پەخشی نیشتمانی (پەخشی خزمەتگوزاری گشتی) بارودۆخی ھەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ لە فەرھەنگی میدیایدا، چەند زاراوەیەک بۆ میدیای نیشتمانی بە کاردێت،بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو مانایەکی تەواو کە بیدات بەم جۆرە لە میدیا کە بەمانای میدیای گشتی بێت و خزمەت بە گشت بکات 'خزمەتگوزاری گشتی' ی بۆ بەکاردێت، کە زیاتریش ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا پەخش واتە: رادیۆو تەلەفزیۆنەکان، نوێنەری ئەم جۆرە لە میدیان، بۆیە لەم باسەدا زیاتر تیشک دەخەینە سەر پەخش بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ.
PM:04:05:18/12/2018
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا
پرۆسەی ئازادی لە کوردستان، دواتریش کرانەوەی بازاری بە رووی بازاڕەکانی جیھان، بوونی بە ناوچەیەکی وەبەرھێنان بۆ زۆر لە کۆمپانیا و کارگە جیھانیەکان، ڕێگە خۆشکەربوو بۆ زۆربوونی کەناڵ و گۆڕینى مۆدیلی میدیا، لە مۆدیلی حیزبیەوە بەرەو خاوەنداریەتی تایبەت.

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاری میدیایی چاوی كورد

ئەمڕۆ لە فەرھەنگی میدیایدا، چەند زاراوەیەک بۆ میدیای نیشتمانی بە کاردێت،بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو مانایەکی تەواو کە بیدات بەم جۆرە لە میدیا کە بەمانای میدیای گشتی بێت و خزمەت بە گشت بکات 'خزمەتگوزاری گشتی' ی بۆ بەکاردێت، کە زیاتریش ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا پەخش واتە: ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان، نوێنەری ئەم جۆرە لە میدیان، بۆیە لەم باسەدا من زیاتر تیشکم لەسەر پەخش خستووە .

 

ھۆکارەکانی گەشەسەندنی

 

 ئەگەر چی  مێژووی ئەم جۆرە لە میدیا زۆر کۆنە، لە ئەمریکاو زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی دەگەرێتەوە بۆ بیستەکان و سەرھەڵدانی ڕادیۆ، بەڵام لە ساڵانی پێش کۆتایی ئەم سەدەیەدا، وادەردەکەوت کە کاتی ئەوەھاتووە ئاوڕێک لە مێژوو بدرێتەوە و پێشبینی وئەگەرەکانی داھاتوو لەبەرچاوبگیرێ.
بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٨٩ کە وەسف دەکرێت بە ساڵی وەرچەرخان لە زۆر ڕووی گرنگەوە ئەمەش لەبەرچەند خاڵێک بوو
:

 

یەکەم: ڕووخان ونەمانی دیواری بەرلین، کە بوو بە سیمبولى کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە ونەمانی سیستەم ودەسەڵاتی فەرمانڕەوایی تۆتالیتارێتی لە زۆرینەی وڵاتانی جیھاندا بەرەو دیموکراسی بوون.

 

دووەم: ھەرلەم ساڵەدا چەندان ملیار دۆلار خرایە پیشەسازی میدیاوە، گواستنەوەی بڵاوبوونەوەی سەتەلایت، بەھەموو پارچەکانی جیھاندا، کە ئەمە بووە ھۆی شکاندنی دیوارونەمانی سنورەکانی نێوان وڵاتان.

 

سێیەم:ساڵی ١٩٨٩، ئەو ساڵەیە کە یونسکۆ ستراتیژی تازەی خۆی ناساند، ھەروەھا کۆتایی ئەوکۆت وبەندەبوو لەسەرئازادی ڕادەربڕین وناساندنی یاسای مافی ئازادی ڕادەربڕین لە بەندی(X1X)و یاسای مافی مرۆڤی جیھانیدا. ستراتیژی تازەی کۆمۆنیکەیشن فەرزرکرا بۆ پەیوەندیکردن، کە کلیلی سەرەکی ئەم پرۆسەی کۆمۆنیکەیشنە جیھانییە بریتی بوو لە پرۆسەی فڕینی زانیارییەکان لەنێو وڵاتاندا(free flow of information)، کە ئەمە لە ٢٥ ھەمین کۆنفرانسی گشتی یونسکۆ، لە مانگی یازدەی ساڵی ١٩٨٩ ناسێندرا بۆ بنیاتنان و دروستکردنی پرۆسەی کۆمیونیکەیشنی  جیھانی. جگە لەوەی یونسکۆ لە ساڵی ١٩٩٢ دا دەزگای ڕادیۆو تەلەفزیۆنی جیھانی دامەزراند. ( WORID RADIO AND TELEVISION COUNCLE)وەک دەزگایەکی تایبەت کە خزمەتگوزاریی پێشکەش بکات بە وڵاتانی جیھاندا، کەسەرپەرەشتی زۆربەری زۆری دەزگاکانی پەخشی گشتی بکات لەسەرتاسەری جیھاندا.

 

کە کۆمەڵێک ئامانجی بۆ خزمەتکردن و بەروپێش بردنی کۆمینیکەیشنی جیھانی ھەبوو گرنگترینیان، گەشەپێدان و بەرەو پێشبردنی پەخشی خزمەتگوزاریی گشتی خەڵک لە ھەموو کۆمەڵگەکانی جیھاندا.

 

چوارەم -  بە بازرگانی بوونی میدیا

 

پەخشی گشتـــی چییەو بۆ چییە(why public broad casting)

 

سەرەتا کە دەوترێت خزمەتگوزاریی گشتی، مەبەست لێی تیشکخستن وقسەکردنی ئەم کەناڵەیە لەو بابەتانەی کە خزمەت بەگشتی دەکات واتە:

 

١-خزمەت بە ھاوڵاتیان و بەرژەوەندییەکانیان دەکات، بەشێوەیەک لەڕووی ڕەنگ و زمان وئایدۆلۆژیاو ڕەگەزونەتەوەو کەمینەکان وگروپە تایبەتییەکان.

 

٢- ڕۆڵێکی چالاکی ھەبێت لە پێدانی ماف بەخەڵک، بۆ وەرگرتنی مەودایەکی فراوان لە زانیاری جۆراوجۆر و سەربەخۆ ودوور لەلایەنگری حزبی وحکومی.

 

٣- پارێزگاری کردن وگەشەدان بە ناسنامەی نەتەوەیی وکلتوری کە لەمەترسیدایە لە بەردەم کەناڵە بازرگانییەکان و تەکنەلۆژیای نوێ دا.

 

گشتی (public) لەم پەخشەدا زەق کراوە دوو جۆر مانای ھەیە لەم مۆدێلەدا

 

یەکەم:- لە ڕووی ڕووماڵکردنی تەکنیکەوە، مانای ئەوەیە کەھەموو ماڵێک لەوناوچەیەدا، کە پەخشەکە دەیگرێتەوە، مافی ئەوەی ھەبێت کەئەم پەخشەی پێ بگات. وەک ھەموو خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تر( ئاو،کارەبا، تەلەفۆن،نەوت،غاز،.........ھتد).

 

دووەم:- بە مانای ئەوەی ھەموو گروپێک لە کۆمەڵگەدا، دەوڵەمەندوھەژار، خوێندەوارو نەخوێندەوار،گەنج و پیر،منداڵ و گەورە، ڕەش وسپی، ئایینە جیاوازەکان و نەتەوە جیاوازەکان، بەرژەوەندی جیاوازی خەڵک ئیتر زانست بێت یان ئاینی یان ئابوری وکۆمەڵایەتی و ھەموو کۆمەڵگە بەگشتی، مافی ئەوەی ھەبێت زانیاری پەیوەست وپێویست بەخۆی لەم جۆرەی پەخش وەربگرێت.

 

کەواتە لێرەوە دەتوانین بلێین: نە بازرگانی ونەکۆنتڕۆڵکراوی حکومەت، بەڵکو تاکە ئامانجی بەرزکردنەوەی داخوازییەکانی خەڵکە، یان دەزگایەکی پەخشی گشتییە، کە قسەدەکات بۆھەمووکەس وەک ھاوڵاتی ،ھەروەھا یارمەتی وپشتگیری دارایی دەکرێت لەلایەن خەڵکەوە وبەشداری ئەکتیڤانە دەکات لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بەشداریی پێکردنیان، بۆبەرەوپێشبردنی ئاستی مەعریفیان تاکو بەباشی تێبگات لە ڕێگەی باش تێگەیشتنی لە جیھان،یان پەخشی خزمەتگوزاریی گشتی پێناسەدەکرێت، بە ئەوشوێنەی کە ھەموو ھاوڵاتیان کۆدەکاتەوە وبانگھێشتیان دەکات بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی وەک ئامرازێکی زانیاریدان وپەروەردەیی وکات بەسەربردن  بۆھەموو کەس، لەھەر ئاستێکی کۆمەڵایەتیی وئابوری دابێت.

 

ئەو گرفت و وتوێژانەى دروست دەبێت لە سەرھەڵدان یان دامەزراندنی ئەم جۆرە لە پەخش

 

لەگەڵ سەرھەڵدانی ئەم جۆرە لە پەخش، کێشمەکێش وگفتوگۆیەکی زۆر ھاتە ئاراوە سەبارەت بەھەندێک مەسەلەی تایبەت بەم پەخشە لەوانە:

 

کێ بەرپرسە لەم پەخشە؟

چۆن پشتگیری ماددی دەکرێت؟

ڕۆڵی حکومەت چی یە لەم پەخشەدا؟

 

بنەمای کارکردنی پەخشی خزمەتگوزاری گشتی

 

یەکەم:- جیھانی یان گشتگیری، سەرتاسەری( UNIVERSALTY)

 

دووەم:- ھەمەڕەنگی(Diversity)

ئەو خزمەتەی کە لەلایەن پەخشی گشتیەوە پێشکەش دەکرێت، پێویستە ھەمەڕەنگ و ھەمەچشن بێت، لەم ڕووانەوە :

 

١-لە ڕووی چەمکی پرۆگرامەکانی واتە ژانروپرۆگرامەکانی دەبێت ھەمەچەشن بێت.

٢- لە ڕووی وەرگرەکانییەوە، کە دەبێت بۆھەموو کەسێک بێت بەبێ جیاوازی، واتە وەرگرەکان بە جیاوازی ئایدۆلۆژی دەنگ ، ڕەنگ ،زمان ،نەتەوە....ھتد.

٣- لە ڕووی ئەو بابەتانەی کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، واتە گرنگی بەھەموو بابەتەکان بدات، تەندروستی، سیاسی، ئاینی ، کۆمەڵایەتی، وەرزشی، ھونەری.

 

سێیەم:- سەربەخۆی

 

پەخشی گشتی شێوازێکە کە دەبێت بیرۆکەکان  گوزارشتی لێبکرێت، ئەم سەربەخۆیی وئازادیی پەخشی گشتی دژبە پەخشی بازرگانی وکاریگەری سیاسی، لە بەریتانیا کە ڕێکخستنی بۆ پەخشکردن کە ناودەبرێت بە(Arms length) واتە نیمچە سەربەخۆ، کە پەیوەندی نێوان حکومەت وسیستەمی پەخش دیاری دەکات، لە بری ئەوەی بە تەواوەتی پەخش بخرێتە ژێر دەستی یاخود کۆنتڕۆڵکردنی ڕاستەوخۆی حکومەتەوە، کە بڕیاریان دا کە متمانە بدەن بە دەزگایەک کە بەرپرس بێت لە پەخش، بۆ بەرژەوەندییەکای خەڵک، سود لەو سەربەخۆیەی خۆی وەربگرێت وڕێگە بگیرێت لەھەر دەستێوەردانێکی سیاسی یاخود بیرۆکراتی.

 

چوارەم:- جیاوازی ( distinctiveness)

 

ئەم بنەمایە بۆ پەخشی گشتی لەو وڵاتانەدایە، کە پەخشی گشتی شانبەشانی پەخشی بازرگانی تایبەت پەخش دەبێت، ئەم بنەمایە داوادەکات، کە ئەو خزمەتەی یاخود پرۆگرامەی کە لەلایەن پەخشی گشتییەوە پێشکەش دەکرێت، دەبێت جیاواز بێت لەوانەی لەلایەن پەخشەکانی تری وەک بازرگانی. هەروەها دەبێت لە ڕووی ناوەڕۆک وبەرزی کواڵێتی پرۆگرامەکانی، دەبێت بەشێوەیەک بێت، بینەران تێبگەن کە ئەم جۆرە پەخشانە، جیاوازە لە پەخشەکانی تر.

 

بایەخەکان یان ئەرکەکانی 

زۆرینەی پەخشی خزمەتگوزاریە گشتییەکان، ئەرکەکانیان لەسێ بواردا کۆکردۆتەوە :

١-            زانیاری بەخشین.

٢-            پەروەردە.

٣-            کات بەسەربردن.

 

سەرچاوەی دارایی ئەم پەخشە

شێوازی بەردەوامی پێدانى سەرەکی ئەم پەخشە بریتییە لە:

 

١-باجی مۆڵەت( license fees)، باجی مۆڵەت واتە ئەو باجەى کە لەو کەسەکان دەسەنرێت، تا ئێستاش بەشێوەیەکی بەرفراوان ماوتەوە لە ئەورووپادا، سەپێنراوە لەو وڵاتەدا بە فەرمی بەسەر ئەو ھاوڵاتییانەی کە وەرگری ئەم پەخشەن.  نموونەی وەک (بی بی سی) لە بەریتانیاو (ئێچ کەی) لە ژاپۆن بە تەنھا لە ڕێگەی باجی مۆڵەتەوە پشتگیری دەکرێت.

 

٢- پارەی گشتی لەکاتێکدا لەو وڵاتانی دەرەوەی ئەورووپا کەمتر ئەم جۆرە لە پشتگیری دارایی ھەیە، لە کەنەداو ئوسترالیا بەنموونە ئەم پەخشە لەلایەن پارەی گشتی حکومەتەوە خەرج دەکرێت.

 

٣- ریکلام لە زۆر شوێندا ئەم پەخشەو پەخشی بازرگانی بەیەکەوە یاخود تێکەڵن و لایەنە بازرگانییەکەی داھات بۆ خزمەتگوزارییەکە پەیدادەکات.

 

مەرجەکانی سەرچاوەی دارایی ئەم پەخشە

 

یەکەم:-  سەرچاوەی دارایی پێویستە سەربەخۆ بێت لە ھەردوو بازرگانی وسیاسی.

دووەم:- پشتگیری دارایی ئەم پەخشە دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانکراودا بێت تاوەکو بتوانێ پلان وئامانجەکان جێگیربێت، ئەگەر نا دەبێتە ھۆی مەترسی وکاریگەری بۆ سەردەزگاکە.

سێیەم:- پێویستە دارایی ئەم پەخشە لە ئاستێکدا بێت کە بتوانێت ھەستێت بە بەدیھێنانی ئامانجەکانی ودوورکەوتنەوە لە خزمەتکردن بە بازرگانی وکەرتە تایبەتەکان و ڕۆڵی ھەبێت لە کۆمەڵگەدا.

چوارەم:- دەبێت سەرچاوەی دارایی گەشەبکات بەپێی خەرجییەکانی پەخشەکە، تاکو دووربێت لە دەست تێوەردانی سیاسی وفشاری بازرگانی وکەرتە تایبەتییەکان.

 

ئیدارەو شێوازی بەڕێوەبردنی

 

رێکخستنی میدیا یاخود پەخشێکی وا  ئاسان نیە ڕێکبخرێت، لەبەرئەوە ئەم مەسەلەیە دەبێت بە شێوەیەک پراکتیک بکرێت کە ڕاگرتنی ھاوسەنگی بێت لە نێوان سەربەخۆیی و بەرپرسیاریەتیدا ، کە ئەمە بەگوێرەی یاساو سیستەمی سیاسی ھەر وڵاتێک یاسا ئەم مەسەلانە ڕێک دەخات، بۆ ئەمە نموونەی  بەریتانیامان وەرگرتووە پرەنسیپی (Arms length)، ڕێنمایی دیاریدەکات بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان دەزگاکانی پەخشی گشتی وحکومەت، کە دەبێت بەم شێوەیە بن:

 

١-دەزگاکانی پەخشی گشتی ( The organization of public broadcast)

 

یەکەم شت کە بۆ گەرەنتی دانی پەخشی گشتی بۆ سەربەخۆیی وئۆتۆنۆمییەکی تەواو، پێویستە جیاوازیی بکرێت لە ڕووی بەڕێوبردنی ئیداری وپێکھاتەکەی لە نێوان دووئاستی بەڕێوەبردندا.

واتە" ئاستەکانی بەڕێوەبردنی ئەم دەزگایە خۆی لە دووخاڵدا دەبینێتەوە:

أ-             ڕێکخستنی پرۆگرامەکان وکاروباری ڕۆژانەی( Day today business)

ب-           ستراتیژی وسیاسەتی گشتی وپلان وبڕیارە درێژخایەنەکان.

کە بۆردی بەڕێوبەرایەتی بەرپرسە لە سیاسەتی گشتی، کە کاروباری بودجە و سیاسەتی کەناڵەکە ڕێکبخات وسەرۆکی جێبەجێکاران بەرپرسە لە ڕێکخستنی پرۆگرام وکاروبارەکانی ڕۆژانە، کە پەیوەندی بە مرۆڤەکان وبابەتە پرۆگرامەکان و بڕیاردان بۆچۆنێتی وشێوزای پرۆگرامەکان بۆدوورکەوتنەوە لەدەست تێوەردانی سیاسی بۆناوبەرنامەکانی ئەم پەخشە،

 

 ٢- بەرپرسیارێتی( Accountability)

 

ھەرچەندە قورسە وئاسان نییە سیستەمێکی ئایدیاڵی بگشتێنرێ بەسەر پەخشی گشتی دا لەھەموو شوێنێک، بەھۆی جیاوازی کلتوری وسیاسی وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر. چەندین مانا لە خۆدەگرێت، بۆئەوەی پەخشی گشتی دابینی ئاستێک لەسەربەخۆیی بکات لە حکومەت، بەڵام ئامانج ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان ئەم پەخشەو حکومەت بەشێوەیەکی شەفاف وڕوون بێت.

 

٣- ھەڵسەنگاندن

 

بەشێوەیەکی یاسایی حکومدان وبڕیاردان بۆکارەکانی پەخشی گشتی، ھەڵسەنگاندنی دەبێت لەسەر دووئاستدا بێت:

أ-             پابەندبوونی ئەم پەخشە بەئەرکەکانیەوە.

ب-           ئاستی ڕازیبوونی خەڵک، واتە تاچەند خەڵک ڕازی بووە  .

 

‌ھەرێمی کوردستان

 

 پرۆسەی ئازادی لە کوردستان، دواتریش کرانەوەی بازاری بە ڕووی بازاڕەکانی  جیھان، بوونی بە ناوچەیەکی وەبەرھێنان بۆ زۆر لە کۆمپانیا و کارگە جیھانیەکان، ڕێگە خۆشکەربوو بۆ زۆربوونی کەناڵ و گۆڕینى مۆدیلی میدیا، لە مۆدیلی حیزبیەوە بەرەو خاوەنداریەتی تایبەت، پەیدابوونی سپۆنسەرو سەرچاوەی دارایی بۆ پشتگیری ڕاگەیاندن لە میدیای خوێنراوەوە تاکو بینراو بیستراو. کە ئەمە وایکردووە بە شێوازێکی زۆر خێرا ژمارەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن زۆرببێت، بەردەوامیش لە زیادبووندا بێت. سەرباری چوونە ناو ڕیکلام و میدیای بازرگانی لەلایەن زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، کە ئەمە کۆمەڵێک دەرھاویشتەن، هەروەها ئاسەواری سلبی دروست دەکات لە وڵاتدا، ئەگەر بیر لە یاساو ڕێکخستن و میدیایەکی نیشتمانی و گشتی نەکرێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵی .

 

دەرھاویشتە نێگەتیڤەکانی نەبوونی دەزگای چاودێری و میدیای نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان

 

١ فرەکەناڵی و نەبوونی کەناڵێکی نیشتمانی کە زمانحاڵی نیشتمان و وڵات بێت، شپرزی و بێسەروبەری دامەزراندنی کەناڵ.

٢-  ونبوونی گوتاری نیشتمانی ھاوبەش.

 ٣-  دابەشبونی بینەر ھەریەکە بە پێی کەناڵە جیاوازەکان.

٤-  نەمانی ناسنامەی کلتووری، نیشتمانی ، ئاینی .

٥-  لاوازبوونی هەستى نەتەوەیی، لەبەرنەبوونی کەناڵێک کە کەناڵی گشت و رۆحی ھاوڵاتیبوون و کوردبوون بپارێزێت.

٦- لاوازبوونی زمانی کوردی و بێئومێد بوون لە زمانی ستانداری کوردی.

٧- نەمان و لاوازبوونی ئەدەب و ھونەر و موزیکی کوردی.

٧- ھاوردەکردنی بەرھەمی جۆراوجۆری بیانی وەک فیلم و دراماو بەرھەمە میدیایەکانی تر، لەبەر زۆربوونی کەناڵەکان و نەبوونی بەرھەمی خۆماڵی کە ئەمە زیان بە کلتوری نەتەوەی دەگەیەنێت و بیرۆکەی ناموو توندوتیژی ...ھتد، لە ناو وەرگرەکاندا زیاد دەکات

 

پێداویستییەکان

١ دامەزراندنی دەزگایەکەی تایبەت بە ڕێکخستنی میدیاو کۆمینیکەیشن، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ میدیای بازرگانی و چۆنیەتی و چەندیەتی کەناڵ و بەرھەمە پەخشکراوەکان.

٢- دامەزراندنی تۆرێکی پەخشی نیشتمانی کە خۆی لە ڕادیۆ تەلەفزێۆنێکی نیشتمانی ھاوبەشدا ببینێتەوە، کە ئەمەش یاساو پرینسیپی ستانداری خۆی ھەیە، لە ڕووی رێکخستن، پرۆگرام، بەڕێوەبردن، دارایی.

٣- بیرکردنەوە لە بەرھەمھێنانی ناوخۆیی میدیایی بەتایبەتی فیلم و دراما، بەتەرخان کردنی بودجەیەکی تایبەت بۆی و سوود وەرگرتن لە دەرھێنەرو ستافی بەرھەمھێنەری بیانی، تاوەکو بتوانرێت لانی کەم بە رھەمێکی تایبەت بە گوێرەی پێداویستیە ھونەری و فەرھەنگی پەروەردەییەکانی ھاوڵاتیانی کوردستان، بەرھەم بهێنرێت.

٤ - یاسایەک بۆ چۆنیەتی ھاوردەکردنی بەرھەمی بیانی و چۆنیەتی پەخشکردنی لەلایەن کەناڵەکانەوە دابنرێت .

 

ئاستەنگە سیاسی و ئیداریەکان

 

١-ھیچ دامەزراوەیەکی حکومی لە ھەرێم مۆرکی نیشتمانی بوونی پێوەدیارنییە،  لە سەرۆکایەتیەوە بیگرە تا پەرلەمان و حکومەت و دام و دەزگا یاسایی و پەروەردەیی...ھتد، بەڵکو حیزبی بوون و سازشی سیاسی و تەوافوقی حیزبی ھۆکاری پێکھێنانی بووە.

٢-میدیا وابەستەی سیستەمی سیاسی وڵاتە، سیستەمی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا، سیستەمێکە حیزب سەنتەرە نەک ھاوڵاتیبوون.

٣-نەبوونی دەزگایەکی چاودێرو رێکخستن بۆ میدیا لە ھەرێمدا، ترسی نەتوانینی سەربەخۆیی بوونی ھەبوونی دەزگایەکی وا کە حیزب قۆرخی نەکات و بۆ کۆنترۆڵ بەکاری نەھێنێت لە وڵاتدا، ڕێگە نادات بیری لێبکرێتەوە، کە دەزگایەکی وا بوونی نەبێت، ئەستەمە میدیایەکی نیشتمانیش بێتە ئاراوە.

 

ئاستەنگە ئابوریەکان لە سێ خاڵدا کۆکراوەتەوە

 

‌١-ئابوری وڵات شپرزی و ناشەفافیەت و دیارنەبوونی دارایی گشتى ئەو جۆرە ئومێدە نادات کە بتوانرێت پشتیوانی لەم جۆرە لە میدیا بکات.

٢-دانی ئابونە بۆ کەناڵ کلتور نییە لەم وڵاتەدا، پێویستی بە بوونی سیستەم و حکومەتێکی نیشتمانی ھەیە، پەیرەوی ئەو سیستەمە بکات.

٣-ئاستی بەرھەمھێنانی ناوخۆیی میدیای کوردی، کە ئەمە گرنگی و مە ر‌جی سەرەکی بوونی میدیایەکی نیشتمانییە، لە لایەکی ترەوە میدیا نیشتمانیەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو بەرھەمھێنەریشن لە ھەمان کاتدا بەشێک لە داراییان لە فرۆشتنی بەرھەمەکانی خۆیانەوە دەست دەکەوێت، کە یارمەتییان دەدات بۆ سەربەخۆیی دارایی. نموونە کەناڵی (بی بی سی) لە %١٥ داھاتی لە ڕێگەی یەک بەرھەمی منداڵانەوەیە( تیلی تیوب) جگە لە بەرھەمی تری وەک فیلم و دۆکیمێنتاری و بەرھەمی تری منداڵان.

 



ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر