ڕیفراندۆمى کورد وپارێزگاى کەرکوک: وانەیەک بۆ بڕیاردەرانى واشنتۆن

ڕووداوەکانى سالى رابردوو، ڕیفراندۆمەکەى کوردستان لە ٢٥ ى ئەیلولى ٢٠١٧ وکۆنتڕۆڵکردنەوەى کەرکوک لەلایەن عێراقەوە لە١٦ى ئۆکتربەرى ٢٠١٧، دوو شکستى کارەساتبارن کەبەر بەرژەوەندییەکانى ئاسایشى نەتەوەیی ئەمریکا کەوتوون.
PM:02:04:06/12/2018
دۆسیە: نێودەوڵەتی
پێویستە گەورە بەرپرسانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەڕیفراندۆمى کوردستان وقەیرانەکانى کەرکوک، چەندین ئەزمونى نوێى لێوەربگرن، ئەوەش بەمەبەستى بەرەوباشتر بردنى ئاڕاستەى سیاسەتى ئەمریکا لەناوچەکەدا.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

نوسینى: مایکل نایتس

 

بەوەبیرهێنانەوەى ڕووداوەکانى ساڵى ڕابردوو، ڕیفراندۆمەکەى کوردستان لە ٢٥ ى ئەیلولى ٢٠١٧ وکۆنتڕۆڵکردنەوەى کەرکوک لەلایەن عێراقەوە لە١٦ى ئۆکتربەرى ٢٠١٧، دوو شکستى کارەساتبارن کەبەر بەرژەوەندییەکانى ئاسایشى نەتەوەیی ئەمریکا کەوتوون.

 

دوابەدواى ئەوەى کەهەریەک لەعێراق وهەرێمى کوردستان – کەدوو هاوپەیمانى سەرەکى ئەمریکا بوون لەهەڵمەتى بەرەنگاریبوونەوەى ڕێکخراوى " دەوڵەتى ئیسلامى" – پێکەوە لە گۆڕەپانى جەنگدا شەڕیان دەرکرد، ئەم دوو هاوبەشە نەیان دەتوانى یان نەیان دەویست کەبەدرێژایی هێلى سەربازى هەماهەنگیان هەبێت لەو شوێنانەى کە جێگاى ناکۆکى نێوانیان بوو، ئەوەش بوو بەهۆى ئەوەى کە "دەوڵەتى ئیسلامى" دەرەچەیەکى چالاکى دەست بکەویت وبەکارى بهێنیت.

 

زیاتر لەوەش، ڕیفراندۆم ودەرئەنجامەکانى هەردوو هاوبەشی دێرین ولەمێژینەى ئەمریکاى –پارتى دیموکراتى کوردستان بەسەرۆکایەتى بارزانى ویەکێتى نیشتمانى کوردستانى بەسەرۆکایەتى تالەبانى – والێکرد کە یەکتر تاوانبار بکەن بەخیانەت کردن لە کێشەى کورد، ئەوەش لە ئەنجامى مەترسی دروست کردن لەسەر دەسەڵاتى کورد لە کەرکوکدا بەبەشداریپێکردنى لە ڕیفراندۆمدا، یان لەڕێگاى هاریکاریکردنى لایەنە ناکوردییەکان، ئەو لایەنانەى کەخوێنى کوردیان لەکەرکوکدا ڕشت .

 

لەگەڵ ئەوەى کە ئێران یارمەتى عێراقیدا بۆچاودێری کردنى کوردستان وهێرشکردنە سەرى، بەڵام پارتى دیموکراتى کوردستان لەو قەیرانەدا زیاتر لە ولاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا نیگەران بوو وەک لە تاران، لەو کاتەشەوە، زیاتر هاریکارى ئێران دەکات لە نزیکەوە.

 

پێشێلکردنى متمانە لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا بەدیدەکرێت: حکومەتى ئەمریکا لە ڕیفراندۆم وقەیرانەکانى کەرکوکەوە قینێکى ئەستورى لەکوردەکانى عێراق هەڵگرت. تەنانەت پەنتاگۆن کەپاڵپشتى کوردەکانە، سەرکردە سەربازییەکان، ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیی، بەشێوەیەکى زۆر توند سەرجەم ئەو پێشنیارانەیان ڕەتکردەوە کە بەرپرسیارێتیان دەخستە ئەستۆى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سەبارەت بەقەیرانەکانى کەرکوک، بەپاساوى ئەوەى کەپێشتر کوردەکانیان ئاگادارکردۆتەوە لە ناڕازی بوونى ولاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سەبارەت بە ڕیفراندۆم.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، هەمووان لە واشنتۆن لەسەر ئەو بابەتە هاوڕانەبوون، هەندێک لە سەرکردەکانى کۆنگریس وبیرمەندەکانى (تەنانەت لەنێوایاندا چەندین بەرپرسى گەورەى حکومەتى ئەمریکى تیادایە) پێیان وابوو کە حکومەتى ئەمریکا هەڵەیەکى زۆر گەورەى کردووە بە پشتهەڵکردنى لە هاوپەیمانە دێرینەکانى، ئەم بۆچوونەش کەلێنێکى قووڵى کردە ناو دڵى کۆمەڵگەى سیاسیی تایبەت بەعێراق، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

 

ئەگەر بابەتى کێ  
لەسەر ڕاستە یان هەڵەیە بخەینە لاوە، پێویستە لەم کارەساتە وانەیەک فێرببین، بە درێژای ساڵى ڕابردوو، داوام لەبەرپرسە باڵاکان و جێبەجێکارەکان کردووە کەڕاى خۆیانم پێبڵێن سەبارەت بەوەى کە دەکرا واشنتۆن بەشێوەیەکى باشتر یان جیاواز مامەڵەیەکى دیکەى بکردایە، ئەم پڕۆسەى گفتوگۆیە، یەکەم وانەیە کەدەتوانین لە کەرکوکەوە وەریبگرین.

 

سەرەتا دیار بوو کەهەندێک لەبەرپرسەکان بەهەڵە لەو پرسیارەى من تێگەیشتبوون کە ئاڕاستەم دەکردن، ژمارەیەکى زۆریان چیرۆکى ڕیفراندۆم وقەیرانەکانى کەرکوکى لە تێروانینەکانى خۆیانەوە وەڵام دەدایەوە، هەربۆیە سەرجەم گازەندەکانیان ڕەدکردەوە، یان دەیانخستە پاڵ لایەنێکى دیکە.

 

ئەم چاوپێکەوتنانە کە یەکەم وانەى بەدەست هاتوو لە کەرکوک دوپات دەکاتەوە – بەو پێیەى کە ئێمە ڕۆچوبووین لە کلتورى گەمەى لۆمەکردنى گەرمدا – ئەوەیە کە ئێمە باش سازنەکراوین بۆ هەڵسەنگاندنى خودى خۆمان سەبارەت بەشکستى سیاسەتێکى تایبەتیمان، ئەم وتارە کورتە، هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنى گەمەى لۆمەکردن وهەڵینجانى چەندین وانەى سەرەکى، کەدەکرێت حکومەتى ئەمریکا جێبەجێى بکات لەپلاندانانى سیاسەتیدا لەداهاتوودا.

 

کەمتر لەپیوێست ودواى تێپەڕبوونى کات

 

یەکێکى دیکە لەو وانانەى کە لەقەیرانەکانەوە فێرى دەبین، بریتییە لەوەى کەپێویستە لەسەر وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بەتەواوەتى فێرى ئەوە ببێت کە چۆن هەوڵیکى گونجاو، لەکاتێکى پێویستدا، بەکاردەهێنیت بۆ دیاریکردنى ڕەهەندەکانى ڕووداوەکان، چونکە هەردوو قەیرانى ئەیلول وئۆکتۆبەر، ڕاستى ئەو پەندە دەردەخەن کە دەڵێت" خۆپاراستن باشترە لەچارەسەر".

 

زۆربەى کاراکتەرە سەرەکییەکان، ئەوەیان پێ باشتر بوو، کەهەرگیز ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرایە. هەروەها ئەگەر ئەنجامیش بدرایە، ئەوا کەرکوک، کە پرسێکى هەستیارە، بەشدار نەبوایە لەو پڕۆسەیەدا. لێرەدا زۆربەى بەرپرسە ئەمریکییەکان بەشێوەیەکى نەهێنى دان بەوەدا دەنێن کە چەندین کارى جیاوازیان ئەنجام دەدا، بەشێوەیەکى جیاوازتر ویەکلاکەرەوەتر.

 

بەوپێیەى کە من ئەندامێکى کۆمەڵگایەکى بیرکردنەوەم لە واشنتۆن، وانەیەکى زۆر گرنگ لەساڵى ٢٠١٧ فێربووم، زۆر بەڕاشکاوانە، من تەواو پشتگیرى مافی چارەى خۆنوسین ودامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردى دەکەم، بەڵام لەو کاتەدا، هەستم کرد کە مانگى ئەیلول، کاتێکى باش نییە بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم، بەتایبەتى ئەگەر شارى کەرکوک بگرێتەوە، کە بەهەستیارترین ناوچە ئەژماردەکریت.

 

لەکاتێکى دواتردا، دواى ئەوەى کەهەوڵەکان شکستیان هێنا بۆ دواخستنى ڕیفراندۆم، هەستم کرد کە پێویستە ولاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا وکاراکتەرەکانى دیکە، هانى عێراق بدەن کە زیادەڕۆیی نەکات لەپەرچەکردارەکانیدا، بەتایبەتى کە ڕیفراندۆم هیچ کاریگەرییەکى ئیدارى نەبوو، هەروەها هیچ سیفەتێکى پابەندبوونیشى هەڵنەگرتبوو.

 

دواى گەڕانەوەم لەیەکێک لەو گەشتانەى کەئەنجامم دابوو بۆ کوردستان لە سەرەتاکانى هاوینى ساڵى ٢٠١٧، چەند بیرۆکەیەک لەلام گەڵاڵە بوو:

١- بیرۆکەیەکى ڕوون سەبارەت بە داواکردن لە کوردەکان بەمەبەستى دواخستنى ڕیفراندۆم.

٢- لایەنە حکومەییەکان، ئەوانەى کە فەرمانڕەوای پۆستە نێوەندەکان دەکەن لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، پێویست بوو ئەو شرۆڤەیەیان ئاڕاستە بکرێت.


٣- ئەو کاتەى کە ماوە وپێویستە بۆ ئەوەى وڵاتە یەکگرتووەکان، سیاسەتیکى نوێ وکاریگەر پەیڕەو بکات، بەئامانجى زیاتر بەرەوپێشچوونى دواخستنى ڕیفراندۆم.      


بەڵام گرفتە ڕاستەقینەکە لەوەدا بوو کە هێشتا چەند مانگێک دووربوین لەسەرهەڵدانى قەیرانەکەوە، بۆیە هیچ کەسێک لەسەرکردایەتى ئەمریکا ولەسەر ئاستى حکومەت، گرنگى بەکێشەکە نەدەدا، ئەوەش بۆ ئەوەى تیشکى بخاتەسەر وڕووبەڕوو لەگەڵ کوردەکاندا، ڕاستەخۆ باسی لەو بابەتە بکات.

 

بۆیە ئاساییە، ئەگەر هیچ کەسێک زانیارى نەبێت سەبارەت بەوەى کە دەکرا ڕیفراندۆمەکە ڕابگیرایە بەهۆى زۆر بوونى فشارەکانى ئەمریکاوە، چونکە بارزانییەکان ئامادەسازى تەواویان کردبوو بەمەبەستى خۆخستنە ناو مەترسییەکى گەورەوە لەسەر ئاستى سیاسەتى دەرەوە، بە ڕاگەیاندنى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم. بەوەش بەربەرەکانى ڕەجەب تەییب ئەردۆگانى سەرۆکى تورکیایان دەکرد، هەروەها گوێیان نەدەدا بەئاگادارکردنەوە ڕاشکاوەکانى قاسم سولەیمانى سەرۆکىفەیلەقی قودسی سەر بەسوپاى پاسدارانى ئێران.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکردە کوردەکان هەر لەسەروبەندى دواخستندا بوون تاکو وادەکە کۆتایی هات، لەو کاتەشدا وڵاتە یەکگرتووەکان باشترین لایەن بوو بۆ نێوەندگیرى کردن بەمەبەستى گەیشتن بەڕێکەوتنێک. لەگەڵ بەرزبوونەوەى بەهاى سیاسی دواخستن لەسەر بارزانییەکان، لەگەڵ کۆتایی مانگى تەموز ودەستپیکردنى مانگى ئابدا، زۆرێک لەکەسایەتییە گەورەکانى کورد هەستیان بە نائارامى دەکرد سەبارەت بەوەى کەلەمانگى ئەیلولدا چى ڕوودەدات، یان چەندهەفتەیک بەرلە ڕیفراندۆم چى دەبێت.

 

بەشێوەیەکى نهێنى، ئەو سەرکردانە بەدواى ئاماژەیەکى وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بوون – نەوەکو ئێران وتورکیا – بەشێوەیەک کە تیایدا ئاگاردارکردنەوەیەکى توند بدات، یان سەودایەکى هێندە گونجاو بێت کە ببێت بەهۆى دواخستنى ڕیفراندۆم، یان هیچ نەبێت کەرکوک لە ڕیفراندۆم دوور بخاتەوە.

 

لە برى ئەوە، بەبێ هیچ فشارێکى ڕاستەخۆى ئەمریکا، زۆربەى سەرکردە کوردەکان باوەڕیان بەوە هێنا کە دەیانویست باوەڕى پێبهێنن (ئەوەى کە ڕاوێژکارانى ڕیفراندۆم پێیان دەوتن) سەبارەت بەهەلوێستى ڕاستى ئەمریکا بەرامبەر بەدەنگدان، واتە ئەو خەونە نەزۆکەى کە دەڵى دواتر ئەمریکا، لەکۆتایدا، پشتگیرى کوردەکان دەکات.

 

سەرنەکەوتن لە ئەنجام نەدانى ڕیفراندۆم، سەرنەکەوتنێكی دەستەجەمعى بوو، هەریەک لەهەوڵیروسلێمانى وئەنقەرە وتاران هەروەها واشنتۆنى گرتەوە، بەڵام نیگەرانییەکانى کوردەکان لەسەر ئەمریکا چڕبۆوە. لەوانەیە ئەوە دادوەرانە نەبێت، بەڵام ئەوە ڕاستییەکەیە، لەوانەیە ئەوەش لە قەیرانەکانى داهاتووى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ڕووبداتەوە. لەوانەیە زۆربەى کاراکتەرە چالاکەکان پێیان وابێت کە وڵاتە یەکگرتووەکان نایەوێت ڕووداوەکان ڕووبدەن، هەرئەمەش دەبوایە ڕووى بدایە.

 

لەمیانەى پێکەوە گرێدانى تێڕوانینى دوانزە بەرپرسی ئەمریکییەوە، لەوانەیە واشنتۆن لە تونایدابوایە گفتوگۆ سەبارەت بەدواخستنى ڕیفراندۆم ئەنجام بدات لەگەڵ:


١- ڕێکارێکى دیپلۆماسی پێشوەخت ویەکلاکەرەوە وئاشکرا، کە بڕیار بەدەستدانى ئاستى ئەنجومەنى وەزیرانى بگرتایەتەوە.

٢- پابەندبوونێکى پێشوەخت وبەرجەستەکراو بە دەستپێشخەرییەکى گەورەوە، وەک ئەوەى لە سەرەتاکانى مانگى ئەیلولدا بینرا (لەقۆناغەکانى کۆتاییدا کە گۆڕانکارییەکى ئەوتۆى لێ بەرهەم نەهات) واتە پەیماندان بەنێوەندگیرییەک لەنێوان هەولێر وبەغداد، بە پشتگیرى نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ گرنتیدان بەوەى کە وڵاتە یەکگرتووەکان پشتگیرى مافى چارەى خۆنوسینى کوردەکان دەکات.

 

لەهەمانکاتدا وڵاتە یەکگرتووەکان دەیتوانى لەسەر سێ تەوەر کاربکات، ئەوەش لەڕێگاى هاندانى "رەجەب تەییب ئەردۆغان" ى سەرۆکى تورکیا بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى ڕاستەخۆ وڕاشکاوانەتر گوزارشت لە پەرچەکردارەکانى بکات، ئەوانەى کە ئەگەرى لێدەکرێت لەکاتى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم، ئەبوایە ئەم نامەیەش لەلایەن فەرمانبەرێکى باڵاى ئەمریکاوە ڕاستەخۆ بە "مەسعود بارزانی"  بوترایە کە لەجارى دووەمدا کە هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر کوردستان، ئەوا واشنتۆن بەرگرى لە کوردەکان ناکات (جائەو ووتەیە ڕاست بێت یان نا). لەڕاستیدا وڵاتە یەکگرتووەکان پێشبینى ئەوەى نەکردبوو کە عێراقییەکان لەدواى ڕیفراندۆم هێرش دەکەن، ئەمەش بەشێوەیەکى ڕێژەی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازى ئەو سیناریۆیانەى پلانیان بۆ داڕیژرابوو.

 

نەبوونى پلانێکى دیکە

 

ڕیفراندۆمى سەربەخۆی وەک یارییەکى (ترسنۆکانە) ى لێهات، بەشێوەیەکى زۆر خراپ بەڕێوەچوو، هەروەها لە ئەنجامدا بوو بەهۆى پێکدادانى نێوان هەردوولا. وڵاتە یەکگرتووەکان لەکاتى وەڵامى ئەو بارودۆخەدا بەو شێوەیە وەڵام دەداتەوە کە: داڕیژەرانى سیاسەت لە ئەمریکا بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە کوردەکان ئەگەرى ئەوەیان هەیە کە بەردەوام بن لە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم، ئەوەش لەگەڵ (بەپێى تێروانینى حکومەتى ئەمریکا) داروخانێکى خودیی نالۆژیکى لە ئەنجامى ڕیفراندۆم لە بەرامبەر دژایەتیکردنێکى کوردى لەناوخۆدا وبوونى دژایەتیکردنى عێراق و نێودەوڵەتیدا، هاتۆتە بەرهەم. ئەمڕۆشى لەگەڵدا بیت، یەکەم کاردانەوەى بەرپرسە ئەمریکییەکان، بریتییە لەو سەرسوڕمانەى کە دوچارى بوون، ئەوەش لە ئەنجامى شێوازى ڕابەرایەتیکردنى بارزانییەوە دێت لەو کاتەدا.

 

بەڵام، ئەگەر یەکەم پلانى وڵاتە یەکگرتووەکان بریتى بوبێت لەگەیشتن بەڕێکەوتنێک بەمەبەستى دواخستنى ڕیفراندۆم، کەواتە پلانى دووەم کامەیە؟ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئەبینین کە پلانێکى دیکە نەبووە، چونکە سیاسەتى وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕاستەخۆ دواى ڕیفراندۆم، بریتی بوو لە بەرزکردنەوەى دەنگى ناڕەزایەتى، لە هەمانکاتدا لایەنەکان گازەندە لە یەکترى بکەن، هەروەها هەست بەئازار بکەن چونکە، لەکۆتایدا، وڵاتە یەکگرتووەکان ئاگادارى کردبوونەوە بەوەى کە ڕیفراندۆم ئەنجام نەدەن.

 

پێدەچێت کە بەرپرسەکان لەوە تێگەیشتبوبێتن کە حکومەتى ئەمریکا لە کۆتایدا پاشگەزدەبێتەوە لە زیادەرۆیی کردنەسەریان وەک: سەپاندنى ئابڵوقەى ئابورى بەسەر کوردەکان وهەڵوەشاندنەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە بەپێی دەستور دامەزراوە. بەوەش قەیرانەکە ئەڕەوێتەوە بەڵام کاتێکى زۆرتر دەخایەنێت.

 

مەخابن، ئێرانوبریکارە عێراقییەکانى پلانى سەرکەوتووى دووەمیان هەبوو – داگیرکردنەوەى کەرکوک لەلایەن سوپاوە – دەستبەجێ دەستیان کرد بە جێبەجیکردنى. لەبەرامبەردا وڵاتە یەکگرتووەکان سستبوو لەکاردانەوەکانیدا، هەروەها بە شێوەیەکى پێویست وەڵامى نەبوو، ئەوەش لەگەڵ ئەوەدا کە سوپایەکى نزیکى لە کەرکوک هەبوو. چونکە دەکرا ئەو هێزانە وەک بەربەستێک بەکاربهێنرێت وسنورێک دابنرێت بۆ ئەو قەیرانە.

 

سەلمێنراوە کە وردبوونەوە لە ڕووداوەکان دواى ڕوودانیان زۆر ڕاستترە، بەڵام ئەم حاڵەتە دڵنیامان دەکاتەوە کە پێویستە بیرکردنەوەیەکى لۆژیکیانەمان هەبێت بۆ سیناریۆ لاوازەکان، کە لەهەمانکاتدا کاریگەرییەکى زۆریان هەبێت. واچاوەڕێ دەکرا، کە یەکێک لەتوخمەکانى ئەو پلانەى کە وڵاتە یەکگرتووەکان سیناریۆى بۆ دەکێشا، بریتی بێت لەوەى کە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە یەکێک لە هاوپەیمانە دێرینەکانمان لە عێراق – حەیدەر عەببادىسەرۆک وەزیران – بە سانایی لەپڕۆسەى دروستکردنى بڕیار لەقەیرانى کەرکوک، دورمان بخاتەوە. هەتا تەنانەت من خۆم نەمتوانیوە پێشتر پێشبینى بکەم – ئەوەش شکستێکى مەترسیدارە لەبوارى شرۆڤەکردندا.

 

سەرجەم ئەو قەیرانانەى کە لەمانگەکانى ئەیلول وتشرینى دووەمى ٢٠١٧ ڕوویاندا، دەکرێت چاوی لێبپۆشرێت، بەڵام، ڕشتنى خوێنى کوردەکان وعەرەبەکان بەدەستى یەکترى لەکەرکوک، هەروەها تۆمەتبارکردنى یەکترى لەلایەن هێزەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کوشتنى هاوپەیمانە کوردەکان لەسەردەستى هاوپەیمانە عێراقییەکانمان، بریتییە لە شکستێکى گەورە لە سیاسەتى ئەمریکا.

 

تێروانینى خودى خۆم

 

وانەى سەرەکى قەیرانى کەرکوک بەلاى خۆمەوە، ئەوە نییە کە کێشەکە دەستنیشان بکەیت، یان چارەسەرى بۆ بدۆزیتەوە، یان بۆچونێکى تایبەت لە سیاسەتى ئەمریکادا بنیادبنێت، بۆ ئەوەى بتوانیت بەشێوەیەکى ئەرێنى وڕاست مامەڵە بکەیت. پێویستە بەڵکو زۆر گرنگە کە گەورە بەرپرسانى باڵاى وەزارى بەلاى خۆتا ڕابکێشیت سەبارەت بەتێروانینەکانت لەسەر کێشەیەک، هەروەها ئەو چارەسەر سیاسییانەى کەهەیە، بەر لەوەى کێشەکان گەورەترببن، ئەمەش کاریکى سەختە.

 

ئەم بەربەرەکانێیە ئەوەیە کە "عەساف ئۆربۆن" ئەندازیارى بوارى ستراتیژییەتى بەرگرى ناوى ناوە " زۆرجەختکردنەوە لەقۆناغەکانى سەرەتادا"، واتە تواناى پێشبینیکردنى مەترسییەکان، پاشان کارکردن بەپێى خشتەیەکى زەمەنى بەمەبەستى خۆپاراستن بەتێچویەکى کەم، کەلەو قۆناغەدا تواناى سەرکەوتن زیاتر بەدیدەکرێت.

 

ئەم پەیڕەوە گەر لە سیاسەتى ئەمریکادا بەدیبکرایە، لەوانەیە ئەنجامى باشتری لێبکەوتایەتەوە لەبەڕێوەبردنى قەیرانەکانى ساڵى ٢٠١٧، هەروەها دەیتوانى چەند ئەنجامێکى پێچەوانەى لێبکەوتایەتەوە، لە برى ئەو ئەنجامە تراژیدیایانەى کەلە قەیرانەکانى کەرکوک وڕێفراندۆم کەوتەوە، گومان لەوەدا نییە کەکارکردن لەسەر ئاستى وەزارى ودانیشتن لەگەڵ بەرپرسە کوردەکان، زۆر سوود بەخشتر دەبوو، بە بەراورد بەو هەوڵانەى کەدەدران بەمەبەستى کۆکردنەوەى لایەنەکان وحەسرەتکێشان بۆ ڕووداوەکانى دواى ڕیفراندۆم وقەیرانەکانى کەرکوک.

 

بەدڵنیاییەوە ئومێدەواربووم کە کەسێک – خۆم یان کەسێکى دیکە – ئەم بابەتەى بەشێوەیەکى کارگەرتر بگەیەندایە بە  ئەندامێکى باڵاى حکومەتى ئەمریکى لە هاوینى ٢٠١٧، لە کاتێکدا کە دەکرا سوود بەخش بێت.


سەرچاوە:
کۆڕبەندى هزر سەر بەپەیمانگاى واشنتۆن



ئه‌م بابه‌ته 1895 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر