رواندا.. ده‌لاقه‌یه‌كی‌ ڕوناک، پرسیارگه‌لێكی‌ بێده‌نگ

دەبێت ئەزموونی ڕواندا ببێتە سەرمەشقی وڵاتانی کیشوەرکەو لەو ڕیگایانە بکۆڵنەوە کە پایتەختەکەیانی لە گۆماوی خوێنەوە گۆڕی جوانی و گەشەسەندن و سەرکەوتن
PM:10:11:18/11/2019
دۆسیە: دەوڵەت سازی
بەبێ هیچ هەرایەک، ڕواندا بەبەرچاوی هەموانەوە ڕاستەڕێی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنەری و وەبەرهێنانی گرتووە.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

لەم ماوەیەی دواییدا هەموو چاوەکان لەسەر (رواندا)ن، بەهۆی گەشەی ئابووری و هەوڵە چڕەکانی بەئاراستەی جێگیربوون وەک سەنتەرێکی بازرگانیی ئیقلیمی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ئەفریقا. ئەو وڵاتەی کە بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکرتووەکان، لەماوەی دوو دەیەدا دووچاری هەڵمەتێکی جینۆساید بووەوەو ٨٠٠ هەزار کەسی تێدا بووە قوربانی.
 
سەرزەمینی (هەزار گرد) ئێستا بووەتە یەکێک لە خێراترین ئابوریی گەشەسەندووی کیشوەری ڕەش، ئابورییەکەی پشت دەبەستێت بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ و کانزاو گوشتوگوزار. لە ساڵی ٢٠١٦دا ئابووریی ڕواندا بە ڕێژەی ٥.٩٪ گەشەی کردووەو کۆی داهاتی ناوخۆیی گەیشتووەتە ٩.٥ ملیار، چاوەڕوانیش دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەلی رواندا ئاهەنگ بگێڕن بەبۆنەی سفربوونەوەی ریژەی بێکاری لە وڵاتەکەیاندا.
   
جارێکی تر ڕواندا سەرنجی جیهانی بە لای خۆیدا ڕاکێشا، دوای ئەوەی کۆمپانیای (Mara) مۆبایلێکی بەرهەمهێنا کە تەواوی پێکهاتەکانی دروستکراوی ناوخۆ بوون. ئەوە لەکاتێکدایە کە چەندین کۆمپانیا لە میسرو ئەسیوپیاو جەزائیرو باشوری ئەفریقا، مۆبایل ڕێکدەخەن، بەڵام تەواوی کەرەستەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکەن، کەچی ڕواندا خۆی پێکهاتەکانی مۆبایل دروست دەکات کە تەنانەت مەزەربۆردو بەشەکانی تریشی بەرهەمی ناوخۆن.
 
شارەزایانی کۆمپانیاکە خوازیارن بەرهەمە تازەکانیان فرۆشێکی باشی هەبێت لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی بازرگانیی ئازاد لە ئەفریقا، کە ٥٥ دەوڵەت لەخۆدەگرێت و سەرەتای تەمموزی ٢٠٢٠ ڕیکەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. (Mara) ئامانجی ئەوەیە کە مۆبایلەکە هەناردەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بکات.

بازدانێک نیە لە هەوادا
لەڕاستیدا ئەم هەنگاوە بازدانێک نیە لە هەوادا، بەڵکو هاوتەریبە لەگەڵ وەبەرهێنانەکانی گروپی کۆمپانیاکانی مارا فۆن (Mara Phone Group) کە تەواو هەماهەنگە لەگەڵ هەوڵە چڕەکانی وڵات بۆ وەبەرهێنان لە زانست و تەکنۆلۆژیادا، بەوپێیەی کە بزوێنەری سەرەکیی پێشکەوتنی ئابوورییە.

سەرکردایەتی وڵات ژینگەیەکی لەباری ڕەخساندووە بۆ وەبەرهێنان، بەوپێیەی ڕواندا لە ڕیزی باشترین سێ وڵاتی ئەفریقا دادەنرێت لەڕووی ئاسانیی دەستپێکردنی پرۆژەی بازرگانی لەدوای مۆریشۆس و باشوری ئەفریقا، ئەمە جگە لەوەی ڕێکەوتنی بازرگانیی لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکەدا هەیە.
   
دەوڵەتی ڕواندا هەوڵی دروستکردنی کەشێکی باش بۆ وەبەرهێنان دەدات لەپێناو بەدیهێنانی پلانە ئابوورییەکەی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەڕێی یاساگەلی هاندان و دامەزراندنی سەنتەری (One Stop Center)، جگە لەوەی ڕواندا لەو وڵاتانەی ئەفریقایە کە ئاسایشی تێدا سەقامگیرەو ڕێژەی تاوان و گەندەڵی تادێت کەمتر دەبێتەوە.
  
چرکەساتێکی جیاکەرەوە
ڕەنگە ئەمە چرکەساتێکی جیاکەرەوە بێت لە ئەفریقادا، کە نیشاندەری توانستی وڵاتانی کیشوەرەکە بێت لەبواری تەکنۆلۆژیای نوێدا بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای تۆکمەی جیهانیی بە کوالیتی بەرزەوە.
      
ئەوەش دەمانبات بەرەو بەراوردکردنێک لەنێوان سەرکردایەتی و سەرچاوەی سروشتیی ڕواندا لەلایەک و وڵاتانی دیکە لەلایەکی ترەوە، کە لەوانەیە ئەو وڵاتانە لەڕووی سەرچاوەی سروشتییەوە لە ڕواندا دەوڵەمەندتر بن، بەڵام خاوەنی سەرکردایەتییەکی هوشیار نین درک بە بایەخی وەبەرهێنانی تەکنۆلۆژی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوی ئابووری و سیاسی بکەن بۆ سەرکەوتن.

ئەو دەمەی خەڵکی ڕواندا تەنها بیریان لە ڕاگرتنی خوێنڕشتن و گەشەپێدانی وڵاتەکەیان دەکردەوە، وڵاتانی دراوسێ لە زەلکاوی گەندەڵیی دارایی و ئیداریدا مەلەیان دەکرد، بەبێ ئەوەی بیر لە بونیادنان و وەبەرهێنان و پێشکەوتن بکەنەوە.
لەڕاستیدا دەبێت ئەزموونی ڕواندا ببێتە سەرمەشقی وڵاتانی کیشوەرکەو لەو ڕیگایانە بکۆڵنەوە کە پایتەختەکەیانی لە گۆماوی خوێنەوە گۆڕی جوانی و گەشەسەندن و سەرکەوتن تا ڕادەی دروستکردنی مۆبایلێک کە بەمزووانە لە سەرانسەری کیشوەری ڕەشدا دەکەوێتە بازاڕەوە. 

پرسیارگەلێکی بێدەنگ
بەبێ هیچ هەرایەک، ڕواندا بەبەرچاوی هەموانەوە ڕاستەڕێی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنەری و وەبەرهێنانی گرتووە. بەڵام ئایا چاوەچنۆکەکان لێدەگەڕێن کاروانەکەی سەربخات؟ یان گۆچانەکە دەخەنە بەر ڕەوڕەوەی کاروانەکەی و دەیگێرنەوە بۆ ساڵانی قاتوقڕی؟
 
زۆرجار خۆرئاوا بانگەشەی دەستگیرۆیی وڵاتانی کیشوەرەکە دەکات بەرەو پێشکەوتن و گەشەپێدان، بەتایبەت لەڕووی ئابورییەوە، بەڵام هەرکەس سەرنج بدات دەزانێت خۆرئاوا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ئەو وڵاتانە لە خولگەی سیاسی و ئابوریی ئەودا بمێننەوەو هەنگاوەکانیان ئەو چوارچێوەیە نەبەزێنێت بەرەو ئەو سەربەخۆییەی کە ئێستا ڕواندا کۆششی لەپێناودا دەکات!     

سەرچاوە/ qiraatafrican.com


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر