چیرۆکی سووتاندنی فیداییەکانی کوردستان

PM:04:02:24/11/2019
دۆسیە: کتێب


بەکر شوانی
نووسەرو وەرگێڕ

چیرۆکی سووتاندنی فیدایی کوردستان (شەعبانزادە موشلو حلمی یلدرم)و هاوڕێکانی، دڵۆپێکە لە زەریای ئەو تاوانانەی کە دەسەڵاتدارانی عوسمانی و پاشان دەوڵەتی تورک لە ٩ سەدەی ڕابردوودا لە دژی کورد و نەتەوەکانی تر ئەنجامیان داوە.

 مێژوونووس (سەدات ئولوگانا) لە کتێبی "فیدایی کوردستان، موشلو حلمی یلدرم، کە لە ڕێی چوونیدا بۆ بەهاناوەچوونی (سەید ڕەزا) سووتێندرا"دا، تابلۆیەکی پڕ لە شانازی و هەمان کات خەمگینی کۆتایی دەیەی سێیەمی سەدەی ڕابردوو دەخاتە بەرچاومان.

حلمی یلدرم ئەفسەرێکی پایەبەز بوو لە سوپای عوسمانی و دواتریش سوپای کۆماری تورکدا، هەمان کات ئەندازیاری ئەلەکتریک و ئەلکترۆن بوو. لەبەرئەوەی خوولیای ڕزگاریی گەل و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی لە سەردا بوو و بۆی دەرکەوت دەوڵەت نیازی بەرامبەر بە کورد خراپە، هەڵهات و ڕووی لە شام کرد. لەوێ پەیوەندیی کرد بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی خۆییبوونەوە و زیاتر لەبواری کاری ڕاگەیاندن و هۆشیارکردنەوەی گەلدا چالاک بوو.

ساڵی ١٩٣٧ لە قامیشلو گرووپێکی ١٨ کەسی بە سەرۆکایەتیی (حلمی یلدرم) پێک دێت بەمەبەستی بەڕێکەوتن بەرەو دەرسیم بۆ بەهاناوەچوونی سەید ڕەزای سەرکردەی شۆڕشی دەرسیم. ئەم گرووپە لە کادرە پێشکەوتووەکانی شۆڕشی ئارارات پێک هاتبوو و یەکێک لە بەشداران (شێخ عەبدول ڕەحمان پیران)ی برای (شێخ سەعیدی پیران) بوو. لە ڕاستیدا بەشی زۆری ئەندامەکانی گرووپ کوردی سوونی بوون، ئەمەش پروپاگەندە ڕەشەکانی ئەو سەردەمەی دەوڵەتی تورکی بە درۆ دەخستەوە کە وای پێشان دەدا گوایە ناکۆکی و دوژمنایەتی لە نێوان کوردی سوونی و کوردی عەلەویدا هەیە.

ئەندامانی گرووپ شەوی ٨ی تەمووزی ١٩٣٧ بە چەک و پێداویستیی سەفەرەوە لە نوسێبینەوە پەڕینەوە باکور و دوای ٩ ڕۆژ گەیشتنە گوندی (سەلات) لە نزیک ناوچەی بسمیلی نێوان ئامەد و دەرسیم. ئەندامانی گرووپ بۆ خۆپاراستن لە چاوی دوژمن، بە ڕۆژ پشوویان دەدا و بە شەو ڕێیان دەکرد.

لەو دەوروبەرە هەندێک گوندی تورکی مەکەدۆنیایی هەبوون کە دەوڵەتی تورک لە کۆتایی ساڵانی ١٩٢٠ بەمەبەستی بە تورککردنی کوردستان لە جێی کوردە ئاوارەکان نیشتەجێیانی کردبوو. یەکێک لەو تورکانەی مەکەدۆنیا بەناوی (باسوخ) دەمەو ئێوارە لای گوندی سەلات گرووپی فیداییانی کوردستان دەبینێت و یەکسەر خۆی دەگەیەنێتە نزیکترین قەرەقۆڵ و هەواڵ دەدات.

لە ماوەیەکی کەمدا هێزێکی زۆر لە دەرسیم و ئامەد و چەند ناوچەیەکی ترەوە دەگەن و گرووپی فیداییانی کوردستان گەمارۆ دەدەن. ڕۆژ و نیوێک شەڕ بەردەوام دەبێت. ناوچەکە دەشتایییە و وەرزی دروێنە بەسەرچووە. تورکەکان بۆ ئەوەی بەزوویی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن، ئاگر لە پەرێز و پووشەڵانەکان بەردەدەن و بەو جۆرە حلمی یلدرم و فیداییانی هاوڕێی هەر هەموویان دەسووتێن و دەبن بە خۆڵەمێش.

حلمی یڵدرم لە یەکێک لە بەیاننامەکانیدا ڕوو لە دەوڵەتی تورک دەڵێت: "بۆ پچڕاندنی زنجیری دیلیتان لە پێماندا تا دواین کورد دەجەنگین."

سەروەری پاکڕەوان (شەعبانزادە موشلو حلمی یلدرم) ڕاستی فەرموو، چونکە ئەوانەی کە لەم سەردەمەدا لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ پچڕاندنی زنجیری دیلی تێدەکۆشن، ڕوحی ئەو و هاوڕێ فیدایییەکانێتی کە وەک قەقنەس لە خۆڵەمێشی ئەواندا زیندوو بوونەتەوە و هەڵساونەتەوە.

سەرچاوە: کتێبی ئاماژە بۆ کراو (وێنەی سەرەوە)


ئه‌م بابه‌ته 307 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر