تراژیدیای کچانی ئەنفالکراوی دەرسیم

AM:10:31:02/11/2019
دۆسیە: کتێب


بەکر شوانی
نووسەرو وەرگێڕ


کتێبی "کچانی ونبووی دەرسیم"
لەم ساڵانەی دواییدا بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە و کاری سینەمایی دۆسیەی تاوانی بە کۆمەڵکوشتنی کوردەکانی دەرسیم و ناوچەکانی دەوروبەری (١٩٣٧-١٩٣٨) بە شێوەیەکی چڕ هێنرایە ئاراوە. لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک کتێب لەو بارەیەوە بڵاو کراونەتەوە و چەندین فیلمی بەڵگەنامەیی دەرهێندراون. 

کتێبی "کچانی ونبووی دەرسیم" لە نووسینی دەرهێنەر نەزاهەت گویندۆغان و بەرهەمهێنەر کازم گویندۆغان چوار ساڵ لەمەوبەر بە زمانی تورکی دەرچووە و تیشک دەخاتە سەر تراژیدیای دزین یان ڕفاندنی منداڵانی کچی دەرسیم و کۆمەڵێک چیرۆک و بەسەرهاتی ئەوەندە جەرگبڕ و کارەساتبار دەگێڕێتەوە، مەگەر تەنیا چیرۆکی کچان و ژنانی ئەنفالکراو و بێسەروشوێنکراوی باشووری کوردستان لە غەمگینی و ئێشدا هاوتایان بێت.

ئەم کتێبە کە بەری ڕەنجی گەڕان و لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنی پێنج ساڵەی هەردوو نووسەرە، لە دەستپێکەوە تا کۆتایی بەسەرهاتی پڕ لە ناسۆری ئەو کچە کوردانەی دەرسیم دەگێڕێتەوە کە بە زۆر و تۆپزی لە لەلایەن فەرمانبەران و ئەفسەران و سەربازانی تورکەوە لە باوەشی دایکان و کەسوکاریان دەرهێندراون و ڕفێندراون. 

وەک لە بەسەرهاتەکانی کتێبەکەدا هاتووە، بەشێک لەو کچە کوردانە بەزۆر لە دایک و کەسوکارانیان سەندراون و بەشێکی تریشیان دایکان و باوکانیان لە کۆمەڵکوژییەکەی دەرسیمدا کوژراون و بێ سەرپەرشتیار ماونەتەوە. بەشێک لەو کچانە ڕەوانەی شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا کراون و لەو قوتابخانانەی کە بە "یاتیلی ئۆکوڵ – قوتابخانەی ناوخۆیی" ناسراون، خراونەتە بەرخوێندن. ئەو  جۆرە قوتابخانانە کە تا ئەم ڕۆژگارەیش لە تورکیا هەن، لە هەمان کاتدا شوێنی فێربوون و ژیانی خوێندکاریشە و لە بنەڕەتدا لە چوارچێوەی سیاسەتی بە تورککردنی کورد و گەلە ناتورکەکانی تورکیادا دامەزرێندراون. 

هەندێکی تر لە کچانی ساوا و بچووکی دەرسیمی ڕادەستی فەرمانبەران و ئەفسەرانی تورک کراون. دیاردەی ڕفاندنی کچان و کوڕانی کورد و نەتەوە و گەلە ناتورکەکانی تری تورکیا لە دوای دامەزراندنی کۆمارەوە دەستی پێکردبوو، بەڵام لە کۆمەڵکوژیی دەرسیمدا گەیشتە لووتکە و تا بەکۆتاهاتنی سیستەمی تاک حزبی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠دا درێژەی هەبوو.   

سەرەتا فیلم و پاشان کتێب
دەرهێنەر نەزاهەت گویندۆغان و بەرهەمهێنەر کازم گویندۆغان پێش ئەوەی کتێبی ئاماژە پێکراو بنووسن، ساڵی ٢٠١٠ فیلمێکی بەڵگەنامەییان بە ناونیشانی "دوو تاڵ قژ - کچانی ونبووی دەرسیم" بەرهەم هێنابوو. لە فیلمەکەدا دەردەکەوێت ئەوان بەداوی ئەو خێزان و بنەماڵانەدا گەڕاون کە کاتی خۆی کچانی ڕفێندراوی دەرسیمیان لەخۆ گرتووە و پەروەردەیان کردوون. دواجار هەردوو گویندۆغان لە ڕێی ئەو کارەیانەوە ئەو خاڵە ڕەشەی مێژووی کوردیان ڕۆشن کردەوە و فریای دۆزینەوەی هەندێک لەو کچە دزراوانەی دەرسیم کەوتن کە چووبوونە ساڵەوە و هێشتا مەرگ پێیان نەگەیشتبوو. 

گویندۆغانەکان توانییان لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە شارە جۆراجۆرەکانی تورکیا نزیکەی ١٠٠ ژن بدۆزنەوە لەوانەی کە کاتی خۆی بە ساوایی و بە منداڵی لە دەرسیم ڕفێندرابوون و لە سەرزەمینێکی بە خۆیان نامۆ گەورە ببوون و پێگەیشتبوون و بەشوو درابوون و منداڵ و نەوەیان لێ کەوتبووەوە. لەبەرئەوەی گویندۆغانەکان نەیانتوانیوە لە فیلمەکەیاندا جێگەی هەموو کارەساتە غەمگینەکان بکەنەوە، پەنایان بۆ نووسینەوە بردووە و بەسەرهاتەکانیان لە کتێبی "کچانی ونبووی دەرسیم"دا خستووەتە بەردەستی خوێنەران. نووسەران لە پێشەکیی کتێبەکەدا ڕوونیان کردووەتەوە کە بەڕواڵەت لە سەرەتادا ئامانج لەو کارە بە تورککردنی منداڵی کوردی دەرسیم بووە، بەڵام دواتر سیاسەتی بە (سوونیکردن)یش لە دژی منداڵەکان پەیڕەو کراوە، چونکە ئەو منداڵانە زۆربەیان کوردی عەلەوی بوون. 

کچە کوردەکە... هورییە خاتوون
هورییە خاتوون یەکێکە لەو کچە ڕفێندراوانەی دەرسیم کە نەزاهەت گویندۆغان و کازم گویندۆغان لە فیلم و کتێبەکەیشیاندا جێگەیەکی شیاویان بۆ بەسەرهاتەکەی تەرخان کردووە. 

یەکێک لەو ئەفسەرە تورکانەی کە لە سەروبەندی کوشتنی کوردەکاندا لە دەرسیم دەبێت، هورییەی منداڵ دەگرێت و لەگەڵ دوو سەربازدا بە شەمەندەر دەینێرێتەوە بۆ ماڵی خۆیان لە سامسون. ماڵەکە سێ کچیان دەبێت بە ناوەکانی تورکان و نورهان و ئایهان. هورییەی منداڵ و دوو سەرباز ئەرکیان ئەوە دەبێت شەو و ڕۆژ لە خزمەتی ئەو سێ کچە و دایکیاندا بن. ئەو لەوێ بە "کویرد قیزی – کچە کوردەکە" بانگ دەکرێت، بە جیا نانی بۆ دادەنرێت و ناچار دەکرێت جلوبەرگەکانی بەجیا و لە دەرەوە بشوات.  هورییە هەر چەند مانگێک بەرگەی گوشار و ستەمی بێ ئاندازەی ئەندامانی ئەو خێزانە دەگرێت و هەڵدێت. چەند ڕۆژێک لە کۆڵانەکانی سامسون ئاوارە و سەرگەردان دەسووڕێتەوە تا ڕۆژێک دەکەوێتە دەستی پۆلیس و ئەوانیش نیازیان وا دەبێت بیگێڕنەوە بۆ ماڵی ئەفسەرەکە. هورییە دەپاڕێتەوە و دەڵێت: "بمکوژن، بەس مەمنێرنەوە بۆ ئەو ماڵە!" هەر چۆنێک بێت بەڕێوەبەری پۆلیس قایل دەبێت بۆ ئەو ماڵە نەیگێڕێتەوە و ماڵێکی تری بۆ دەدۆزێتەوە.

پاش چەند ڕۆژێک پیاوێکی پۆشتە و پەرداخ دەچێتە پۆلیسخانە و هورییە لەگەڵ خۆی دەبات. دواتر ئاشکرا دەبێت ئەو کەسە سەرمادارێکی گەورەی ئەو کاتەیە بەناوی عاتیف شەکەرچی ئۆغڵو و لە سامسون کارگەی بەرهەمهێنانی شەکری هەیە. عاتیف بەگ سێ منداڵی هەبووە: سەرمەد و ئونال و مەرال. هورییە لە ١٩٣٩ تا ١٩٤٤ لەو ماڵە دەمێنێتەوە و خەیرییە خاتوونی دایکی منداڵەکان میهرەبانانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات. هورییە ڕۆژێک لە ڕۆژانی هاوینی ساڵی ١٩٤٤ لەو تاراوگە دوورە گوێی لە کۆمەڵێک خەڵک دەبێت بە زمانەکەی ئەو "زازاکی/ دملکی" قسە دەکەن. دوایان دەکەوێت و بۆی دەردەکەوێت لەو کوردانەن کە لە کۆمەڵکوژییەکەی دەرسیم ڕزگاریان بووە و بۆ ڕۆژئاوای تورکیا دەربەدەر کراون. هورییە خۆی پێیان دەناسێنێت و پرسیاری دایک و باوک و کەسوکاری دەکات. ئەوانیش لە ئامێزی دەگرن و بە چاوی پڕ لە فرمێسک و قوڕگی تژە لە گریانەوە هەواڵی کوژرانی دایک و باوک و خوشک و برا و کەسوکاری پێ ڕادەگەیەنن. هورییە لەو ساڵەدا لە ماڵی عاتیف بەگ جیا دەبێتەوە و دەبرێتە لای هەندێک لە خزمە دوورخراوەکانی کە لە ئەماسیا گیرساونەتەوە. دوای دوو ساڵ لەگەڵ کوڕی ماڵێکی ئاوارەی دەرسیمیدا ژیانی هاوسەری پێکەوە دەنێت و ساڵی ١٩٤٧ بە سوودوەرگرتن لە هەموارکردنی یاسای نیشتەجێبوون دەگەڕێنەوە بۆ دەرسیم. هورییە خاتوون ئێستا تەمەنی لە سەرووی ٨٥ ساڵەوەیە و لەگەڵ منداڵ و نەوەکانیدا لە زێدی خۆی دەژی. ئەگەر هورییە خاتوون لەگەڵ کچانی هاوچارەنووسی خۆیدا بەراورد بکرێت، دەکرێت بگوترێت داجار بەخت یاری بووە. ئاخر وەک لە کتێبی ئاماژە بۆ کراودا باس کراوە، هەموو ئەو کچە  دەرسیمییانەی کە بە ساوایی ڕفێندراون، هیچ شتێک لە بارەی چارەنووسیانەوە نازانرێت و ئەگەر لە ژیانیشدا مابن، بەئەگەری زۆر باسی ڕەچەڵەک و چارەنووسی خۆیان بۆ نەکراوە. بەشێکی تر لە کچە دەرسیمییەکان کە لە سایەی فیلم و کتێبەکەی هەردوو گویندۆغانەوە دۆزرانەوە، هەندێکیان لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا سەردانی دەرسیمیان کرد و وەک ئەوەی یەکێکیان بە ڕۆژنامەیەکی دەرسیمی گوتبوو، دوای ٧٠ ساڵ هەوای نشتیمانیان هەڵمژی و خاکی دەرسیمیان وەک سوورمە لە ڕووخساریان هەڵسوو. هەندێکی تریشیان مەرگ پێشی لێیان گرت و کورد گوتەنی، ئەو ئاواتەیان بردە ژێر گڵەوە.

سەرچاوە/ bschwani.blogspot.com


ئه‌م بابه‌ته 202 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر