ھەنگاوە یاساییەکـانی بەدەوڵەتبوون

لەمێژووی کورددا، گەلێک رێککەوتن و پەیماننامەی ژێر بەژێر و ئاشکرا و بەرژەوەندیخوازانە، لەنێوان داگیرکەرانی کوردستان و ھێز و دەوڵەتە زلھێزەکانی ناوچە و جیھان، دژ بە نەتەوەی کورد بەگشتی ھاتۆتە ئاراوە. زۆربەی ئەو ھاوپەیمانییە، لەڕاستیای داپڵۆسین وسەرکوتی بزاڤی رزگاریخوازیی کورد، لەھێندێک بڕگەی زەمەنی، بۆ پاکتاو و جینۆسایدی رەگەزیش بووە. دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار بەش، خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردی خستە ناو گەمارۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان، فرە دوژمنی بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد دروستکرد. بە ناوی بەزاندنی سنووریشەوە، دەنگ و ھەڵوێستی نەتەوەیی لێکدابڕی، خەباتی ھەر پارچەیەکی لە بەستەڵەکی شۆڤێنیزمی داگیرکاراندا سڕکرد.
PM:03:04:16/12/2018
دۆسیە: شیکار
دروستکردنى دەوڵەت سەرەتا چەندین هەنگاوى یاسایی ودیبلۆماسی پێویستە کە گرنتى سەرکەوتنى پڕۆسەکە دەکەن

لوقمان موستەفا صالح
پارێزەرى ڕاوێژکار

لەمێژووی کورددا، گەلێک رێککەوتن و پەیماننامەی ژێر بەژێر و ئاشکرا و بەرژەوەندیخوازانە، لەنێوان داگیرکەرانی کوردستان و ھێز و دەوڵەتە زلھێزەکانی ناوچە و جیھان، دژ بە نەتەوەی کورد بەگشتی ھاتۆتە ئاراوە. زۆربەی ئەو ھاوپەیمانییە، لەڕاستیای داپڵۆسین وسەرکوتی بزاڤی رزگاریخوازیی کورد، لەھێندێک بڕگەی زەمەنی، بۆ پاکتاو و جینۆسایدی رەگەزیش بووە. دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار بەش، خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردی خستە ناو گەمارۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان، فرە دوژمنی بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد دروستکرد. بە ناوی بەزاندنی سنووریشەوە، دەنگ و ھەڵوێستی نەتەوەیی لێکدابڕی، خەباتی ھەر پارچەیەکی لە بەستەڵەکی شۆڤێنیزمی داگیرکاراندا سڕکرد.

 

بەشێک لە ڕێکەوتننامەکان

 

رێکەوتننامەی لۆزان لەساڵی ١٩٢٣ز، لەمێژووی ھاوچەرخدا لەنێوانتورکیای تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو و زلھێزەکانی ئەو سەردەمی بەریتانیاو فەرەنسا واژۆ کرا. ئەوەی کە لەم رێکەوتنەدا ڕوویدا، جارێکی تر فریوخواردنی رێبەرانی کورد بوو، بە بەڵێنەکانی سەرانی تورک وەک: مستەفا کەمال و عیسمەت ئینۆنۆ، کە زۆر بەسانایی توانیان بەدانی ھێندێک بەڵێنی لاوەکی، رێبەرانی کورد بخڵەتێنن. ئەم رێکەوتنە، پرۆژەی زلھێزەکان و دەوڵەتانی داگیرکەر لەو سەردەمەدا، کە پاش شۆڕشی ١٩١٧ز ڕوسیاو کۆتایی جەنگی یەکەمی جیھانی لە ساڵی ١٩١٨ز، دواتر دابەشکردنی ناوچەکانی پێشووی ئیمپراتۆری عوسمانی، وڵاتانی شکستخواردووی جەنگی یەکەمی جیھانی، لەنێو خۆیاندا دابەشکرد. بەیەکێک لەڕووداوە گرنگەکانی دادەنرێت، ڕێکەوتننامەى لۆزان، جگە لەئێران و تورکیا، عیراق و سووریاش بوون بەخاوەنی ناشەرعی دوو بەشی تر لەکوردستان.

 

 تاھەنوکە بزاڤی رزگاریخوازی کورد لەخەباتدایەو خوێنی لێدەچۆڕێ، بەردەوام لەھەوڵ و چاوەڕوانی ئەوەدا بووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک نەتەوەیەکی زیندوو و ستەملێکراو بیناسێت و سوود لەو بڕیارو ھاوکاریانەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرێت، کە لەساڵی ١٩٥٠ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە داوای لەلیژنەی مافی مرۆڤ کرد، ڕاسپاردە سەربارەت بەرێگەو شێوازی جێبەجێکردنی مافی چارەنووس دەستنیشان بکات. لە ١٦/١٢/١٩٥٢ بڕیاری ٦٢٧سەبارەت بەمافی چارەنووس دەرچوو، داوا لەوڵاتانی ئەندام لەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، کە ئەو مافە بۆ گەل و نەتەوەکانی دیکە بسەلمێنن و رێزی لێبگرن. لە ١٤/١٢/١٩٦٠ بڕیاری ١٥١٤ سەبارەت بەسەربەخۆیی نەتەوەو وڵاتە داگیرکراوەکان دەرچوو.

 

ئیدی لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ دەیان بڕیارو راسپاردەی دیکە سەبارەت بەمافی چارەنووس لەلایەن رێکخراوی نەتەوەیە کگرتووەکانەوە دەرچوون، ئەوەش پشتیوانی و ھاندەرێکی باش بووە، بۆ ئەو نەتەوەو وڵاتانەی کە داگیرکراون یان بەزۆرەکی بەوڵاتانی دیکەوە لکێندراون. بەڵام دەکرێ بڵێین، کە لەدوای ١٩٩٠ دا کارکردنی ئەو مافە لەزۆر شوێنی جیھاندا بەرچاوتر بووە، لەو رێیەوە دەیان گەل و وڵات بەسەربەخۆیی گەیشتوون.

 

ئەو ووڵاتانەی سود مەند بوونە لە بڕیارەکان

 

ھەڵبەتە پرسی دروستکردنی دەوڵەت تەنھا بەدەستێک یان تەنھا کەسێکی دیاریکراو ناکرێت، بەڵکو دەبێ بەھەماھەنگی و ھاوسەنگی دروست بکرێت، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. باشترین ئەزموونیش لەو قۆناغەدا کە کورد دەتوانێت سودی لێ ببینێت، ئەزموونی جولەکەکانە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بۆ نمونە لەھەر کەسێک بپرسیت دەڵێت ھۆڵۆکۆست پرۆسەی کۆمەڵکوژیی جولەکەکان کە شەش ملیۆن جولەکەی تێدا بوو بەقوربانی، ھۆکاری سەرەکی پشتگیریی نێودەوڵەتیی بووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان، زۆرجار ئێمەی کوردیش دەڵێین ئێمەش ھەڵەبجەو ئەنفالمان ھەیە، دەتوانین بیکەینە ھۆکارێک بۆئەوەی جارێکی تر جینۆساید نەکرێینەوە، بەڵام جیاوازییەکە لێرەدایە کە بۆچی ئێمە ناتوانین بەو ھۆکارەوە ببینە دەوڵەت و سەربەخۆبین؟ ستراتیژ‌و ئەزموونی دروستکردنی دەوڵەتی جولەکە لەم ڕووەوە جێگای تێروانین و خوێندنەوەیە.

 

تیۆدۆر ھێرتزل، لەساڵی ١٨٩٧دا لەوەدا سەرکەوت، کەزۆربەی گروپ‌و رێکخراوەکانی جولەکە لەشاری بازل لەسویسرادا کۆبکاتەوە. پڕۆژەی دروستکردنی دەوڵەتێکی جولەکەیان لەگەڵدا گەڵاڵە بکات.

ھێرتزل لەیاداشتنامەی بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت "لەبازل دەوڵەتی جولەکەم دامەزراند، بەڵام ئەگەر بەدەنگی بەرز ئەمە بڵێم ھەموو دونیا گاڵتەم پێدەکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە پەنجا ساڵی تر ھەموو کەسێک ئەم دەوڵەتە دەبینێت". رێک پەنجا ساڵ دواتر‌و لەساڵی ١٩٤٧دا پێشبینییەکەی ھێرتزل ھاتەدی‌و نەتەوەیەکگرتووەکان دەوڵەتی ئیسرائیلی تازە دامەزراویان لەفەلەستیندا وەک ئەندام قبوڵکرد. بەڵام لەماوەی ئەو پەنجا ساڵەدا جولەکەکان ھەموو شتێکیان کرد بۆ دروستکردنی ئەو دەوڵەتە، لەناردنی ھەزاران ھەزار جولەکەی ئەورووپییەوە بۆ فەلەستین، لەکڕینی چەک‌و حەشاردانی، لەکڕینی زەوییەوە لەعەرەبەکان، لەدروستکردنی پەیوەندی پتەو لەگەڵ ھێزە گەورەکانی دونیادا‌، لەھەمووشی گرنگتر رێگرتن لەدروستبوونی ھەموو دابەشبوونێکی نەتەوەیی‌و ناوەکی، یان رێگرتن لەتەقینەوەی ئەو دابەشبوونانەو گەیشتنیان بەپەلاماردانی یەکتری.

"گۆڵدا مایەر " یەکێک لە سەرکردە و دامەزرێنەرانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە کتێبی " ژیانی من " دا ، کە شەفیقی حاجی خدر لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە دەڵێت دوای ئەوەی لە گۆنگرەی " بازل " ی سویسرا لە ساڵی ( ۱۸۹۷ ) بڕیاری دروستکردنی دەوڵەت درا . لە ھەموو ماڵێکدا دەخیلەیەک دانرا، ھەموو کەس پارەی تێ دەکرد، لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەو پارەیە بەکارھێنرا بۆ کڕینی زەوی و زار لە ئیسرائیلی ئێستادا. پارەیەکی زۆریش لە دەوڵەمەند و بازرگانە جولەکەکان لە وڵاتە جیاجیاکاندا کۆکرایەوە، بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، کە بڕیاری کۆچ درا، زۆرینەی جولەکەکان لەوڵاتانی جیھاندا. دەستیان لە بەرژەوەندی و ماڵ و موڵکی تاکە کەسی خۆیان ھەڵگرت و ڕوویان کردە وڵاتی تازە بونیات نراو .

 

کارەساتەکانی گەلی کورد

 

زۆرجار ئێمەی کوردیش دەڵێین، ئێمەش ھەڵەبجەو ئەنفال وکۆڕەومان ھەیەو دەتوانین بیکەینە ھۆکارێک بۆئەوەی جارێکی تر جینۆساید نەکرێینەوە، بەڵام جیاوازییەکە لێرەدایە کە بۆچی ئێمە ناتوانین بەو ھۆکارەوە ببینە دەوڵەت و سەربەخۆبین؟ ڕوونین و چاوخشاندنەوە بەنێو لاپەڕەکانی ئەلبومی وێنە جەرگبڕەکانی خەباتی ئەوشۆڕشە  دوورودرێژەی گەلەکەماندا، نمایشی تراژیدیای پانۆڕامایەکە، تا ئەبەد بۆن سۆی لێدێ.

                                                               

رۆژی ١٦/٣ ی ھەموو ساڵێک رۆژی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ھەڵەبجەیە. یەکێکە لەو تاوانانەی کە مرۆڤایەتی پێی شەرمەزارە. لەم رۆژەدا حکومەتی عێراق "حکومەتی بەعسی رەگەزپەرست" لەساڵی ١٩٨٨ بە چەکی کیمیاوی شاری ھەڵەبجەی بوردمانکرد. زیاتر لە ٥ ھەزار لە ژن و مناڵ و پیرو پەککەوتەی کوشت، زیاتر لە ١٠ ھەرزاش برینداربوون. شوینەواری ئەو چەکی ژەھراوییە تاوەکو ئیستا لە جەستەی نەوەکان ماوەتەوە، بەو مناڵانەش کە تازە لە دایکدەبن.

 

تاوانی کۆمەڵکوژی ھەڵەبجە، لە تاوانی کۆمەڵکوژی جولەکەکان لە کاتی جەنگی جیھانی دووەم روویدا، کەبەکۆمەڵکوژی (ھۆلۆکۆست) ناسراوە، کەمتر نییە. تەنھا ئەوەیە ژمارە ی قوربانیەکانیان جیاوازن…. بەڵام پەرچدانەوەو بەدواچوونی ئەو دووکۆمەڵکوژیە، لە ڕووی کردارەوە، زۆر جیاوازن. جولەکە توانی لەسەر لاشەی قوربانییەکان  دەولەتی سەربەخۆیی خۆیان دابمەزرێین . قەرەبووی زیان لێکەوتوان بکەنەوە، تاوانباران بدەن بەدادگا.

 

ڕۆژی ٣-١٤ ی نیسان لە ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژی یادکردنەوەیجینۆساید و ئەنفالی گەلی کورد ناونراوە، کە بە شێوەیەکی پلان بۆدارێژراو، رژێمی بەعس ویستی گەلی کورد بەتەواوی لەناو ببات و ڕیشەکێشی بکات. ئەوەی بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدرا، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، لەیاساکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دەچیتە خانەی جینۆسایدەوە. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسالی ١٩٤٨ بریارێکی دەرکرد سەبارەت بە رێگەنەدان و سزادانی ئەنجامدانی کۆمەڵ کوژی (جینۆساید). لە یاساکانی مافـی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە لە ٩/١٢/١٩٤٨ تۆمار کراوە، لەبریاری ٢٦٠ پەسەند کراوە، لە ١٢/١/١٩٥١ بوە بەیاسا، جینۆساید لەگشت خاڵە کانیدا پێناسەکراوە، کەبەئامانجی وێرانکردنی سەرجەم یان بەشێکی نەتەوەیەک، کەمایەتییەک، رەگەزێک یان گروپێکی کۆمەلایەتی وئاینی ئەنجام بدرێن. لەناوبردنی ئەنقەست و نەخشەکێشراو بەرامبەر بەگەلێک، وگروپە کۆمەلایەتیەکان.             

 

 ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دیمەنەکانی کۆرە، ھەست وسۆزی مرۆڤدۆستانی ھەژاند، بووە جێی بایەخی پارێزەران وداکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، شەقامی ڕۆژئاوای بەلای نەھامەتییەکانی نەتەوەیەکی زوڵم لێکراوی دێریندا خرۆشاند، تا لەھەڵوێستێکی مێژوویدا بۆپشتیوانی وپاراستنی گەلێکی زۆرلێکراو وچەوساوەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری (٦٨٨)ی پەسەندکردو ناوچەی ئارامیی دژەفڕینی ھێڵی (٣٦)ی خستە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

 

تا چەند سوود وەرگیراوە لەم کارەساتانە؟

 

بە داخەوە ئێمەی کورد نەمان توانیوە وەک وڵاتانی ھاوشێوەی کوردستان، سوود لە ئەزموون و کارەساتە جەرگبڕەکان کە بەسەر میللەتەکەماندا ھاتووە، وەک پێویست پارێزگاری لێبکەین و بیگەیەنینە کۆڕبەندە نێودەوڵەتیەکان. ئەوەی تائێستا کراوە، تەنھا لە سنووری سۆزو بەزەیی دا بووە.! پێویستبوو بەر لە ھەموو شتێک سەرجەم لایەنەکانی باشوری کوردستان دەستبەرداری بەرژەوەندیە حزبی و تایبەتەکانیان بن و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی ئامانجی سەرەکی بێت، پاشان بە بەشداری لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی دڵسوز و رۆشنبیر و ئاکادیمیست، توێژینەوەی وردیان لەسەر ئەوکارەسات ونەھامەتیانەبکردایە، کە بەسەر گەلێکی بەشمەینەتیان ھێناوە. وەک وڵاتانی تری جیهان، ھەنگاوی یاساییان بەدوایدا بهاویشتایە.

 

ھەنگاوە یاساییەکان

 

لەگەڵ ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستانن، ئێستا سەربەخۆن و ئەندامن لەرێکخراوی نەتەوەیە کگرتووەکان، بۆ ئێمە گرنگە سوودیان لێوەرگرین، خوێندنەوەی وردیان بۆ بکەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان، لەگەڵ ھەموو ھەوڵەسیاسی جۆرەکانی تری خەبات کردندا، پێویستە لەئێستادا ئەم ھەنگاوە دیپلۆماسی و یاسایییانە بنرێت:

 

یەکەم: لەڕووی کاری دیپلۆماسی و یاساییەوە، فشار بخرێتە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامە شومەکەی لۆزان.

دووەم: داواکردن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مادە یاسایییەی بڕیاری ١٥١٤ ساڵی ١٩٦٠ سەبارەت بە سەربەخۆیی نەتەوە و وڵاتە داگیرکراوەکان کە دەرچووبوو.

سێیەم: دەرخستن و گەورەکردنی سەرجەم بڕگەو مادەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ وەک بەرگریکارێک لەنەتەوەیەکی ستەم دیدەی دەستی چەوسێنەرانوداگیرکەرانی.

چوارهەم: بەفەرمی ناساندنی باشوری کوردستان وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆمامەڵەی لەتەکدا بکرێت تابەفەرمی سەربەخۆیی رادەگەێنێت.

پێنجەم: لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا، ریفراندۆم بۆ مەبەستی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت.

شەشەم: رەزامەندی و پشتگیری بەریتانیا و فەرەنسا لە ھەموو دەوڵەتان زیاتر گرنگترە چونکە ئەوان پێشتردەستێکی باڵایان ھەبووە لەدابەشکردنی کوردستان.

حەوتەم: دڵنەوایی کردنی دراوسێکانی ھاوسنووری کوردستان کە سەربەخۆیی کوردستان نابێتە جێی مەترسی بۆ ئەوان و ئایندەی ناوچەکەش لەمەترسی شەرو ئاشوب دوردەکەوێتەوە.

 

دەرەنجام

 

بەڵام ئایا لە کوردستان ئەم ھەنگاوانە ھەڵھێنراوە.!؟ چونکەئەم ھەنگاوە دیپلۆماسی و یاسایییانەی کە باسمان کرد و ھەروەھا ئەزموونی گەلان کە گەیشتون بەسەربەخۆیی، لەگەڵ سەرجەم ھەوڵەکانی تری سەرکردایەتی سیاسی کورد، ئەگەر نییەت ومەبەستی ڕاستەقینەیان بۆ سەربەخۆیی ودامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بێت، ئەوەبێگومان نزیک دەبینەوە لەبەدەستھێنانی کورسی ژمارە ١٩٢ی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە ئەمری واقع وئاڵای کوردستان لەسەر باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەشەکێتەوە.

 

بە سوود وەرگرتن لەم سەرچاوانە

...........................................

-جینۆساید لەعیراقدا، پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد، میدیڵ ئیست وۆچ، وەڕگێڕانی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

- مێژووی ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال"جینۆساید"، نووسەر تەھا سلێمان

- چەمکی دەوڵەت‌و بزوێنەری مێژوو لە کۆمەڵگەی کوردیدا، عەتا قەرەداغی

-پێکھێنانی دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا چۆنیەتیی پێکھێنانی دەوڵەتی کوردستان،‌ ئاوارە حسین

-قراءة فی کتاب "الدولة الیھودیة" تیودور ھرتزل، ترجمة، مصطفى أبو السعود

- دەوڵەتی ئیسرائیل لە کتێبی " ژیانی من " دا  شەفیقی حاجی خدر لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە.

 

 

 

 



ئه‌م بابه‌ته 1108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر