ئەو کارانەی کە نابێت سەرۆکی ئەمریکا بیانکات

سەرۆکی ئەمریکا بۆی نیە ئۆتۆمبیل لێبخورێت، نەک تەنیا لەماوەی سەرۆکایەتیدا، بەڵکو بەپێی یاسایەک ئەو مافەی لێ دەسەنرێتەوەو بۆی نیە بەدرێژایی ژیانی ئۆتۆمبیل لێبخوڕێت
PM:05:06:24/12/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی
سەرۆک دەبێت هەموو مانگێک، تێچووی پێویستییەکانی خۆراکی ڕۆژانەی لە ئەستۆ بگرێت

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

لە جیهاندا زۆربەی سەرۆکەکان کۆمەڵێک تایبەتمەندێتی و مافیان هەیە، وەک شوێنی حەوانەوەی باش و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە ژیانی ڕۆژانەو هۆیەکانی پشوودان، جگە لەوەش مووچەیەکی مانگانەیان هەیە کە بەپێی یاسا بەرکارەکان لە وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت.  

پۆستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێکە لە پۆستە هەستیارەکان لە جیهاندا، کە لەڕووی خزمەتگوزاری و شوێنی حەوانەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی تردا نیە. 

سەرۆکی ئەمریکا مووچەیەکی سالانەی هەیە -کە مانگی کانوونی یەکەمی (٢٠٠١) لەلایەن کۆنگرێسەوە هەموار کراو بڕەکەی زیادکرا بۆ (٤٠٠) هەزار دۆلار لە ساڵێکدا، ئەمە جگە لە موچەی خانەنشینی بە بڕی (٢٠٠) هەزار دۆلارو پارەی دیکە بۆ خەرجیی گەشت و کارەکانی. 

بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە سەرۆک بۆی هەبێت لەماوەی سەرۆکایەتیدا لەسەر بودجەی حکومەت بژیت.

خۆراک
سەرۆک دەبێت هەموو مانگێک، تێچووی پێویستییەکانی خۆراکی ڕۆژانەی لە ئەستۆ بگرێت. (میشێل ئۆباما) خانمی یەکەمی پیشووی ئەمریکا کاتێک لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ئەم زانیارییەی درکاند، هەموانی شۆک کرد!

 
میشێل ئۆباما لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە شتێک کرد کە لە کتێبەکەیدا لەسەری دواوە، کە هەموو جارێک پسوولەی ئەو بەشە خۆراکەی پێدراوە بۆ خۆی و خانەوادەکەی و میوانەکانیان، لەگەڵ هەندێک پێداویستی دیکەی وەک هەویری دان شتن و بۆن و کیسەی خۆڵ و کلینیێکس، ئەوە جگە لەو شتانەی کە لەلایەن فەرمانبەرانی نیشتەجێی کۆشکی سپییەوە بۆیان دابین کراوە.

جلوبەرگی ئامادەکراو
پێویستە سەرۆک و هاوسەرەکەی پارەی ئەو جلانە بدەن، بەڵام بۆیان هەیە بە خۆڕایی بیپۆشن ئەگەر کەسی دیزاینەر وەکو دیاری پێشکەشیان بکات. ئەمە وەکو دیاردەیەکی باوی لێهاتووە، بەتایبەت بۆ خانمی یەکەمی ئەمریکا کاتێک بەشداری ئاهەنگەکان دەکات، دوای ئەوەش خانمی یەکەم ئەو دەستە جلە دەبەخشێت، یان لە زیادکردنی ئاشکرادا دەفرۆشرێت و پارەکەی بۆ کاری خێرخوازی تەرخان دەکرێت. 

دیکۆری ناو کۆشک
هەندێک لە سەرۆکەکانی ئەمریکا لەگەڵ دەستبەکاربووندا هەندێک گۆڕانکاری لە دیکۆری ناوەوەی بەشێک لە ژوورەکاندا دەکەن، بۆ ئەو مەبەستە بڕی (١٠٠) هەزار دۆلاریان دەدرێتێ. ئەگەر تێچووەکە لەو بڕە زیاتر بێت، ئەوا دەبێت لە گیرفانی خۆیان بیدەن.

کرێ یاساییەکان
هەندێک کرێی یاسایی تایبەت هەیە کە دەبێت سەرۆکەکان لە گیرفانی خۆیان بیدەن، چونکە بودجەی تەرخانکراوی کۆشکی سپی نایانگرێتەوە.
 
سەرۆک بیڵ کلینتۆن و هیلاریی هاوسەری کاتێک کۆشکی سپییان بەجێهێشت بڕی ١٦ ملیۆن دۆلار قەرزدار بوون، چونکە لە ماوەی هەشت ساڵی مانەوەیان لە کۆشکی سپی، ئەو بڕە پارەیە قەرزداری پارێزەری داکۆکیکردن لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە ئابڕوچوون و لێپرسینەوەی کلینتۆن بوون. 

خەرجی پشووەکان
دەبێت سەرۆک خۆی خەرجیی پشوودان و گەشتە تایبەتەکانی بدات، وەک کرێی هۆتێل و ئەو خانووەی کە لەگەڵ خیزانەکەیدا تێیدا دەمێننەوە.

دیاریی کەسایەتییە گەورەکان
بەشێکی تایبەت لە کۆشکی سپی هەیە بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردنی ئەو دیارییانەی کە بۆ کەسایەتییە گەورەکان دەکڕدرێن، بەڵام پێویستە سەرۆک لە گیرفانی خۆی پارەی ئەو دیارییانە بدات.

قژ داهێنان
خانمی یەکەم بایەخێکی زۆر بەم بوارە دەدات. لۆرا بوش لەماوەی مانەوەی لە کۆشکی سپی، کەسێکی تایبەتی بۆ داهێنان و ڕێکخستنی قژی خۆی بە کرێ گرتبوو بۆ ئەوەی بەردەوام بەشێوەیەکی جوان دەرکەوێت، لە گیرفانی خۆی کرێی ئەو کەسەی دەدا. 

ئاهەنگە تایبەتەکان
کۆشکی سپی چەندین ئاهەنگ بەخۆوە دەبینێت کە تێچووی هەندێکیان لەسەر بودجەی تایبەتی کۆشک دەدرێت، بەڵام پارەی بەشێک لەو ئاهەنگانە دەبێت لەلایەن خودی سەرۆکەوە بدرێت. هەروەها مووچەی پاکەوان و شاگردەکانیش دەبێت سەرۆک بیدات.  

لێخوڕینی ئۆتۆمبیل
سەرۆکی ئەمریکا بۆی نیە ئۆتۆمبیل لێبخورێت، نەک تەنیا لەماوەی سەرۆکایەتیدا، بەڵکو بەپێی یاسایەک ئەو مافەی لێ دەسەنرێتەوەو بۆی نیە بەدرێژایی ژیانی ئۆتۆمبیل لێبخوڕێت. 

چرکەساتی تیرۆرکردنی (جۆن کنێدی) سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لەساڵی ١٩٦٣، بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی پاراستنی ئاسایشی سەرۆکی ئەمریکادا. لەو کاتەوە تائێستا هیچ سەرۆکێک بۆی نیە سواری ئۆتۆمبیلی سەرئاوەڵا بێت یان لێبخوڕێت. تەنانەت لە هاوینەهەواری (کامپ دیڤید) سەرۆک ترەمپ بۆی نیە ئۆتۆمبیل لێبخوڕێت، تەنها بۆی هەیە سواری پاسکیل بێت، یان بە پێ بڕوات. 

کردنەوەی پەنجەرەکانی کۆشکی سپی
کردنەوەی پەنجەرەکانی ماڵەوە یەکێکە لە کارە ئاسایی و سروشتییەکان، بەڵام ئەمە قەدەغەیە لە کۆشکی سپی. میشێل ئۆباما هاوژینی باراک ئۆباما دەڵێت: "چاوەڕوان بووم ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما تەواوبێت، بۆ ئەوەی بتوانم بەدڵی خۆم پەنجەرەکانی ماڵەوە ئاوەڵا بکەم".

هەروەها دەڵێت: "تاکە شتیک کە خەڵک درکی پێ ناکات ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین هەندێک شتی بچووکیش بکەین، وەک کردنەوەی پەنجەرەکانی کۆشک".
 
هەروەها ئەوەشی ئاشکراکردووە کە لەماوەی حەوت ساڵدا نەیتوانیوە سواری ئۆتۆمبیلێک بێت کە جامەکانی دابدرێتەوە.  

گەشتکردن بە فڕۆکە
خزمەتگوزاریی تایبەتی ئاسایشی سەرۆک رێگەی پێنادات لەڕێی فڕۆکەی بازرگانییەوە گەشت بکات. بۆیە تەنها دەبێت بە فڕۆکەی سەرۆکایەتی گەشت بکات، کە وەکو کۆشکێکی گەڕۆک وایەو هەموو هۆیەکانی پەیوەندیی پێشکەوتووی تێدایە، بە چەشنێک کە توانای لەکارخستنی هەر ئامێرێکی سیخوڕیکردنی هەیە کە بەدوای سەرۆکەوە بێت. هەروەها فڕۆکەکە لەحاڵەتی ڕوودانی هەر کارەساتێکی ئەتۆمیدا، دەگۆڕێت بۆ ژێرزەمینێک و سەرۆک دەتوانێت خۆی تێدا حەشار بدات.

بۆ گەشتەکانی ناوخۆش، دەبێت سەرۆک هێلیکۆپتەری "مارین وەن" بەکاربهێنێت. 

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان
پێش ئەنجامدانی هەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، دەبێت سەرۆکی ئەمریکا دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی ئاگاداربکاتەوە. 

یەکێک لە ئەرکەکانی ئەم دەزگایە بریتییە لە پلاندانان و هەماهەنگی و پاراستنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی سەرۆکی ئەمریکا. بەچەشنێک کە هیچ ئامێرێکی سیخوڕی و گوێگرتن و تۆمارکردن، نەتوانێت دزە بکاتە نێو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی سەرۆکەوە.

*سەرنج: سەرۆک ترەمپ بە ڕەفتاری سەیرو ناباو ناسراوە، بۆیە پێناچێت پابەندی بەشێک لەو ڕێسایانەی سەرەوە بێت!

و/ سیڤەر
سەرچاوە/ Sputniknews


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر