دەوڵەتێکى کوردى لە باکوور و دەوڵەتێکى یەمەنى لەباشوور... تەنیا چارەسەرن

زۆربەى کێشەکان لە وڵاتانى عەرەبیدا چارەسەرکانیان لە دوو هەنگاودا چڕدەبێتەوە: یەکەمیان داننانە بە دروستکردنى دەوڵەتێک لە باشوورى یەمەن و دامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردییە لە باکوورى سوریا
PM:04:19:19/08/2019
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا
پێویستە هەموو کوردانى جیهان یەکبگرن و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن کە دان بەدەوڵەتەکەیاندا بنێن

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

نووسینى : د. ئەمیل شوکرەڵڵا

زۆربەى کێشەکان لە وڵاتانى عەرەبیدا چارەسەرکانیان لە دوو هەنگاودا چڕدەبێتەوە: یەکەمیان داننانە بە دروستکردنى دەوڵەتێک لە باشوورى یەمەن و دامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردییە لە باکوورى سوریا، لە ڕاستیدا کۆمارى یەمەنى باشوور کەدواى هەرەسی یەکێتى سۆڤییەت، لەگەڵ یەمەنى باکووردا یەکیانگرت، لە ڕووى کلتورییەوە جیاوازە لە یەمەنى باکوور، لەهەندێک لەکۆنگرە نێودەوڵەتییەکاتدا پێش ساڵى ١٩٩٠، ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانى یەمەنى باشوورم ناسیوە، ئێستا و دواى ئەوە بۆ هەمووان ئاشکرا بووە کە ئێران چۆن هەوڵ دەدات لە ڕووى سیاسی و فکریی و لۆجیستییەوە دەست بەسەر جیهانى عەربیدا بگرێت، حەشدى شەعبی لە عێراق لە ئامادە باشیدایە بۆ وەرگرتنى ڕێنماییەکان لە ڕابەرى باڵاوە تا ئەو ئاستەى کە هەندێک پێیان وایە کە عێراق خاوەنى ئیرادەى سیاسیی سەربەخۆى خۆى نییە، ئەمەش لەدواهەمین لوتکەى وڵاتانى عەرەبیدا دەرکەوت، هەروەها دەتوانین بڵێین کە حیزبوڵڵا لوبنانى داگیرکردووە، ئەویش ڕەشمەى کاروبارەکانى بەدەستەوەیە لە لوبناندا، هەروەها هیچ دەنگێک لە دەنگى سەماحەتى سەید حەسەن نەصروڵڵا بڵندتر نییە، سوریاش بەهەمان شێوەیە.

لەکاتى ئێستادا ئێران هەوڵ دەدات کە یەمەن بکات بە دەوڵەتێک کە پاشکۆى مەلاکانى ئێران بێت، یان هیچ نەبێت بەشێکیان وەکو حیزبوڵڵاى لوبنانى لێبکات، ئەوەش لەڕێگاى حوسییەکانەوە کە تەواو گوێڕایەڵى ڕێنماییەکانى ڕابەرى باڵاى شۆڕشن لە ئێران، ئەوانەى کە سڵیان نەکردۆتەوە و لەبەر چاوەکانى کامێرا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڕابەرى باڵا ئەنجام داوە، ئەو بەشەى باشوورى یەمەن کە دواى جیابوونەوەى لە یەمەن و بە پاڵپشتى هەندێک وڵاتانى عەرەبی دەتوانن دەوڵەتێکى مەدەنى سەردەمییانە دروست بکەن، ئەوەشمان بیر نەچێت کە بەشی باشوور خاوەنى بنەماکانى دروستکردنى دەوڵەتێکى مۆدێرنن، لەم کاتەدا دەتوانرێت کەنارى باشوورى یەمەن ئارامى بەخۆیەوە ببینێت، حوسییەکانیش لە باکوور کۆبکرێنەوە، لەڕووى سەربازییەوە شکست دەهێنن، تائەو ئاستەى کەئامادەى دانوستان بکرێن بەبێ هیچ مەرجێکى پێشوەختە دواى شکستى ئیرادەى سیاسی مەلاکان لەیەمەن و داڕووخانى ئابورییان لە ئێران.

سەبارەت بە دەوڵەتى کوردى ئەوە مافێکى ئاشکرایە و مێژوو ناتوانێت خۆى بەدرۆ بخاتەوە، کوردەکان لە ڕووى مێژووییەوە دووچارى قڕکردن و جێنۆساید بوون وەکو ئەرمەنەکان بەدەستى تورکەکان، لەسەر ماڵ و حاڵى خۆیان ئاوارەکراون و ڕاگوێزراون، ئێستا دواى ئەوەى توانیان بەسەر تیرۆریستاندا بە ئازایەتی خۆیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و ژنانى کورد هاوتاى پیاوەکانیان بەشدارى جەنگیان کرد، ئایا مافى ئەوەیان نییە کە ببنە خاوەنى دەوڵەتێکى سەربەخۆى خۆیان؟ بۆ نا؟ لە کاتێکدا ئەوان خاوەنى خاک و زمان و مێژوو و ناسنامەى خۆیانن، بەڕاستى ئەوە داخوازییەکى دادپەروەرانەیە بەڵام ئەمانیش وەکو گەلى فەلەستنى لەناوخۆیاندا جیاوازن، فەلەستینییەکان لە نێوان فەتحى لیبراڵ و حەماسی ڕادیکاڵدا بوون بە دوو بەرەوە، ئەمەش واى کردووە کە ببن بەو تەڵەیەوە کە ئیسرائیلییەکان بۆیان داناون لەو پرسیارەدا کەلەگەڵ کێدا وتووێژ بکەین؟ لەگەڵ حەماسدا یان لەگەڵ فەتحدا؟

لێرەوە پێویستە هەموو کوردانى جیهان یەکبگرن و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن کە دان بەدەوڵەتەکەیاندا بنێن، بۆ ئەوەى لەوەشدا سەرکەوتووبن پێویستە بەرلەوەى بگەڕێنەوە بۆ باوەشی ئەمریکییەکان بچنەوە ناوباوەشی عەرەبەکان، لەو کاتەشدا تورکەکان گیرۆدەى کێشە نێوخۆییەکانى خۆیان دەبن لەڕووى کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە و، خەونى سەڵتەنەتى عوسمانى لەبار دەچێت.

سەرچاوە: إیلاف




ئه‌م بابه‌ته 58 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر