پاکتاوی نەژادی.. لە سوڵتانەوە تا ئەردۆغان

AM:11:16:10/11/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی


نیک ئاشداون
رۆژنامەنووسی تایبەتمەند لە کاروباری تورکیا

پیلانی تورکیا لە سوریا بەشێکە لە مێژووێکی درێژی بڵاوەپێکردنی هاوڵاتیان لە ناوچەکە کە بۆ سەردەمی عوسمانیەکان دەگەڕێتەوە. هۆکارێکی دیاری رەخنەکان لە سەرۆکی تورکیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان) بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو دەیویست ژمارەیەکی زۆری پەنابەران لە باکووری سوریا جێگیر بکات.
 
ئەردۆغان دەمێکە بانگەشە بۆ ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنوورەکانی تورکیا دەکات، یەکەم هەنگاویشی لە کۆمەڵەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو لە ٢٤ ی ئەیلول. ئەوکات پلانی جێگیرکردنی نزیکەی ٢ ملیۆن پەنابەری سوریی لە کۆی ٣.٦ ملیۆن سووری لە باکووری سوریا دانا. ئاستەنگە سیاسییەکان بۆ ئەو پێشنیازە زۆرن، بەڵام مەزنترین کێشەی سیاسی ئەو هەنگاوە لەڕووە مێژووییەکەیەتی. 

بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجە کردارەکییەکان، بەهۆی ڕێکەوتنی تورکیا و روسیا لە تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر، توانییان نزیکەی ٩٠ کیلۆمەترلەسەر سنووری سوریا دەست بەسەردا بگرن، لەنێوانیان گرێ سپی و سەرێ کانیێ. بەهۆی هەلمەتی چاودێری تورکیا و روسیا، فراوانی ناوچەکە بۆ زیاتر تر لە ٣٠ کم تێپەڕی، بەڵام ئەوە زۆریش لە ئامانجەکانی ئەردۆغان کەمترە کە درێژەی ٣٠٠ کم بوو. ئەردۆغان رژدیی خۆی بۆ جێگیرکردنی خەڵک و پلانی خۆی لە دەسپێکی تشرینی دووەم نۆڤێمبەر دووپات کردەوە، بەڵام تورکیا کە تەنیا زیاتر لە ٤٠٠ کم٢ ی هەرێمەکەی داگیر کردووە، ئەستەمە بتوانێت ئەو هەموو خەڵکە لەو سنوورە تەسکە جێ بکاتەوە. 

"جێگیرکردنی ملیۆنان پەنابەر لەو ناوچە بەرتەسکە لە جێگەی خۆی نیەو گومانم هەیە تورکیا بتوانێت پیلانەکەی جێبەجێ بکات." ئەوە قسەی (ڕایان جینجێراس)، شارەزای کاروباری تورکیایە لە ئاژانسی ئاساییشی نەتەوەیی هێزە دەریاییەکان و وانەبێژی قوتابخانەی باڵای خویندنی هێزە دەریاییەکانە. نیگەرانیەکی دیکە ئەوەیە زۆربەی هەرە زۆری پەنابەران کە بەنیازن جێگیریان بکەن، عەرەبە سوننەکانی حەلەب و ئیدلیب-ن، کە دەکەوێتە رۆژئاوای ناوچەی ئارام و خەلکە خۆجێیەکەی ناوچەکەش کورد و عەرەب و مەسیحین. 

زۆر لە رەخنەگران لۆمەی تورکیا دەکەن بەوەی دەخوازێت جوگرافیای دانیشتوانی ناوچەکە بگۆڕێت. لەو چوارچێوەیە کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لەو ناوچەیەو بەتایبەت پاڵپشتانی پەیەدە. ئەردۆغان دەمێکە لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە خۆی گونجاندووە، واتا بیرۆکەی گۆڕینی جوگرافیای دانیشتوان. ئەوەی هەڕەشەی جێگیرکردنی ئاوارە و پەنابەرە سنوریەکانی لە ئەوروپا چەندین جار دووپات کردۆتەوە، هەڕەشەی کردووە کە دەرگەکان بە روویان دەکاتەوە تا کۆچ بۆ ئەوروپا بکەن. هاوکات ئاسوودە دەردەکەوێت لەگەڵ بیرۆکەی داڕشتنەوەی جوگرافیای سوریا بە ویستی خۆی. 

"عەرەب گونجاوترینن بۆ. ئەو ناوچەیە،" ئەردوگان لە ٢٤ ی تشرینی یەکەم ئۆکتۆبەر وای بە رۆژنامەنووسان گووت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ناوچەیەی تێکەڵەی نەتەوەکان تێیدا دەژین. دواتریش گوتی: "ئەو ناوچانە بۆ کورد گونجاو نین، چونکە بیابانین ناوچەکان (کورد شاخیە؟)". سەرەرای ئەوە، ئەردۆغان بە پاکتاوی نەتەوەیی تۆمەتبارکراوە لەلایەن هەریەکە لە باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان سامانتا پاوەر، دوابەدوای کۆچی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کوردنشینی ئەو ناوچەیە لە ترسی تورکیا و میلیشیا عەرەبەکان. دوای ئەوەی عەفرین دەستی بەسەردا گیرا، زیاتر لە ١٧٠ هەزار کورد کۆچیان کردو لە شارەکە نەمانەوە. بە پێی ریپۆرتەکانیش عەرەبەکان چوونەتە ماڵەکانیان و جێگیر بوون. 

دارین خەلیفە کە لە کۆمەڵەی قەیرانی نێودەوڵەتی کار دەکات و توێژەرە، بە سەردانێک بۆ ناوچەکە رایگەیاند کە کورد لەو ناوچەیە "ترسی زۆر هەیە کە دوای پیلانەکەی ئەردوغان، بە سەرەکی لەبەرئەوەی خەڵکی رەسەنی کوردی ناوچەکەی پێیان وایە ناوچەکانینان بە عەرەب پڕدەکرێنەوە، وەک پیلانێک بۆ گۆڕینی جوگرافیای دانیشتووانی کورد لەو ناوچەیە". دارین خەلیفە گوتی: "ڕێی تێناچێت خەیاڵ بکەین تورکیا ئەو هەموو خەلکە لەو ناوچە تەنگەبەرە جێ بکاتەوە، بەڵام پێم وایە تورکیا ئەو پیلانە جێبەجێدەکات، بۆچوونم وایە بەلایەنی کەم تورکیا هانی پەنابەرە عەرەبەکان دەدات بگەڕێنەوە ناوچەکە، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە نێوخۆی هەرێمەکە بفرۆشێت." دەشڵێت: "بەشێکی زۆری ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا کە وابەستەی تورکیان.

خۆین هۆکارە بۆ تێوەگلانی زیاتری تورکیا لە پرسی وڵاتەکە، بۆیەش لە هەڵبژاردنی نێوخۆی وڵاتەکەدا توشی دۆڕان هات. بەپێی ریپۆرتەکان، رێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی (ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ)، تورکیا بە زۆرەملێ چەندین پەنابەری ئاراستەی مەترسیدارترین شوێنی سوریا کردووە. ئەمە دەمانگەیەنێتە کێشەی دووبارەبووەوەی مێژوویی بەهۆی سیاسەتەکانی ئەردۆغان.

ڕاگواستنی هاوڵاتیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، یان بەپاڵپشتی دەوڵەتی تورکیا، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیەو بۆ سەردەمی عوسمانیەکان دەگەڕێتەوەو کاریگەری لەسەر باکووری سوریاش بە زەقی دەرکەوتووە. لە سەردەمی عوسمانیەکاندا ڕاگواستنی زۆرەملێی هاوڵاتیان "سورگون"ی پێدەگوترا، لەو چوارچێوەیەشدا ئەندازیاریی ڕاگواستنی خەڵکیان دەکرد. بۆ نمونە، لە سەدەی ١٥دا موسڵمانانی ئەنادۆلیا بۆ وڵاتانی بەلقان راگوێزراون بۆ پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی عوسمانی. دواتر موسڵمانە کۆچکردووەکان لەدژی چەوساندنەوە بەلقان، قەفقاس و قرمیان جێهێشت. دوای لکاندنی قرم بە روسیا لەلایەن ئیمپراتۆریەتی روسیی لە ساڵی ١٧٨٣ و دووەم جەنگی بەلقان لە ساڵی ١٩١٣دا ٥ تا ٧ ملیۆن موسڵمان هاتنەوە ناوچە عوسمانیەکان. دواتر زوو ئەو خەڵکانە لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا جێگیرکران وەک ئامرازێک لەدژی کەمینە ئایینییەکان.

تورکیا دەمێکە ئامانجی گۆڕینی جوگرافیای دانیشتوان و جێگیرکردنی پەنابەرانە. ئاوارە چەرکەزییەکان کە لەدەستی روسەکان هەڵهاتبوون لەلایەن عوسمانیەکان لەدژی هۆزە بەدەوی و دروزەکان بەکارهێنران. ئەو چەرکەزانە ١٠٠.٠٠٠ یان لێماوە کە زۆربەیان بوونەتە ئاوارە. گەورەترین ڕاگواستنی بەلێشاو هی ئەرمەنەکان بووە لەسەروبەندی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، ئەو کۆمەڵکوژیەی عوسمانیەکان ئەنجامیان دابوو و ئەو دواییە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆمەلکوژی ناساند.

لەژێر سیاسەتی تەهجیر (ڕاگواستنی زۆرەملێ) زۆبەی ئەرمەنیەکان کوژران. کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی دێرەزور-یش دوایین قۆناغەکانی راگواستن بوو کە ژمارەیەک رزگاریان بوو. ئەندازەی گۆڕینی جوگرافیای دانیشتووان و بەزۆرەملێ رۆڵێکی کارای هەبووە لە داڕشتنی جوگرافیای دانیشتووانی تورکیا لەسەر بناغەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی ١٩٢٣. "ئەو شێوازە بناغەی دەوڵەتی تاکنەتەوەی ئەنادۆلیا بووە. ئەمە وەک ئامرازێکی کاریگەر و ڕەوا بەکارهاتووە بۆ سەپاندنی فەرهەنگی نەتەوەیی تورک بەسەر تەواوی خاک و خەڵکەکەی،" جینجیراس، کە چەند پەرتووکێکی لەسەر بناغە خوێناوییەکەی تورکیا نوسیوە، وا دەڵێت. 

ئەو ئەرمەنی و مەسیحییە کەمانەی ڕۆژهەڵاتی باکووری تورکیا دوای جەنگی یەکەمی جیهان رووبەڕووی قۆناغێکی سەختی چەوساندنەوە بوونەوە. رۆژنامەکان ئەوانیان بە دوژمن لەقەڵەم دەدا و ناچاری هەڵاتن کران. زۆربەیان ناچاری کۆچ بوون. بۆ باکووری سوریا، ئەو کات دەسەڵاتی ئینتیدابی فەڕەنسی لەبەرامبەر زۆرینە سونە عەرەبەکاندا وەریانگرتن و هاوکاری کەمینەکانیان کرد. ئەو مەسیحیانەی دژی تورکیا بوون لە باکووری سوریا نەوەی ئەو راگوێزراوانەن کە مێژووی خۆیان لەبیرە.

دوای ئەوەی زۆربەی مەسیحیەکان لەنێوبران دوای کۆمەلکوژی ١٩٢٣ و راگواستن و گواستنەوە لەگەڵ یۆنانیەکان دەستیپێکرد، تورکیا دەستیکرد بە بەئامانجکردنی کورد، کەمینە مەزنەکەی تورکیا. لە ڕاپەڕینەکانی ١٩٢٠-١٩٣٠ ەکان لەپێناو کۆماری کوردستان، کورد بە کۆمەڵکوژی وەڵام دەدایەوە، هەزارانیان لێ کوژرا و هەزارانی تریش راگوێزرانە رۆژئاوای تورکیا، زمان و فەرهەنگی تورکیان بەسەر سەپێندرا. هەزارانی تر بۆ ناوچەی جزیرێ کۆچیان کردو بەشێکیان بۆ سوریا کە دواتر کەوتنە ژێر بەزەیی سیاسەتە داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعس. 

یاسای نیشتەجێکردنی ساڵی ١٩٣٤ تورکیا دەیخواست بەتورککردن بسەپێنێت. وەزیری ئەوکاتی ناوەخۆی تورکیا سوکورو کایا دەیگوت: "دەبێت وڵاتێک دروست بکەین بە یەک زمان قسە بکەن، بەهەمان شێوە بیربکەنەوە و هەمان هەست و سۆزیان هەبێت". تورکیا مێژوویەکی درێژی ڕاگواستنی هەیە و کورد ئێستا ئەو قوربانییەن و بەو ئاگرە دەسووتێن. تۆ بەڵگەکانی راگواستن وەک ٩٠ ساڵی رابردوو دووبارە دەبنەوە. دەکرێت بگوترێت کە ستراتیژیەتی پاکتاوی نەژادی و نەتەوەیی سیاسەتی تورکیا بووە دژی پەکەکەش لە نێوان ٢٠١٥ و ٢٠١٦،" بۆچوونی جینجێراس وایە وەک ئاماژەیەک بۆ شەڕی تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان. ملیۆنان خەلک بەو هۆیە ئاوارە بوون لە ١٩٩٠ ەکان تا ساڵی ٢٠١٥ کە شەڕەکە گوێزرایەوە نێو شارە کوردەکان بەلایەنی کەم ئەوکاتیش نیو ملیۆن کورد ئاوارە بوون وەک رێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی، ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژەی پێکردووە.

ئەوەی ماوەتەوە ببیندرێت ئەوەیە کە ئایا ئەنقەرە دواجار پیلانەکەی جێبەجێ دەکات لە گواستنەوەی پەنابەرە سوریەکان بۆ ناوچە ئارامە تازەکە؟ بەڵام ئەوەی ڕوونە ئێرەیە کە سورییەکان، پەنابەران، هەرگیز بیریان لەوە نەدەکردەوە لەسەر بەرژەوەندی ئەم و ئەو جێگیربکرێن و بەو تاوانکاریە تێپەڕبن لەو کاتەی کە پێویستی زیاتریان بە ئاشتیە.

و/ یادگار ئیسماعیل
سەرچاوە/ Foreign Policy


ئه‌م بابه‌ته 478 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر