له‌كارلادانی سەرۆك لە ئەمریکا

لەبەر گرنگی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک لەدەستوری ئەمریکادا چەند ڕێوشوێنێکی تاڕادەیەک قورس دانراون بۆ تۆمەتبارکردن و دواتریش لابردنی سەرۆك
PM:08:33:21/12/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی


دڵشاد نامیق فەرەج
ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

دوای ئاشکرابوونی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ئۆکرانیا (ڤلادیمێر زیلینیسکی)، ئیتر نانسی بیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ڕۆژی ٢٤ / ٩ / ٢٠١٩ ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوەیەکی ڕەسمی دەستدەکات بە ڕێوشوێنەکانی لەسەرکارلابردنی (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمریکا، ئەویش بەتۆمەتی ئەوەی کە ترەمپ خیانەتی لە سوێندەکەی کردوە وپێگەکەی بەکارهێناوە بۆ دەستکەوتی سیاسی لەدژی(جۆبایدن) ی ڕکابەرە چاوەڕوانکراوەکەی لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، چونکە لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا داوای بەدواداچوونی کردوە لەبارەی کارەکانی بایدن وهانتەر بایدنی کوڕیەوە!

لەبەر گرنگی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک لەدەستوری ئەمریکادا چەند ڕێوشوێنێکی تاڕادەیەک قورس دانراون بۆ تۆمەتبارکردن و دواتریش لابردنی سەرۆك، کەلێرەدا بەکورتی باسی دەکەین:

بەپێی بڕگەی چوارەمی ماددەی دووەمی دەستوری وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکرێت کە سەرۆکی وڵات وجێگرەکەی وهەموو فەرمانبەرانی مەدەنیە ڕەسمیەکانی ئەمریکا لاببرێن ولەپۆستەکەیان دوربخرێنەوە ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تۆمەتبارکران بە خیانەت یان بەرتیل وەرگرتن یان هەر تۆمەتێکی مەترسیداری تر، بەمەرجێ ئەو تۆمەتەیان لەسەر ساغ ببێتەوە.

ڕێ وشوێنەکانی لەسەرکار لابردن بە دوو قۆناغ دەبێت:

قۆناغی یەکەم: لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەبێت کە هەر ئەندامێك دەتوانێ پرۆژە یاسایەك پێشکەش بکات بۆ لەسەرکار لابردنی سەرۆك، لەم کاتەدا پرۆژەکە تاوتوێ دەکرێ لەیەكێك لەلیژنەکانی ئەنجومەن، کە زۆر جار لەلیژنەی قەزایی یان یەکێك لەلیژنە فەرعیەکانی دەبێت، دواتر لیژنەکە لەناوخۆیدا دەنگ لەسەر پرۆژەکەدەدات وپێویستی بەزۆرینەی سادە هەیە واتە(٥٠+١) بۆ ئەوەی تێبپەڕێت.

ئەگەر پرۆژەکە لە لیژنەی تایبەتمەند دەرچوو، ئەوا ئەنجومەنی نوێنەران کە (٤٣٥) ئەندامە، بەگشت ئەندامەکانیەوە کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پرۆژەکە دەدەن، لێرەشدا بۆئەوەی پرۆژەکە تێبپەڕێت دیسان پێویستی بە زۆرینەی سادە هەیە واتە ٢١٨ دەنگی پێویستە، لەبەرئەوەی دیموکراتەکان ٢٣٥ ئەندامیان لەم ئەنجومەنەدا هەیە، بۆیە زۆر ئاساییە کە لەم قۆناغەدا بڕیاری لێپرسینەوەکە تێدەپەڕێنن، وەك بینیمان هەردوو قۆناغەکەیان تێپەڕاند بە زۆرینە.

لێرەدا چەند لیژنەیەك هەن کە لێکۆڵینەوە دەکەن دژی ترەمپ دیارترینیان هەریەك لەلیژنەی قەزایی ولیژنەی هەواڵگری ولیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە یە، کە ئەگەر هەیە نانسی بیلۆسی خۆی فەرمانی پێ کردبن کارلەسەر ترەمپ بکەن!

قۆناغی دووەم: دوای قۆناغی یەکەم ئیتر قۆناغی دووەم دەستپێدەکات، ئەم قۆناغە لە ئەنجومەنی پیرانە، کە ژمارەی ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنە (١٠٠) کەسە، لەم قۆناغەدا ئەندامانی ئەنجومەنی پیران کارەکەیان دەگۆڕێت بۆ جۆرێك لەدادوەریکردن و خۆیشیان وەك دادوەی سوێندخواردوویان لێدێت، لێرەدا ڕێ و شوێنەکانی دادگایی کردن و گوێگرتن لە بەڵگە وشایەتەکان دەستپێدەکات لەگەڵ مافی بەرگری لەخۆکردن لەلایەن ترەمپەوە، لەکۆتاییشدا ئەنجومەنی پیران دەنگ لەسەر بڕیاری لەسەرکار لابردنەکەی سەرۆك دەدات بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامەکانی واتە پێویستی بە (٦٧) دەنگ هەیە لەکۆی دەنگی (١٠٠) ئەندامەکە.

جا دیموکراتەکان لەئەنجومەنی پیران خاوەنی(٤٥) کورسین، و (٢) کورسی سەربەخۆیش هەیە کە زۆرجار لایەنگری دیموکراتەکانن، بەوەیشەوە، دیموکراتەکان پێویستیان بە(٢٠) دەنگی کۆماریەکان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە قۆناغی دووەم سەرکەوتوو بن و ترەمپ لەسەرکار لاببەن.

ئێستا ئەوەی بەرانبەر بە ترەمپ کراوە تەنها قۆناغی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانە و کە خوی دو هەنکاوە هەنکاوی لێکۆڵینەوە کە لە سێپتەمبەر دەستیپێکرد وقۆناغی دەنگدان لەسەر بڕیاری لیژنەکان کە ئەمەیان ڕۆژی ١٨ / ١٢ / ٢٠١٩ ڕویدا، تیایدا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە ژمارەیان (٤٣٥) ئەندامە دەنگیدا لەبارەی ئەو دوو تۆمەتەی کە ئاراستەی ترەمپ کراون، کە بریتین لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەربەست دروستکردن بۆ کارەکانی کۆنگرێس، بێگومان لەهەردوو تۆمەتەمەدا نوێنەران لەدژی ترەمپ دەنگیاندا، لە تۆمەتی یەکەم ٢٣٠ دەنگی بەڵێ و ١٩٧ دەنگی نەخێر، وەلە تۆمەتی دووەم ٢٢٩ دەنگی بەڵێ و ١٩٨ دەنگی نەخێر دەنگیاندا، کە بەمەش ئیتر کارەکان دراونەتە دەستی ئەنجومەنی پیران و ئیتر لەوێ بابەتەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

لە مێژوی ئەمریکادا چەند جارێك ئەم قۆناغەی یەکەم تێپەڕیوە بەڵام نەگەیشتوەتە کۆتایی و تا ئێستا سەرۆك لەسەرکار لانەبراوە، بۆ نمونە: لەساڵی ١٨٦٨ سەرۆك ئەندرۆ جۆنسۆن هەمان ڕێوشوێنی لەدژ گیرایەبەر بەڵام لانەبرا، وە لەساڵی ١٩٩٨ بێل کلینتۆن هەمان ڕێ وشوێنی لابردنی لەژ گیرایەبەر لەسەر بابەتی پەیوەندیی بە مۆنیکالویسکیەوە، بەڵام لە قۆناغی دادگایی کردن واتە لە ئەنجومەنی پیران بێ تاوان دەرچوو لەبەردەم ئەنجومەندا، بەڵام سەرۆك ریچارد نیکسۆن بەتۆمەنی جاسوسی کردن بەسەر ڕکابەرەیەکەیەوە هەمان ڕێوشوێنی لەدژ گیرایەبەر، کە ئەو بابەتە بە(ڕوداوی واتەرگێت) ناسراوە، لەکۆتایی دادگایی کردنەکەیدا کە خەریکبوو تاوانەکەی بەسەردا بچەسپێت، خۆی دەستی لەکار کێشایەوە و نەیهێشت بگاتە حاڵەتی لابردن.

لە ئێستاوە ئیتر دەبێ چاودێری ئەوە بکەین کەبزانین بابەتەکە لە ئەنجومەنی پیران بەکوێ دەگات، کە بێگومان ئەگەرێکی نزیك لەیەقین هەیە کە ترەمپ ڕوبەڕوی لابردن وتۆمەتبارکردن نابێتەوە و ئەنجومەنی پیران ئەو دەپارێزێت بەهۆی هەبونی زۆرینەی کۆماریەکان لەوێ، بەڵام بێگومان ئەم بابەتە کاریگەری لەسەر لەسەر ترەمپ دەبڵت لەڕوی جەماوەریەوە لوناوخەڵك لەبەر ئەوەی کاندیدی کۆمتریەکانە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ وئەوەش ڕەنگە شانسی کەمبکاتەوە، بەڵام هەر لەساتی یەکەمەوە ترەمپ بابەتەکەی قۆستوەتەوە بۆ ڕاگەیاندنی شەڕێکی ڕاگەیاندنی فراوان وهەمەلایەن دژی دیموکراتەکان وتەنانەت بابەتەکەی وەك تایتڵێکی کەورە بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکێکی فراوان بۆ کەمپینەکانی خۆی، لەمێژوی ئەمریکاشدا کاتێك کلینتۆن لە تۆمەتەکە بەراڕەتی وەرگرت جەماوەری بەرزبووە، بۆیە ئەگەری ئەوەش بۆ ترەمپ دورنیە!


ئه‌م بابه‌ته 730 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر