کوشتنی (کۆرشی مەزن) لە مێژووی (هێرۆدۆتس)دا

PM:04:25:08/10/2019
دۆسیە: دەوڵەت سازی


فاتیح عەبدوڵڵا شوانی
مامــۆستای زانــكـــۆ

دوای ئەوەی (کۆرشCyrus-)(١) بابلی داگیرکرد، ڕووی کردە ناوچەکانی تر بۆ فراوانخوازی و بەتایبەتی بۆ گرتنی )ماساجیتاMassagetae- Massageteans –)(٢)، چونکە لەو کاتەدا دەوڵەتێکی گەورەی دروستکردبوو كه‌ ببووە مەترسییەکی گەورە بۆ کۆرش، لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ڕوباری (ئاراکس-Araxes)(٣) لەپشتی ئەم روبارەوە هۆزو خێڵێکی زۆری لێ نیشتەجێ بوون، هەموویان سەربە ئەسکیسیەکان بوون، لەژێر دەستەڵاتی ماساجیتایەکاندا بوون بەسەرکردایەتی شاژنە (تۆمیریس- Tomyris).

کۆرش بڕیاریدا بە خۆی و سوپاکەیەوە کەوتنەڕێ، دوای بڕینی سنوورێکی دارستانی چڕو په‌ڕینه‌وه‌ له‌ ڕوبار لە وەرزی هاویندا، ئامانجی ئەوە بوو دەستی بگاتە دوژمن ولەناویان ببات. 

ئەوە بوو خۆی گەیاندە نزیک دەریای قەوقاز، بەڵام شاژن کارنامەی تۆکمەی خۆی هەبوو بۆ شەڕکردن دژی کۆرش و زۆر شتی دەربارەی کۆرش دەزانی، تاڕادەیەکیش لێی ئەترسا(٤). لەگەڵ ئەوەشدا بەهەموو شێوەیەک ئامادەی جەنگ بوو بە خۆی و  سەربازەکانیەوە، کاتێك شەڕ نزیک بوویەوە، شاژن بوو بە سەرکردەی یەکەمی وڵات و سوپاکەی، ئەمەش دوای ئەوەی مێردەکەی وەک پادشای وڵات كۆچی‌ دوایی كرد، ئیتر شاژن بوو به‌ سه‌ردارو پاشای وڵات.

کاتێك سوپاکان لێک نزیک ده‌بنەوە، کۆرش نوێنەرێک دەنێرێت تا قسە لەگەڵ شاژندا بکات، لەگەڵ نامەیەکدا کە هەندێك زانیاریی وردی تێیدا بوو، بەو شێوەیە کۆرش داوا لە شاژن دەکات لەسەر دەستەڵات بمێنێتەوە بە هەموو پلەو پایەی مێردەکەیەوە، بەڵام ئەم قسانەی کۆرش نەیتوانی شاژن هەڵخەڵەتێنێت. 

لە هەمان کاتدا سوپای فارس خۆیان قایم دەکرد بۆ جەنگ، پردی پەڕینەوەو سەربازگەی زیاتریان دروست دەکرد بۆ ئەوەی بتوانن وڵاتی ماساجیتا داگیر بکەن. هەر بۆیە شاژن تۆمێریس تێگەیشت لەوەی کە کۆرش دەیەوێت وڵاتەکەیان داگیربکات، لە وەڵامەکەیدا کە دەینێرێ بۆ کۆرش، پێی دەلێت: ((ئەی پاشای ماد(٥) واز لە پرۆژەو پردو سەربازگەو کارەکانت بهێنە،کام کارە بۆ تۆ باشە بۆ بەردەوامی ئاشتیی لە وڵاتەکەتدا، چی لە ئاشتی و ئارامی باشترە؟ بەڵام دەزانم تۆ ئەوەت ناوێت، هەر ئێستا وەرە مەیدانی جەنگ! ئەگەر دەتەوێت چاوت بە پاشای ماساگیتیەکان بکەوێت، لەگەڵ سەربازەکانت بپەڕێرەوە، خۆ ئەگەریش حه‌زده‌كه‌یت ئه‌وا ئێمە دێینە لای ئێوە)).
 
کۆرش کە ئەو وەڵامەی  پێدەگات، سەرجەم سەرکردەو ڕواێژکارەکان کۆدەکاتەوە بۆ ئه‌وه‌ی‌ کە پێویسته‌ چی بکەن؟ چۆن ئامۆژگاری بکەن و چی بکات له‌ دژی شاژنی ماساگیتیەکان؟ سه‌ره‌نجام هەمویان دەنگیان بەوە دا کە کۆرش ڕێگەی سوپاکەی (تۆمێریس) بدات و بپەڕێتەوە بۆ خاکی فارس، پاشان بچێتە شەڕەوە لەگەڵ سوپای شاژن. لەو کاتەدا (کریسوس-Croesus)(٦) کە دیل و زیندانی بوو له‌لای کۆرش، پێشنیارو ئامۆژگارییەکانی ئەوانی رەتکردەوە، خۆی پێشنیاری تر بۆ کۆرش دەکات و زۆریشی بۆ باس دەکات و دەڵێت: ((ئەی پاشای من، من بەڵێن بە تۆ دەدەم كه‌ ئەم ئامۆژگارییانەم لە زیوس وەرگرتووەو بە تۆی دەدەم، بەهیوام ببیت بە باشترین و گه‌وره‌ترین هێزو ئەم مەترسییە لە خۆت دوربخەیتەوە. ئەگەر رێگە بدەیت دوژمن بپەڕێتەوە بۆ ناو خاکی تۆو شەڕ بکات، ئەوە مەترسییە، ئەگەر شەڕە کە بدۆڕێنیت ئەوا مانای وایە وڵاتەکەت دۆڕاندووە، ئەگەر لە شەڕی تۆدا پاشای ماساگیتیەکان بیباتەوە ئیتر هەرگیز ناگەڕێنەد واوە، بەڵکو زۆرتر هێرش ده‌كه‌ن بۆ سەر هەموو پارچەکانی تری ئیمپراتۆریەت، یان ئەگەر تۆ بچیتە ئەوبەری روبارەکەوەو ئەوانت شکاندو تۆشەڕەکە ببەیتەوە، ئەوا تۆ دەتوانی بچیتە ناو دڵی خاک و وڵاتەکەیانەوە)).
 
دوای گفتوگۆیەکی زۆر، کۆرش بە پلانەکەی (کروسیس) ڕازی دەبێت و چەک و جبەخانەو خۆراک وکەلوپەل و سەربازەکان ئامادە دەکەن بۆ پەرینەوە لە ڕوبارەکەو شەڕکردن لەگەڵ شاژن، بۆیە کۆرش به‌م جۆره‌ وەڵامی (تۆمێرس) دەداتەوە دەڵێت: ((ئێمە وا لە ڕوبارەکە دەپەرینەوە، کە ئەوەش داواکاری تۆ بوو، پێویستە تۆ لەکار لاببرێیت، خانەنیشین بکرێیت پاشان مارە بکرێیت)). 

كۆرش بڕیاریدا خۆی و سوپاکەی بچنە خاكی ماساگیتیەکانەوە، بەڵام پێش ئەوەی بڕوات، کۆرش رایسپارد (قەمبیز)ی کوڕی دوای خۆی ببێتە پادشا، دواتر بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی فارس "ئەگەر هاتو من لە شەڕەکەدا سەرکەوتوو نەبووم یان کوژرام".

 دوای گەیشتن بە خاکی دوژمن، كۆرش و له‌شكره‌كه‌ی‌ شەوێکیان لەوێ بەڕێکرد، ئەو شەوە کۆرش خەوێکی بینی، لە خەویدا کوڕە گەورەکەی (هایستاسپیس-Hystaspes)کە )داراDarius-) بوو(٧)، ئەم پیاوە واتە باوکی دارا کوڕی (ئارسامیس-Arsames) بووەو بە ڕەچەڵەک لە ڕەگەزی ئەخمینی بوون، کۆرش لەخەویدا ئەوەی بینیوە دارا دووباڵ لەسەر شانی بووە، باڵێکیان هەموو ئاسیای لەژێردا بووەو باڵەکەی تریشی ئەوروپای لەژێردا بووە، لەو کاتەدا دارا تەمەنی بیست ساڵان بوو، نەهاتبوو بۆ جەنگ، لە وڵاتی فارس مابوویەوە.کاتێك کۆرش لەم خەوەی بەئاگا دێتەوە، لە مێشکی خۆیدا خەونەکە لێکدەداتەوە، لە سەرەتادا بایەخی پێنادات، بەڵام دواتر دەنێرێت بەشوێن (هایستاسپیس)ی‌ باوکی (دارا)داو لە تەنیشیت خۆیەوە دایدەنێشێنیت و وپێی دەڵێت: ((ئەی هایستاسپیس، لێکۆڵینەوەیەک لە کوڕەکەت بکە، بزانە دوژمنی من و تاجەکەمە؟ من بەدڵنیایەوە ئەوەی پێدەلێم، ئەوەش باش دەزانم و زۆریش دڵنیام، چونکە خودا چاودێری من دەکات و دەمپارێزێت لە مەترسی، دوێنێ شەو ئاگاداری کردمەوە لەوەی کەکوڕەکەی تۆ دوو باڵی لەسەر شان بووە، سێبەری باڵەکانی ئاسیاو ئەورووپای گرتۆتەوە لەگەڵ هەندێك کەسی تردا". كۆرش له‌ قسه‌كانی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: "هەموو شک و گومانێك جێگای باوەڕە، ئەو کوڕەی تۆ پلانی دژی من هەیە، تۆ بڕۆرەوە بۆ وڵاتی فارس، منیش بەدڵنیایەوە دوای شەڕ و گرتنی ماساجیتا دەگەڕێمەوە، کوڕەکەت ئامادەبکە، من تاقیی دەکەمەوە)). ئەمە قسەکانی کۆرش بوون کە باوەڕی وابوو (دارا) دژی دەوەستێتەوەو پلانی هەیە، بەڵام مانای ڕاستی خەونەکەی لەبیر چوو کە خودا ئەوەی ناردووەو کۆرش لەوێ بمرێت و شانشینەکەی دەکەوێت و دارا دەبێتە جێگره‌وه‌و جێنیشنی!

هایستاسپیس وەڵامی کۆرش ده‌داته‌وه‌و دەڵێت: ((ئاسمان رێگە نادات ئەی دروستکراو، ڕێگه‌ نادات کەسێك لە وڵاتی فارس بژی و پلانی له‌ دژی تۆ هەبێت. ئەگەر کەسێک هەبێت و وابێت، پێویستە هه‌رچی‌ زووه‌ بمرێت پێش ئەوەی بیگیرێت، تۆ فارست دۆزییەوە، تۆ فارست رزگارکرد لە کۆیلەییەوە بۆ پیاوی گەلی ئازاد، تۆ ئەوانت لەدەستی کەسانی تر دەرهێنا لەکاتێکدا کەسی خەڵک بوون و ملکەچی خەڵک بوون. تۆ هەموویانت کردە شازادەو خانەدان، ئەگەر شتێکی وا دەزانیت و دڵنیایت کوڕەکەی من دژی تۆیە، ئه‌وا من بەدەستی خۆم دەیهێنم و دەیخەمە بەردەستت، تۆ خۆت مامەڵەی لەگەڵ بکەو چۆنت دەوێ وا بكه‌)).

کاتێك  (هایستاسپیس) ئەم وەڵامەی دایەوە، یەکسەر گەڕایەوە بۆ ناوچەی فارس بۆ چاودێریكردنی‌ کوڕەکەی کە (داریۆس) بوو. 

لەگەڵ ئەوانەشدا کۆرش ئامادەکاری خۆی کرد بۆ جەنگ و لە روبارەکە پەڕییەوە، وەک چۆن کروسیس ئامۆژگاریی کرد. ژمارەیەکی کەمی سەربازی لە سەربازگەکە بەجێهێشت  و بەرەو ڕووی ماساجیتیەکان رۆیشتتن، لەپڕ دەسته‌یەک کە (یەک لەسەر سێ)ی سوپاکەی کۆرش بوو بە سەرکردایەتی کوڕی (تومیریس) بەناوی (سپاکاپیس-Spargapises) بۆسه‌یه‌کیان بۆ کۆرش دانابوو، لەناکاو کوشتارێکی زۆریان لە سوپای کۆرش کردو لاشەیەکی زۆریان لێ بەجێما لەدوای کۆرشەوە، بەڵام کاتێك ئەم دەستەیە دەچنە پشودان و نانخواردن و خەوتن، لەپڕ سوپای کۆرش هه‌ڵده‌كوتێته‌ سەریان و ژمارەیەکی زۆریان لێ دەکوژرێت، زۆریشیان بە دیل دەگێرێت کە (سپاکاپیس)ی کوڕی شاژن (تۆمیریس)یش له‌نێویاندا دەبێت.
 
سپاکاپیس کوڕی تومیریس بەدیل گیرا، کاتێك ئەم هەواڵە بە شاژن دەگات، نوێنەرێک دەنێریت بۆ لای کۆرش و پێی رادەگەیەنێت: ((بەم سەرکەوتنەت شانازی نەکەیت هەی لاواز، ئەوەی خواردت شەرابی ترێ بوو، کە خواردتەوە سەرخۆشی کردیت. ئەوەی هەڵتقوڕاند شەرابێکی خراپ بوو لەکاتێکدا دات بە سەر سوپاکەمدا لەشەڕدا نەبوون، ئەوەی کردتت بەرابەرو دادپەروەرانە نەبوو، ئێستا گوێ بگرە من ئامۆژگاری باشت دەکەم، کوڕەکەم بگێڕەرەوە، وڵاتەکەم جێبهێڵە، تێگەیشتیت؟ تۆ بەسەر (یەک لەسەر سێ)ی سوپاکەمدا سەرکەوتیت، سوێند دەخۆم بە خۆر، وەک گەورەی ماساجیتا تینووم بە خوێنت وەک چۆن تۆ تینویت بە خوێن! بەم زووانەش خوێنت دەدەمێ)). 

کاتێك (تومێریس) بۆی‌ ده‌ركه‌وت كه‌ (کۆرش) گوێ بە وتەکانی نادات و وەڵامێكی بۆی‌ نییە، سوپاکەی رێکخستەوەو لە شانشینەکەی خۆیدا بە تەواوەتی ئامادەی شەڕ بوو، لەناو سوپاکەشیدا هۆزە بەربەرییەکان جێگایان دیاربوو.
 
دوای ماوەیەک هەردوو سوپاکە بەرامبەر بەیەک وەستانەوە، سەرەتای شەڕەکە بە تیربارانکردنی هەردوولا دەستی پێکردو لەگەڵ هەندێك وردە شەڕی ڕم و خەنجەر لەلایەن بەشیَک لە سوپاکەیانەوە. بەم شێوەیە ململانێ و سەرەتای شەڕەکەیان بەردەوام بوو. بۆماوەیەکی زۆر شوێنێکیان دیاری نەکرد بۆ شەڕی یەکلاکەرەوە بەدریژایی زەوییەکانی ماسجیتا. لە هەمان کاتدا بەم شێوەیە شەڕ لە بەرژەوەندی سوپای تومیریس بوو، چونکە بەشێکی زۆر لە سوپای کۆرش تێکشکان و کوژران کە خودی کۆرش خۆیشی تیَدابوو.

بەم شێوەیە سوپای کۆرش دۆڕاو کۆرش خۆیشی کوژرا. دوای بیست و نۆساڵ پادشایەتی، كۆرش بەدەستی شاژن تومێریس کوژرا. کاتێك شەڕەکە هێور بووەوە، شاژن تومێریس کەوتە گەڕانێکی وردو باش بۆ دۆزینەوەی لاشەو تەرمی کۆرش. دواجار توانیی بیدۆزێتەوە. دواجار چه‌رمی‌ له‌ش ‌و كه‌لله‌ سەری كۆرشی‌ لێکردەوەو لەگەڵ خۆی هێنای و خستیە ناو خوێنی مرۆڤە کوژراوەکانی ترەوە لە مەنجەڵێکی گەورەدا، ئەوجا پێی ووت: ((ئەمە سوکایەتیکردنە بە تەرمەکەت، ئەوە منم دەژیم و لە شەڕدا بەسەرتدا سەرکەوتم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە منم لێرەم و هاتمە بەرامبەرت، لەکاتێکدا کوڕەکەم تاوانبار بوو، بەو کارەت کە منت دەترسان، ئەوە من خوێنم بەتۆدا))(٨). 

پەراوێزەکان:

(١)کۆرش (Cyrus II) (٦٠٠-٥٣٠پ.ز) دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەخمینی و لەناوبەری ئیمپراتۆری مەزنی میدیایە. کە بە هەڵە بە کاوەی ئاسنگەر دادەنرێت كه‌ لە بنەڕەتدا فارسی ئەخمینیە. لەساڵی ٥٣٠پ.ز بەدەستی شاژنە تۆمیریس کوژراوە.
(٢) وڵاتێک بووه‌ لە کۆمەڵە خێڵێکی کۆچەری پێکهاتبوون، دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی دەریا قەزوینەوە.
(٣)(ئاراکس-Araxes): روباری ئاراس.
(٤)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p108-109.
 (٥)ماد – میدیا : ئەم نامەیەی تۆمیریس مانای وایە تا ئەو کاتەش کۆرش وەک پادشای ماد ناسراوە، یان کۆرش وەک پادشای میدیا بەگەلانی ناوچەکە خۆی ناساندووە. بۆ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی‌ ئەم بابەتە بڕوانە:
فاتیح عەبدوڵڵا محمد: مێژووی دێرینی کوردستان، کورتەیەک لە مێژووی شارستانیەتی دێرینی کوردستان، لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی رامیاریی شارستانیە، بەرگی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١٦، ل١٨٨-١٩٦. لە باسی سێیەم: تەوەرەی یەکەم: کوردستان لە سەردەمی دەوڵەتی ئەخمیندا٥٥٠-٣٣١پ.
(٦) کروسوس- Croesus:- لەنێوان ساڵی (560 –. 546 ) پ.ز،  پادشای وڵاتی لیدیا بوو، دوای داگیرکردنی میدیا لەلایەن کۆرشەوە ئەوانیش داگیرکران و بە دیلی وەک ئەستیاگ ئیمپراتۆری ماد کەوتە دەست کۆرش، لەگەڵ خۆی گێڕاوێتی. لە ئەنجامدا کروسیس توانی بە پلانەکەی کۆرش بەکوشت بدات بەدەستی شاژنە تۆمیریس، بەڵام لە هەمان ساڵدا واتە ٥٣٠پ.ز ئەویش مردووە.
(٧) (Darius داریوش- دارای یەکەم) :لە٥٥٠- لەدایکبووە، لە ٤٨٦پ.ز مردووە،  دوای مردنیشی (قەمبیز)ی کوڕی کۆڕش لەساڵی ٥٢٣ لە٢٩ی مانگی نۆ پ.ز، توانیی بەسەر شۆڕشی موگەکاندا (کە بە شۆڕشی سێ براکە ناسراو بوو بۆ ماوەی سێ ساڵ وڵات کەوتە دەستیان) سەربکەوێت و پیاوەکانی فارس کردیان بە پادشای وڵات و بوو بە جێگرەوەی کۆرش.
(٨)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p111-114.
          بۆسەیرکردنی تەواوی دەقی ئینگلیزی وەرگێڕراوی بابەتەکە، بڕوانە هەمان پەرتوک، لە لاپەرەکانی( ١٠٨-١١٤).



ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر