عیراق.. بازرگانیی‌ سێكس ‌و قوربانییه‌كانی‌

PM:09:14:14/10/2019
دۆسیە: عیراقناسی


بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

به‌پێی به‌دواداچوونێكی بنكۆَڵكاریی كه‌ناڵی (BBC) كه‌ به‌ نهێنی له‌ باره‌ی نوسینگه‌كانی هاوسه‌رگیریی كردوویه‌تی -ئه‌و نوسینگانه‌ی‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ پیاوانی ئاینییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت له‌ ناوچه‌كانی نزیك مه‌زارگه‌ گرنگه‌كان له‌ عێراق- زۆربه‌ی ئه‌و پیاوه‌ ئاینیانه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌كراوه‌و ئاماده‌بوون هاوسه‌رگیریی چێژ (موتعه‌) بۆ ماوه‌ی زۆر كورت ڕێكبخه‌ن كه‌ زۆرجار چه‌ند سه‌عاتێك ده‌خایه‌نێت بۆ مه‌به‌ستی سێكسكردن.

 هه‌ندێكیان نه‌ك به‌ ته‌نها ئاماده‌بوون  كارئاسانی بۆ كڕیاره‌كانیان بكه‌ن بۆ ده‌ستكه‌وتنی ژنان و كچانی گه‌نج، به‌ڵكو ئاماده‌ش بوون كه‌ كیژۆڵه‌ دابین بكه‌ن بۆ كڕیاره‌كانیان كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نۆ ساڵ تێناپه‌ڕێت.

ئه‌و فیلمه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌ی (BBC) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ هه‌ندێك پیاوی ئاینی وه‌كو ده‌ڵاڵ  هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن و ڕووپۆشێكی شه‌رعیی بۆ ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستدرێژیی سێكسی بۆ سه‌ر منداڵان.

كامێرا شاردراوه‌كانی ئه‌و تیمه‌ی فیلمه‌ دیكۆمینتارییه‌كه‌، هه‌ندێك پیاوی ئاینی ده‌رخستووه‌ كه‌ ژن و كچه‌ كه‌م ته‌مه‌نه‌كان وه‌ك "بووكی حه‌ڵاڵ" وه‌سف ده‌كه‌ن.

هاوسه‌رگیریی (موتعه‌) به‌ پرسێكی جێی مشتومڕ داده‌نرێت له‌ناو ئاینزاكانی فیقهی ئیسلامی ‌و له‌ناو خودی ئاینزای شیعه‌شدا، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ ڕێگه‌ به‌م  هاوسه‌رگیرییه‌ كاتییه‌ ده‌ده‌ن به‌و مه‌رجه‌ی پیاوه‌كه‌ ماره‌ییه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌دا بدات.

 له‌ وڵاتانی موسڵمانی زۆرینه‌ سوننه‌شدا هاوسه‌رگیریی (مسیار) هه‌مان ڕۆڵ ده‌بینێت و ده‌بێت ئامانجی ئه‌م جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌  ڕێگه‌دان بێت به‌ پیاو له‌كاتی گه‌شتكردنیدا هاوسه‌رگیریی بكات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌ به‌شێوه‌یه‌ك به‌كارده‌هێنرێت كه‌ ڕێگه‌ ده‌دات پیاوان بۆ كاتێكی دیاریكراو په‌یوه‌ندییه‌كی سێكسیی دروست بكه‌ن.

پیاوانی ئاینیش له‌باره‌ی ئه‌م كاره‌وه‌ دابه‌ش بوون، هه‌ندێكیان پێیانوایه‌ ئه‌و كاره‌ شه‌رعیه‌تێك ده‌دات به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی شێوه‌ له‌شفرۆشی، مشتومڕێكی دیكه‌ش له‌نێویاندا هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی ئه‌و ماوه‌ كورته‌ی كه‌ ئه‌م جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌ ده‌یخایه‌نێت.
 
ئه‌و به‌دواداچوونه‌ بنكۆڵكارییه‌ی كه‌ تیمه‌كه‌ی (BBC) ئه‌نجامیاندا ماوه‌ی (10) مانگی خایاندووه‌و له‌و پرۆسه‌یه‌دا كامێرا شاردراوه‌كان وێنه‌ی چه‌ند پیاوێكی ئاینییان گرتووه‌. هه‌روه‌ها چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ كردووه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی به‌كارهێنانی‌ سێكسی بوونه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌ قسه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ پاره‌یان داوه‌ به‌ پیاوه‌ ئاینییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بووكی موتعه‌یان بۆ بدۆزنه‌وه‌.
  
ئاماره‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن ئافره‌ت له‌ عێراقدا بێوه‌ژنن و ژماره‌یه‌كی زۆریان دوای ئه‌و جه‌نگانه‌ی عێراق به‌خۆیه‌وه‌ بینی، بێ ماڵوحاڵ بوون. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌  -وه‌ك خۆیان به‌ (BBC)یان ڕاگه‌یاندووه‌- ژماره‌یه‌كیان به‌هۆی نه‌دارییه‌وه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر به‌ر هاوسه‌رگیریی موتعه‌.
 
تیمه‌كه‌ی (BBC) چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كیان ده‌ست كه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و هاوسه‌رگیرییانه‌ له‌  هه‌ندێك ناوچه‌ی نزیك مه‌زارگه‌كان ئه‌نجام ده‌درێن، بۆ نموونه‌، تیمه‌كه‌ له‌گه‌ڵ 10 پیاوی ئاینیی ناوچه‌ی (كازمیه‌)ی به‌غداد قسه‌یان كردووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین گۆڕو مه‌زارگه‌ی موسڵمانه‌ شیعه‌كانی لێیه‌.

له‌و ژماره‌یه‌ (8)یان وتوویانه‌ ئاماده‌ین بۆ دابینكردن به‌ڵێنی هاوسه‌رگیریی موتعه‌، نیوه‌شیان ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ده‌توانن ئه‌و به‌ڵێننامه‌یه‌ بۆ كچانی ته‌مه‌ن 12 و 13 ساڵ بكه‌ن.

تیمه‌كه‌ په‌یوه‌ندیشی كردووه‌ به‌ چوار پیاوی ئاینییه‌وه‌ له‌ (كه‌ربه‌لا) كه‌ گه‌وره‌ترین پێگه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ردانیكه‌رانی شیعه‌یه‌ له‌ جیهانداو شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن، دوو كه‌سیش قایل بوون كه‌ كیژۆَڵه‌ ماره‌ بكه‌ن بۆ هاوسه‌رگیریی موتعه‌.

 ئایا ده‌قه‌ یاساییه‌كان به‌ ته‌نها به‌سن بۆ كۆتایی هێنان به‌ هاوسه‌رگیریی كیژۆڵه‌كان؟ 
 
تیمه‌كه‌ی (BBC) به‌ نهێنی وێنه‌ی (4) پیاوی ئاینییان گرتووه‌، (3) له‌و پیاوانه‌ وتویانه‌ ده‌توانن ژن په‌یدابكه‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، دوانیان وتویانه‌ ده‌توانن كچانی ته‌مه‌ن مناڵ دابین بكه‌ن.

ڕۆژنامه‌نوسێكی (BBC) كه‌ خۆی گۆڕیوه‌و ناسنامه‌ی خۆی ئاشكرا نه‌كردووه‌و یه‌كێك له‌ پیاوانی ئاینیی دواندووه‌ به‌ناوی (سید رعد)، ئه‌ویش وتوویه‌تی: "شه‌ریعه‌ت كاتێكی  دیاریكراوی نه‌داوه‌ به‌ هاوسه‌رگیریی موتعه‌، پیاو ده‌توانێت چه‌نده‌ ئاره‌زووی له‌ ژنه‌، هاوسه‌رگیریی بكات و ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كچێكدا ته‌نها نیو سه‌عات هاوسه‌رگیریی بكات، كه‌ ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ ته‌واوبوو، ده‌توانێت ده‌ستبه‌جێ هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ كچێكی تردا بكات".

سه‌باره‌ت به‌ پرسیاری ئایا شتێكی په‌سه‌نده‌ به‌ڵیننامه‌ی هاوسه‌رگیریی موتعه‌ له‌گه‌ڵ كچێكی ته‌مه‌ن مناڵ  ئیمزا بكرێت؟.
(سید رعد) وتی" ته‌نها ئاگات له‌وه‌ بێت په‌رده‌ی كچێنی له‌ده‌ستنه‌دا". 
وتیشی" ده‌توانیت ده‌ستبازیی له‌گه‌ڵ بكه‌یت و له‌ پاڵیدا ڕاكشێیت و ده‌ست بده‌ی له‌ جه‌سته‌ی و مه‌مكه‌كانی،  به‌ڵام نابێت له‌ پێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵی جووت بیت ، به‌ڵام له‌ دواوه‌ گرفت نییه‌". 
كاتێكیش پرسیاری لێده‌كرێت كه‌ ئایا چی ڕووده‌دات گه‌ر كچه‌كه‌ ئازاری پێگه‌یشت؟ پیاوه‌ ئاینییه‌كه‌ به‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه‌ وه‌ڵامی داه‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: "شته‌كه‌ له‌نێوان خۆتاندایه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ چه‌نده‌ به‌رگه‌ی ئازار ده‌گرێت و چه‌نده‌ به‌رگه‌ی ناگرێت".

كاتێكیش پرسیار له‌ شێخ (سلاوی) ده‌كرێت كه‌ پیاوێكی ئاینییه‌و له‌ (كه‌ربه‌لا) ده‌ژی –ئه‌و پیاوه‌ به‌ كامێرای شاردراوه‌ وێنه‌ی گیراوه‌- ئایا په‌سه‌نده‌ هاوسه‌رگیریی  له‌گه‌ڵ كچێكی ته‌مه‌ن 12 ساڵدا بكرێت؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: "به‌ڵی، به‌پێی شه‌رع نۆ ساڵ به‌ره‌و ژوور بێت، هیچ كێشه‌ی نییه‌".

(شیخ سلاوی) هه‌مان قسه‌ی (سید رعد) دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: "تاكه‌ شت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌ پاكیزه‌ بووو واته‌ په‌رده‌ی كچێنی هه‌بوو، له‌و كاته‌دا ته‌نها ڕێگه‌ به‌ ده‌ستبازیی ده‌درێت و سێكسكردن له‌ دواوه‌ بێت په‌سه‌نده‌،  ئه‌ویش ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌ قایل بوو"! ئه‌مه‌ پێش ئه‌وه‌ی بڵێت: "تۆ چیت ده‌وێ لێی بكه‌"!

بۆ  تاقیكردنه‌وه‌ی  چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی هاوسه‌رگیریی موتعه‌ له‌گه‌ڵ كچانی  خوار 18 ساڵ، په‌یامنێری (BBC) به‌ (سید رعد) ده‌ڵێت -كه‌ له‌ناو ئوتۆمبیلێكی ته‌كسیدا دانیشتووه‌-  ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ كچێكی 13 ساڵدا هاوسه‌رگیریی بكات و به‌ناوی شه‌یما، هاوكارێكی په‌یامنێره‌كه‌ له‌ تیمه‌كه‌ی (BBC) ڕۆڵی ئه‌و كچه‌ گریمانه‌ییه‌ی گێڕاوه‌.

(سید رعد) نه‌ داوای بینینی كچه‌كه‌ ده‌كات و نه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌شیدا ده‌كات، به‌ڵكو قایل ده‌بێت به‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ ڕێوشوێنه‌كانی ئه‌و هاوسه‌رگیریی موتعه‌یه‌ ڕێكبخات و له‌ شه‌یما ده‌پرسێت: "شه‌یما، تۆ ڕه‌زامه‌ندیی خۆتم ده‌ده‌یتێ كه‌ شوو بكه‌یت به‌ فڵان (په‌یامنێره‌ خۆگۆریوه‌كه‌) بۆ ماوه‌ی یه‌ك ڕۆژ له‌ به‌رامبه‌ر 150 هه‌زار دیناردا؟".
كاتێك گوێی له‌ ڕه‌زامه‌ندیی شه‌یما ده‌بێت، به‌ په‌یامنێره‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئێوه‌ ئێستا ژن و مێردن و حه‌ڵاڵه‌ كه‌ یه‌ك بگرن). پاشان داوای 200 دۆلار له‌ په‌یامنێره‌كه‌ ده‌كات بۆ ڕاییكردنی ئه‌و ماره‌بڕینه‌ كه‌ ته‌نها چه‌ند خوله‌كێكی پێچووه‌. ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌زكاته‌دا پیاوه‌ ئاینییه‌كه‌ هیچ بایه‌خێك نادات به‌ سه‌لامه‌تیی ئه‌و كچۆڵه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ ته‌مه‌نی‌ 13 ساڵه‌!
 
پیاوێكی خێزاندار كه‌ خووی به‌ هاوسه‌رگیریی موتعه‌وه‌ گرتووه‌ بۆ سێكسكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ نایانناسێت و پیاوه‌ ئاینییه‌كان بۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، وتی: "كچی منداڵكار كه‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵ بێت وه‌ك خه‌ڵاتێك وایه‌، چونكه‌ هێشتا تازه‌ پێده‌گات، به‌ڵام پڕ خه‌رجییه‌، چونكه‌ پیاوه‌ ئاینییه‌كان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ داوای (500-700-800) دۆلار ده‌كه‌ن. 
ئه‌و پیاوه‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ ڕووپۆشێكی شه‌رعیی ئاینیی هه‌یه‌ بۆ كرده‌وه‌كه‌ی و وتی: "كاتێك پیاوی ئاینی پێت بڵێت هاوسه‌رگیریی موتعه‌ حه‌ڵاڵه‌، ئه‌وا به‌ تاوان دانانرێت و هیچ گوناهێك ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆت".

خاتوو (یه‌نار محه‌مه‌د) چالاكی بواری مافی ژنان كه‌ تۆڕێكی په‌ناگه‌ی ژنان به‌ڕێوه‌ده‌بات له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق، وتی: "كچان به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كاڵا بن نه‌ك مرۆڤ، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانیت كاڵایه‌كی دیاریكراو به‌پێی مه‌رجی دیاریكراوو ڕێپێدراو به‌كاربهێنیت، واته‌ چیت ده‌وێت لێی بكه‌، به‌ڵام كچێنی لامه‌به‌، ئه‌وه‌ پارێزگاریی لێده‌كرێت بۆ سه‌ودانامه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌ داهاتوودا"، مه‌به‌ستیشی له‌وه‌ "هاوسه‌رگیرییه‌".

ئه‌و خانمه‌ ده‌ڵێت: "له‌كاتی له‌ده‌ستدانی كچێنیدا، به‌شێوه‌یه‌ك ته‌ماشای كچ ده‌كرێت كه‌ شیاوی هاوسه‌رگیریی نییه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌سوكاره‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی كوشتنیش ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ گوته‌ی ئه‌وان "سه‌ری شۆركردون"".
یه‌نار ده‌ڵێت: "هه‌میشه‌ ژنان و كچان به‌ گشتی  باجه‌كه‌ ده‌ده‌ن".

به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌و فیلمه‌ دیكۆمه‌نتارییه‌، به‌ نهێنی وێنه‌ی چه‌ند پیاوێكی ئاینیان گرتووه‌ كه‌ ده‌ڵێن ئاماده‌ن بۆ هێنانی كیژۆڵه‌ی‌ تازه‌ پێگه‌یشتوو، هه‌روه‌ها شایه‌تی كیژۆڵه‌یه‌كیان تۆماركردووه‌ كه‌ پیاوێكی ئاینی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌كاری‌ هێناوه‌، چه‌ند كه‌سێكی تریش جه‌ختیان له‌ ڕاستیی چیرۆكه‌كه‌ی ئه‌و كچه‌ كردووه‌ته‌وه‌.
 
تیمه‌كه‌ وێنه‌ی ئه‌و پیاوه‌ ئاینییه‌شیان گرتووه‌ كه‌ كیژۆڵه‌یه‌كی تازه‌ پێگه‌یشتووی‌ له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه‌و ده‌یداته‌ په‌یامنێرێكی خۆگۆڕیوو، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یامنێره‌كه‌ نایه‌وێت ماره‌كردنه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت كه‌ بڕیاره‌ بۆ یه‌ك ڕۆژ بێت، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی كچێكی  نه‌وجه‌وانی ده‌وێت كه‌ له‌ ته‌مه‌نی 13 و 14 دا بێت،  پیاوه‌ ئاینییه‌كه‌ وه‌ك ده‌ڵاڵێك هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات.

(غیث التمیمی) پیاوێكی ئاینیی پێشووی عیراقییه‌ و ئێستا له‌ تاراوگه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌ژی، به‌توندی ناڕه‌زایی خۆی له‌ توندڕه‌وی ئاینی نیشانداو تووڕه‌یی خۆیشی له‌وه‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ پیاوانی ئاینی ده‌یكه‌ن و هاوسه‌رگیریی موتعه‌ به‌كارده‌هێنن بۆ (استغلالكردن)ی‌ ژنان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ كچانی خوار ته‌مه‌ن هه‌ژده‌ ساڵ ماره‌ ده‌كه‌ن بۆ هاوسه‌رگیریی موتعه‌. ئه‌و وتی‌: "ئه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه‌ به‌ په‌یامنێره‌كه‌ی (BBC) وتووه‌، به‌ تاوان هه‌ژمار ده‌كرێت و پێویسته‌ یاسا سزای بدات".
 
هه‌ندێك له‌ پیاوانی ئاینیی شیعه‌ی عێراقی نووسیویانه‌ كه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامیی ڕێگه‌ ده‌دات به‌ سێكسكردن له‌گه‌ڵ كچانی ته‌مه‌ن بچووكدا، به‌ڵام (التمیمی( داوا له‌ مه‌رجه‌عییه‌ته‌كانی شیعه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م ڕه‌فتاره‌ ئیدانه‌ بكه‌ن.

دوو پیاوی ئاینی له‌ كۆی ئه‌و سێ پیاوه‌ی كه‌ تیمه‌كه‌ی (BBC) به‌ نهێنی وێنه‌ی گرتوون، خۆیان به‌ شوێنكه‌وته‌ی‌ ئایه‌تووڵا سیستانی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن كه‌ باڵاترین  مه‌رجه‌عه‌ ئاینییه‌كانی موسڵمانه‌ شیعه‌كانه‌، به‌ڵام نوسینگه‌ی ئایه‌توڵا سیستانی له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ((BBC))دا وتی: "ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی ئێوه‌ باسی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕاست بن، ڕه‌فتارگه‌لێكی  نه‌شیاوه‌و زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ین".

وتیشی: "ئه‌وه‌ی به‌ ڕاستی خۆی به‌ شوێنكه‌وتووی مه‌رجه‌عییه‌تی ئاینیی  بزانێت، ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ نانوێنێت. هاوسه‌رگیریی كاتیی، ئه‌وه‌ی له‌ هاوسه‌رگیرییه‌ك ده‌چێت كه‌ مافی ژن و مێردایه‌تی تێیدا نیه‌، ته‌نها مافی جووتبوون بێت، له‌ ئاینزای ئیمامییدا نابێت ئه‌نجام بدرێت و نابێت وا دابڕێژرێت كه‌ وه‌ك ئامڕازێك بۆ بازرگانی سێكسیی به‌كاربهێنرێت به‌و ڕێگه‌یه‌ی باسكراوه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ سووكایه‌تیكردنه‌ به‌ كه‌رامه‌تی ژن و مرۆڤبوونی، جگه‌ له‌وه‌ش كه‌س ئه‌و ڕێگه‌یه‌ ناگرێته‌به‌ر جگه‌ له‌ كه‌سانی نه‌فس نزم كه‌ ناترسن له‌وه‌ی ئاین وه‌ك ئامرازێك به‌كارده‌هێنن بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ نامه‌شروعه‌كانیان".

وته‌بێژ به‌ناوی حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌ به‌ (BBC)ی‌ وتووه‌: "ئه‌گه‌ر ژنان هیچ سكاڵایه‌ك له‌دژی پیاوانی ئاینیی  پێشكه‌ش نه‌كه‌ن، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتداره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ ئاسته‌م ده‌توانن كاری خۆیان بكه‌ن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنه‌ به‌ر".

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌/ تابلۆ عوسمان

سه‌رچاوه‌/ (BBC)



ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر