ناپاکیی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردەکان

PM:01:14:12/10/2019
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا


دێیڤید هاڵفبێنگەر
بەرپرسی نوسینگەی نیویۆرک تایمز لە ئۆرشەلیم

بڕیارە خێراکەی سەرۆک ترەمپ و کشاندنەوەی هێز لە سوریا و  پشتکردن لە کورد زەنگی مەترسی بۆ ئیسرائیلیەکان لێدا بەوەی لەوە دەترسن ئەمریکا چیتر هاوکاریی ئیسرائیل نەکات.

ئاساییشی ئیسرائیل بە راستەوخۆیی پابەند نیە بەوەی کێ سنوورەکانی باکووری سوریا دەپارێزێت، کە ٥٠٠ کم دوورە. بەڵام لە ئیسرائیل، ترس هەیە لە کشانەوەی ئەمریکا، کە کوردەکان دەخاتە ژێر بەزەیی تورکیا، ئەو کوردانەی هاوپەیمانی ئەمریکا بوون و داعشیان لەناوبرد، بارودۆخیان بۆتە زەنگی بەئاگاهێنانی بەرپرسانی ئیسرائیل لە تێل ئەڤیڤ و ئۆرشەلیمەوە.

ئەگەر زیاتر لەوەو بە هۆکاری ناپاکیەکە، کورد لاوازتر ببێت، تەواوی ئیسرائیلییەکان لە ئاستی جیاوازدا دەپرسن، چ شتێک رێگرە لە خستنەسەر زەوی هاوپەیمانێکی تری ئەمریکا؟

"چەقۆمان لە پشت درا،" ئەوە ناوونیشانی وتارێکی (شیمۆن شێفەر) بوو لە (یێدیۆت ئاهرانۆت) بڵاوکرابووەوە،  کە پڕخوێنەرترین رۆژنامەی گشتی ئیسرائیلە. ئەو نووسیویەتی: "ئەوە دەرئەنجامەی کە پێی گەیشتووین دەبێت ڕوون بێت؛ ترەمپ چیتر بۆ ئیسرائیلیش جێی متمانە نیە، ناتواندرێت چیتر پشتی پێ ببەسترێت.". 

ترەمپ لەو کاتەوە لە پاساوهێنانەوە بەردەوامەو ئاماژەی بەوەشداوە کە رەنگە لە هەنگاوەکانی دەسپێکیی بن بۆ کشانەوە لە سوریا، ئەوەش لە رێگەی تویتەرەوە بوو:" رەنگە ئێمە لە پرۆسەی کشانەوە بین لە سوریا، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک پشتمان لە کورد نەکردووە، کە خەڵکی تایبەت و شەڕکاری دەرئاسان." بەڵام لە ئیسرائیل، زۆربەی ئیسرائیلییەکان پێیان وایە کشانەوەی ئەمریکا وا دەکات کورد بکەوێتە ژێر بەزەیی تورکەکان و ئەو کردارە جێهێشتنی کوردە.

باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کەسایەتی باڵای سیاسەتی دەرەوە لە کابینەی ناتانیاهو، دۆرێ گۆڵد لە چاوپێککەوتنێک رایگەیاندووە کە: " ئیمڕۆ هەست دەکەم کوردم".

ترسی ئیسرائیل هیچ پەیوەندیدار نیە بە تورکیا، بەڵکو ترسە لە ئێران. لەژێر سەرکردایەتی ناتانیاهو، ئیسرائیل بە چڕی پشت بە ترەمپ دەبەستێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی چاوتێبڕینی ئێران و سیاسەتی فراوانخوازی وڵاتەکە لە لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن. ئیسرائیل باوەڕی وایە کە ئێرانییەکان دەخوازن موشەک هاوێژ و سیستەمی بەرگری لەو وڵاتانە جێگیر بکەن و هەڕەشە دروست بکەن بۆسەر ئیسرائیل و رێپێگرتن لە ئەگەرەکانی هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆسەر چەکە ناوەکییەکانی ئێران.

پێشووتر کۆشکی سپی لە ژێر سایەی باڕاک ئۆباما سەرەڕای رێگرییەکانی بێنیامین ناتانیاهو رێککەوتنی ناووکی واژۆکرد.

سەرەرای ئەوەش واشنتن وا دەردەکەوت کە پاڵپشت بێت بۆ ئیسرائیل، بە تایبەت لە ئیدارەی ترەمپ لە ڕێگەی سزا داراییەکانەوە.

بێجگە لەمەش، شکستی ئەمریکا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە وای کردووە کە متمانە پێکردنی ئەمریکا لاواز بکات، ئەوە بۆچوونی ئێستای ئیسرائیلییەکانە. بێجگە لەوەش، خواستی ترەمپ بۆ گفتوگۆ و فشارە ئابوورییەکان لە بەرامبەر ئێران و دواتریش جێهێشتنی کورد لە سوریا وا دەکات ئەو هەستە لای ئیسرائیلییەکان دروست بێت کە ئەمریکا بیەوێت بە تەواویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە.

"تا دێت هەستکردن بە دوورکەوتنەوەی ترەمپ لە هاوپەیمانەکانی زەقتر دەبێتەوە." ئەوە بۆچوونی (ئیمیلی لانداو)ە، شارەزای قەدەخەی چەک لە پەیمانگەی ئاساییشی نەتەوەیی تێل ئەڤیڤ. ئەو دەڵێت: "باوەڕم وا نیە ئەمریکا لە هەمان ئاستی سعودیەی عەرەبی و کورد بێت، بەلایەنی کەم خوازیارم لەو ئاستە نەبین، بەڵام ئەو سیاسەتەی ترەمپ و ئاکارو بڕیارەکانی جێی گومانن. پرسیارەکە ئەوەیە تا چ ڕادەیەک دەتوانین بەو شێوەیە لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بین، ئەگەر بمانەوێت پێویستمان بە پشتبەستن بێت بە ئەمریکا."

سەرەڕای ئەوەش، کە شیکار و شارەزا ئیسرائیلییەکان پێیان وایە پشتپێبەستنی ئەمریکا لە پرسی ئێرانیش شتێکی لاوازە، چونکە پێدەچێت تەنانەت ئێرانیش بەهێزتر بێت.

شیکاری سیاسی ئۆفەر زالزبێرگ، کە لە کۆمەڵەی قەیرانی نیودەوڵەتییە، دەنووسێت: "ئێمە لە کاتێکی هەستیارین، کە تێیدا ئێران هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، کە سعودیەی عەرەبیە... ئێستا ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت بەر بە هێرشەکانی ئێران بگرن. دامەزراوە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئیران لەماوەی دوو مانگدا هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، کاردانەوەی ئیسرائیل هاوشیوەی سعودیە نابێت، ئێرانییەکانیش ئەوە دەزانن. بەڵام جێی نیگەرانیە کە ئێران هەست بە هێز و ئارامیی زیاتر بکات لە بڕیاردان".

سەرەڕای ئەوەی ئێران وانە لە کردارەکانی ترەمپ وەردەگرێت، هاوکات ئیسرائیلییەکانیش چاودێری بارودۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن سعودیەکان چۆن لە ناوچەکەدا مامەڵە دەکەن، وەک دیارە ئاماژەی خواستی سعودییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران هەیە. 

ئۆفەر زالزبێرگ ئاماژە بەوەش دەدات "نیگەرانی مەزن لە ئیسرائیل هەستکردنی  سعودیەکانە کە ئەوان بێچارەن لەبارامبەر هێرشە ئێرانییەکان و هەوڵی گۆرانکاریی لە سیاسەتی خۆیان بدەن،" بە تایبەت لەو کاتەی ئەمریکا و ئیسرائیل جەختیان لە رێگریکردن لە دەستکەوتنی چەکی ناوکی لە لایەن ئێران دەکردەوە، بەڵام دەگوترێت باشترین شت لە بەرامبەر ئێران ئەنجام بدرێت رێگریکردنە لەو هەوڵەی ئێران بە شێوازی دیپلۆماسی".

"ئەو بۆچونە دەرهاویشتەی مەزنی بۆ سەر ئیسرائیل هەیە، کە هەولێ دەستخستنی هاوپەیمانیەت و کارتی فشار لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەدات." ئەوە بۆچوونی مایکڵ ئۆرێن ی جیگری باڵیۆزی پێشووی ئیسرئیلە لە نەتەوە یەکگرتووەکان: "ئەوە وەلا بندرێت، ئایا چۆن وڵاتانی کەنداو بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن بەرامبەر بە ئیسرائیل؟ لە کاتێکدا ترەمپ پێشووتر مەرجی دانوستانی لەگەڵ فەلەستین بە پرسی ئاشتی و رووبەرووبوونەوەی ئێران بەستبووەوە. دواتر بۆ سعودیەکان داوای ئاشتی بکەن؟ بۆ ئیماراتییەکانیش ئەوەیان بوێت؟ کەس ناتوانێت ئەو خاڵە جیاوازانە بەیەک بگەیێنێت و تەنانەت ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بە سیاسەتێک دژی ئێران ببەستێتەوە."

سەرەرای پێگەکە، ناتانیاهو – ش بێدەنگ دەردەکەوێت، ئەوەش دەرخەری سیاسەتی ڵێڵی و خۆ-دوورخەری ترەمپە.

پێشووتر هەڵوێستەکانی ترەمپ بۆ داننان بە ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل و بەرزاییەکانی جۆلان و کشانەوە لە رێککەوتنی ناووکی ئێران پێگەی ناتانیاهوی بەهێز کرد لە ناوەخۆ، کە ئەو بە هاوتەریبی ترەمپ لە هاوکێشەکان مامەڵە بکات، بەڵێ‌م لە هەمان کات ناتانیاهو شەرمەزرا بووە بەهۆی ئەو بڕیارە خراپانەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، دەیاندات.

ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ناتانیاهو گەیشتۆتە لاوازترین ئاستی پێگە و کاریگەرییاکانی و ناتوانێت بە ئاشکراش ئەوە بدرکێنێت. وەک ئۆفەر زالزبێرگ ئاماژەی پێدەدات، بەهۆی بڕیارەکانی سەرەوە ناتانیاهو ناتوانێت رەخنەش لە ترەمپ بگرێت: "ئەوەش لەگەڵ کەسێکی پێشبینی نەکراوی وەک دۆناڵژ ترەمپ زۆر مەترسیدارە."

تەنانەت کاردانەوەکەی ناتانیاهو بۆ بڕیارەکەی ترەمپ بەرامبەر بە کورد بەهۆی یادی 'یۆم کیپور' بوو، کە تێیدا ئیسرئیلییەکان یادی رۆژی بەرگری دەکەنەوە، لە رۆژێکی وەها لە سالی ١٩٧٣خەریک بوو شکستبهێنن.

(ئۆرێن) بەر لە کاری سیاسی مێژوونووس بووە، ئەو سەرنجمان بۆ ئەوە رادەکێشێت کە کاتێک ئیسرائیل پەنای بردە بەر سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، ریچارد نیکسن، بەهۆی رووداوە ئابڕوبەرییەکەی 'وۆتەر-گێیت' نیکسن لێپرسینەوەی لێکراو دەستی لەکار کێشایەوە: "دوژمنەکانی ئیسرئیلیش ئەوەیان دەزانی."

ئێستا کە ئاماژە بە لێپرسینەوە و لەکارلادانی ترەمپ دەکرێت، ناتانیاهو – ش رووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی دەبیێتەوە. ترەمپ پێشووتر بە ناتانیاهو ی راگەیاندوە: "ئەگەر ئیسرائیل لە شەڕێکی رژد تیوەبگلێ، ئەوا بە دڵنیییەوە ئەمریکا دیتەپێشەوە، چونکە ئەمە ئەو شتەیە خەڵکی ئەمریکا پێشبینی دەکەن."

ئۆرێن پێی وایە: "ئێستا ئەو رۆژە نیە ئیسرائیل ئەوەی بۆ بلوێ... ئێستا نازانم، ئەوەندە بەسە کە بڵێم نازانم چی روودەدات."


لە ئینگلیزییەوە/ یادگار ئیسماعیل
سەرچاوە: Ntimes.com



ئه‌م بابه‌ته 311 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر