رزگارکردۆتەوەو دەسەڵاتی ئیمپراتۆری میدیایان گەڕاندۆتەوە، بەڵام هێشتا دوژمنەکانیان بەتەواوەتی لەناو نەبردووە، بۆیە ئەستێرەی فارسی ئەخمینی جارێکی تر ئەدرەوشیتەوە. وەرگێڕ.
(٦)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p245.
(٧)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p247.
.(٨)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p248-249.
. (٩)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p250.
.(١٠)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p251.
 (١١)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p252-255.
.(١٣)، (١٢)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p257-259.



ئه‌م بابه‌ته 403 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر