قەزای قەرەداغ

PM:12:08:26/12/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

قەزای قەرەداغ یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی، لە باشوری کوردستان، کە لە دوو ناحیەی سەرەکی (قەرەداغ، سێوسێنان) پێکدێت. ناحیەی قەرەداغ ناوەندی قەزاکەیە، لە ڕووی مێژوییەوە بایەخێکی تایبەتی ھەیە، کە لە دەربەندی جور لە چیای قەرەداغ نەخشی پادشا ( نەرام سین ئەکەدی) دەردەکەوێت کە لە ساڵانی (٢٢١٨ – ٢٢٥٤ پ.ز) خەریکی ئاھەنگ گێڕانن بەھۆی سەرکەوتنیان لە جەنگێکیدا دژ بە داگیرکەر. لە ڕووی گەشتوگوزارەوە گرنگییەکی  زۆری ھەیە بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافیەکیەوە کە ناوچەیەکی سەرکەش و سەوزی ھەیە بەتایبەت لە وەرزی بەھار و پایزدا.

ناوی قەرەداغ:
بەتەواوی ڕوون نییە کە ناوی قەرەداغ لە چییەوە سەرچاوەی گرتوە، بەڵام لەڕووی زمانەوانییەوە لە دوو وشەی لێکدراو پێک ھاتووە (قەرە + داغ) ھەریەکە لەم وشانە مانای تابەتیان ھەیە، ( قەرە ) بەواتای ڕەش دێت لە ئەنجامی سوتانەوەی ڕویدابێت، (داغ) بە واتای گەرم دێت.

ھەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای قەرەداغ لە سنوری باکور و باکوری ڕۆژھەڵات ھاوسنوری لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی، لە ڕۆژئاوا لەگەڵ قەزای چەمچەماڵ، لە باشور لەگەڵ قەزای شارەزوور، لە باشور لەگەڵ دەربەندیخان ھاوسنورە. واتە دەکەوێتە ناوەندی پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان.

ئاو و ھەوا:
قەزای قەرەداغ  زستانی سارد و ھاوینی فێنک و مامناوەندە، ئەمەش بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیەکەوە کە کێو و دوڵی زۆری تێدا ھەڵکەوتووە. 

ڕووبەر:
ڕووبەری قەزای قەرەداغ ٨ کم چوارگۆشەیە، بەرزی لەئاستی دەریاوەی نزیکەی زیاتر لە ٤٥٥  مەترە.

ژمارەی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای قەرەداغ بەپێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ١٠,٩٣٧ کەس پێک دێت.

ئا/ ئەنەس محەمەد ئیبراهیم


ئه‌م بابه‌ته 1244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر