ئەردۆگان... لە داگیرکارییەوە بۆ چەکی ئەتۆم

PM:09:48:21/10/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی
"ئەردۆگان تەنها بە کۆنترۆڵکردنی زۆرترین ناوچەی سوریا ناوەستێت، ئەو چەکی ئەتۆمیی دەوێت".

بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی، هۆشداری دەدات دەربارەی خواستەکانی ئەردۆگان کە گەورەترن لە داگیرکردنی سوریا: "ئەو دەیەوێت بە نهێنی کار بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆم بکات، لەو ڕووەشەوە پلانی نهێنی هەیە، ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە".

هەروەها ڕۆژنامە ئەمریکییەکە مەترسیی خۆی نیشان داوە دەربارەی ئەو بۆمبە ئەتۆمییانەی ئەمریکا کە لە بنکەی ئەنجەرلیک دانراون.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە لەژێر ناونیشانی "ئەردۆگان تەنها بە کۆنترۆڵکردنی زۆرترین ناوچەی سوریا ناوەستێت، ئەو چەکی ئەتۆمیی دەوێت".  

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "چەند هەفتەی پێش فەرمانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاکتاوکردنی ناوچە کوردییەکان، ئەردۆگان خواستە گەورەکەی نەشاردەوە. ئەیلولی ڕابردوو لە کۆبونەوەیەکی پارتەکەیدا وتی: هەندێک وڵات مووشەکیان هەیە کە هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمییە، بەڵام خۆرئاوا دەڵێت ناهێڵێن ئێوە بەدەستی بێنن، من ناتوانم ئەمە قبوڵ بکەم". 

ڕۆژنامەکە نوسیویەتی: "هاوکاتی بەرەنگاربوونەوەیەکی کراوەی تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ، دوای ئەوەی گرەوی کردو قسەی خۆی بردەسەر بۆ ئەنجامدانی لەشکرکێشی بۆ سەر سوریاو قوتار بوو لە ئاکامەکانی ئەو لەشکرکێشییە، هەڕەشەکەی ئەردۆگان مانایەکی جدی لەخۆدەگرێت، ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت تورکیا ڕابگرێت لە داگیرکردنی خاکی هاوپەیمانە کوردەکانیدا، کەواتە چۆن دەتوانێت ڕێگری ئەوەی لێبکات کە وەکو ئێران چەکی ئەتۆم دروست بکات و تەکنۆلۆجیای پێویست بۆ ئەو مەبەستە کۆبکاتەوە؟".  

بەگوێرەی راپۆرتەکەی (نیویۆرک تایمز): "ئەمە یەکەمجار نیە ئەردۆگان باسی ڕزگاربوون لەو کۆتوبەندانە دەکات کە بەسەر وڵاتانی (پەیماننامەی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم)دا سەپێنراون، کەس بەتەواوی لە نیازە ڕاستەقینەکانی دڵنیا نیە".

جۆن جەی هامری، جێگری وەزیری پێشووی بەرگری ئەمریکا -کە ئێستا بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتییە لە واشنتۆن- دەڵێت: "ساڵانێکە تورکەکان دەڵێن ئێمەش چاو لە ئێران دەکەین، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە، ئەردۆگان چاوی لەسەر کشانەوەی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، لەوانەشە وەکو ئێرانییەکان بێتە ناو گەمەکەو هەرکات بیەوێت ببێتە خاونی چەکی ئەتۆم".

تورکیا هەموو کەرەستەکانی هەیە

ڕۆژنامەکە دووپاتی کردووەتەوە: "ئەردۆگان لە ڕێگەیدایە بەرەو پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆم، بەڵام کەمتر لەوەی کە ئێران بەدەستی هێناوە. تورکیا پرۆگرامی هەیە بۆ دروستکردنی بۆمب: کەرەستەی پیتاندن و ڕاکتۆری توێژینەوەو –پەیوەندیی تەمومژاوی لەگەڵ ناودارترین تۆڕی ڕەشی زانای ئەتۆمی- عەبدولقەدیر خان (دامەزرێنەری دامەزراوەی ئەتۆمیی پاکستان)".

هەروەها تورکیا سەرقاڵی یەکەم کوورەی ئەتۆمی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایە بە هاوکاریی روسیا. ڕەنگە ئەمە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ بێت، چونکە ئەردۆگان نەیوت چۆن مامەڵە لەگەڵ پاشەڕۆ ئەتۆمییەکانیدا دەکات؟ کە دەشێت لێرەوە سوتەمەنی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم دابین بکات. 

بە بۆچوونی شارەزایان، کارەکە چەند ساڵێکی پێویستە تا تورکیا چەکی ئەتۆم بەدەست بهێنێت، مەگەر ئەردۆگان چەکی ئەتۆم بکڕێت، ئەوکاتەش ئەردۆگان دەبێتە مەترسییەکی گەورە. 
 
پەنجا بۆمبی ئەتۆمی لە تورکیایە

ڕۆژنامەکە هۆشداریی داوە کە دۆسیە تەمومژاوییەکە، ڕەگەزێکی ترسناکی دیکەی تێدایە: نزیکەی پەنجا بۆمبی ئەتۆمیی ئەمریکا لە تورکیا دانراون، بەڵام هەرگیز ئەمریکا ڕاشکاوانە دانی بەم ڕاستییەدا نەنابوو، هەتا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کە ترەمپ هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە!

کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا دەربارەی سەلامەتیی ئەو بۆمبانەی لە بنکەی ئەنجەرلیکی تورکیا هەڵگیراون، وتی: "ئێمە دڵنیاین، بنکەیەکی ئاسمانیمان لەوێ هەیە، بنکەیەکی ئێکجار بەهێزە". 

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە هۆشداریی داوە: "کەس دڵنیا نیە، چونکە بنکەکە سەربە حکومەتی تورکیایەو ئەگەر پەیوەندییەکە لەگەڵ تورکیا تێکبچێت، ئەوا گەیشتنی ئەمریکییەکان بەو بنکەیە گرەنتی نەکراوە".
 
شەش دەیە زیاترە تورکیا بنکەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکایە. بەدرێژایی چەندین ساڵ، ئامادە کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت، بەڵام لەم دواییەدا بەرپرسانی ئەمریکا لە چەندین بۆنەدا دڵەڕاوکێی خۆیان نیشان داوە دەربارەی ئەو چەکانە کە هیچ کاریگەرییەکی ستراتیژییان نیە بەرامبەر ڕوسیای ئێستا، بەڵام بەشێک بوون لە ستراتیژی ناتۆ بۆ مانەوە وەکو یاریکارێکی ئیقلیمی و ڕێگرتن لەوەی کە تورکیا هەست بکات پێویستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمە.

چیرۆکی کودەتاکە

ڕۆژنامەکە ڕوونی دەکاتەوە، کاتێک ئەردۆگان هەوڵی کودەتاکەی ئەیلولی ٢٠١٦ی خامۆش کرد، ئیدارەی ئۆباما بەهێمنی پلانێکی فرەلایەنی دانا بۆ نەهێشتنی چەکەکان لە بنکەی ئەنجەرلیکی تورکی، بەڵام پلانەکە جێبەجێ نەکرا لەترسی ئەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا –لەپێش هەموویانەوە، تورکیا- نەیکەن بە پاساوێک بۆ هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆم.  

پرۆگرامێکی نهێنیی ئەتۆمی

دەیان ساڵە –وەک ڕۆژنامەکە باسی دەکات- تورکیا بەو دۆخەوە ڕاگیراوە. لە ساڵی ١٩٧٩وە هەندێک کوورەی بچووکی بۆ توێژینەوە خستووەتە کار، ساڵی ١٩٨٦ سووتەمەنی لە کارگەیەکی ئەزموونی لە ئەستەنبوڵ بەرهەمهێنا. کارگەکەی ئەستەنبووڵ مامەڵە لەگەڵ سووتەمەنی بەکارهێنراوو پاشەڕۆ تیشکدەرەکان دەکات.
 
(ئولی هاینونین) گەورە پشکنەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: "ئەوان -تورکەکان- ئەزموونی ئەتۆمیی خۆیان دەوڵەمەند دەکەن، ئەوانە کەرەستەی زۆر نایابن".

ئەو پشکنەرە دەڵێت: "لەوانەیە لەماوەی ٤-٥ ساڵدا ئەنقەرە بگاتە ئاستی بژاردەی بۆمبەکە، لەوانەشە کەمتر بخایەنێت، بەڵام درەنگ یان زوو، بە هاوکاریی گەورەی دەرەکی پێی دەگەن". هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە مۆسکۆ ڕۆڵی زۆر کاریگەر دەگێڕێت لە پلانی درێژخایەنی پرۆژە ئەتۆمییەکانی تورکیادا. پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تورکیاش وەک ئەوەی ئێران وەسف دەکەن، گوایە بۆ پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی مەدەنییە. 

دڵنیابوونەوە لە پرۆگرامە نهێنییەکە

ڕوسیا ڕەزامەند بووە بۆ دروستکردنی چوار ڕاکتۆری ئەتۆمی لە تورکیا، بەڵام کارەکە زۆر لە وادەی دیاریکراوی خۆی دواکەوت. ئەو ڕاکتۆرەی کە بڕیاربوو لەکۆتایی ئەمساڵدا بکەوێتە کار، لە کۆتایی ٢٠٢٣دا دەکەوێتە کار.
 
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە سووتەمەنییە بەکارهێنراوەکە چیی لێدێت؟
 
شارەزایانی ئەتۆم، هاوڕان کە بەشی قورسی بەدەستهێنانی بۆمب لە دیزاین و پلاندا نیە، بەڵکو بەدەستهێنانی وزەیە. زۆر جار، پرۆگرامێکی ئەتۆمیی مەدەنی، واتە فێڵێک بۆ دروستکردنی سوتەمەنی و دامەزراندنی کوورەی نهێنیی چەکی ئەتۆم!

ئەمڕۆ تورکیا کەرەستەکانی هەیە -کەرەستەی خاوی پێویست- هەروەها بەدرێژایی چەند دەیەی ڕابردوو بایەخی زۆری داوە بە فێربوون و وەرگرتنی ئەزموونی پێویست لە تەکنۆلۆژیای یۆرانیۆم و گۆڕینی بۆ پلۆتۆنیۆم، کە هەردوکیان سوتەمەنی سەرەکیی بۆمبە گەردیلەییەکانن.

 ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوەی (کارنیگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی) لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە تورکیا بژاردە ئەتۆمییەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە. لەوەش زیاتر (هانز رۆهلی) سەرۆکی پلاندانان لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا (١٩٨٢-١٩٨٨) ساڵی ٢٠١٥ لە ڕاپۆرتیکدا رایگەیاند: "کۆمەڵگەی هەواڵگریی خۆرئاوا کۆکن لەسەر ئەوەی کە تورکیا کاردەکات بۆ چەکی ئەتۆم و شێوازەکانی بەدەستهێنانی". 

لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجامی داوە، پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەولەتی -کە کۆمەڵەیەکی تایبەتە لە واشنتۆن، بەدواداچوون دەکات بۆ بڵاوبوونەوەی بۆمبی ئەتۆم- ڕایگەیاندووە: "تەقەلاکانی ئەردۆگان بۆ قایمکردنی دەسەڵاتەکەی و بەرزکردنەوەی پێگەی ئیقلیمیی تورکیا، مەترسیی هەوڵەکانی تورکیا زیاتر دەکات لەبواری بەدەستهێنانی توانای چەکی ئەتۆمدا". 

چەندین جار ڕۆشنایی خراوەتە سەر ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە ڕایەڵەی نێوان تورکیاو تۆڕەکەی عەبدولقەدیر خان، ئەو پیاوە سەرکێشەی کە ئەندازیاری گەورەترین ئەڵقەی بڵاوبوونەوەی نامەشروعی چەکی ئەتۆمە لە مێژوودا، کەرەستەو دیزاینی بنچینەیی داوەتە ئێران و لیبیاو کۆریای باکوور، بێشبینیش دەکرێت تورکیا لایەنی چوارەمی ئەو ئەڵقەیە بێت. گرێیەک هەیە کە تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە: داخۆ تۆڕەکەی خان، کڕیاری چوارەمی کێیە؟ 

بەرپرسەکەی پێشوو لە وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا، پاڵپشت بە وتەی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، دەڵێت: "ڕەنگە تورکیا چەندان ئامێری سەنتەرفیوژی هەبێت، کە سەرچاوەکەی نادیارە". هەروەها دەڵێت: "ئەگەری ئەوەی تورکیا کڕیاری چوارەم بێت، ئەگەرێکی دوورنیە"، بەڵام بەڵگەیەکی ئاشکرا دەربارەی ئەو ڕاپۆرتانە لەبەردەستدا نیە.

تورکیا و ڕوسیا

ڕۆژنامەکە دووپاتی دەکاتەوە: "ئەوە ڕوونە کە تورکیا خواستی هەیە بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامی چەکی ئەتۆم، بۆ ئەو مەبەستەش شەریکی خۆی دۆزیوەتەوە، کە (ڤلادیمێر پوتن) سەرۆکی ڕوسیایە".

ساڵی ٢٠١٨، پوتن، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکی ڕەسمیی دامەزراندنی وێستگەیەکی ئەتۆمی بە بەهای ٢٠ ملیار دۆلار، سەردانی تورکیای کرد.

بەشێک لە مەرامەکەی ڕوسیا، هۆکاری داراییە، چونکە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆم یەکێکە لە باشترین سەرچاوەکانی داهاتی ئەو وڵاتە، بەڵام لە هەمان کاتدا مەرامێکی تریشی هەیە: ڕەوانەکردنی سیستمی بەرگریی مووشەکیی (S-400)  بۆ ئەنقەرە. 

لەڕاستیدا دروستکردنی ڕاکتۆرە ئەتۆمییەکان لەلایەن ڕوسیاوە بۆ تورکیای ئەندام لە ناتۆ، مانای ڕاکێشانێتی بەرەو بلۆکی ڕوسیاو دوورخستنەوەی زیاترێتی لە (ناتۆ).  

لە عەرەبییەوە/ سیڤەر



ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر