ئۆغڵۆو ئەردۆغان، دۆستی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆ

ئەگەر لە داهاتوودا هەردوولا ڕێکبکەون لەسەر دابەشکردنی پۆست و ڕۆڵەکان، دوور نیە پۆستی سەرۆکایەتی وڵات بۆ پارتەکەی باباجان و سەرۆک وەزیرانیش بۆ پارتەکەی داود ئۆغڵۆ بێت.
PM:10:28:14/12/2019
دۆسیە: شیکار
تا ئەم ساتە داود ئۆغلۆ دوورە لە کورسی دەسەڵاتەوە

یوسف شەریف
میدیاکاری ئوردنی بەڕەگەز فەلەستینی

چەند رۆژیک بوو بەیاننامەی یەکەمی جنێڤ دەربارەی تەنگژەی سوریا (٢٠١٢) بڵاوکرابووەوە، لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (ئەحمەد داود ئۆغڵۆ) کە ئەوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو، پرسیاری هەڵوێستی تورکیام لێکرد دەربارەی ئەوەی کە بەیاننامەکە داوای گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتی لە سوریا کردبوو، لەکاتێکدا ئەنقەرە بەئاشکرا داوای دەکرد ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێت.

ئەوکات ئۆغڵۆ وتی: "هەر دەبێت دەریچەیەکی سیاسی بۆ ئەسەد بدۆزرێتەوە لە حاڵێکدا ئەگەر بڕیاریدا دەسەڵات جێبهێلێت، ئەگەر لە سوچێکدا بهێلرێتەوەو هیچ ڕێگایەکی دەربازبوونی نەبێت، ئەوا هەتا کۆتایی رێگای شەڕ هەڵدەبژێرێت".    
ئەم قسانەم بیرکەوتەوە کاتێک گوێم لە (داود ئۆغڵۆ) بوو کارنامەی پارتە نوێیەکەی ڕادەگەیاند. ئەو پارتەی لە ئەنقەرە دایمەزراند "پارتی ئایندە" لە هەمان ئەو هۆتێلەی کە پێش ١٨ ساڵ ڕاگەیاندنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە)ی بەخۆوە بینی. لە خۆمم پرسی: "تۆ بڵێی داود ئۆغڵۆ دەریچەیەک بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بدۆزێتەوە لەڕێی دامەزراندنی ئەم پارتەوە کە زۆربەی جیابووەوەکانی ئەکەپە لەخۆدەگرێت، واتە پارتەکەی جارانی خۆی؟".  

حەزم بە باوەڕهێنان بە لێکدانەوە پیلانگێڕییەکان نیە کە دوای وازهێنانی (ئۆغڵۆ) لە ئەکەپەو نیازی دامەزراندنی پارتێکی نوێ، دەوترێت ئەمە هیچ نیە جگە لە شانۆگەرییەکی ئۆغڵۆو ئەردۆغان بۆ کۆکردنەوەی جیابووەوەکان و بەرگرتن لەوەی کە بچنە پاڵ پارتێکی دیکە کە (عەلی باباجان) وەزیری پێشووی ئابووریی تورکیا بە پاڵپشتی (عەبدوڵڵا گویل) سەرۆکی پێشووی تورکیا بەنیازی دامەزراندنێتی. 
چاودێران دەڵێن پارتەکەی باباجان دەبێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئەردۆغان، چونکە ململانێی نێوان ئەردۆغان و گویل بەهێزو ڕاستەقینەیە.   

بەڵام لێرەدا حەقە بپرسین: "لەگەڵ بەردەوامیی پاشەکشەی شەعبیەتی ئەردۆغان و پارتەکەی، لەکاتێکدا کە ڕۆژێک دێت ئەردۆغان نە پارتەکەی و نە جەماوەرەکەی ناتوانن ڕزگاری بکەن و بۆ جارێکی دیکە لە دەسەڵات بیهیڵنەوە، کەواتە کامیان هەڵدەبژێرێت و کامیان بۆ خۆی و تورکیا باشە: پێداگری لەسەر مانەوە لە دەسەڵات لەڕێی پەکخستنی پرۆسەی سیاسی و پەنابردن بۆ فرتوفێڵی ئەمنی و پاکتاوکردنی نەیارەکانی، یان کشانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی و بەجێهێشتنی دەسەڵات بۆ کەسێک کە داهاتووی لا گرنگترە لە هەڵدانەوەی ڕابردوو، لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکدا کە گرەنتی پەناگیری سیاسی ئەردۆگان بکات؟ ئایا داود ئۆغڵۆ ئەو کەسە دەبێت کە ئەمە لەگەڵ ئەردۆغان بکات؟".
  
پاڵنەری ئەم پرسیارە، ئەو پەنجەرەیەیە کە داود ئۆغڵۆ لەبەردەم ئەردۆغان هێڵایەوە، لەوانەیە بۆ ئەوە بێت کە بیرێک لەم مەسەلەیە بکاتەوە، کاتێک لە کارنامەی پارتەکەیدا داوای گەڕانەوە دەکات بۆ سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی و نوسینەوەی دەستورێکی نوێ کە زامنی گێڕانەوەی دیموکراسی و ئازادی بێت بۆ وڵات. هوتافی جەماوەریش کە ئامادەی رێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پارتەکە بوون، وەک ئەوەی پەیامێک بێت –بەمەبەست یان بێ مەبەست- داوایان لە ئەردۆغان دەکرد بگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥، ئەودەمەی کە داود ئۆغڵۆ سەرۆک وەزیران بوو، ئەردۆغانیش سەرۆک بوو بە هەندێک دەسەڵاتی تەشریفاتییەوە.
   
بەپێی دەستووری ئێستا، ئەردۆغان بۆی نیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٣ خۆی کاندید بکات، چونکە دووجار خۆی کاندید کردووە، کەواتە چارەسەر ئەوەیە: یان هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت کە بەحوکمی ئەوەی هێشتا ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی نەهاتووە، بۆی هەیە خۆی کاندید بکاتەوە. یان ئەوەتا دەستوورێکی نوێ و سیستمێکی نوێی پەرلەمانی بۆ تورکیا دابنرێت کە جارێکی تر دەرفەت بداتە ئەردۆغان خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە، بێگومان ئەوەش بەندە لەسەر گفتوگۆکانی تایبەت بە نوسینەوەی دەستوورێکی نوێ.
 
بەوپێیەی کە حاڵی ئەردۆغان و پارتەکەی هێندە باش نیە سەرکێشیی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەن، کەواتە دەبێت یان چاوەڕێی موعجیزەیەک بێت بۆ گێڕانەوەی جەماوەرەکەی جارانی، یان ئەوەتا دەبێت ملکەچ بکات بۆ بژاردەی دانانی دەستووریکی نوێ و گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی، ئەگەر خۆی بیەوێت –کە پێمان وایە دەیەوێت- لەسەر شانۆی سیاسی بمێنێتەوە.
   
دوور لەم لێکدانەوە سیاسییە بۆ داهاتوو، دەکرێت بوترێت داود ئۆغڵۆ دەستپێکێکی بەهێزی هەبوو، لانیکەم لە سەرووی پێشبینی چاودێرانەوە بوو. ئەو وەک هەمیشە بەوپەڕی هێزو گوڕوتین و خواستەوە دەرکەوت بۆ دروستکردنی تورکیایەکی نوێ و دیموکراسی و گونجاو لەگەڵ دراوسێکانی و خۆرئاواو ڕاگرتنی هاوسەنگی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ناتۆو هێزە تازە هەڵکشاوەکانی وەکو چین و ڕوسیا. لەوەش زیاتر، داود ئۆغڵۆ پێشنیاری بوێرانەی خستەڕوو بۆ چارەسەری کێشەی کورد.
    
ئەردۆغان کاتێک داود ئۆغڵۆی تۆمەتبار کرد بە "فێڵکردن" لە بانکێکی حکومی بۆ پشکداری لە زانکۆی (شەهیر)ی تایبەت لە ئەستەنبوڵ کە بە بنکەی ئەکادیمیستەکانی نزیک لە ئۆغڵۆ دادەنرێت، بەو تۆمەتە هەوڵیدا ئاستەنگ بخاتە بەردەم کاروانە تازەکەی داود ئۆغڵۆ، بەڵام ئۆغڵۆ هەر زوو وەڵامی ئەو تۆمەتەی دایەوەو داوای لێکۆڵینەوەی کرد لە سەروەت و سامانی گەورە بەرپرسانی حکومەت و سەرۆک کۆمارەکان و خانەوادەکانیان.
 
داود ئۆغڵۆ لە وەڵامە خێراو کاریگەرەکەیدا نیشانیدا کە پاروویەکی ئاسان نیەو نهێنیی زۆری لایە کە دەتوانێت ئاشکرایان بکات و ئەردۆغانی پێ شەرمەزار بکات. دوای ئەو قسانەش، ئەردۆغان خۆی بێدەنگ کردووە!
 
لێرەدا ئەردۆغان هەڵەی کرد کە ویستی لەڕێی دۆسیەی گەندەڵییەوە لە نەیارەکەی بدات، ئۆغڵۆ بە زۆر شتی تر تۆمەتبار دەکرێت جگە لە گەندەڵیی دارایی، دەنگدەرانی پارتەکەی ئەردۆغان بەم تۆمەتانە باوەڕ ناکەن. بێگومان هێشتا ئەردۆغان کارتی زۆری بەدەستەوەیە لەدژی ئۆغڵۆ بەکاریان بێنێت، گرنگترینیان دادگایە، بەڵام دەشزانێت (لێدان لەژێر پشتێنەوە) بووەتە چەکێک بۆ بەهێزکردنی بەرهەڵستکارەکانی، نەک شکاندنیان. هەر بۆیە دەبێت پەند لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئەستەنبوڵ وەربگرێت کە بیانووەکەی هەبوونی ساختەکاری بوو –بەڵام بۆی نەسەلمێنرا-و سەرەنجام (ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ)ی نەیاری، بە دەنگێکی زۆرەوە هەڵبژاردنەکەی بردەوە. 

پارتی ئایندە، نەیاری ڕاستەوخۆی ئەکەپە نیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، بەگوێرەی ڕاپرسییەکان، دەنگی ئەم پارتە تازەیە ڕێژەی ١٠٪ی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تێناپەڕێنێت. بەڵام ئەم ڕێژەیەو بگرە لەوە کەمتریش، بەسە بۆ داماڵینی ئەردۆغان لەسەر کورسی دەسەڵات، چونکە زۆربەی دەنگەکانی پارتی ئایندە لەنێو هەناوی ئەکەپەوە دەردەچن. بەگوێرەی راپرسییەکان، بۆ لەمەودوا پارتەکەی ئەردۆغان لە باشترین حاڵدا زیاتر لە ٣٨٪ی دەنگەکان ناهێنێت.
 
تا ئەم ساتە داود ئۆغلۆ دوورە لە کورسی دەسەڵاتەوە، مەگەر لە دوو حاڵەتدا: یەکەم: پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەت پارتی نوێی نەتەوەپەرستی ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی خاتوو (میراڵ ئەکشنار) ناسراو بە (ژنە ئاسنینەکە)، هەروەها لەگەڵ ئەو پارتە نوێیەی کە عەلی باباجان بەنیازی دامەزراندنێتی بە پشتیوانیی سەرۆکی پێشوو عەبدوڵڵا گویل، چاوەڕوان دەکرێت ئەو پارتەش لە سەرەتای ساڵی نوێدا ڕابگەیەنرێت.
 
تەنانەت لەم سیناریۆیەشدا داود ئۆغڵۆ نابێتە کاندیدی بەهێز بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران –ئەگەر سیستمەکە بگۆڕێت- چونکە عەبدوڵڵا گویل متمانەی پێی نیە، لەبەر هەندێک هۆکاری کۆنی تایبەت کە ئێرە جێی باسکردنیان نیە. جیا لەوەش بەگوێرەی راپرسییەکان، پارتەکەی عەلی باباجان دەنگی زیاتر لەوەی داود ئۆغڵۆ بەدەست دەهێنێت. بەڵام ئەگەر لە داهاتوودا هەردوولا ڕێکبکەون لەسەر دابەشکردنی پۆست و ڕۆڵەکان، دوور نیە پۆستی سەرۆکایەتی وڵات بۆ پارتەکەی باباجان و سەرۆک وەزیرانیش بۆ پارتەکەی داود ئۆغڵۆ بێت. 
 
سیناریۆی دووەم دەمانگێڕێتەوە بۆ لێکدانەوەیەکی سیاسی باڵاتر: ئەردۆغان ناچاربێت پەنا بباتەبەر داود ئۆغڵۆو پێکەوە ببنە هاوپەیمان، ئەویش وەک بژاردەیەک بۆ کۆتاییهێنانی لەسەرخۆی سەردەمی ئەردۆغان لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی سیاسیدا، کە تورکیا بەشێک لە دیموکراسییەکەی لەسەر دەستی داود ئۆغڵۆ بۆ بگەڕێتەوەو ئەردۆغانیش پارێزگاری لە ناوبانگی خۆی بکات، بەبێ هەڵدانەوەی دۆسیەکانی دەوڵەت کە ئەردۆغان ناخوازێت ئاشکرابن. بەڵام ئەم سیاریۆیە تاڕادەیەک دوورە، چونکە تائێستا هیچ ئاماژەیەک نیە کە هاوپەیمانێتییەکی لەم جۆرە دەبێتە زامنی بەدەستهێنانی زۆرینەی پێویست بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات. 

لە حاڵێکدا ئەگەر داود ئۆغڵۆ بیەوێت دوور لەم سیناریۆیانە ڕیگای خۆی بگرێت و بگاتە ئەو باوەڕەی کە دەتوانێت پارتەکەی بکاتە جەمسەرێکی سیاسی بەهێزی خاوەن قورسایی میللی لەسەرووی ڕکەبەرەکانیەوە، ئەوا دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی بەشێکی ئازادی و دیموکراسی لە تورکیاو شکاندنی بەربەستی ئەو ترسەی باڵی بەسەر کەشی سیاسی تورکیادا کێشاوە، لەگەڵ هاندانی ئەندامانی ئەکەپە بەرەو سەنگەر گواستنەوەو لانیکەم دەنگ هەڵبڕین بەرامبەر سیاسەتەکانی ئێستای ئەردۆغان.        

پێش هەموو ئەمانە، زۆربەی چاودێران پێیان وایە دەبێت داود ئۆغڵۆ پسوولەی حسابەکە بخاتە دەستی گەلی تورکیا دەربارەی ئەو ماوەیەی کە هاوبەشێکی گرنگی بڕیاردان بوو لە تورکیا، بەتایبەت ئەو دەمەی کە سەرۆک وەزیران بوو، دەبێت دان بەوەدا بنێت کە لە هەندێک ڕووەوە هەڵەی کردووە، بەڵام ئۆغڵۆ تائێستا نایەوێت ئەو بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ، بەو بیانووەی کە ئەودەم بڕیاری کۆتایی لەدەستی ئەردۆغاندا بووە، لەوانەش: دۆسیەی سوریاو پەیوەندیی لەگەڵ ئیخوان موسلیمین.
  
داود ئۆغڵۆ لە کارنامەی پارتە تازەکەیدا دووپاتی کردەوە کە پشتیوانی سیاسەتێکی دەرەکی دەکات لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی دیپلۆماسییانەی ناکۆکییەکانو دووربوون لە لێدوانی عەنتەریانەی ئاگرین کە ناوبانگی دیپلۆماسیی تورکیا لەکەدار دەکات و تاکە ئامانجی ڕاکێشانی سۆزی خەڵکە لە ناوخۆ، بەڵام ئەو دەیەوێت تورکیا لە گۆشەگیریی نێودەولەتی ڕزگار بکات.    
 
و/ سیڤەر
سەرچاوە/ Skynews


ئه‌م بابه‌ته 327 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر