نۆرماندی، گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مێژوودا

AM:11:56:11/10/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکە بەئەنقەست پلانێکی چەواشەکارانەی ناڕاستی داڕشت و ڕێگەی دا وردەکارییەکەی بگاتە هەواڵگریی ئەڵمانیا. بەگوێرەی پلانە ناڕاستەکە: هێرش دەکرێتە سەر ناوچەی (کالی) لەوپەڕی باکووری خۆرئاوای فەڕەنسا! ئەوەش جێی باوەڕ بوو، بۆیە ئەڵمانیا هێزەکانی بەرگریی خۆی لە دەوروبەری (کالی) جێگیرکردو تاڕادەیەک ناوچەکانی باشووری پشتگوێ خست.

بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

 

(ٍنۆرماندی) گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازییە لە مێژوودا کە هێزەکانی هاوپەیمان ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ١٩٤٤، لە سەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا ئەنجامیاندا، لە بەریتانیاوە (کەناراوەکانی ناوچەی نۆرماندی باکووری خۆرئاوای فەرەنسا) بەمەبەستی کردنەوەی بەرەیەکی تازەی جەنگ لەدژی ئەڵمانیا. لە ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە دوو ملیۆن سەربازو ٣٠٠ هەزار تانک و زریپۆشی سەربازی بەکارهێنرا.

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا خۆرئاوای فەڕەنسا کرایە ڕێڕەوی ئازادکردنی تەواوی فەڕەنساو بەلجیکاو هۆڵەندا، پاشان پێشڕەویی بەرەو بەرلین.



چوارچێوە

لە نیوەی کۆتایی ساڵی ١٩٤٣دا، وردە وردە تەرازووی هێزی سەربازی لە بەرژەوەندیی هێزە هاوپەیمانەکان گۆڕا کە پێکهابوون لە وڵاتانی (ئەمریکاو بەریتانیاو یەکێتی سۆڤیەت و بەرەی بەرگریی فەرەنسا بەسەرۆکایەتی (چارل دیگۆل)، بەرەی بەرامبەریش پێکهابوو لە (ئەڵمانیاو ئیتاڵیا)، بەتایبەت دوای هەردوو شەڕی ستالینگرادو عەلەمەین لە میسر.

هێزەکانی هاوپەیمان توانییان کۆنترۆڵی (سیشڵ) بکەن و بەرەیەک لە باشووری ئیتاڵیا بکەنەوە، لە خۆرهەڵاتەوە سوپای سووری سۆڤیەت دوای شەڕی ستالینگراد دەسکەوتی گەورەی بەدەستهێناو بەرەو ئۆکرانیاو پۆڵەندا لە پێشڕەویدا بوو، ئەمە ورەی بەخشی بە هێزەکانی بەرگریی ناوخۆیی لە پۆڵەنداو مەجەرو یۆنان کە چالاکتر لە جاران بچنە نێو جەنگەوە لەدژی ئەڵمانیاو هاوپەیمانەکانی.

لەو قۆناغەدا، سەرکردایەتی سیاسی وڵاتانی هاوپەیمان هەستیان بە درێژەکێشانی جەنگ کرد، کە دەبوو هەرچی زووە جەنگەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلایی بکەنەوە، لەپێناو خۆپاراستن لە پەرەسەندنی بێزاریی ڕایگشتیی لە ئەوروپاو ئەمریکا، کە تادەهات خەڵک زیاتر نیگەران دەبوو لەو جەنگە خوێناوییەو زیانە گیانییە زۆرەکانی.

ڕۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٩٤٣، سەرانی هەرسێ هاوپەیمانە سەرەکییەکە (ئەمریکاو بەریتانیاو یەکێتی سۆڤیەت) لە لوتکەیەکی سێقۆڵیدا لە تاران کۆبوونەوەو تاووتوێی پلانێکی ستراتیژییان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەربازی لەدژی وڵاتانی میحوەر.

ئامادەبووان بڕیاریاندا بەرەیەکی نوێ لە خۆرئاوای ئەوروپا بکەنەوە، لەبەر دوو هۆکار: هەڵمژینی بێهیوایی و تووڕەییەکانی خەڵک لە درێژەکێشانی جەنگەکەو پەرتکردنی هەوڵەکانی ئەڵمانیاو سووککردنی گوشارەکانی لەسەر بەرەی خۆرهەڵات کە سوپای سۆڤیەت بە تەنیا لەو بەرەیەدا لەدژی سوپای ئەڵمانیا دەجەنگا.


ئامادەکاری

سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکە بە ژەنەراڵ (دوایت ئایزنهاوەر) سپێردرا (کە دواتر بوو بە سەرۆکی ئەمریکا)، هەروەها ژەنەراڵی بەریتانی بێرنارد مۆنگۆمری (پاڵەوانی شەڕی باکووری ئەفریقاو سەرکەوتنی شەڕی عەلەمەین) وەک یاریدەدەری دیاریکرا. دەستکرا بە هێنانی هێزی سەربازی لە ئەمریکاو کەنەداو ئوسترالیاو ئاسیاو کۆڵۆنییە فەڕەنسییەکان لە ئەفریقاوە. لەماوەی شەش مانگدا هێزەکانی هاوپەیمان دوو ملیۆن سەربازو ٣٠٠ هەزار تانک و زریپۆشی سەربازییان کۆکردەوە.

ئەو ژمارە زۆرە لە سەربازو تانک و زریپۆش، بوو بە بارێکی گران لەسەر شانی بەریتانیا کە ماوەی سێ ساڵ بوو ماندووی ڕەحمەتی بۆردومانە مووشەکی و ئاسمانییەکانی ئەڵمانیا بوو. بەریتانیا ناچار بوو چەندین شار لە دانیشتوانەکەی چۆل بکات بۆ لەخۆگرتنی هێزەکانی بەرگری.

سەربازەکان چەندین خولی چڕوپڕی مەشقکردنیان بینی، پلانی هێرشەکە بەوپەڕی بێدەنگی و نهێنیی کاری لەسەر دەکرا، وردەکارییەکەی تەنها لەلای چەند ئەفسەرێک بوو کە خرابوونە ژێر حوکمی مانەوەی ناچاری لە بنکەیەکی سەربازیدا، لەترسی دزەپێکردنی وردەکارییەکانی پلانەکە بۆ هەواڵگریی ئەڵمانیا، چاودێرییەکی توند خرابوە سەر هاتوچۆو تەنانەت پۆست و نامە کەسییەکانی ئەو ئەفسەرانە.

جگە لەوەش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکە بەئەنقەست پلانێکی چەواشەکارانەی ناڕاستی داڕشت و ڕێگەی دا وردەکارییەکەی بگاتە هەواڵگریی ئەڵمانیا، بەگوێرەی پلانە ناڕاستەکە: هێرش دەکرێتە سەر ناوچەی (کالی) لەوپەڕی باکووری خۆرئاوای فەڕەنسا! ئەوەش جێی باوەڕ بوو، چونکە نزیکترین ناوچەی خاڵی وشکانی ئەوروپا بوو لە بەریتانیاوە. بۆیە ئەڵمانیا هێزەکانی بەرگریی خۆی لە دەوروبەری (کالی) جێگیرکردو تاڕادەیەک ناوچەکانی باشووری پشتگوێ خست.

پلانە ڕاستەقینەکە بەو جۆرە بوو: هێزێکی زۆر (٢٨٧ هەزار سەرباز) لە دەریاوە بگوێزرێتەوە، بەرلەوەی بگەنە کەناراوەکە لەگەڵ ١٥٦ هەزار سەربازی پەڕەشووتەوان بەیەک بگەن بەمەبەستی پاراستنی ئەو شەش ناوچەیەی کەناری دەریا کە بڕیار بوو هێزەکانی بەسەردا دابەش بکرین. هەروەها ٩٥٠٠ فڕۆکەش لە ئاسمانەوە ئەرکی چاودێریکردن و پاراستنی کاروانە دەریاییەکەیان لە هەر هێرشێکی ژێرئاوگەڕو فڕۆکەکانی ئەڵمانیا دەکرد.


هێرشەکە

هێرشەکە کە ناوی لێنرابوو "ئۆپەراسیۆنی فەرماندەی باڵا"، سەعات سفری شەوی ٦ی حوزەیرانی ١٩٤٤ دەستیپێکرد (بەهۆی خراپیی باری کەشوهەواوە، شەوێک دوای وادەی دیاریکراوی خۆی، هێرشەکە ئەنجامدرا). ئەوەبوو لە قۆناغی یەکەمدا کە ناوی لێنرابوو (نبتۆن) ١٥٦ هەزار پەڕەشووتەوان دابەزینە شەش ناوچەی کەناراوەکە.

پێکدادانی ڕاستەوخۆ دەستیپێکرد لەنێوان پەڕەشووتەوانەکان و سوپای ئەڵمانیا (کە شۆک بوون کاتێک لەو قۆڵەوە پەلامار دران)، چونکە ئەڵمانەکان پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە لە باکوورەوە، لە ناوچەی (کالی) پەلامار بدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا پێکدادانیکی سەخت ڕوویدا.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، تەنها لەو شەوەدا ١٠ هەزار سەربازی هاوپەیمانان کوژراوو بریندارو دیل و بێ سەروشوێن بوون، لە هێزەکانی ئەڵمانیاش ١٠ هەزارو ٥٠٠ سەرباز.

سەعات ٤ی بەیانیی هەمان ڕۆژ پێشەنگی هێزەکانی هاوپەیمان لە دەریاوە گەیشتن، لەنێو ئاگربارانی شەڕێکی خوێناویدا، پەڕینەوە لە دەریاوە دەستیپێکرد، کە دیارترینیان لە کەناراوی (ئوماها بیچ) بوو، تەنها لە سەرەتای شەڕەکەدا زیاتر لە دوو هەزارو ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی کوژران، تەنها لە ڕۆژی یەکەمیشدا شەش هەزار سەربازی ئەمریکی کوژران، ئەوەش گەورەترین زیانی مرۆیی هێزە هاوپەیمانەکان بوو.

بە جێگیربوونی ١٥٠ هەزار سەربازی هاوپەیمانان لە کەناراوەکانی فەڕەنسا، ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی (نۆرماندی) کۆتاییهات، ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەی سەربازی بوو لەو دەمەدا.

ڕۆژانی دواتر، تەوژمی گەیشتنی هێزەکان لە بەریتانیاوە خێراتر بوو، ئامانجەکە پەڕینەوەی دوو ملیۆن سەربازو ٣٥٠ هەزار تۆن خۆراک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی بوو، بۆ ئەو مەبەستەش دەستبەجێ بەندەرێک دروستکراو ناوی لێنرا بەندەری (وینستۆن) بەناوی وینستۆن چەرچل سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی بەریتانیا.



لە عەرەبییەوە/ سیڤەر



 



ئه‌م بابه‌ته 461 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر