ترەمپ، چۆن لە مانگێکدا ئەمریکای شکاند؟!

PM:06:29:15/10/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی


جاکسۆن دێڵ
ڕۆژنامەنووسی تایبەتمەند لە کاروباری دەرەوەی ئەمریکا

دەنگۆی گەندەڵیی ترەمپ لە ئۆکرانیا و کەمتەرخەمییەکان لە سوریا، چیرۆکە فراوانەکەیان ڵێڵ کردووە. لەماوەی کەمتر لە مانگێک، هەر بڕیارێکی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ شکستی هێناوە، ئەوەش بەهۆی ئاکار و هەڵسوکەوتی ناهاوسەنگی سەرۆک ترەمپ.

سەرەتای ئەو ناهاوسەنگییە لە ٧ی ئەیلول دەستیپێکرد، کاتێک کە لوتکەیەکی ئاشکرانەکراوی خۆی لەگەڵ تاڵیبان بەمەبەستی ئاشتیی هەڵوەشاندەوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەمریکییەکان نزیکەی یەک ساڵ سەرقاڵی ڕێکەوتن بوون لەگەڵ تاڵیبان. دەرئەنجامی ئەو بڕیارەی ترەمپ توندوتیژی و کردەی تیرۆریستیی لە ئەفغانستان لێکەوتەوە. ئەوەش بە لایەنی کەم زیانی بە بڕیارێکی ترەمپ لێکەوتەوە بۆ کشانەوە لەو وڵاتە بەر لە ساڵی ٢٠٢٠.

هەفتەیەک دواتر، فشارە مەزنەکانی ترەمپ لەدژی ئێران بە تەواوی پوچەڵ کرایەوە، چونکە دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لەلایەن بریکارەکانی ئێران کرایە ئامانج. هاوکات، ترەمپ لە بری بەرپەرچی سەربازی، بە سەرۆکی فەرەنسای راگەیاند کە ئامادەی سازکردنی لوتکەیەکە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بەڵام پلانەکە پوچەڵ بوویەوە، رۆحانی-ش ترەمپی لە چاوەڕوانیی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جێهێشت! لەبەرامبەردا چی ڕوویدا؟ شازادەی جێنشین، موحەمەد بن سەلمان داوای لە عێراق و پاکستان کرد نێوانگیری بکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ تاران.
 
تەنیا دوو هەفتەش دواتر، دانوستانە ناوەکییەکانی ترەمپ لەگەڵ کۆریای باکوور بەرەو پووکانەوە چوون. لە کۆبوونەوەکەی ستۆکهۆڵم شاندەکەی کیم جۆنگ ئون پێشنیازی ئەمریکای بۆ رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە رەتکردەوە، تەنانەت ڕەتیان کردەوە لە داهاتووشدا لەسەر ئەو پرسە قسە بکەن. بەو شێوەیەش بێت، هیوای ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لاوازتر و ون دەبێت.

لە ٦ی ئۆکتۆبەردا ترەمپ پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا رەجەب تەییب ئەردوگان ئەنجامدا، بەبێ بەبێ ئەوەی هیچ بەرچاوڕوونییەک بداتە پێنتاگۆن، ڕێگەی بۆ داگیرکاری تورکیا بۆ باکووری سوریا خۆش کرد. ئێستاس باشترین دەرئەنجامی پێشنیازکراو، بێجگە لە ناپاکی کردن لە هێزە کوردییەکان کە چوار ساڵە هاوشانی ئەمریکا شەڕی تیرۆر دەکەن، رەنگە داعش سەرهەڵبداتەوە، ئەوە لەکاتێکدا شەڕی تیرۆر یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە دیارەکانی ئیدارەی ترەمپ لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە.

ئایا سیاسەتی "لەپێشدا ئەمریکا" هیچی بە بەرەوە ماوە؟ لەڕاستیدا نەخێر.

جگە لە هەوڵی رووخاندنی رژێمە سۆسیالیستەکەی ڤێنێزوێلا کە مانگی نیسان شکستی هێنا، پلانی رێکەوتنی یەکجارەکیی فەلەستینی و ئیسرائیلییەکانیش ئاشکرا نەکراوە، سەرەڕای ئەوەش، بەرپرسی دۆسیەکە، جێیسن گرینبۆلت، جێهێشتنی کارەکانی لە مانگی رابردوو راگەیاند.
 
راستە ترەمپ لە بازرگانی لەگەڵ چین بەردەوامە، رێکەوتنێکی لاوەکیشی لەگەڵ ئەو وڵاتە لە ڕۆژی هەینی راگەیاند، بەڵام زۆربەی باجەکان لەسەر حکومەتی پەکین بەردەوامن و ئاسۆی هەڵگرتنیان دیار نیە.

لەم دەقەدا کاتی ئەوە هاتووە لایەنە گشتییەکەی ئەو کارەساتانەی سیاسەتەکانی ترەمپ ئاماژە پێبدەم، بەڵام بەو شێوەیەش نیە، چونکە ئەوە تەنیا دەرخەری سیاسەتە سەیرەکانی ترەمپە. پاساوی ترەمپ بۆ کشانەوەی ئەو هەزار سەربازەی کە دڵنیایی نەگەڕانەوەی داعشیان دەدا و رێگرییان لە چاوتێبڕینی روسیا و ئێران دەکرد، بەستبووەوە بە کۆتاییهێنان بە جەنگە نەبراوەکان.

ترەمپ بە پلانە شکستخواردووەکەی لە ئەفغانستان دەیتوانی زیاتر لە ٥٠٠٠ سەرباز بە زووترین کات بگێڕێتەوە، تا ڕۆژی هەڵبژاردنیش ١٥ هەزار سەرباز بکشێنێتەوە. تاکە پاساوی کشانەوە لە رێککەوتنی پێشبینیکراو لەگەڵ تاڵیبان کردەیەکی تیرۆرستی بوو کە سەربازێکی ئەمریکی بووە قوربانی، هۆکارێکی سەیر کە جەنگێکی ١٨ ساڵیی بەهۆیەوە کۆتایی پێ نەهێنێت!

هەڵگەڕانەوەی ترەمپ لە ئێران، دوای ئەو فشارانەو تێپەڕینی دوو ساڵ، لەو کاتەی هاوپەیمانەکانی ترەمپ باسیان لە گۆڕینی رژێم دەکرد، ترەمپ فشارەکانی بە کۆتایی فەرمیی ئێران دەزانی، بەڵام لەو کاتەی ئێران لە کەنداو چەند کەشتییەکیان کردە ئامانج، راوێژکارەکەشی، جۆن بۆلتن، لە کار لابردو ئێستاش ئەمریکا باوەشی بۆ دانوستانەکان کردۆتەوە.
 
بەدڵنیاییەوە هۆکار هەیە بۆ هەندێک لە سیاسەتە شکستخواردووەکانی ترەمپ. رووبەڕووبوونەوەی ئێران ناپێویست بوو، جەنگ لە کەنداو کارەساتی لێدەکەوتەوە. هاوکات، ڕێکەوتن لەگەڵ تاڵیبان دەبووە ناپاکی بەرامبەر بە حکومەتی ئەفغانستان، ئەوە سەرەڕای دوو دەیە و خەرجی ملیۆنان دۆلار لە جەنگی ئەفغانستان.

شکستی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ ڕوونە، بەڵام هێشتا کۆتاییش نەهاتووە. کیم جۆنگ ئون لە کۆریای باکوور مۆڵەتی یەک ساڵی بە ترەمپ داوە بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر موشەک و کڵاوە ناوەکییەکان. پێدەچێت لە هامن کات ئێران کردەی زیاتر لە کەنداو ئەنجامبدات تا ترەمپ ناچاری هەڵگرتنی سزاکان بکات. پێشدەچێت داعش لەو نێوانە سەر هەڵبداتەوە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا. ڕەنگە ئەو هەموو کارتێکەرە دەرەکیانە بۆ ترەمپ بە قەد هەڕەشەی لەکار لادانی کاریگەریان نەبێت، بەڵام ئەو شکستانە زیانی زۆر بە ئاساییشی نیشتیمانی ئەمریکا دەگەیێنێت.

لە ئینگلیزییەوە/ یادگار ئیسماعیل

سەرچاوە/ واشنتۆن پۆست




ئه‌م بابه‌ته 389 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر