به‌ڕێزان بارزانی‌و تاڵه‌بانی به‌ئاشكرا رایانگه‌یاند رازی نین به‌وه‌ی پاچه‌چی ببێته سه‌رۆك كۆمار.
عه‌دنان پاچه‌چی كه ساڵانێك باڵێوزی عێراق‌و وه‌زیری ده‌ره‌وه بوو، له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس هه‌وڵیدا ببێته سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌ڵام به پێداگری كورد‌و شیعه نه‌یانهێشت به‌و خواسته‌ی بگات. ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی حوكم له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ورده‌كاری ئه‌و باسه ده‌گێڕێته‌وه.
عه‌دنان پاچه‌چی كوڕی موزاحیم پاچهچیه كه له ساڵی (1947) سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بووه. ئه‌و له (14/ئایار/1923) له به‌غداد له‌دایكبووه. دكتۆرای له زانسته سیاسیه‌كان له زانكۆی جۆرج تاونی ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ستهێناوه. له‌دوای شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مموزی (1958) بووه‌ته باڵێوزی عێراق له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان. له‌ماوه‌ی ساڵانی (1965 - 1967) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بووه. له‌دوای كوده‌تای به‌عسیه‌كان له ساڵی (1968) عێراقی به‌جێهێشتوه‌و په‌یوه‌ندی به ئۆپۆزسیۆنی عێراقیه‌وه كردووه. له وڵاتی ئیمارات راوێژكاری حكومه‌ت بووه.
له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌ساڵی (2003)، له‌ماوه‌ی (12/تهمموز/2003) بۆ (1/حوزه‌یران/2004) بووه‌ته ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی حوكم. پاشان بووه ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتیمانی راگوزه‌ر (پارله‌مان) له (2004 - 2005). دواتر بووه‌ته ئه‌ندامی پارله‌مانی عێراق. دوو هه‌فته لهمهوبهرو له‌رۆژی (17/11/2019) له ته‌مه‌نی (96) ساڵیدا له ئیمارات كۆچی دوایی كردوه.
نه‌سیر كامیل چادرچی كه ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی حوكم‌و هاوڕێی پاچه‌چی بووه، له لاپه‌ڕه (400 - 405) بیرهوهرییهكانیداو له‌ژێر ناونیشانی (سه‌رۆكی عێراق)دا، به‌م جۆره چیرۆكی دوورخستنه‌وه‌ی پاچه‌چی له‌وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئاشكرا ده‌كات.
سه‌رۆكی عێراق
ئه‌نجومه‌نی حوكم له‌ماوه‌ی كۆتایی كاره‌كانیدا، پلانی دانا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ به سه‌رۆك وهزیرانو سه‌رۆك كۆماره‌وه. وتوێژه‌كان له‌باره‌ی پاڵاوتنی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نه‌كه تاوه‌كو ببێته سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ماوه‌ی داهاتودا، ده‌ستی پێكرد.
گفتوگۆكان به ئاشكرا ده‌كران‌و هه‌ندێكی ده‌گه‌یشته كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌پشتی په‌رده‌وه ده‌گوزه‌را ئێمه پێمان نه‌ده‌زانی، وه‌لێ له سه‌ركرده كورده‌كانه‌وه هه‌واڵه‌كانمان پێده‌گه‌یشت.
له‌لایه‌ن نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بۆ عێراق به‌ڕێز (ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی)، ناوی دكتۆر عه‌دنان پاچه‌چی پێشنیاركرا تاوه‌كو ببێته سه‌رۆك كۆمار. ئیبراهیمی رژدبونی خۆشی له‌سه‌ر ئه‌و باسه پیشاندا، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته وتی په‌یامێكی له جۆرج بۆشی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه پێیه بۆ بریمه‌رو له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه بۆ هێزه سیاسییه باڵاده‌سته‌كان له عێراقدا، ئامۆژگارییان ده‌كات له بڕیاره گرنگه‌كاندا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بۆچونی (ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی)، به‌و پێیه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ره‌وتی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌كات. به‌ڵام هه‌ستم به دژایه‌تی ژماره‌یه‌ك له به‌ڕێزانی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی حوكم له‌وباره‌یه‌وه كرد. ئه‌و دژایه‌تیه‌ش له‌و كاته‌وه ده‌ستیپێكرد كه ده‌ستمانكرد به ئاماده‌كردنی (قانونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت)، چونكه له‌وكاته‌وه دكتۆر پاچه‌چی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌چێتی عهرهبیو پێشینه‌ی مێژویی خۆی ده‌رخست كه بڕوای به مافه ره‌واكانی كورد نییه (له‌گه‌ڵ خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد دژ بوو). هه‌روه‌ها ره‌وتی شیعه‌ش پێی ئاسوده نه‌بوون، بۆیه زۆرینه ناكۆك بوون كه ئه‌و سه‌رۆكایه‌تی عێراق وه‌ربگرێت.
پاچه‌چی بۆ ساڵانێكی درێژ كاری دیبلۆماسی كردوه، به‌ڵام ئه‌و سیاسی نه‌بوو، مانۆڕ‌و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ هێزه سیاسیه كاریگه‌ره‌كان نه‌ده‌زانی. له‌و رۆژانه‌دا كۆبونه‌وه‌یه‌كی بچوك له باره‌گای ئه‌نجومه‌نی حوكم به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان: ئه‌یاد عه‌لاوی، مه‌سعود بارزانی، جه‌لال تاڵه‌بانی، عه‌دنان پاچهچیو نه‌سیر چادرچی ئاماده‌بوون.
به‌ڕێزان بارزانی‌و تاڵه‌بانی به‌ئاشكرا رایانگه‌یاند رازی نین به‌وه‌ی پاچه‌چی ببێته سه‌رۆك كۆمار.. له‌وكاته‌دا (شێخ غازی عه‌جیل یاوه‌ر) له‌ناو ژوره‌كه‌ی خۆیدا له ئه‌نجومه‌ن چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كه بوو، هه‌ندێك زانیاری پێده‌گه‌یشت كه باسیان له پاڵاوتنی زۆر كه‌س بۆ ئه‌و پۆسته ده‌كرد.
كۆبونه‌وه‌كه زیاتر له دوو كاتژمێری خایاند، زۆرینه دژی ئه‌وه بوون پاچه‌چی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌ربگرێت. له‌كۆتاییدا داوامان له یه‌كێك له كارمه‌ندانی ئه‌نجومه‌ن كرد بانگی شێخ غازی یاوه‌ر بكات، تاوه‌كو بێته لای ئێمه‌و ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كه‌ی پێ بڵێن. ئه‌و پیاوه گه‌ڕایه‌وه‌و پێیوتین یاوه‌ر له ژوره‌كه‌ی خۆی نییه. رۆژی دواتر له یاوه‌رمان پرسی بۆچی بانگهێشته‌كه‌ی رهتكردوینهتهوه، كاتێك پێمانوت كه‌سێكمان ناردوه به شوێنتدا، سه‌رسوڕمانی خۆی پیشانداو وتی: من هه‌تا كاتژمێر پێنجی ئێواره له ئه‌نجومه‌ن له نوسینگه‌كه‌ی خۆم بووم.
رۆژی دووه‌م له‌میانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ئه‌نجومه‌ندا، به ئاماده‌بونی هه‌ندێك له وهزیرهكانو بریمه‌رو ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی، به ئاشكرا گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌و باسه‌وه كرا، هه‌موان بهڕوونیو راشكاوی بۆچونی خۆیان ده‌ربڕی.
دكتۆر ئیبراهیم جه‌عفه‌ری دژایه‌تی خۆی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی عێراق له‌لایه‌ن پاچهچیهوه ده‌ربڕی، قسه‌كانی جۆرێك له (گاڵته‌جاڕی) پێوه‌بوو، پاشان ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی كوتله‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك كه له ده‌ره‌وه‌ی سنوری لێوه‌شاوه‌یی بوو، پشتگیری‌یان كرد.
من به‌بێده‌نگی چاودێریم ده‌كرد، چاوم بڕیبووه سه‌ر روخساری پاچه‌چی كه وادیاربوو نه‌یده‌زانی چی له ده‌وروبه‌ری ده‌گوزه‌رێت.. هه‌وڵی وه‌ستاندنی رهوشهكهم دا، ده‌ستم به‌رز كرده‌وه‌و داوامكرد قسه بكه‌م، هه‌موان گوێیان لێگرتم.
وتم: ئه‌م ئه‌نجومه‌نه به‌وپه‌ڕی شهفافیهتهوهو به‌ڕێزگرتن له بۆچونه‌كان ده‌ستی پێكردوه، به‌درێژایی دانیشتنه‌كانی هیچ پێشێلكارییه‌ك یان برینداركردنی هه‌ستی كه‌س تێیدا رووینه‌داوه. پاشان وتم: به‌درێژایی ژیانم له‌گه‌ڵ سیاسه‌تكاره عێراقییه‌كاندا به جیاوازی بیروبۆچونیانهوه، له چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی سیاسی‌دا ئاماده‌بووم. ده‌مه‌وێت پێتان بڵێم ئه‌م كۆبونهوانهمان كه ساڵێك زیاتره درێژه‌ی كێشاوه، له‌ڕووی ئهدهبو لێهاتنو رێزگرتن‌و قبوڵكردنی بۆچونی ئه‌وانیتره‌وه به باشترین كۆبونه‌وه‌كانی ده‌ژمێرم، بۆیه پێویسته له‌سه‌رمان پارێزگاری له‌م شێوازه بكه‌ین، به‌تایبه‌تی كه ئێمه گهیشتیوین به وێستگه‌ی كۆتایی گفتوگۆ دژوارهكانمان، بۆیه داواتان لێده‌كه‌م كۆبونه‌وه‌كه بۆ رۆژێكی دیكه دوابخه‌ین.
من وه‌كو ده‌رچه‌یه‌ك بۆ رزگاربون له‌و دۆخی شه‌رمه‌زارییه‌ی كه پاچه‌چی تێیدهكهوت پێشنیاری دواخستنم كرد، چونكه ئه‌گه‌ر بهاتایه له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ده‌نگدان بكرایه، پێشبینی ئه‌وه‌م ده‌كرد پاچه‌چی جگه‌له ده‌نگی خۆی، هیچ ده‌نگێك به‌ده‌ستناهێنێت (منیش بایكۆتی ده‌نگدانم ده‌كرد).
دواتر به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی قسه‌ی كرد كه به‌هۆی شێوازی قسه‌كردنی جه‌عفه‌ری‌و ئه‌وانیتر توڕه‌یی پێوه‌دیاربوو. پشتگیری پێشنیاره‌كه‌ی كردم بۆ دواخستنی كۆبونه‌وه‌كه. راسته به‌ڕێز (مه‌سعود بارزانی) دژی پاڵاوتنی (پاچه‌چی) بوو به‌ڵام قبوڵی نه‌ده‌كرد شكۆی بریندار بكرێت.
پاشان به‌ڕێز بریمه‌ر پشتگیری پێشنیاره‌كه‌ی كردم بۆ دواخستن، نیشانه‌ی ناڕازیبوونی پێوه دیاربوو، وتی: ناوی سێیه‌م هه‌یه‌و بۆ سه‌رۆكایه‌تی ده‌خرێته‌ڕوو.
دكتۆر پاچه‌چی لهنزیكمهوه دانیشتبوو، ئاوڕم دایه‌وه بهلایداو داواملێكرد پشتگیری پێشنیاری دواخستنه‌كه بكات، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌یبیستبێت. پاشان داواكه‌م دووباره كرده‌وه‌و هه‌ر وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه. هیچم بۆ نه‌مایه‌وه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت (مایكرۆفۆن)ه‌كه‌م له‌به‌رده‌می دانا‌و به ده‌نگێكی به‌رز پێموت: قسه بكه‌و داوای دواخستن بكه. پاشان قسه‌ی كرد‌و داوای دواخستنی كرد. كۆبونه‌وه‌كه به‌و شێوه‌یه كۆتایهات.
زۆرینه مكوڕ بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پاچه‌چی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌رنه‌گرێت، له ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی پاچه‌چی به‌سه‌ریاندا، توڕه‌یی به قسه‌كانیانه‌وه دیاربوو.
رۆژی دواتر به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی پێوه‌ندی پێوه‌كردم، داوایلێكردم به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ دكتۆر پاچه‌چی ئاگادار بكه‌مه‌وه كه حه‌زناكه‌ن پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق وه‌ربگرێت.
منیش له‌سه‌ر ئه‌وه رازی بووم، په‌یوه‌ندیم پێوهكردو ئه‌وه‌ی داواملێكرابوو بیگه‌ینم پێموت، پێموت: برایانی كورد‌و شیعه حه‌زت پێناكه‌ن (به‌شێوازێكی ناڕوون، به‌ڵام مه‌به‌سته‌كه روون بوو). به‌تۆنێكی هێمن وه‌ڵامیدایه‌وه: ئاگاداریان بكه من له خۆپاڵاوتن ده‌كشێمه‌وه.
هه‌رچه‌نده پاچه‌چی ئاگاداری كردبووین كه ده‌كشێته‌وه، وه‌لێ ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی له هه‌وڵه‌كانی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی له‌لایه‌ن پاچه‌چی نه‌وه‌ستا. دوای دوو رۆژ، ئێواره‌یه‌كیان به‌ڕێز بارزانی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم‌و به‌تۆنێكی هێمن قسه‌ی كرد، دوای ئه‌وه‌ی داوای لێبوردنی لێكردم (به‌هۆی زۆری داواكارییه‌كانی)، ئاگاداری كردم كه پاچه‌چی له قسه‌كانی پاشگهزبۆتهوهو قسه‌و باسی ئه‌وه هه‌یه كه به كاریگه‌ری به‌ڕێز ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سه‌رۆكایه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه. داوایلێكردم بچمه لای‌و له‌وباره‌یه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌م، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه پێیدابووین.
ئێواره چووم بۆ لای پاچه‌چی، له شوێنی مانه‌وه‌ی له ناوچه‌ی مه‌نسور، وه‌كو نه‌ریتی خۆی به‌خێری هێنامو پێكه‌وه نانمان خوارد‌و هه‌ندێك قسه‌ی گشتیمان كرد، پاشان وتم له‌م قۆناغه راگوزه‌رییه شڵه‌ژاوه‌دا، ئه‌و دۆخه‌ی عێراقی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت زۆر ئاڵۆز‌و دژواره، وایده‌بینم وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتی له‌ئێستادا سه‌خته‌و كێشه‌ی زۆری لێده‌كه‌وێته‌وه، بۆ وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتی كاتی گونجاو دێت. وه‌كو برایه‌كی بچوك وایده‌بینم ئه‌و به‌رپرسیارێتییه وه‌رنه‌گریت، ئیدی هه‌رچه‌نده فشارت لێبكرێت. هه‌ر كه‌سێك ئه‌و به‌رپرسیارێتیه وه‌ربگرێت هه‌رچه‌نده لێهاتووش بێت، ئه‌وا له‌م دۆخه‌ی پێیدا گوزه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر شكستهێنان ده‌بێت.
پاچه‌چی وهڵامیدامهوهو وتی:
پێت ده‌ڵێم ئه‌و پۆسته‌م ناوێت‌و پێوه‌ی پابه‌ند نیم، ته‌نانه‌ت خێزانه‌كه‌شم بهپێداگرتنهوه داوایان ئه‌وه‌یان لێكردوم، به‌ڵێنت دهدهمێو منیش له‌سه‌ر به‌ڵێنی خۆمم.
پێموت كه برامان مه‌سعود بارزانی هه‌واڵی پێگه‌یشتوه كه تۆ هێشتا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته.
له‌وه‌ڵامدا وتی: ئه‌و قسه‌یه راست نییه.
پێموت: ئایا رێگه‌م ده‌ده‌یت كه برامان مه‌سعود له‌وه ئاگادار بكه‌مه‌وه؟
وتی: هه‌ر ئێستا هه‌واڵی پێبده.
ئه‌وكاته یه‌كسه‌ر له‌به‌رده‌میدا ته‌له‌فۆنم بۆ برامان مه‌سعود كرد، پێموت: من له‌لای دكتۆر عه‌دنان پاچهچیمو پابه‌ندی بهڵێنهكانێتی كه خۆی ناپاڵێوێت، ئێستا ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی پێدهدهمو خۆت قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه.
هه‌ردوكیان پێكه‌وه قسه‌یان كرد، به ره‌تكردنه‌وه‌ی خۆپاڵاوتنی، قسه‌كانیان له‌وپه‌ڕی رێز‌و ژیریدا بوو.
سه‌رباری هه‌موو تێبینیه‌كان له‌سه‌ر پاچه‌چی، ئه‌و هه‌ڵوێسته هه‌ڵه بوو، چونكه به‌بۆچونی من بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته، ئه‌و له به‌ڕێز (غازی عه‌جیل یاوه‌ر) باشتربوو، چونكه شێخ یاوه‌ر له قسه‌و هه‌ڵوێسته‌كانیدا روون نه‌بوو، بۆیه له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی كۆك بوون.
ئه‌وه‌ی گێڕامه‌وه به‌رمه‌بنای ئه‌وه بوو كه لێی ئاگاداربوومو ئه‌نجامم داوه، له‌وانه‌یه باسی دیكه ههبێو من پێم نهزانیبێو ئاگاداری نهبووبمو دواتر بیستبێتم، به‌ڵام قسه‌كانم ته‌نها تایبه‌تن به خۆم، راستیش چه‌ندین رووی هه‌یه، پێویستیش نییه یه‌ك رووی هه‌بێت، ئه‌وه راستیهكهیه.
ئا: بارام سوبحی