کۆتایی گڵۆباڵێزم، ترسێک بۆ دووبارەبونەوەی مێژوو

PM:07:19:28/09/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی
ھەندێک لە شارەزایان پێیانوایە كە بەهۆی جیهانگیرییەوە سەروەریی دەوڵەتان لاواز بووە، ناتوانن سەربەخۆیانە كردە و چالاكی سیاسی و دەوڵەتداریان ڕاپەڕێنن، بە تایبەت لەبواری سیاسەتی ئابووریاندا.

د. هاڤین کەمال شا
نووسەر

گلۆبەڵایزەشن یان گلۆباڵیزم یاخود جیھانگیری ئەو دیاردەیە یاخود ئەو ڕەھەندە فکرییەیە کە ھەموو گۆی زەویی سەرقاڵ کردووە لەم سەدەیەدا، ( کە لەشێوەی ئاسانکاری و ئازادی لە گواستنەوەی ئینفۆرمەیشن و زانیاری ، سەرمایەی ئابووری ، ستراتیژی سیاسی ، تەکنەلۆژیا و ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی دا خۆیدەبینێتەوە ، بەجۆرێک کە جیھان دەکات بە گوندێکی بچووکی یەکگرتوو مرۆڤەکان تیایدا بە ئاسانی لە پەیوەندی و ھاتوچۆدا بن) .

گلۆباڵیزم چەند شێوازێکی جیاوازی ھەیە کە دەتوانین لەم خاڵانەدا کورتی بکەینەوە:

١- گلوباڵیزمی ئابووری: کە لە شێوەی پەرە پێدانی تەکنەلۆژیای سەردەمدا و بەرەو پێشەوە بردنی ئامیرەکانی بەرھەم ھێنان و پەرەپێدانی بواری کشتوکاڵی و بازرگانی و پێشەسازییەوە بگرە ھەتا دەگاتە ئاڵۆگوری پوڵ‌و پروسەی بانکی . ئەمەش لەڕێگای کۆمپانیا و کارگە فرە شوناس و مەڵتی ناشناڵەکانەوە دەکرێت .

٢ـ گلوباڵیزمی رۆشنبیری: بە شێوەی گەشە کردنی بیروراو بەرە و پێشەوە چوونی ئازادیی تاک لە بیروڕا دەربڕین و بۆ چووندا، بە بێ ھیچ جۆرە کۆت و کۆنترۆل و رێگرییەک، و دروست بوونی چەندەھا ڕێکخراو وکۆمەڵەی جیاواز بۆ داواکردنی مافی مرۆڤەکان بێ جیاوازی .

٣- گلوباڵیزمی کۆمەڵایەتی: لەم مەیداندا پڕوسیسیکی دوورودرێژ لە رۆژئاوادا رۆلی خۆی بینیوەو کاریگەری ھەبووە لەسەر پێشخستنی کۆمەڵگایی ڕۆژئاوایی ، بەڵام لە سەر ئاستی رۆژھەڵاتدا بۆتە مایەی سەرھەڵدانی دەمار گرژی نەتەوەیی، ولە ھەمانکاتێش دا لە بندان و لە گرێژە نەبردنی ھەموو بەھا گرینگەکانی خوو ونەریتە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی ناسروشتی و دوور لە پرۆسیسی بەرەو پێش چۆون، و بە شیوازی داسەپاندن و لاسایی کردنەوە کە ئەوەش لە جیاتی ئەوەی ئاکامی چاکی ھەبێت وەک رۆژ ئاوا دەرئەنجامی خراپی ھەبووە . لەم مەیدانە دا گلۆبالیزم نەیتوانیوە لە رۆژھەڵات دا ئامانجەکانی خۆی بە شێوەیەکی باش بەرنامە رێزی بکات .

٤- گلۆبالیزم لە مەیدانی سیاسیدا: لێرەدا دوو سیستەمی دیکەی سیاسی کە ھاوشێوەی گلۆبالیزمن دەبنە مۆرکی کۆمەڵگای رۆژئاوایی کەئەویش دیموکراسی و کۆمەڵگایی مەدەنی یە ، بەڵام لەڕۆژھەڵاتدا دیسانەوە جیاوازە دیکتاتۆریەت زۆر بەڕوونی دەبینرێت لەشێوازی بەڕێوەبردن و سیاسەتی سەرکردەسیاسیەکانی ڕۆژھەڵاتدا . یەکێک لە تایبەت مەندیەکانی بەرھەمە ھەرە بەنرخەکانی گلۆبالیزم بریتیە لە سەرھەڵدانی دیمۆکراسی لە سیستەمی بەریوەبردنی کۆمەڵ، کە لە کۆمەڵگای مەدەنیی دا چاوەدێری کردن و پاراستنی ئەو سیستەمە دێمۆکراسیە یە، بەڵام لەڕۆژھەڵاتدا تەنیا نمایشکردنی دیموکراسی ھەیە و ھەتا ئێستا نەیانتوانیوە سەرکردە سیاسیەکان بچوکترین و سادەترین وەزیفەیی دیمۆکراسی بەجێ بگەیەنن کە ئەویش پەیڕەوکردنی ھەڵبژاردن و دیاری کردنی دەسەڵات و ماوەی بەڕێوەبردنیان ە .

٥- گلوبالیزم لە مەیدانی راگەیاندن و میدیادا: ئەویش بەھۆی بەرەو پیشچوونی راگەیاندنی دەنگ و رەنگ بە ھۆی پەیدابوونی ئێنتەرنێت و، موبایل، سەتەلایت و فەراوان بوونی مەودای کەناڵە ئاسمانیەکان، راگەیاندن و میدیا جیھانیەکان

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی جیھانگیری زۆربەی توێژەرەوەکان دەڵێن جیھانگیری ڕەھەندێکی زۆر کۆنی ھەیە و بیرێکی تازەی ئەم سەدەیە نیە ، بەڵکو شەپۆلێکە چەندەھا جار بەسەر کۆمەڵگایی مرۆڤایەتیا ھاتووەو ڕۆشتووە.

جیھانگیری ڕەھەندێکی مێژوویی ھەیەو و ھەر لەو کاتەوە دەستی پێکردووە کە ئەفریقیەکان وەکو کۆیلە گوێزراونەتەوە بۆبەشەکانی تری جیھان وەکو ئەمریکا و ئەوروپا . لەکاتێکدا کە بازرگانەکان و کۆچبەرەکان لەکاتی گەشتە دوور و نزیکەکانیشیاندا بەرھەمەکانیان و کولتور و نەریتەکانیان و بگرە بیروباوەڕەکانیشیان بڵاودەکردەوە لەو ووڵاتانەی گەشتیان دەکرد بۆی .

لەلایەکی ترەوە بڵاوبۆنەوەی ڕۆشنبیری یۆنانی کۆن لە زۆربەی ووڵاتانی باشوور و ڕۆژئاوای ئاسیا ، باکووری ئەفریقیا ، باشووری ئەوروپا و لەسەردەمی (ئەسکەندەری مەقدۆنی) دا جۆرێک بوو لە بەجیھانکردنی ڕۆشنبیری و نەریتی یۆنانی بۆ ئەو ناوچانە .

جیھانگیری بەەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی لەسەدەی پانزەوە تا نیوەی سەدەی ھەژدەیەم کە کۆمەڵگایی ڕۆژئاواو ئەوروپی دەستیان کرد بە دروستکردنی پێگەو و موستەعمەرەکانیان لە ووڵاتە جیاوازەکان دا و بەجیھانکردنی ئاینی مەسیحی و کاسۆلیکی لەووڵاتانی ئەوروپاوە دەستی پێکرد بۆ ئەمریکای لاتینی لەڕێگای موژدەبەر و موبەشەریکانیانەوە کە لەگەڵ دانیشتووە لۆکەڵیەکانا کاریان دەکرد . ئەوەی زۆر ڕوونە کە گەریدە ڕۆژئاواییەکان لە گەشتەکانیاندا ھەمیشە ھەوڵیان داوە ئاینەکەی خۆیان کە مەسیحیەت بووە بڵاوبکەنەوە بۆ ئەو شۆێنانەی گەشتیان کردووە بۆی .

بەجیھانیکردن لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدە و سەدەی نۆزدەھەمدا بە ھۆی شۆڕشی پیشەسازییەوە جارێکی تر سەریھەڵدایەوەو تا سەرەتاکانی سەدەی بیست بەردەوام بوو ، لەم کاتەدا جیھانگیری گەردوونی دروست بوو و پەیوەندی نێوان دەوڵەتە جیاوازەکان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لەشێوەی چەند چالاکیەکی جیھانی خۆیان نواند وەکو : یاری ئۆلۆمپیات ، خەڵاتی نۆبڵ ..ھتد .

بەڵام جەنگی جیھانی یەکەم بەرپابوو و (عصبة الامم ) دروست بوو ، کەئەم شێوازی جیھانگیرییەی بە ئاقارێکی تردا برد .

دواقۆناغی جیھانگیری لە شەستەکانی سەدەی بیستەوە دەستی پێکردو له‌دوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و بایۆلۆژی و کیمیایی و دوای بینینی کاریگەرە نەگەتیڤەکانی لەسەر کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی . جیھانگیری پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی ئەویش بەدروستبوونی چه‌نده‌ها ڕێکخراوی پیشه‌ی و کۆمه‌ڵه‌کانی مافی مرۆڤ کە داکۆکیان لە مافی مرۆڤەکان دەکرد بێ جیاوازی ڕەنگ و ڕەچەڵەک و شوناس . ڕوخاندنی یەکێتی سۆڤیه‌ت و دیواری به‌رلین کاریگەری خۆیان ھەبوو لە گرنگی دان به‌سه‌رمایه‌کانی جیهان و خستنه‌ گه‌ڕیان و نه‌هێشتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی و بڵاو کردنه‌وه‌ی فکری کاپیتالیزم و پشتگیری کردنی و گه‌وره‌کردنی شۆڕشی پیشه‌سازی .

ئەگەر بێینە سەر ئەوەی وشەی جیھانگیری ( globalization) لەکوێوە ھاتووەو ئایە کێ یەکەم کەس بەکاریھێناوە ئەوە دەتوانین بڵێین کە نادیارە . بەڵام بەپێی فەرھەنگی (ئۆکسفۆرد) بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٣٠ دا بەکارھاتووە ، لەساڵی ١٩٥١ دا خراوەتە فەرھەنگی (میریام وبستەر)، لەساڵی ١٩٦٠ دا بەڕێژەیەکی زۆر لەلایەن کۆمەڵناس و ئابووریناسەکانەوە بەکارھاتووە ، لەساڵی ١٩٦٢ دا مارشاڵ ماکلوھانی کەنەدی لەتوێژینەوەیەکدا لەسەر کاریگەری کەناڵەکانی میدیا لەسەر کۆمەڵگا، زاراوەی گوندی جیھانی ( Global village ) بۆ یەکەمجار بەکارھێناوە .

ئەم مێژووەی جیھانگیری پێمان دەڵێت کە دیاردەیی جیھانگیری ھەرگیز ھێڵێکی ڕێک نەبووەو ھەمیشە ھەڵگەڕانەوەی تیابووە و (دی گلوبەلایزەیشن ) ڕوویداوە دوای ھەر شەپۆلێکی گلۆبەلایزەیشنی مرۆڤایەتی، کە ئەویش زۆربەی جار پەیوەندی بە دروستبوونی جەنگ و ھەژاری و جیاوازی چینایەتی نێوان کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکانەوە ھەبووە .

جیھانگیری چەند بۆتە ھۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیای زانیاری و گەیاندن و كۆمیونیكەیشن، ئەوەندەش بۆتە هۆی ئەوەی كە هاوڵاتیان دەستیان بگاتە دوورترین بازاڕ و شوێنی جیهان، هەروەك بۆتە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتری كەلوپەل وشمەك و دابەشكردنی و ئاسانی بازرگانی دەرەكی و ناوخۆیی بەڵام لەگەڵیشیدا بۆتە ھۆی زیادبوونی مەسرەفگەرایی تاک و کۆکردنەوەی کاڵا و بەرھەمە زیادەکان .


ھەندێک لە شارەزایان پێیانوایە كە بەهۆی جیهانگیرییەوە سەروەریی دەوڵەتان لاواز بووە، ناتوانن سەربەخۆیانە كردە و چالاكی سیاسی و دەوڵەتداریان ڕاپەڕێنن، بە تایبەت لەبواری سیاسەتی ئابووریاندا. جاران سیاسەتی ئابووری لە چوارچێوەی سنوری دیاریكراوی دەوڵەتدا و لەژێر ئیدارەی دەوڵەت جێبەجێ دەكرا. ئەمرۆ سیاسەتی ئابووری ناوخۆی دەوڵەتان، كەوتۆتە ژێر ركێقی هێزی بازاڕ و بازرگانی جیهانی، كە كۆمەڵێك دەوڵەت و كۆمپانیای زەبەلاح قۆرخیان كردووە
.

سیاسەتمەداری فەرەنسی مارین لوبان دەڵێت : ( جیھانگیری مانای بەکارھێنانی دەستی کارە لە ووڵاتە ھەژارەکان بە سیستمێک وەکو سیستمی کۆیلایەتی و بە کرێیەکی کەم ، بۆ بەرھەمھێنانی کاڵای جیاواز کە دەفرۆشرێت بە کەسانێکی بێ ئیش و کار لە ووڵاتە زەنگینەکاندا.

لە ژێر تیشکی ئەم ووتەیە دەتوانین بزانین کە جیھانگیری چۆن بە لاڕێدا براوەو ، و وابڕوات کۆتاییەکەی نزیکە

ئابووریناسی ئەمریکی ( ستیڤن کینگ) لە دووتوێی کتێبێکی ٢٩٠ لاپەڕەیدا بە ناوی (Grave new world) بە مانای (جیھانێکی نوێی سەخت ) یاخود بەمانایی ( جیھانێکی نوێی قەبر ئاسا ) ، زۆر بەجوانی بۆمان ڕووندەکاتەوە کەبۆچی جیھانگیری بەرەو لاوازی و شکست دەڕوات .


کینگ دەڵێت : ئەو پەرەسەندنە ئابوورییەی ھەموو جیھانی گرتۆتەوە " ڕاستیەک نیە بتوانین چاوی لێدابخەین " و ئەگەر تەکنەلۆژیا تا ئێستا کاریگەری ھەبووبێت لە پاڵپشتیکردنی دیاردەی جیھانگیری و بەربڵاوەبوونی ، ڕوون نیە لە داھاتوودا بەھەمان شێوە دەمێنێتەوە
.


زۆر لە ئارادایە کە کۆمپانیا و کارگە گەورەکان، دەستی کارە ھەرزانەکان لەووڵاتە دواکەوتوو و نامیەکان بگۆڕنەوە بە ڕۆبۆتەکان، بۆ گەڕاندنەوەی بەرھەمەکان بۆ ووڵاتە بەرھەمھێنەرە ئەسڵیەکانیان . کەئەمەش دەبێتە ڕووخانی ژێرخانی ئابووری ئەو ووڵاتانەی دەستی کار تەرخاندەکەن بۆ ئەو جۆرە کۆمپانیایانە
.


پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو ئینتەرنێت و زانیاری دەستکرد بۆتە ھۆی دروستکردنی جیاوازیەکی زۆر لەنێوان توێژەکانی کۆمەڵگا لەڕووی ئابووریەوە ، ئەویش بە دروستبوونی چینێک کە دەتوانێت ئەم ئامێرانە بەکاربێنێت و پەرەیپێبدات، بەھۆیەوە ئاستی ئابووری و ماددی بەرزتر دەبێت لەو چینەی ناتوانێت ھۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ کات
.


زیادبوونی دیاردەی کۆچکردن لەووڵاتانی ھەژار و ووڵاتانی جیھانی سێھەمەوە بۆ ڕۆژئاواو ئەمریکا بە جۆرێکی تر کاریگەری ھەیە لەسەر جیھانگیری و سیاسەتی لۆکاڵی و جیھانی، و چەندەھا کێشەی ئابووری و ڕۆشنبیری لێدەکەوێتەوە
.

لەزۆربەی ووڵاتەکاندا دەنگدەران ئەو سیاسیانە ھەڵدەبژێرن کە دروشمەکانیان لە بەرژەوەندی ووڵاتەکەیانە نەک لەبەرژەوەندی جیھان دا، ھەروەکو لە وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دا بینیمان ، دەنگدەرە لۆکاڵیەکان بێزاربوون لە بەرپرسیارێتی جیھانی ووڵاتەکەیان ودروشمی " ئەمریکا پێش ھەموو شت " یان ھەڵبژارد لەکاتی ھەڵبژاردنەکان دا و ھەر ئەوەش بووە ھۆی ھەڵبژاردنی " دۆناڵد ترامپ " وەک سەرۆکی وولایەتە یەکگرتووەکان .


ھەروەھا بەشێوەیەکی تر ئەو گۆڕانکارییە جێوپۆلەتیکانەی ڕوودەدات لە جیھاندا کاریگەریەکی زۆریان ھەیە لەسەر کاڵ بوونەوەی جیھانگیری ، لەدوای ساڵی ١٩٤٥ ە وە، ئەمریکا بە لیدەر و ڕابەری ئەندازیاری جیھانگیری دادەنرا لەجیھان دا .بەڵام ئێستاکێ دۆخەکە بە جۆرێکی تر گۆڕاوە، ئەوەتا چین خەریکە دەسەڵاتی زیاد دەکات و کۆنتڕۆڵی ناوچەی ئۆقیانووسی ھادی دەکات ، ڕوسیا بە ھەمان شێوە لە ئەوروبای شەرقی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت ، ھەروەھا ئەوروپای غەربی ئێستاکێ وەکو جاران پاڵپشتی ئەمریکا ناکات لەھەموو پرسەکاندا و بەتەواوەتی دژی سیاسەتەکانی ( دۆنالد ترامپ )ە ، لەبارەی گۆڕانی کەش و ھەواوە
.


لەئەنجامدا ھەروەکو کینغ دەڵێت " پەیوەندی و ھەرەوەزی لەنێوان ووڵاتەکاندا کەمدەبێتەوە ، و لەوانەیە کێشەو ناکۆکی جۆراو جۆری لێبکەوێتەوە کە دەبێتە ھۆی ئەوەی ووڵاتەکان پشت بکەنە ئابووری نێودەوڵەتی و زیاتر گرنگی بدەن بە ئابووری خۆماڵی و لۆکاڵی و دەربچن لە ڕێکەوتنامە نێو دەوڵەتیەکان . (ھەروەک چۆن ئەگەری دەرچوونی بەریتانیا لە ئارادایە لە یەکێتی ئەوروپی لە ھەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا)
.


جگە لە مانە ھەمووی گۆڕانی کەش وھەوای سەر گۆی زەوی لە لایەک کە ئێستا بۆتە پرسێکی جیھانی و پێویستی بە چارەسەرە و ھەروەھا ترسی ھێرشی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریایی باکوور ، ئەم باسانە ھەمووی کاریگەری خۆیان ھەیە
.

بەپێچەوانەی ووتەکەی فرانسیس فۆکۆیاما کە دە ڵێت " بازاڕە ئازادەکان سەردەکەون و مێژوو کۆتایی دێت " ، ئەوا کینگ پێماندەڵێت مێژووی ئابووری جیھانی دەیسەلمێنێت کە جیھانگیری ڕەھەندێکی کۆنە بە قەد شارستانیەتی مرۆڤایەتی، و مێژوو لەوانەیە خۆی دووبارەو سێ بارە بکاتەوە، و جیھانگیری بەرەو کاڵبوونەوەو تێکشکاندن بڕوات ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا جیھان بەرەو بێ شووناسی لێبوخڕێت.


بۆ ئەوەی بتوانین دەسکەوتەکانی جیھانگیری بپارێزین و لایەنە نەگەتیڤەکانی کەمبکەینەوە، پێویستە ھەموو گەلان بەیەکەوە بژین و یەکتر نەسڕنەوەو شارستانیەتەکان بەیەکەوە سوود لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و ئابووری و فەرھەنگی وەربگرن، نەک یەکتر بسڕنەوەو شووناسی یەکتر وون بکەن بە ھۆی بەھێزیی لایەکیانەوە. ئەوە ئەو کات دەتوانن مرۆڤایەتی بەرەو ئاقاری ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیان بەرن و جیھانگەرایی بکەنە خاڵێکی بەھێز لەم جیھانەدا
.




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر