ئەوروپا لە موشەكەكانی ئێران دەترسێت؟

موشەكی كورت مەودا كە توانای گەیاندنی هەیە بۆ دوریی زیاتر لە (600) میل، مانای ئەوەیە كە هاویشتنی یەك دانە لەو موشەكانە لە دەوروبەری بەغدا توانای دەبێت ئامانجەكەی لە ئوردن بپێكێت.
PM:01:23:19/12/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی
ئەگەر ویلایەتە یەكگرتوەكان یاخود ئیسرائیل بیانەوێ ئێران بۆردومان بكەن، ئەوا سوپای ئێران دەتوانێت ئەو موشەكانەی كە لە عێراق شاردونیەتیەوە بەكاربهێنێت بۆ لێدانی ئیسرائیل یاخود وڵاتانی كەنداو


پرسی موشەكە بالیستیەكانی ئێران  و هەڕەشە موشەكیەكانی ئەو وڵاتە بوەتە ترسێكی گەورە بۆ هەموو جیهان، هەندێك سەرچاوە دەڵێن: ئێستا ئێران لە چەند ناوچەو وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕەراست بەتایبەتی ئێراق و سوریا و لوبنان موشەكی بالستی هەیە، ئەوەش بوەتە مەترسیەكی گەورە لەسەر سەروەری ئەو وڵاتانە و هەروەها ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەوروپاش.

بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستی نەهێشتنی ترسی موشەكەكانی ئێران لەسەر وڵاتەكانیان لەكۆبونەوەی بەردەوامو پلانی نوێدان و دەیانەوێت ڕێگری بكەن لە هەر پەلكێشیەكی موشەكی ئێران بۆ سەر پایتەختی وڵاتەكەیان.

لەو چوارچێوەیەشدا هەریەكە لە بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا چەندین كۆبونەوەی جیاجیایان پێكەوە و بەهاوكاری نەتەوە یەكگرتوەكان كردووە بۆ ئەوەی هەڕەشەكانی ئێران لەسەر وڵاتەكەیان نەهێڵن رووبەرووی هەر هێرشێكی موشەكی ئێران ببنەوە كە بكرێتە سەر وڵاتەكەیان یاخود ناوچەی جێ هەژمونی ئەوان.

لەساڵی 2018ە وە یەكێتی ئەو سێوڵاتە تاكو ئەمڕۆ چوار كۆبونەوەیان كردووە بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ وڵاتەكەیان بدۆزنەوە كە ڕێگری لە هەژمون و ترسی موشەكیەكانی ئێران بگرن بۆ سەر وڵاتەكەی خۆیان، لە 21 كانونی دووەمی ساڵی 2018  ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر پرسی موشەكە بالستیەكانی ئێران كۆبونەوە بەپێی بەڵگە نهێنیەكان موشەكی بالستی شەهاب سێ دەتوانێت  بگاتە پایتەختەكانی بەرلین و پاریس و لەندەن ئەوەش ترسێكی ئەمنی گەورەی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا پەیداكردووە.

لەو كۆبونەوەدا قسە لەسەر ئەوە كراوە كەپێویستە سەكۆی موشەكی زیاتر لە سنورەكانی ئەوروپا دابنرێت بۆ ئەوەی دژی ئەو موشەكانە بوەستێتەوە كە روودەكەنە ئەوروپا، هەرچەندە زانیارییەكان بەتەواوەتی ئەوە دەرناخەن كە شەهاب سێ دەتوانێت سیستمی بەرگری ئەوروپا تێپەربكاتو ئامانج بپێكێت، بەڵام ئەو كۆبونەوانە لە بەرامبەر ترسێكی گەورەدایە كە زانیار هەواڵگری بۆ وڵاتەكەیان دەریخستون.

هەرچەندە دامەزراندینی چەند سەكۆیەكی دیكەی بەرگری موشەكی لە ئەوروپا بودجەیەكی زیادی دەوێت و هەروەها خەرجی ساڵانەی گەورەی دەوێت بەڵام ئەو وڵاتانە بیر لەوە دەكەنەوە كە چاودێری سنورە ئاسمانیەكانیان بە ئاراستەی ئێران وردتر بكەن و ڕێگە لە هەر هێرشو پەلامارێكی كتوپڕ بگرن.

موشەكەكانی ئێران
كۆماری ئیسلامی ئێران  بانگەشەی ئەودەكات كە خاوەنی زیاتر لە 50 هەزار موشكەی بالستیە لە جۆری شەهاب یەك و دوو و سێ و كروز یەك و دوو  سێ و موشەكی خورمشهر یەك و دوو سێ  مەودا مامناوەدن و مەودا كورت  مەودا و مەودا درێژهەیە، ئەوە لەكاتێكدایە موشەكی جۆری خورەم شەهر موشەكێكی لەبەرگیراوەی ڕوسییە و هەتا ئێستا هیچ كام لەو موشەكانە لەتاقیكردنەوەكاندا سەركەوتوو نەبووە.

بەشێك لەمیدیا ئێرانیەكان و بەرپرسانی ئێران باس لەوەدەكەن ئێران بەشێكی زۆر لەو موشەكانەی هێناوەتە سوریاو لوبنان و عێراق كە دژی ئەو هێزانە بەكاریان دەھێنێت كەبونەتە بەربەست لە بەردەم پلانەكەی  دەوڵەتی فەقێدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ئەمریكا
ئێران سوریا و عێراق دەكاتە كۆگای موشەك
بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگریی ئەمەریكا دەڵێن: ئێران پشێوییە بەردەوامەكانی عێراقی بەكارهێناوە بۆ بنیاتنانی كۆگای موشەكی بالیستیی كورتمەودا لە عێراق، ئەمەش وەك بەشێك لە هەوڵە فراوانەكانی ئەو وڵاتە بۆ دەستوەردانە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەپاندنی هێزی خۆی.

ئەو هەوڵی خۆبەهێزكردنەوەیەی ئێران لەكاتێكدایە كە ویلایەتە یەكگرتوەكان بونی سەربازییانەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەواتایەكی تر دووبارە خۆڕێكخستنەوەی ئێران لەپێناو روبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەك دژبە بەرژەوەندییەكانی خۆی، وەك هێرشكردنە سەر كەشتییە بارهەڵگرە نەوتییەكان و دامەزراوەكانی دیكە، كە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریكا ئێرانیان تۆمەتبار كرد لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە. لەمانگی ئایارەوە، ئیدارەی ترەمپ نزكەی (14) هەزار هێزی سەربازیی زیادەی رەوانەی ناوچەكە كردوە، كە بەپلەی یەك ئەو سەربازانە خراونەتە ریزی كەشتییە دەریاییەكان و سیستەمی بەرگریی موشەكییەوە.

زانیاریەكان باس لەوەدەكەن  ئەو موشەكانە دەبنە هەڕەشەیەك بۆ سەر هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا و هاوبەشەكانیان لە ناوچەكە، وەك ئیسرائیل و سعودیە و هەروەها دەكرێت ببنە هۆی مەترسیی خستنەسەر ژیانی هێزەكانی ئەمەریكا.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بونی كۆگایەكی موشەك لە دەرەوەی سنورەكانی ئێران، دەبێتە دەسكەوت بۆ حكومەتی ئێران لە هەر روبەڕوبونەوەیەكی سەربازی لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانە هەرێمییەكانی. ئەگەر ویلایەتە یەكگرتوەكان یاخود ئیسرائیل بیانەوێ ئێران بۆردومان بكەن، ئەوا سوپاكەی دەتوانێت ئەو موشەكانەی كە لە عێراق شاردونیەتیەوە بەكاربهێنێت بۆ لێدانی ئیسرائیل یاخود وڵاتانی كەنداو. بونی ئەو موشەكانە بەهەمان شێوە یارلەتیدەر دەبن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكان.

موشەكی كورتمەودا كە توانای گەیاندنی هەیە بۆ دوریی زیاتر لە (600) میل، مانای ئەوەیە كە هاویشتنی یەك دانە لەو موشەكانە لە دەوروبەری بەغدا توانای دەبێت ئامانجەكەی لە ئوردن بپێكێت.

ئێران میلیشیا شیعە عێراقیەكان بەكاردەهێنێت بۆ گواستنەوە و شاردنەوەی موشەكەكان، زۆرێك لەو میلیشیایانە لەمێژە لەلایەن ئێرانەوە كۆنترۆڵكراون و پشتیوانیی دارایی و چەكیان پێ دەدرێت. ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەكات بەشێوەیەكی كاریگەر كۆنترۆڵی ژمارەیەك رێگە و پرد و ژێرخانی هاتوچۆ و گواستنەوەیان لە عێراق كردوە و ئاسانكارییان كردوە بۆ تاران لە گەیاندنی موشەك بۆ ناو خاكی عێراق.

جۆن سی رۆد بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رۆژی چوارشەممە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ویلایەتە یەكگرتوەكان ترس و نیگەرانیی هەبو لەبارەی ئەگەری هێز و پەلاماری ئێران لە داهاتویەكی نزیكدا. بەڵام ئەو بەرپرسە هیچ زانیارییەكی تری نەدركاند لەبارەی ئەوەی وایكردوە نیگەرانیی ئەمەریكییەكان زیاتر ببێت. تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن) رۆژی سێشەممە، تاران كۆگای موشەكی خۆی لە عێراق بنیات ناوە بۆ ئەوەی باشتر رێگری بكات لە هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل و سعودیە.

لەكاتێكدا كە سزاكانی سەر ئێران بەدرێژایی چەندین دەیە بونەتە هۆی لاوازبونی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە، بەڵام راپۆرتەكەی ئاژانسی هەواڵگریی سەربازی ئەمەریكا دەڵێت ئێران لە ژێرخانی ناوخۆی خۆیدا وەبەهێنانی كردوە و رێگەی خۆش كردوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای موشەكەكانی جۆری كروز و بالیستی.

لەماوەی ڕابردوودا ئێران موشەكی كروزی پێشكەوتوی بەكارهێنا بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە و لانی كەم تا ماوەیەك لەكاری خستن. ئەو موشەكانە لە ئێرانە هەڵدرابون، بەڵام بەئاسمانی نزیك باكوری كەنداوی فارسدا فڕین بەرلەوەی ئامانجەكانیان بپێكن.

جێگیركردنی موشەك لە عێراق و هەروەها شانبەشانی موشەك لە ئێران، زیاتر رێگە بە حكومەتی ئێران دەدات بۆ خوڵقاندنی گومانە سەرەتاییەكان لەبارەی شوێنی هەڵدانی موشەكەكان. خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی تەنانەت ئەگەر بۆ كاتێكی كەمیش بێت، بەشێكی سەرەكییە لە بنەڕەتی ستراتیژی شەڕی ئێران، كە تێیدا هەوڵدەدات بۆ تێكدانی هاوسەنگیی نەیارەكانی و لەهەمان كاتدا فشاریان دەخاتە سەر بەبێ ئەوەی هانی فوتێكردنی قەیرانی گەورەتر یاخود شەڕ بدات.

گومانو ترسەكانی ئەوروپا لەوەدایەكە كە ئەم موشەكانە رووبكەنە ئەوروپا  ببنە هەڕەشەیەكی گەورە بۆسەر وڵاتەكانیان، بەمەش ئێران دەتوانێت ئەوروپا لە شەڕێكی گەورە تێوەگلێنێت، ئەوەش بۆ ئەوروپا زۆر قورس دەبێت.

هەرچەندە هەماهەنگی ئەوروپا و ئەمریكا تاڕادەیەك لە بارەی ئێرانەوە لەرووی سەربازیەوە لە ئاستێكی باشدایە، بەڵام فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ پاراستنی سنور و سوپا و هێزی خۆیان دەیانەوێت رووبەرووی ئەو هێرشانە ببنەوە كە بەشێوەیەكی كتوپڕ ئەگەر بكرێتە سەریان و سیستمی بەرگری وڵاتەكەیان بەهێزتر بكەن.

سەرچاوەكان:
Foxnews, Dailytelegraph, Israel24 


ئه‌م بابه‌ته 167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر