لەشکرکێشیی تورکیا، یەکانگیریی بەرژەوەندیی دژەکان

گومانی تێدا نیە کە ڕوسیاو ئێران دیارترین براوەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیان کە بەهۆیەوە ئەمریکییەکان و کوردەکان لاواز دەبن و دەریچەیەکیش لەبەردەم ڕژێمدا دەکاتەوە بۆ زیادکردنی دەسکەوتەکانی. هەروەها دەرفەتێکیش دەداتە (داعش) بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی خۆی و ئەپدەیتی هاوپەیمانێتییەکانی، لەکاتێکدا کە دوژمنە گەورەکەی –هێزەکانی سوریای دیموکرات- کەمترین بژاردەی لەبەردەمدا دەمێنێتەوە.
PM:12:48:10/10/2019
دۆسیە: شیکار


جۆیس کەرەم
نووسەر، مامۆستا لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن

تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆردومانی‌ باکووری‌ خۆرهەڵاتی‌ سوریای‌ دەستپێکرد کە ئامانجی سەرەتاو کۆتایی پەراوێزخستن و شکاندنی هێزە کوردییەکانە، ئەویش دوای هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو بێدەنگیی ڕوسیاو هەروەها ئاگادارکردنەوەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لەلایەن ئەنکەرەوە. 
 
جارێکی دیکە، کوردەکان لەسایەی بێوەفایی دۆستەکانیاندا خۆیان لە دۆخێکدا دەبیننەوە کە کەس ئیرەیی بە حاڵیان نابات. هەڵوێستی ئەمریکاییەکان گۆڕاوە، ڕوسیا دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە بۆ نێوەندگیری و چنینەوەی دەسکەوتی سەرکەوتن بۆ ڕژێمی ئەسەد. خودی ئۆپەراسیۆنەکەش، بەپێی کۆمەڵیک پێدراو، دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە سوریا.

هەڵەو پاشەکشەی ئەمریکا بە بڕیاری ترەمپ، سازشێک بوون بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیاو ڕیگەخۆشکردن بۆ لەشکرکێشی سوپاکەی، هەروەها زەمینەسازییش بوو بۆ ئەوەی واشنتۆن لەڕووی سیاسییەوە دەست لە سوریا هەڵبگرێت، لە بەرامبەریشدا دۆسیەی سوریا بەتەواوەتی بخرێتە دەستی مۆسکۆو ئەنقەرە.

بڕیارەکەی ترەمپ یەکانگیرە لەگەڵ تاکتیکەکانیدا بەرەو هەڵبژاردن و بەرزکردنەوەی دروشمی کشانەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە ناوەوەو دەرەوەی ئیدارەکەیدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی گەورە بووەتەوە.

ئەو سەرکەوتنانەی کە ئەمریکییەکان و لەگەڵیاندا کوردەکان دژی ڕێکخراوی "داعش" تۆماریان کرد، وادیارە ئەمڕۆ لەدەستی دەدەن، لە حاڵێکدا ئەگەر ئەمریکییەکان بەتەواوی بکشێنەوەو هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باشوورو (ڕەققە) بکەونە جەنگ لەدژی ڕژێم.

ئەوە ڕوونە کە ئەمڕۆ یاریکەرە ئەمریکییەکە دەستی کردووە بە کێشانەوەی دەستی خۆی لە سوریا، سەرباری ئەوەی کە ئەم هەنگاوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ گەڕانەوەی "داعش"و لاوازکردنی کوردەکان و بەهێزکردنی ڕوسیاو تورکیا.

سەودانامەکە بەو جۆرەیە کە ئەنقەرە دۆسیەی زیندانییە داعشەکان و دروستکردنی ناوچەیەک بۆ ئاوارەکان لەسەر سنوورەکانی خۆی بگرێتە ئەستۆ، لەگەڵ زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەمریکی-تورکی و سەرخستنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکان لەڕێی کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

سەبارەت بە تورکیاش، ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتنێکی کورتخایەنە بۆ ئەردۆگان لەڕێی قۆستنەوەی دەرفەتی سازشێک لە ئەمریکییەکانەوە، تاڕادەیەکیش لەوانەیە لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنێکی درێژخایەن مسۆگەر بکات لەحاڵێکدا ئەگەر جەنگاوەرە کوردەکان لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا دووربخاتەوە.

گرەوی گەورەی تورکیا لەسەر ڕێگەچارەیەکی سیاسییە بە نێوەندگیریی ڕوسیاو لەڕێی ئەسەدەوە، بۆ لاوازکردنی کوردەکان و پێچانەوەی لاپەڕەی هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئیدی لێرەوە ئاشتەوایی نێوان تورکیاو ئەسەد بەدوور نازانرێت، بەتایبەت ئەگەر ڕژیم کۆنترۆڵی (ڕەققە)و شارەکانی دیکە بکات کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندایە.
   
گومانی تێدا نیە کە ڕوسیاو ئێران دیارترین براوەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیان کە بەهۆیەوە ئەمریکییەکان و کوردەکان لاواز دەبن و دەریچەیەکیش لەبەردەم ڕژێمدا دەکاتەوە بۆ زیادکردنی دەسکەوتەکانی. هەروەها دەرفەتێکیش دەداتە (داعش) بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی خۆی و ئەپدەیتی هاوپەیمانێتییەکانی، لەکاتێکدا کە دوژمنە گەورەکەی –هێزەکانی سوریای دیموکرات- کەمترین بژاردەی لەبەردەمدا دەمێنێتەوە.
   
پێش ئەوەی ئەردۆگان جاڕی ئۆپەراسیۆنەکە بدات، ڕوسیا جموجۆڵەکانی وەک نێوەندگیرێک لەنێوان ئەسەدو کوردەکان دەستپێکرد، بێگومان مۆسکۆ کەڵک وەردەگرێت لە پردو پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەواوی لایەنەکان لەپێناو بەهێزکردنی ڕۆلە دیپلۆماسی و ئیقلیمییەکانی خۆی لەکاتێکدا ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا لە پاشەکشێدان. 

هەرچی ئێرانیشە کە بە بێدەنگی ڕۆڵی تەماشاکەر دەگێڕیت، لاریی لەوە نیە کە تورکیا لە باکوورەوەو ڕژێم لە باشوورەوە پێشڕەوی بکەن بە ئامانجی لاوازکردنی کوردەکان، بگرە ئەو هەنگاوانەشی پێخۆشە.

ئێمە قەبارەو مەرجەکانی ئەو ناوچە ئارامە نازانین کە تورکیا هەوڵی دروستکردنی دەدات لە باکووری سوریا، پێدەچێت قووڵاییەکەی لە ٢٠ کیلۆمەتر زیاتر نەبێت، هێزە سوورییەکانی سەربە تورکیاش سەرپەرشتی ناوچەکە دەکەن، بەڵام پلانی لەشکرکێشییەکەی تورکیا لەوە قووڵتر بوو پێش ئەوەی پاشگەزبێتەوە. 

بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی سوریا بەجۆرێک بۆ تورکیا لەبارە، کە لە ساڵێکدا یەک ڕۆژیش وەکو ئێستای بۆ ناڕەخسێت، بەتایبەت ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێت، یان رێکەوتنێک لەنێوان ئەسەدو کوردەکاندا بێتە ئاراوە.  

پەیوەست بە هێزە کوردییەکان، بژاردەی ئەوتۆیان لەبەردەمدا نیە، بە لەبەرچاوگرتنی پێدراوە سەربازی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان –کە تێکڕا لەدژی کوردن- باشترین کارێک بیکەن ئەوەیە کە بکشێنەوە بۆ ئەوەی کەمترین زیانیان بەرکەوێت. دووریش نیە لە داهاتوودا هێزە کوردییەکان پەنا ببەنە بەر ستراتیژی یاخیبوون لەدژی بوونی تورکیا لە ناوچەکەدا. 

ئەمڕۆ تورکیا لەبەردەم شەڕی خۆسەلماندن و قووتدانی نفوزی کوردەکاندایە لە سوریا. بە بەرچاوی ئەمریکییەکان و لەسایەی چاوەڕوانیی ئەسەدو ڕوسیاو ئێرانەوە دەیەوێت بەسەر کوردەکاندا زاڵ بێت و دەسکەوتی سیاسی و سەربازی بچنێتەوە.

لە عەرەبییەوە/ سیڤەر 



ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر