سەنگی کورد و سێکوچکەی ترازاوی ئەکەپە

ئێستا هەریەک لە داوود ئۆغڵۆو عەلی باباجان بەجیا نیازی دامەزراندنی پارتی نوێیان هەیە کە دەشێت ئەم دوو هەنگاوە جیاوازە ببێتە هۆی شکاندنی هەژموونی پارتەکەی ئەردۆغان (ئەکەپە).
PM:11:13:10/12/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی
پێناچێت کوردەکان پشتیوانیی داوود ئۆغڵۆو هەوڵەکانی بکەن لە بەدەستهێنانی بنکەیەکی جەماوەریدا، چونکە ئەو هیچ هەڵوێستێکی نەبووە بەرامبەر تاوانەکانی حکومەت دەرهەق بە پارتە کوردییە سەرەکییەکەی وڵات "پارتی دیموکراتی گەلان" کە سێ ساڵە (سەڵاحەدین دەمیرتاش) هاوسەرۆکی پارتەکە لە زینداندایە

جوان سۆز
ڕۆژنامەنووسێکی کوردی نیشتەجێی فەرەنسایە، لەبارەی کاروباری تورکیاو کەمینەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەنوسێت

دوای‌ ئەو شڵەژانەی‌ کە کۆنگرێسی‌ ئەمریکای‌ گرتەوە بەهۆی‌ لەشرکێشی تورکیا بۆ سەر سوریاو پاشان سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا، ئەمریکا فۆکەسی گەورەی خستووەتە سەر ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی تورکیا. دیارە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەقووڵی دەرهاویشتەی سیاسەتی ناوخۆیەتی، دیارترین سیمای ئەوەش: ترسی ئەنقەرەیە لە بەرامبەر هەر کۆششیکی دانیشتوانی کوردە بەئاراستەی بەیهێنانی مافی خۆڕێبەری، تورکیا زۆرجار ئەمەی بەستووەتەوە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کە بە ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" دەزانێت. 

لە ناوخۆدا، تورکیا لە گوشارەکانی بۆ سەر پارتی گەلانی دیموکرات "هەدەپە" بەردەوامە، کە پارتێکی کوردییە. تادێت هەڵوێستەکانی بەرامبەر ئەو پارتە توندتر دەبن، ئەوەبوو لەمساڵدا ژمارەیەک سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردراوی سەر بەم پارتەی ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد. هاوکات لەگەڵ لەشکرکێشیەکەیدا بۆ سەر باکووری خۆرهەڵاتی سوریا، ئەو هەڵمەتەی توندتر بوو کە بەناوی "لەناوبردنی تیرۆر" دژی سیاسەتمەدارانی کورد دەستی پێکردبوو، بەتایبەت لەنێو هەدەپەدا. 

لەکاتێکدا چەندین پارتی تورکیایی لایەنگرو نەیاری ئەردۆغان پشتگیریی لەشکرکێشییەکەیان کرد، بەڵام هەدەپە دژی وەستایەوەو بە داگیرکاری وەسفی کرد. دوور نیە ئەم هەڵوێستە لە داهاتوودا ببێتە مایەی جۆشدانی کوردانی تورکیاو گواستنەوەی "دۆزی کوردانی سوریا" بۆ نێو سنووری ئێستای تورکیا. هەروەها پەیوەندیی نێوان ئەردۆغان و کوردەکان لە تورکیا، زۆرجار گەیشتووەتە ئاستێکی خراپ، بەڵام لە مانگەکانی ڕابرددودا تێکچوونی ئەو پەیوەندییانە، هەندێک سیاسەتمەداری پێشووی پارتی دادو گەشەپێدانی گەیاندە ئەو باوەڕەی کە کوردانی تورکیا ئامرازێکی نوێن بۆ پشتیوانی. 

بەهاری ڕابردوو، لەگەڵ دۆڕانی دووسەرەو شەرم ئاوەری ئەکەپە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئەستەنبوڵدا، ئەردۆغان دووچاری ڕەخنەی توند بووەوە، بەڵام ئەمجارەیان سەرچاوەی ڕەخنەکان تەنها سەرانی دوو پارتە سەرەکییەکەی ئۆپۆزسیۆن (پارتی گەلی کۆماری و هەدەپە) نەبوون، بەڵکو لەلایەن نزیکترین هاوپەیمانی خۆیەوە بوون، لە نێویشیاندا سیاسەتمەداری ناودارو سەرۆک وەزیرانی پێشوو (ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ)، کە بە "عەقڵی تەدبیرکەر"ی ئەردۆغان دادەنراو بەم دواییە پارتەکەی ئەردۆغانی بەجێهێشت و بڕیاریدا بۆ چەند ساڵێک لە سیاسەت دووربکەوێتەوە. لە ناوەڕاستی سێپتەمبەری ئەمساڵدا داوود ئۆغڵۆ دەستی لەکار کێشایەوە، دوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بۆ دەرکردنی. دەرکردنی داوود ئۆغڵۆ لە پارتەکەی، دوای ئەوە بوو کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا ڕەخنەی لە سیاسەتی پارتی دادو گەشەپێدان و سەرکردەکانی گرت، لە هەمان کاتدا سیاسەتەکانی پارتەکەی ڕەتکردەوە بەتایبەت بڕیاری لادانی دەیان سەرۆک شارەوانی کوردی سەربە هەدەپە لەژێر پاساوی نەسەلمێنراوی پەیوەندییان بە "تیرۆر"ەوە.     

لەدوای دەست لەکار کێشانەوەی عەلی باباجان لە تەمموزی ڕابردوودا، ئەوەی داوود ئۆغڵۆ دووەم حاڵەتی لەو جۆرە بوو. باباجان، شارەزای بواری ئابوورییەو ئەردۆغان پشتی پێ دەبەست تا ئەوکاتەی (بیرات بەیرەق)ی زاوای خۆی خستە جێگەکەی، کە ئێستا بەیرەق وەزیری دارایی تورکیایە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا باباجان گەڕاوەتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی و لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرای کردووە کە بەنیازی دامەزراندنی پارتێکی سیاسییەو دەیەوێت کێبرکێی ئەکەپە بکات. 

ئێستا هەریەک لە داوود ئۆغڵۆو عەلی باباجان بەجیا نیازی دامەزراندنی پارتی نوێیان هەیە کە دەشێت ئەم دوو هەنگاوە جیاوازە ببێتە هۆی شکاندنی هەژموونی پارتەکەی ئەردۆغان (ئەکەپە). هەردووکیان چاویان لەسەر بنکەی جەماوەریی جارانیانە لەنێو ئەکەپە (پارتەکەی جارانی خۆیان). ئەم نیازەی هەردوکیان وا لە ئەردۆغان دەکات تەنیاو لاواز بمێنێتەوە لە هاوپەیمانێتییە کۆنەکەی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی تورکیادا. هەرچەندە بڕیارنیە تا ساڵی ٢٠٢٣ هیج هەڵبژاردنێک لە تورکیا ئەنجام بدرێت، لەدوای ئەو هەڵبژاردنە خۆجێییەی کە ساڵی ٢٠١٩ ئەنجام درا، کەچی هەندێک پێشنیارو داخوازی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت. هەروەها ئەو دوو سەرکردە دیارەی جارانی ئەکەپە –هەردووکیان ئەلتەرناتیڤی چاوەڕوانکراون بۆ بنکەی ئەکەپە- هەڕەشەی نوین بۆ سەر پارتەکەی ئەردۆغان. بەگوێرەی داتا رەسمییەکانی حکومەت، ساڵی ڕابردوو ئەندامێتی لە ئەکەپەدا بە ڕیژەی ١٠٪ کەمی کردووە، ئەوەش دەرفەتێکی باش دەداتە داوود ئۆغڵۆو باباجان بۆ راکێشانی لایەنگرە بێهیواکانی پارتەکە بە لای خۆیاندا. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ داوود ئۆغڵۆو باباجان هەریەکەو بەجیا کاربکەن بۆڕاکێشانی ئەوانەی لە دەرەوەی حزبەکەوە لایەنگریانن، چونکە هەردوکیان ڕکەبەری کاریگەرن لەنێو بنکەی یەک پارتدا.
 
ئێستا پشتیوانیکردنی دۆزی کورد لە تورکیا هاتووەتە بەر ڕۆژەڤ، دوای ئەوەی کوردەکان بێئومێد بوون لە ئەردۆغان. هەر کوردەکان بوون لەڕێی دەنگدانەوە پارتەکەی ئەردۆگانیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵ دووچاری شکستی گەورە کرد. لە گۆشەنیگای داوود ئۆغڵۆوە دەنگدانی تورکی-کوردی بایەخێکی دیموگرافی چاوەڕوانکراوی هەیە بۆ پشتیوانیکردنی، بەتایبەت دوای ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی حکومەت دەربارەی لابردنی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە کە وەک نیشانەی پاشەکشێی ڕوونی دیموکراسی وەسفی کرد.
  
سەرباری ئەوانە، پێناچێت کوردەکان پشتیوانیی داوود ئۆغڵۆو هەوڵەکانی بکەن لە بەدەستهێنانی بنکەیەکی جەماوەریدا، چونکە ئەو هیچ هەڵوێستێکی نەبووە بەرامبەر تاوانەکانی حکومەت دەرهەق بە پارتە کوردییە سەرەکییەکەی وڵات "پارتی دیموکراتی گەلان" کە سێ ساڵە (سەڵاحەدین دەمیرتاش) هاوسەرۆکی پارتەکە لە زینداندایە، کەچی داوود ئۆغڵۆ تەنانەت بۆ جارێکیش ڕەخنەی لەو زیندانیکردنە نەگرتووە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە هاوڕایە لەگەڵ سیاسەتەکانی پارتی دەسەڵاتدار بەرامبەر کوردەکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوو ساڵە هەردوو سەرکردەکە ڕەخنەیەکیان لە سیاسەتەکانی ئەکەپە نەگرتووە، کارێکی ئاسان نیە کە هیچکامیان گوتارێکی جیاواز لە گوتاری ئەکەپەیان هەبێت و دەنگدەرە خۆڵەمێشییەکان قایل بکەن، تا ئەو کاتەی هەوڵدەدەن بۆ شکاندنی ڕەفتارە جیاکارییەکانی کە پارتەکەی پێشوویان دەرهەق بە کوردەکان ئەنجامی داون. 

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا داوود ئۆغڵۆو عەلی باباجان بایی ئەوە متمانەو پێگەیان هەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیادا ببنە هەڕەشەی ترسناک لەسەر ئەردۆغان. هەروەها ئەکەپە تادێت زیاتر دەکەوێتە بەر هەڕەشە، چونکە دەبێ ڕکەبەریی هەردوو پارتە نوێیەکە بکات، ئەمە جگە لە پارتی گەلی کۆماری و پارتی گەلانی دیموکرات (هەدەپە).

بەم دواییە، راپرسییەک ئاشکرای کردووە کە پاشەکشەیەکی بەرچاو هەیە لە شەعبیەتی پارتەکەی ئەردۆغاندا. لەگەڵ بەردەوامیی دابەزینی بەهای لیرەی تورکیدا، ئەکەپەش بەردەوام دەبێت لە لەدەستدانی جەماوەرەکەی تا کاتی هەڵبژاردن. پاڵپشت بە توانای هەریەک لە داوود ئۆغڵۆو عەلی باباجان لە دان بەخۆداگرتن بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئەکەپە، پرۆسەی ڕاگەیاندنی هەردوو پارتەکە –کە پێشبینی دەکرێت سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ بێت- پێدەچێت چرکەساتێکی یەکلاکەرەوە بێت لە مێژووی سیاسیی تورکیادا.

سەبارەت بە ئەکەپە کە بە قۆناغی شڵەژاندا تێپەڕ دەبێت، بڕیارە سیاسییەکانی ئەم دواییەی تورکیا، ڕەنگە ببێتە مایەی زیادبوونی نفووزی کوردەکان، بەوەش ئەکەپە پشتیوانی کوردەکان لەدەست دەدات، بۆیە دەنگەکانیان دەبێتە بژاردەیەکی چاوەڕوانکراو لای سەرکردە کۆنەکانی ئەکەپە، بەمەرجێک ئەگەر ئامادەبن بەئاشکرا ڕەخنە لە سیاسەتەکانی پارتەکەی جارانیان بگرن دەرهەق بە کوردانی تورکیاو سوریا. خۆ ئەگەر ئەردۆغان نەتوانێت چاو بە هەڵەکانیدا بخشێنێتەوە –داوود ئۆغڵۆ، پێش دەست لەکار کێشانەوەی، ئەم داوایەی هەبوو- ئەوا حاڵی پارتەکە باش نابێت، بگرە دەبێتە پارتێکی هێندە بێ بڕشت کە توانای شەڕکردنی نابێت لە چەند بەرەیەکەوە، کە هەندێک لەو شەڕانە لە ناوخۆو هەندێکیان لە دەرەوەی سنوور دەبن.   

و/ سیڤەر  


ئه‌م بابه‌ته 241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر