کۆتایی بەغدادی.. چیرۆكی ڕاوەدونانێکی درێژ

PM:10:52:27/10/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی


بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

لەساڵی 2014ەوە كە رێكخراوی داعش دامەزراوە، خەلیفەكەیان جگە لە دووجار، ئیتر دەرنەكەوتەوە، یەكەمجار كە دەركەوت لە مانگی تەمموزی ساڵی 2014 لە مزگەوتی ئەلنوری گەورە بوو لە رۆژئاوای موسڵ، لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا كاتێك دەوڵەتی خەلافەتی راگەیاند‌و خۆی بە ئەمیر ئەلموئمنین ناساند، دووەمجاریش هەر لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەركەوت نزیكەی مانگێك پێش كەوتنی خەلافەتەكەی.

چەند جارێك كراوەتە ئامانج

لەو كاتانەی كە چارەنووسی حەوت ملیۆن كەسی لە بەرفراوانترین زەوی لە سوریا‌و نزیكەی چارەكێكی عیراقی بەدەستەوە بوو، لەئێستادا رێكخراوەكەی هەڵوەشاوەتەوە‌و چەند كەسێكی كەمی ماوە، چەندین جار هەواڵی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی تەمەن 48 ساڵ بڵاودەبووە، بەڵام هیچكام لەو هەواڵانە پشتڕاست نەدەكرانەوە. بەپێی راپۆرتە هەواڵگیرییەكان چەند جارێك بەغدادی كە "ئەمریكا بڕی 25 ملیۆن دۆلاری وەك پاداشت دانا بوو بۆ ئەو كەسەی هاوكاریان دەبێت بۆ دۆزینەوەی"، لە بۆردومانەكاندا بریندار كراوە، هەروەك جەختیش لەوە كرابۆوە كە دووچاری نەخۆشی درێژخایەنی شەكرە بووە.

لە تەمموزی ساڵی رابردوودا دەزگای هەواڵگیری عیراق رایگەیاند: "كوڕی بەغدادی لە بۆردومانێكی موشەكەكانی روسیا، لە سوریا كوژراوە". ئاژانسی (ئەعماق)ی داعشیش لەو كاتەدا پشتڕاستی ئەو هەواڵەی كردەوە.

لە نوێترین هەواڵی كوژرانی بەغدادی-دا، ڕۆژی یەكشەممە 27/10/2019 لێپرسراوێكی سەربازی ئەمریكی‌و دواتر سەرۆكی ئەمریكا، كۆتایی هاتنی بەغدادی-یان راگەیاند.

خاڵی گرنگی ژیانی

بەغدادی ناوی راستەقینەی ئیبراهیم عەواد ئەلبەدریە، ساڵی 1971 لە خێزانێكی هەژار لە شاری سامەرای باكوری بەغدا لەدایكبووە، دوو ژنی هێناوە‌و لە ژنی یەكەم چوار منداڵ‌و لە ژنی دووەمیش منداڵێكی هەیە.

بەغدادی یاریی تۆپی پێی كردووە‌و خەونی ئەوە بووە ببێت بە پارێزەر، بەڵام بەهۆی كەمیی نمرەكانیەوە نەیتوانیوە بچێتە كۆلێژی یاسا، هەروەها حەزی لە بواری سەربازییش بووە، بەڵام كزیی چاوی‌و كەمبینینی، بواری ئەوەی نەداوە لەو بوارەدا بێت، بۆیە دواجار ڕوودەكاتە خوێندنی ئاینیی لە بەغدا، دواتر‌ لە سەردەمی رژێمی سەدام حسێندا دەبێتە وتارخوێن لە شاری بەغدا.

گرنگترین خاڵی ژیانی لەو كاتەوە دەستپێدەكات لە (بۆكا) كە چەند كیلۆمەترێك لە سنوری عیراق- كوەیتەوە دوورە، زیندانی دەكرێت، لە ساڵی 2003 دا كۆمەڵێكی جیهادیی درووست دەكات‌و لە شوباتی 2004 دا لەزیندان بەردەبێت.

لە "دەوڵەتی ئیسلامی عیراق" ەوە بۆ "داعش"

لەو زیندانەدا چەند سەركردەیەكی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە‌و چەند كەسێكی سوننە مەزهەبی تێدادەبێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2004دا لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازاد دەكرێت، بەغدادی بەڵێن بۆ ئەبو موسعەبی زەرقاوی دووپات دەكاتەوە‌و پشتگیری دەكات، كە سەركردایەتی كۆمەڵێك لە چەكدارانی سوننەی رێكخراوی قاعیدە دەكات؟

لە مانگی تشرینی یەكەمی 2005دا ئەمریكا رایگەیاند كە هێزەكانیان (ئەبو دوعا)یان كوشتووە كە پێشبینی دەكرا ئەوە نازناوی بەغدادی بێت، دواتر دەركەوت وانیە‌و ئەوە هەڵەیە، بەڵكو بەغدادی دوای كوژرانی ئەبو عومەری بەغدادی‌و ئەبوی ئەیوبی میسری جێگری، لێپرسراوییەتی (دەوڵەتی ئیسلامی عیراق) ی وەرگرتووە.

دواتر بەغدادی توانیی شوێن پێی خۆی لەناو جیهادییەكانی عیراقدا بەهێز بكات‌و لەرێگەی رێكخراوێكەوە رێكیان بخات، ئەوەش لە ساڵی 2013دا بووە رێكخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق‌و شام- داعش).

کۆتایی بەغدادی

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا جەختی لە كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی رێكخراوی داعش كردەوە.

ترەمپ وتی: "ئەبوبەكر بەغدادی لە ئۆپراسیۆنێكی هێزەكانی ئەمریكادا لە باكوری رۆژئاوای سوریا وەكو سەگ‌و ترسنۆكەكان كوژرا".

وتیشی: "بەغدادی لە تونێلێكدا لەگەڵ سێ‌ منداڵی خۆیدا خۆی تەقاندۆتەوە"

ترەمپ ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تەئكیدیان لە ناسنامەی بەغدادی كردۆتەوە‌و گومانیان لانەماوە كە ئەو نەبێت.

هەروەها لە كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەدا، سەرۆكی ئەمریكا سوپاسی كورد‌و عیراق‌و روسیا‌و توركیای كرد كە هاوكاریان بوون.

لەوبارەیەوە وتی: "سوپاسی كوردەكان دەكەین كە زانیاریی گرنگ‌و بەسودیان پێ‌ وتوین، هەروەك سوپاسی روسیا دەكەین كە رێگەی ئاسمانی بۆ بۆردومانكردنی شوێنەكەی بەغدادیان بۆ كردینەوە".

ئا/ کاوان بەکر
سەرچاوە/ DW


ئه‌م بابه‌ته 175 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر