کەرکوك کێشەی وەسفکردن وهێزو مەرجەعییەت

ئاڵۆزی دۆخ و مەسەلەی کەرکووك، بەدەست عەقڵی سادەی کوردی و ئاسۆیی بوون و پڕژاوی ئەم عەقڵەوە دەناڵێنێت. ئەوەش ئاڵۆزی تری خستۆتە سەر ئاڵۆزیەکان، بەوەی کێشەکەی کردووە بەکێشەیەکی کوردی کوردی
PM:05:51:28/08/2019
دۆسیە: شیکار
مەبەست لە ڕێککەوتن ڕێککەوتن بێت لەگەڵ پێکهاتەکانی شارەکە و گرەنتی پێدانیان بۆ ئەوەی هاوکاربن لەچارەسەری کێشەکاندا

ئەبو بەکر کاروانى
نوسەر

ئاڵۆزی دۆخ و مەسەلەی کەرکووك، بەدەست عەقڵی سادەی کوردی و ئاسۆیی بوون و پڕژاوی ئەم عەقڵەوە دەناڵێنێت. ئەوەش ئاڵۆزی تری خستۆتە سەر ئاڵۆزیەکان، بەوەی کێشەکەی کردووە بەکێشەیەکی کوردی کوردی !!

چەند سەرنجێک

سەبارەت بەو سەرنجانەش لە پەیوەندی بەجۆری مامەڵە لەگەڵ کردن و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی خراونە ڕوو، سەرنج بۆئەم خاڵانە لای خوارەوە ڕادەکێشم:

١- نەبوونی هیچ وەسف و خوێندنەوەیەکی هاوبەشی کوردی بۆ واقیعی شار و پارێزگاکە و، دیدێکی تۆکمەی زانستی و سیاسی و نیشتمانی ڕوون.

٢- پێم وایە نابێت هەر لە سەرەتاوە هیچ شێواز و ئامڕازێ بۆ چارەسەر بخەینە دەرەوەی بیرکردنەوەی خۆمان(یاسا، ڕێکەوتن، هێزو دیفاکتۆ)، چونکە خۆقەتیسدان لە چوارچێوەی تاکە یەك ڕێکاردا، توانای جووڵە و مانۆڕ و بە گشتی دینامیکییەت لە سیاسەتمەدار دەستێنێتەوە.

ئێمە دەبێت هەموو ئەو ئامڕازانە لەکاتی شیاوی خۆیدا بەکاربێنین، هەر ئەوەندەی دەرفەتێ گونجا، دەبێت بیر لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچە و سەپاندنی دیفاکتۆی بکەینەوە. چونکە ئەم واقیعە دەکرێت ببێتە خاڵی هێز بۆ زووتر گەیشتن بەڕێککەوتن و ئاسانتر ملدان بەپیادەکردنی ماددە دەستوری و یاساییەکان، دیارە ئەگەر کورد ستراتیژێکی تەوافوق لەسەرکراوی لە ڕووەوە هەبێت و، کاری لەسەر بکات، هەروەها خاوەن دیدێکی هەمە لایەنەی تەواوکەر خواز(تکامل)ی بێت بۆ ناسینی ڕەگ و ڕیشە و ڕەهەند و بژاردەکان و، هێزە کاریگەرەکان لەسەر دیاریکردنی چارەسەرکردنی. نەك بە دیار دیفاکتۆوە دابنیشین، بەکورتی دەبێت ڕێکار و ئامڕازەکان یەکتر تەواو بکەن، ئەوەی لەم ڕووەوە کێشە دەخوڵقێنێت، بەکارهێنانی ڕێکارێکی دیاری کراوە لە کاتی نەگونجاوی سیاسی و مەیدانیدا.

٣- ڕێککەوتنی سیاسی مەرجەعی دەوێت، کە لایەنەکان لەکاتی ناکۆکی و ڕێكنەکەوتن و گەیشتنە بنبەست لەهەندێک مەسەلەدا، بۆی بگەرێنەوە.

ماددەی ١٤٠ بۆ کورد ڕۆڵی ئەو مەرجەعەی دەگێڕا، بەڵام ئێمە نەمانتوانی وەك ئەوەی پێویستە ئەم مامەڵەی لەگەڵ بکەین.

لە ئێستادا هەروەك هاوڕێمان عارف قوربانی ئاماژەی پێکردووە، ئێمەش پێشتر زیاد لە جارێک وروژاندوومانە، مەترسییەك دروست بووە کە ئەم ماددە مەرجەعییە بەزیانی کورد بشکێتەوە، هەر وەك لە کاتی تردا ئاماژەشم پێکردووە تاجێبەجێکردنی ماددەکە لەقازانجی کوردبێت، کاری پێناکەن، کاتێکیش بەهۆی گۆڕانکارییە مەیدانییەکان و گۆڕینی هاوکێشەی هێز لە قازانجی کورد نەما، لەڕێی داواکردنی پیادەکردنیەوە هەوڵی ئیحراجکردن و تەنگەتاوکردنی کورد و دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکان بەقازانجی خۆیان، دەدەن.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئەم ماددە دەستوریە لەئێستادا تا چەند مەرجەع ماوە؟ ئەگەر نەماوە دوای ئەو چی مەرجەعە؟ ئایا دەستدەکەین بە گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە هەندێک لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی ببن بە مەرجەعی گفتوگۆکان، کە ئاستی پابەندبوون پێیانەوە، ملکەچی هاوکێشەی هێزە، یاخود چاومان لەمەرجەعیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کەدڵنیانین چۆن دەبێت و میسداقییەتی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا زۆرنییە و کات بەلایەوە زۆرگرنگ نییە؟

٤- لەهەڵبڕینی دروشمی کەرکووك قودسی کوردستانە، زەرەرمان کرد، چونکە زۆرتر دروشم بوو، هەڵبەت بۆیە باسی دڵ ناکەم لەبەر ئەوەی مۆرکێکی ڕۆمانسی بەسەردا زاڵە گەرچی ئاماژەشی بۆ ناوەندبوونی مەسەلەی کەرکووکی سەبارەت بەکێشەی کورد تێدایە.

بە هەرحاڵ لەگەڵ دروشمەکان ڕاستگۆ نەبووین، چونکە سازشمان بەسەر کەرکووکەوە کرد وسازشمان لەسەر کەرکووك بۆ یەکتر نەکرد. کەچی بەڕووەکەی تردا، دەستەبژێری حوکمڕانی کورد لە بەغدا، بە بەکارهێنانی تەکتیکەکانی ئیسرائیلییەکان بەرامبەر بە کورد، خەریکە کەرکووك دەکەنە قودس لێمان.

هەر ڕۆژە کێشیەکی نوێ دەخوڵقێنن، بۆ ئەوەی ببێتە بابەتی کێشە و دانوستان و بەهۆی ئەم کێشانەشەوە نەتوانین 
بگەینەوە بە مەبەستی بنەڕەتی، کە ئاسایکردنەوەی دۆخی شارەکە و دیاریکردنی چارەنووسی کۆتاییەتی، بۆیە ئێستا ئاسایی بوونەوە یەکسانە بەگەڕانەوە بۆ دۆخێ کەداوای لابردنی ئاسەوارەکانی بەعەرەبکردنی شارەکە دەکراو، ماددە دەستوریەکەش بەوئاقارەدا داڕێژنراوە.

بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە ماددەی سەد و چل و ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ، لێکچوونیان زۆرە، گەر وریاش نەبین، چارەنووسی کەرکووکیش هاوشێوەی قودس دەبێت یاخود لێی نزیك دەبێت، هەر بۆیە دەبێت دروشمی ئەم قۆناغە ئەوەبێت کە ڕازی نابین کەرکووك ببێتە قودسی کوردستان، بەمانای ئەوەی چارەنووسی کۆی دۆخەکەی بەدیارەوە دابنرێت و سەرەنجامیش چارەنووسی بەپێچەوانەی ناسنامە و خاوەنە فەرمییەکانی یەکلا بکرێتەوە.

لەمەسەلەی ڕێککەوتندا ئەم خاڵانەی خوارەوە گرنگن

١- مەبەستمان لەڕێککەوتن، تێپەڕاندنی مەرجەعیەتی ماددەی (١٤٠) ە یاخود شتێکی تر لە ژێر سەقفی ماددەکەدا، ئەگەر ئەوەش بێت چاوپۆشی لە هەندێ میکانیزم و بەرکەوتەی مێژوویی و دەستوری دەکەین یاخودشتێکی تر؟

٢- ماددە دەستوریەکە بەرەنجامی ڕێککەوتنە بە: گرەنتی کردنی، بەدەستوریکردنی، بەمەبەستی پیادەکردنی. پرسیار ئەوەیە ڕێککەوتنێک بەدەستوری کرابێت جێبەجێنەکرابێت، گرەنتی چییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی تر کە ئەو هێزەشی نەبێت؟ یاخود هەوڵدەدرێت ئەو ڕێککەوتنە بخرێتە دەستور و بەکردەوە ببێتە هەموارکردنی ماددەکە، بەڵام چۆن؟
٣- ڕێککەوتن لەگەڵ کێ؟ لەگەڵ حکومەت یاخود کوتلەکان؟ لە هەردوو حاڵەتدا لەدۆخی نادامەزراوەیی و میلیشیاگەری وەکو عێراقدا، چ گرەنتییەك بۆجێبەجێکردن بوونی هەیە؟ بوونی لایەنی سێهەمیش لە دەرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کەتوانای پابەندکردنی نییە، مەگەر زلهێزەکان بخوازن، کارێکی ئاسان نییە لە بەر نەبوونی زیاد لە لایەنێکی پاڵێوراو بۆ ئەو دەورەو ناکۆکی نێوانیان.

٤- کورد پێش باسی ڕێککەوتن لەگەڵ بەرامبەری مەزهەبی نەتەوەیی لەعێراقدا لەمەڕ کەرکووك، پێویستی بەڕێککەوتنی نێوخۆیەتی، پینەو پەڕۆش لەم ڕووەوە هەروەك ڕابردوو سەلماندوویەتی، سوودی نییە و لە سەعاتی سفردا هەرەس دەهێنێت.

٥- مەبەست لە ڕێککەوتن ڕێککەوتن بێت لەگەڵ پێکهاتەکانی شارەکە و گرەنتی پێدانیان بۆ ئەوەی هاوکاربن لەچارەسەری کێشەکاندا بەو جۆرەی لە ٢٠٠٧ دا لەپڕۆژیەکدا بۆ حکومەت و پەڕلەمان ڕوونمان کردبۆوە لەرێی بەستنی کۆنفرانسێکەوە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەتیایدا مافی پێکهاتەکان لە دەستوری هەرێمدا جێگیر بکرێت و لە هەر ناوچەیەك زۆرینەن بەڕێوەبەرێتی خۆبەڕێوەبەریان هەبێت و شارەکەش دوای 
گێڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەر ساڵە و لەلایەن پێکهاتەیەکەوە ئیدارە بکرێت، یاخود هەر میکانیزم و شێوازێکی تر.



ئه‌م بابه‌ته 254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر