ئاسته‌نگه‌كانی‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ تره‌مپ

به‌گوێره‌ی‌ ڕاپرسییه‌كی‌ زانكۆی‌ (كوینیباك)، ته‌كساسی‌ ئێستا ده‌نگ به‌ (جۆ بایدن) جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پێشوو ده‌دات، نه‌ك دۆناڵد تره‌مپ.
PM:03:57:23/11/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی
دیموكراته‌كان چه‌ندین كاندیدی‌ به‌هێزیان هه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ تره‌مپ دووچاری‌ شكست بكه‌ن، له‌وانه‌یه‌ به‌هێزترین كاندیدیان (هیلاری‌ كلینتۆن) بێت كه‌ ئه‌مه‌ بۆ تره‌مپ ده‌بێته‌ گره‌وێكی‌ قورس.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، به‌ چه‌ندین خاڵی‌ به‌هێزه‌وه‌ –كه‌ له‌ ڕكه‌به‌ره‌كانی‌ جیاده‌كاته‌وه‌- خۆی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ساڵی‌ 2020 ئاماده‌ ده‌كات، به‌ڵام ئایا ئه‌و پیاوێكی‌ هێنده‌ به‌هێزه‌ كه‌ بتوانێت متمانه‌ی‌ گه‌لی‌ ئه‌مریكا به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌؟ 

له‌سه‌ر ئاستی‌ ئابووری‌، تره‌مپ ئه‌نجامی‌ ڕازیكه‌ری‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، هه‌روه‌ها به‌ مه‌چه‌كێكی‌ توند ده‌ستی‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا گرتووه‌، له‌وانه‌ش گرنگتر، هێشتا له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا له‌ چنینه‌وه‌ی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ به‌رده‌وامه‌.

سه‌رباری‌ ئه‌و پێدراوانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌، چل‌وپێنجه‌مین سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، له‌ هه‌وڵی‌ مسۆگه‌ركردنه‌وه‌ی‌ كورسییه‌كه‌یدا ڕووبه‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌:

١/ ئه‌گه‌ری‌ داكشانی‌ ئابووری‌: له‌ ئێستادا ئابووریی ئه‌مریكا له‌ بارێكی‌ باشدایه‌. ئیداره‌ی‌ تره‌مپ وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌سكه‌وته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ده‌ورانی‌ ئه‌م سه‌رۆكه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا بازاڕی‌ دارایی ناجێگیره‌، هه‌ندێك ئاماژه‌ هه‌ن كه‌ ڕه‌نگه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ بارێكی‌ داكشانی‌ ئابووریدا تێپه‌ڕێت. زۆرێك له‌ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان بێئومێدن له‌ جووڵه‌كانی‌ تره‌مپ له‌ بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تیدا. 
  
٢/ لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ كۆنگرێس: سه‌رباری‌ كۆتاییهاتنی‌ دۆسیه‌ی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ روسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ساڵی‌ 2016، كه‌چی‌ كۆنگرێس هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ هه‌ندێك چالاكیی جێ مشتومڕی‌ ئیداره‌ی‌ تره‌مپ‌و چه‌ندان دۆسیه‌ی‌ تری‌ په‌یوه‌ست به‌ خودی‌ سه‌رۆك.
  
تره‌مپ ‌و گه‌وره‌ لێپرسراوانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ چه‌ندین جار ته‌قه‌لایان كردووه‌ به‌ر به‌ هه‌وڵی‌ دیموكراته‌كان بگرن بۆ ده‌سكه‌وتنی‌ زانیاریی نوێ‌‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ شایه‌تحاڵی‌ دیكه‌ ده‌رباره‌ی‌ كاروباره‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌.
 
پێشبینی‌ ده‌كرێت تا ساڵی‌ 2020 زۆربه‌ی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ تره‌مپ‌و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ دزه‌یان پێبكرێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ شڵه‌ژانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌.

٣/ ئاراسته‌ گشتییه‌كه‌ به‌ره‌و گۆڕانكاری‌: هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ نوێبوونه‌وه‌ی‌ نیوه‌ی‌ كۆنگرێس له‌ نۆڤه‌مبه‌ری‌ ڕابردوودا، گوڕوتینی‌ دیموكراته‌كانی‌ ئاشكراكرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو. ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت تا ساڵی‌ 2020، ئه‌وا تره‌مپ‌و پارتی‌ كۆماری‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ڕكه‌به‌رێكی‌ جدی ده‌بنه‌وه‌ كه‌ دوورنیه‌ سه‌ره‌نجام كورسیی سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ژێری‌ ده‌ربێنن.
 
٤/ ناكۆكی‌و به‌ده‌ستهێنانی‌ پشتیوانیی‌ ناوخۆ: وه‌ك سه‌رۆكه‌كانی‌ پێش خۆی‌، ده‌بێت تره‌مپ ڕووبه‌ڕووی‌ ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كانی‌ ناو پارته‌كه‌ی‌ ببێته‌وه‌، به‌دیاریكراویش (بیڵ ویڵد) حاكمی‌ پێشووی‌ ویلایه‌تی‌ (ماساچۆستس) كه‌ به‌ئاشكرا ده‌یه‌وێت ببێته‌ ڕكه‌به‌ری‌ تره‌مپ. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كۆمیته‌ی‌ نیشتمانیی پارتی‌ كۆماری‌، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ بێلایه‌ن بێت، پشتیوانیی تره‌مپ ده‌كات، به‌ڵام هێشتا بیڵ وێڵد توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ زیان به‌ چانسی‌ تره‌مپ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ بگه‌یه‌نێت، پێشتریش به‌ئاشكرا ئه‌مه‌ی‌ ڕاگه‌یاندووه‌.
 سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌ نه‌بووه‌ته‌ ڕێگری‌ گه‌وره‌ له‌ مسۆگه‌ركردنی‌ پشتیوانیی بۆ تره‌مپ، به‌ڵام ململانێكه‌ سه‌خت‌و درێژه‌، بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ لێبدات‌و دواجار ببێته‌ مایه‌ی‌ گورزێكی‌ گه‌وره‌تر له‌ كێبركێی‌ كۆتاییدا به‌ره‌و كۆشكی‌ سپی‌.
      
٥/ ده‌سكه‌وتی‌ ته‌شریعیی كه‌م: دۆناڵد تره‌مپ هه‌ندێك سه‌ركه‌وتنی‌ گرنگی‌ له‌ كۆنگرێس به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنه‌كان كه‌من. یه‌كێك له‌ شكسته‌كانی‌ تره‌مپ ئه‌وه‌بوو كه‌ نه‌یتوانی‌ یاسای‌ (چاودێری به‌ نرخی‌ گونجاو) هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گۆڕانكاری‌ له‌ دۆسیه‌ی‌ كۆچ ‌و ته‌رخانكردنی‌ بودجه‌ی‌ پێویست بۆ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆژه‌ گه‌وره‌كانی‌ ژێرخان، كه‌ تیایاندا شكستی‌ خوارد.
 
٦/ دیموكراته‌كان كاندیدی‌ به‌هێزیان هه‌یه‌: ساڵی‌ 2016 ئه‌ستێره‌ی‌ به‌ختی‌ تره‌مپ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ به‌رایی كۆمارییه‌كاندا گه‌شایه‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك ڕكه‌به‌ری‌ هه‌بوو. ڕه‌نگه‌ ئه‌م جاره‌یان له‌ كامپی‌ به‌رامبه‌ره‌وه‌ (لای‌ دیموكراته‌كانه‌وه‌) ڕووبه‌ڕووی‌ هه‌مان حاڵه‌ت ببێته‌وه‌. دیموكراته‌كان چه‌ندین كاندیدی‌ به‌هێزیان هه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ تره‌مپ دووچاری‌ شكست بكه‌ن، له‌وانه‌یه‌ به‌هێزترین كاندیدیان (هیلاری‌ كلینتۆن) بێت كه‌ ئه‌مه‌ بۆ تره‌مپ ده‌بێته‌ گره‌وێكی‌ قورس.
  
٧/ له‌ده‌ستدانی‌ ده‌نگه‌كان: بۆ نموونه‌ (ته‌كساس)، ئه‌و ویلایه‌ته‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 2016دا ڕێگه‌ی‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ تره‌مپ خۆشكرد، ئه‌مجاره‌ به‌ڕوویدا پێناكه‌نێت. به‌گوێره‌ی‌ ڕاپرسییه‌كی‌ زانكۆی‌ (كوینیباك)، ته‌كساسی‌ ئێستا ده‌نگ به‌ (جۆ بایدن) جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پێشوو ده‌دات، نه‌ك دۆناڵد تره‌مپ. 

٨/ جه‌نگه‌ بازرگانییه‌كان كه‌ ئه‌مریكییه‌كانی‌ شه‌كه‌ت كردووه‌: سیاسه‌ته‌ بازرگانییه‌كانی‌ تره‌مپ شوێنه‌واری‌ نه‌رێنی‌ به‌سه‌ر ئابووریی ئه‌مریكاوه‌ به‌جێهێشتووه‌. به‌گوێره‌ی‌ خه‌مڵاندنه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌، باجه‌ گومرگییه‌كانی‌ سه‌ر چین، ساڵانه‌ بڕی‌ 800 دۆلار له‌سه‌ر هه‌ر خێزانێكی‌ ئه‌مریكی ده‌كه‌وێت. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان ده‌بێت نرخی‌ كاڵاكانیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ جه‌نگه‌ بازرگانییه‌كه‌.

٩/ مه‌ترسیی شكستی‌ دیپلۆماسی‌: له‌و ساته‌وه‌ كه‌ تره‌مپ چه‌ند جارێك چاوی‌ كه‌وت به‌ (كیم جۆنگ ئۆن) سه‌رۆكی‌ كۆریای‌ باكوور بۆ دانوستان ده‌رباره‌ی‌ داماڵینی‌ چه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌، خۆی‌ دركی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ وه‌كو هیچكام له‌ سه‌رۆكه‌كانی‌ پێشوو ناتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت.
 
دوای‌ چه‌ند مانگێك ئارامیی دیپلۆماسی‌، دانوستان شكستی‌ هێنا‌و كۆرییه‌كان ده‌ستیان كرده‌وه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ موشه‌كه‌ بالیستییه‌كان. گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌كیی له‌سایه‌ی‌ تره‌مپ دا دووچاری‌ شكست ده‌بێت كه‌ دوو ساڵ له‌پێناویدا كۆششی كردووه‌. 

و/ سیڤه‌ر
سه‌رچاوه‌/ Euronews


ئه‌م بابه‌ته 207 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر