گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو هەژموونی ئێران

PM:10:58:07/11/2019
دۆسیە: شیکار


شەریف فەلاح
نووسەر

بۆچی کاتێک لە بەیرووت، ڕاموڵا و غەزە، بەغدا، کەربەلا و نەجەف شیعە ڕادەچەنێ، ترس پەیکەری تاران و قوم و مەشهەد دادەگرێت؟

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکی فراوان لە عێراق ماوەی زیاتر لە یەک مانگە دەستیان پێکردووەتە، جیاواز لە لوبنان کە بە دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران هەندێ ئارام بووەتە، بەڵام لە عێراق توندوتیژییەکان بەردەوامن و لە شەپۆلی دووەمدا تاکوو ئێستا زیاتر لە 100 کەس کوژراون و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.

لەم نێوەندەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە هەردوو وڵات و بەهۆی بوونی زۆرینەی شیعەوە پێگەو حزووری هەیە، بە نیگەرانی و ترسەوە لەو خۆپیشاندان و گۆڕانکارییانە دەڕوانێت و بەپێی لێدوانی هەندێ بەرپرسی سیاسی و سەربازیی ئێران ئەو خۆپیشاندانانە بە "پلانی دوژمنانی دەرەکی" لەقەڵەم دەدەن کە ویستوویانە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن ئیمامی شیعەکان تێکبدەن و لە پێگە و سەنگی ئێران لەو دوو وڵاتە کەم بکەنەوە.

خۆپیشاندەران، کە زۆرینەیان شیعەن لە عێراق لە هەمبەر گەندەڵیی ئیداری و حکوومی، کەموکۆڕیی خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و ڕێژەی باڵای بێکاری، ڕژاونەتە سەرشەقامەکان کە دواتر ویست و داخوازیی خۆپیشاندەران بەهۆی ڕەخنە و دزەی لایەنەکان گۆڕادران بۆ سیاسی و لە گەڕی دووەمدا داوای هەڵوەشانەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکەن. هاوکات لە لوبنانیش پرسی گەندەڵی و بێ کارەبایی لەسەرووی ویستی خۆپیشاندەرانەوە بووە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم کاردانەوە بە خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان ڕایگەیاندووە: "ئەمریکاو تۆڕی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی بەپاڵپشتیی پارەی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە بەتەمان ئاسایشی عێراق و لوبنان تێک بدەن"، هاوکات حوسێن شەریعەتمەداری نوێنەری خامنەیی لە دامەزراوەی میدیایی کەیهان داوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و سعوودیە لە بەغدا کردووە.

مانشێتی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران لەمبارەوە وەکوو ماڵپەڕی (فارس‌نیوز)ی سەر بە سوپای پاسداران نووسیویە: "ئامانجی ڕەوتی عیبری – عەرەبی پێشگیری بووە لە ڕێپێوان و ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمی ئیمام حوسێن و هاوکات لە پشتی خۆپیشاندانەی عێراقە ڕەوتی فیتنە و ئاژاوەی دەسەڵاتخواز و دیموکرات و لاییک و میانەڕەوەکان خۆیان حەشار داوە".

لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە عێراق و لوبنان و ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوبیرەکانی بۆ ئەو خۆپیشاندانە، ئاژانسی (ئەسەوشیەیتێدپرێس) بڵاوی هەندێ زانیاریی لەبارەی نفووزی ئەمنیی ئێران بڵاو کردووەتەوە کە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:

سەردانی قاسم سلێمانی بۆ بەغدا
یەک ڕۆژ دوای دەسپێکی ناڕەزاییە دژە حکوومییەکان لە عێراق، قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس (هێزی دەرەوەی سنوورەکانی سوپای پاسداران)، بە شەو سەردانی بەغدای کرد و بە کۆپتەری تایبەتی گەیشتە ناوچەی سەوزی بەغدا و لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنیی عێراق کۆ بووەوە و هەندێ لەو بەرپرسان لەباتی بینین و بەشداریی سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی ئاسایشی عێراق لە کۆبوونەوەکە، بە بیننی قاسم سلێمانی و گوێگرتن لە قسەکانی سەریان سووڕ ما.

قاسم سلێمانی کە بە ئەندازیاری پارێزەری ئاسایشی کۆماری ئیسلامی و سەردەوای هەواڵگریی ئەو حکوومەت لە ناوچەکە دێتە ئەژمار، ئامادەبوونی لەو کۆبوونەوەیە، نیشانەی نیگەرانی و ترسی ئێرانە لە تەشەنەسەندنی ئەو ناڕەزاییانە لە بەغدای پایتەخت و شارە گەورەکانی دیکە کە بە دڵی ناوچەی شیعە دادەنرێت، ترسی بەرچاوی ئێران لەو خۆپیشاندانە ئەوەیە کە یەکێک لە ویست و داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵکی ناڕازیی عێراق، کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی ئێران و چوونە دەرەوەی ئەو وڵاتەیە لە عێراق.

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە عێراق و لوبنان پرسێکی ناوخۆیی و ناوچەییە و زیاتر ڕووبەرووی بەرپرسانی باڵای سیاسی و قەوارەی ئەو دوو حکوومەتەیە کە تژین لە گەندەڵیی سیاسی و ئیداری و بێبەرین لە خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی خۆیان، وەلێ ئەو ئاڵۆزی و خۆپیشاندانانە هاوکات تەنگژە و قەیرانێکیان بۆ کۆماری ئیسلامیش دروست کردووە، چونکە ئێران هاوکات لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی هەردوو دەوڵەتی عێراق و لوبنانە، لەلایەکی دیکەشەوە کۆمەڵێک میلیشیای چەکدار و توندڕەو ئەو دوو وڵاتە لەلایەن ئێرانەوە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە پڕ چەک دەکرێن و ئایدۆلۆژییەکانی ئێران ڕەچاو دەکەن و لەڕاستای بەرژەوەندیی ئێران لە ناوچەکە دەجووڵێنەوە کە حزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای بەدر لە عێراق لەو گرووپانەن.

سەرکوتی خۆپیشاندەران لە عێراق و کوژرانی زیاتر لە 230 خۆپیشاندەر و هێزی ئەمنی و برینداربوونی زیاتر لە پێنج هەزار لە بەغدا، ناسریە، میسان و زیقار و کەربەلا و...، هاوکات هێرشی لایەنگرانی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر خۆپیشاندەران دوای سەردانەکەی قاسم سلێمانی بۆ بەغدا، بەرەبەرە نیشانەی ترس و دڵەڕواکێیەکانی ئێران و هاوپیەمانەکانی لەو دوو وڵاتە لە خۆپیشاندان و ئاڵۆزی خۆیان دەرخست.
بە گوتەی دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی عێراق کە بۆ میدیاکان قسەیان کردووە لەو کۆبوونەوە نهێنییەی بەغدا قاسم سلێمانی بە بەرپرسانی ئەمنیی عێراقی گوتووە: "ئێمە لە ئێران دەزانین چۆن چۆنی لەگەڵ ناڕەزاییەکان و خۆپیشاندەران بجووڵینەوە، چونکە ئەو ڕووداوە لە ئێرانیش هاتە ئاراوە و ئێمە توانیمان کۆنترۆڵی بکەین".

سەرەڕای تێپەڕینی یەک مانگ بەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق، ناڕەزایی لە عێراق بەردەوامە و لە لوبنانیش سەرەڕای دەستە لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیر، هەر درێژەیان هەیە، ئەم ناڕەزاییانە هەردوویان ڕوویان لە دوو دەسەڵات و ئەو باڵ و کوتلانەی ناو عێراق و لوبنانە کە هاوپەیمانی ئێرانن.

 یەک ڕۆژ دوای چوونی قاسم سلێمانی بۆ بەغدا، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی عێراق پەرەی سەندووە و بە دەستڕێژی قەناس بەدەستەکان بۆ سەر و سینگی خۆپیشاندەران تاکوو ئێستا لە مانگی ئۆکتۆبەردا زیاتر لە 230 خۆپیشاندەر و هێزی ئەمنی کوژراون کە بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆیەک و وێنە کە بڵاو کرانەوە، چەند بەڵگەی پەیوەندیدار بە هێزەکانی سەر بە ئێران لەناو خۆپیشاندەران و چەند قەناس بەدەستێکی حەشدی شەعبی دەستگیر کران.

لەبارەی نەخش و ڕۆڵی فەیقلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و قاسم سلێمانی لە سیاسەتی ناوخۆیی عێراق، پێشتریش بە دەیان ڕاپۆرت و زانیاری بڵاو کراوەتەوە، بەڵام ئەو وردەکارییانەی کە ئاژانسی (ئەسیەوشیەتێدپرێس) لەبارەی ئامادەبوونی لەو کۆبوونەوەیە ئەمنیەی ناوچەی سەوزی بەغدا، یەکێک لە ئاشکراترین ئاماژەکانی دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و ترسی ئەو وڵاتەیە لە پێگەی خۆی لە ناوچەکە.
هاوکات لەگەڵ حزووری قاسم سلێمانی لە بەغدا، فالح فەیاز، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و سەرۆکی میلیشیای حەشدی شەعبی کە سەرەکیترین گرووپی هاوپەیمانی ئێرانە لە عێراق، ڕای گەیاند ئەم گرووپە وەک هێزی پاڵپشت بۆ پێشگیری لە "کووردەتا و شۆڕش" ئامادەی بڕیارەکانی حکوومەتە. لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە و خەڵکیت ناڕازی ئاشکرایان کرد بۆ سەرکوت و بێدەنگکردن و ترساندنی خۆپیشاندەران هێزی سەر بە ئێران هاتووەتە مەیدان و چەند خۆپیشاندەرێکی دیکەش بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)یان ڕاگەیاندووە ئەوانەی تەقەیان لێکردووەن ئێرانین و بە زمانی فارسی قسەیان کردووە.

ئێران و میلیشیا سەربازییەکانی عێراق 
لە کاتی خۆپیشاندانەکانی عێراق لە هەفتەکانی ڕابردوودا، دەیان کەسی هێزی ئەمنی بە جلوبەرگی ڕەش و دەمامکدار لە پێشەوەی سەربازە عێراقییەکانەوە وەستابوون، ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە و گازی فرمێسکڕێژییان بەڕوودا پاژاندن و گوللەی مەشقییان بەکار هێنا و هەڕەشەی توندیان لە خەڵک دەکرد و بۆ بڵاوپێكردنی خەڵک باتۆنیان بەکار دەهێنا. بەشداربوانی خۆپیشاندانەکا دەڵێن گومانی تێدا نییە ئەو جلوبەرگ شەخسیانە عێراقی نین و بێگومان ئێرانین.

هشام ئەلهاشمی، شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی پێی وایە: "ئێران لەو خۆپیشاندانەی عێراق ترسی لێ نیشتووە، چونکە لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2003 ئێران لەڕێگەی حزب و میلیشیاکانی نزیک لە خۆیەوە توانی زیاترین دەسکەوتی سیاسی و ئایدۆلۆژی لەناو دەوڵەت و پەرلەمانی عێراق دەستەبەر بکات.
ئێستا ئێران نایهەوێ ئەو دەسکەوتانە بە ئاسانی لەکیسی بچن، بۆیە لە هەوڵدایە لەڕێگەی ئەو حزبە عێراقیانەی نزیکی خۆین، خۆپیشاندانەک بە شێوازی ئێرانی کۆنترۆڵ بکات، هەرچەند ئەو شێوازانە لە ڕابردوودا وەڵامدەر بووە، بەڵام ئێستا کاریگەر نییە و بیروڕای گشتیی خۆپیشاندەری خوازیاری بەرنەگاربوونەوەی هێژموونیی ئێرانە لە عێراق.

ئێران، لوبنان و حزبوڵا
هاوشانی خۆپیشاندان و ناڕەزییەکانی عێراق، لوبنانیش وەک یەکێکی دیکە لە وڵاتانی ناوچەکە شەپۆلێک لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵک دەستی پێکردووە، لێ جیاوازیی ئەو خۆپیشاندانانەن لەگەڵ عێراق، ئەوەیە کە لەباتی توندوتیژی و دەستڕژی گوللە بەڕووی خەڵکی ناڕازی، گۆڕەپانەکانی لوبان ببووە ژوانگەی کچان و کوڕان و شوێنی سەما و شەوئاهەنگ و شێوازی ناڕەزاییەکان لەگەڵ عێراق زۆر جیاواز بوو. بەڵام خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ عێراق جیاواز لە گەندەڵیی حکوومەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە لوبنان، دیسان ئەو لایەنە لە حکوومەتی لوبنان کرایە نیشانە کە هاوپەیمانی ئێران و دیسان لەوێش ئێران ترسی لەدەستدانی پێگەی لە گۆڕێدایە.

لە لوبنانیش بە هەزاران خەڵکی ناڕازی ڕژانە سەرشەقام و لەدژی سیاسەتەکانی حکوومەت وەستانەوە و خوازیاری دەست لەکارکێشانەوەی دەوڵەت و باڵ و لایەنەکانی هاوپیەمانی ئێران بوو. ناڕەزاییەکانی لوبنانیش هاوشێوەی عێراق بە پلەی یەکەم دەگەڕێتە بۆ سیاسەتی ناوخۆیی و گەندەڵیی ئیداری کە نەیانتوانیوە لەڕاستای ویست و داخوازیی خەڵکدا بجووڵێنەوە و دەربڕی ئەوەیە حزبوڵای لوبنان هاوپەیمانەکانی لەو وڵاتە کە هێزی سێبەری ئیرانن، نەیانتوانیوە ویستەکانی خەڵک دابین بکەن و نموونەیەک لە داڕووخانی پێگەی ئێران لە ناوچەکە.

هەرچەند دروشمی خەڵکی ناڕازیی لوبنان سەرجەم لایەنەکانی ئەو وڵاتەی بەبێ جیاوازی گرتەوە، بەڵام زیاتر ڕوویان لە سەرۆک کۆمار (میشێل عەون) و سەرۆک وەزیران (ڕەفیق حەریری) و وەزیری دەرەوەی لوبنانە کە هەموان سەر بە حزبێکی مەسیحیی هاوپیەمانی حزبوڵا و حەسەن نەسروڵان.

حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حزبوڵا دوای چەند ڕۆژ لە ناڕەزییەکان بە هەڕەشەوە هاتە مەیدان و گوتی چەند دەسەڵاتێکی دەرەکی خەریک کەڵکی نابەجێ لەو ناڕەزییانە وەردەگرن و لایەنگرانی خۆی لەو ناڕەزاییانە دەکشێنێتەوە و دواتر خەڵکی ناڕازی دژی حەسەن نەسروڵا و حزبوڵا وەستانەوە و سەرەنجام خۆپیشاندانەکانی لوبنانیش هاوشێوەی عێراق توندوتیژیی تێکەوت، چونکە دەستیان بۆ پێگەی ئێران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتە درێژ کرد.

پاش هێرشی خۆپیشاندەران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبوڵا لە بەیرووت، چەند کاتژمێر دوای ئەو ڕووداوە ڕەفیق حەریری سەرۆک وەزیران دەستی لەکار کێسایەوە و خۆپیشاندەرانیش ئەمەیان وەک دەسکەوتێکی خۆیان کردە جێژن، هەرچەند بە بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری لە لوبانان هەندێ لە ئاڵۆزی و ناڕەزاییەکان کەم بوونەوتەوە، بەڵام ئەمە سەرەتای قۆناغیکی دیکەیە لە بەهاری عەرەبی. ڕووداوەکانی عێراق و لوبنان و خرۆشانی گەل ئەمجارە جیاواز لە بەرەنگابوونەوەی گەندەڵی و نادادپەروەریی حکوومەتەکان، ڕووی لە هەڵتەکانی پێگەی ئایدۆلۆژیی ئێرانی شیعەیە کە ساڵانێکە لە عێراق و لوبنان میلیشیا شیعەکان وەک سێبەری دەسەڵات و پێگەی خۆی بەکار دەهێنێت. ئاخۆ لە داهووتی ئەم دوو وڵاتەدا ئێران پێگە و سەنگی چۆن دەبێت؟ بۆچی کاتێک لە بەیرووت و ڕاموڵا و غەزە و بەغدا و کەربەلا و نەجەف شیعە ڕادەچەنێ، ترس پەیکەری تاران و قوم و مەشهەد دادەگرێت ڕاز و نهێنیی ئەم پەیوەندییە کەی دەردەکەوێت؟ کە دەبێ جاوەڕوانی گۆڕانکارییەکانی داهاتووی عێراق و لوبنان بین.



ئه‌م بابه‌ته 189 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر